نەورۆزی دەپ: عەبدوڵا ئۆجالان پەیامبەری ئاشتییە

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، چیدەم کلچگون ئوچار لە نەورۆزی دەپ گوتی: "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، پەیامبەری ئاشتییە. چارەسەری پرسی کورد و هەموو پرسەکانی تورکیا، بەبێ هەوڵی بەڕێز ئۆجالان نابێت".

لە ناوچەی دەپی خارپێت بە درووشمی "ڕاپەڕە کاتی ئازاد و سەرکەوتنە" نەورۆز پیرۆزکرا.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلچگون ئوچار لەسەر قسەکەی ئەردۆگان کە گوتبووی "تیرۆریستان"، گوتی: "نکۆڵی لە زمانمان دەکەن، بە دەنگێکی بەرز دەڵێین، دەبێت دەوڵەت بزانێت کورد هەیە، زمانی کوردی هەیە، با دەسەڵات و ئاکەپە باش بزانن، پێکەوە ئەمە دەچەسپێنین".

ئوچار باسی لەوە کرد لە ڕێپێوانی مەزنی ئازادی یەلەکی سپیان پۆشی، ئەمەش لەپێناو چارەسەرێکی درێژخایەنی پرسی کورد و ئاشتی بوو، باوەڕی ئێمە بوو بە پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

هەروەها ئاماژەی کرد بە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و ڕایگەیاند ئەو دەمەی ئێمە بۆ ئاشتی تێدەکۆشین، دەسەڵات شار بە شار و وڵات بە وڵات دەگەڕێت لەپێناو کوشتنی کورد، ئامانجی کۆبوونەوەکە درێژەدان بوو بە شەڕ دژی گەلی کورد.

ئوچار تیشکی خستەسەر پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزی ٢٠١٣ و گوتی: "گەلانی تورکیا لەناو هەفتەیەکدا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانی وەک پەیامبەری ئاشتی قبووڵ کرد، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هێشتاش پەیامبەری ئاشتییە. لە چارەسەری پرسی کورد و هەموو پرسەکانی تورکیادا، بەڕێز ئۆجالان خاوەن ڕەنجێکی مەزنە. بۆیە لەپێناو چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و پێکەوەژیانی گەلانی بەڕێ کەوتین. نەورۆز دەبێتە یەکێک لە هەنگاوەکانمان. لە هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار لە کوردستان وەڵامی هەرە مەزن دەدەینە ڕژێمی قەیومی ئاکەپە".

هەروەها ئاماژەی کرد بە قەدەغەی سەر زمانی کوردی، ڕایگەیاند لە پەرلەمان زمانی کورد وەک زمانێکی "نەناسراو" پێناسەکراوە، گوتی: "ئەگەر لەم وڵاتە کوردەکان هێشتا دەتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن، ئەگەر هێشتاش دەستبەرداری تێکۆشان نەبوون، ئەوە لەسایەی تێکۆشانی مەزڵوم دۆغان و ساکینە جانسز و گوڵتان کشاناکەکانە".