نەورۆز لە گارە پیرۆزکرا

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە گارە نەورۆزیان پیرۆزکرد. گەریلاکان لە مەراسیمەکەدا ڕایانگەیاند،٥٠هەمین ساڵی نەورۆز دەکەنە ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لە هەموو ناوچەکانی گەریلا و لە لوتکەی هەموو چیاکاندا گەریلاکان ئاگری نەورۆزیان کردەوە. لە ناوچەی گارەی بادینان گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار بە مەراسیمێکی سەربازی و بە جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگی ڕۆژی نەورۆز و جەژنی نەورۆزیان پیرۆزکرد. فەرماندەکانی هەپەگە و یەژا ستار خەڵات شەمسێێ، دیلان هۆگر و شەڤگەر هیمۆ ڕایانگەیاند، ئەمساڵ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە ساڵی گەشکردن و بەهێزکردنی تێکۆشان.

"تێکۆشەرانی ئازادی هەموو لەمپەرەکان تێدەپەڕێنن"

یەکێک لە فەرماندەکانی یەژا ستار، خەڵات شەمسێ لە مەراسیمەکەدا سڵاوی خۆی ئاراستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی ئازادی کرد و وتی: "ئێمە لە چیاکانی کوردستانەوە سڵاو بۆ ئیمراڵی دەنێرین و بە دڵێکی گەرمەوە ئەم جەژنە لە هەڤاڵانمان پیرۆز دەکەین".

خەڵات شەمسێ جەژنی نەورۆزی لە دایکانی شەهیدان پیرۆزکرد و ڕایگەیاند، بەرخۆدانیان دەبێتە سەرکەوتنی گەریلاکان و وتی: "ئێمە ئەم نەورۆزە لە دایکانی گەریلا و هەموو هەڤاڵانمان، کە ئێستا لە سەنگەرەکاندا بەرخۆدان دەکەن پیرۆز دەکەین. لە کەسایەتی مەزڵوم دۆغان، زەکییە ئالکانەکان، سەما یوجەکان، بێریڤان و رەهشان دا یادی هەموو شەهیدانی خەباتمان دەکەینەوە و سەری رێزیان بۆ دادەنەوێنین و ئەم جەژنەیان لێ پیرۆز دەکەین".

راشیگەیاند، "ئەو هەڤاڵانە بە ئاگری جەستەیان لە تاریکییەوە ڕووناکییان دروست کرد، سیستمی داگیرکەری و سیستەمی دەسەڵات و عەقڵییەتی بندەستکردنی گەلانیان تێکشکاند و ئازادییان کردە رێگا و دیاری بۆ گەلان. ئەوان زۆر بە توندی کاردانەوەیان هەبوو و ئەو  سیستەمەیان ڕەتکردەوە ڕۆحی مەزڵومەکان و زەکییەکان بوو، کە هەرگیز تاریکیی داسەپاوی داگیرکەرانیان قبوڵ نەکرد و وتیان، بەرخودان ژیانە و ژیانێکی بەرخودانی و ماناداریان ئافراند. ئەوەش لە ژێر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا بوو، کە بە ڕێکخستن و ڕیبەرایەتیکردنی گەلی کورد و بە پارادایمێکی نوێ خۆڵقێنرابوو".

"ئێمە ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ ڕێبەرایەتی دا پیرۆز دەکەین"

فەرماندەی یەژا ستار خەڵات شەمسێ وتیشی، "ساڵی ٢٠٢٢ دەکەینە ساڵی ئازادی بۆ هەموو ژنانی چەوساوە، هەموو ئەو ژنانە، کە دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات، بۆیە ئێمە تەنیا نەورۆز ناکەینە ڕۆژی بەرخۆدان، چونکە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ ڕۆژی نەورۆز دەبێت، ڕۆژی تێکۆشان دەبێت، ڕۆژی باوەڕبوون بە ئازادی دەبێت. بۆیە ئێمە زیاتر لە هەموو کاتێک شەڕ دەکەین و تێدەکۆشین و ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ سەرۆکایەتی پیرۆز دەکەین".

"ئاکەپە و مەهەپە زوحاکی سەردەمن"

شڤگەر هیمۆ یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگەش بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە وتی:" پێش هەموو شتێک جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٢ لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو شەهیدانی شۆڕش پیرۆز دەکەین، لە هەڤاڵانمان کە ئێستا لە سەنگەرەکانی بەرەنگاری و بەرخوداندان پیرۆز دەکەین. بەڵێنمان ئەوە دەبێت، کە ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بکەین. ئێمە وەک گەریلاکانی هەپەگە بە ئاسوودەیی ناژین هەتا ئەو داگیرکارییە تێکنەشکێنین و گەلەکەمان ڕزگار نەکەین، بۆیە تێکۆشانی خۆمان بەهێز دەکەین، چونکە قەرزداری ڕێبەر ئاپۆین. پێش هەموو شتێک، یەکەم ئامانجی ئێمە ئازادیی جەستەیی ڕێبەرایەتییە. ئێمە نەورۆزی ٢٠٢٢ بە ورە بەرزییەکی زۆرەوە پیرۆزکرد و بەڵێنی خۆمان نوێ کردەوە.

دوژمن دەیخواست بە هێرشەکانی ناوچەکانی گەریلا داگیر بکات، بەڵام بەرخۆدانێکی بێوێنە ڕوویدا و ئەو بەرخۆدانە بە کەسایەتیی شەهید شۆڕش بەیتوشەباب و شەهیدانی زەندورا، مام ڕەشۆ، شاخە سوور و وەرخەل بەهێزتر بوو و ئەمە پەیامێک بوو بۆ دوژمن، کە هەرگیز بە گەریلا ناوێرێت و نەوەی زوحاکەکان، کە ئەمڕۆ لە کەسایەتی ئاکەپە و مەهەپەدا خۆیان دەرخستووە تێکدەشکێنین و بە ورە و رۆحی کاوەی ئاسنگەر لە چیای گارە ئاگری نەورۆز کرایەوە".

"ئاگری بەرخودان لە چیاکاندا بڵند و گەش دەبێت"

فەرماندەی یەژا ستار دیلان هۆگر لە مەراسیمەکەدا وتی: "پێش هەموو شتێک جەژنی ٥٠ ساڵەی نەورۆز لە سەرۆک ئاپۆ پیرۆز دەکەین، لە کەسایەتیی مەزڵوم دۆغان دا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەین، کە لە زیندانەکاندا بەرخودان دەکەن، لە هەموو گەلەکەمانی پیرۆز دەکەین، کە ئێستا لە مەیدانەکاندا یادی ئاگری نەورۆز دەکەنەوە. بە ڕێپێوانی ئازادی هەبوونی خۆیان دەسەلمێنن. لە هەموو نیشتمانپەروەران و وڵاتپارێزان پیرۆزی دەکەین. نەورۆز لە دژی زوحاکی زاڵم و چەوسێنەر بوو، کە ئەمەش هێمای سەرکەوتن و ئازادییە. هەر لەم ڕۆژەدا ئاگری نەورۆز لە هەموو ناوچەکانی ئازادیدا کڵپەی سەند، بە تایبەتی ئەو ئاگرە لە ناوچە شاخاوییەکان بەرزبووەتەوە، تێکۆشانی ئەمڕۆ درێژە و بەردەوامیی جەژنی نەورۆزە. ئێمەش بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو خۆشەویستان و شەیدایانی ئازادی دەکەین".

ژ.ت