نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر: بکوژی تورەلی ئەندامی ئاکەپە-مەهەپەیە

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر تیرۆرکردنی کارساز حسێن تورەلی شەرمەزار کرد و داوای لە کاربەدەستان کرد کە رێگری لەو تاوانانەی کوشتن بکەن. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بکوژی تورەلی ئەندامی ئاکەپە- مەهەپەیە.

نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان لەبارەی تیرۆرکردنی کارساز و وڵاتپارێزی باکوری کوردستان حسێن تورەلی کە شەوی رابردوو کاتژمێر ٢٠:٣٠ لە فاملی مۆڵی دهۆک کرایە ئامانج، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: سیاسەتمەدارانی هەدەپە بەهۆی فشارەکانی ئاکەپە و مەهەپە ناچاربوون باکوری کوردستان جێبهێڵین و بێینە باشوری کوردستان، بەڵام هێرشەکانی میتی تورکی بە هاوکاری هەندێک هێزی هەرێمی لەسەر ئەم سیاسەتمەدارانە زیادی کردوە.

ئاماژەی بەوەشدا، هێرشەکان بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٢١ەوە چڕبوونەتەوە لەسەر ئەندامەکانیان لە شاری سلێمانی، هاوکات هەریەک لە( یاسین بلوت، زەکی چەلەبی ، ناگاهان و مامۆستا شەماڵ) شەهیدکراون .

نوێنەرایەتى هەدەپە باسیان لەوەشکرد، تائێستا بکوژانی حسێن تورەلی دەستگیر نەکراون کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە سەر کاری خۆی بە حەوت گولە لەلایەن میتی تورکی تیرۆرکرا، کە پێشتر حسێن تورەلی لە هێرشێکى چەکداریدا بریندار کرابوو.

هەروەها ئەوەشخرایەڕوو، ئەم هێرشانەی میتی تورک بۆ هەڕەشەکردن و لەناوبردنی کەسایەتییە سیاسیەکانی باکوری کوردستانە کە لەباشوری کوردستان نیشتەجێن، بەوتەى نوێنەرایەتى هەپەدە ئەو کەسەی ئەندامەکەی ئەوانی شەهیدکردوە سەر بە ئاکەپە-مەهەپە یە.

هەپەدە وێڕای ئیدانەکردنى شەهیدکردنى ئەندامەکەیان لە دهۆک داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکانى پارێزگای دهۆک کرد بکوژی ئەو ڕووداوە بدۆزنەوەو دۆسێیەکە بەلاڕێدا نەبرێت.

هـ . ب