پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان ئەشکەنجەى بە کۆمەڵ و سەر شکاندن بە ئاسایی دەزانێت!

پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان لە بەرگریکردن لە خۆی لە دادگای دەستووریدا ڕایگەیاند، گوندنشینانی ناوچەی وەستانێ لە ساڵی ٢٠١٧ لە کاتی کۆکردنەوەی قارچکدا، لەبەر ئەوەی یەکجار لێیاندراوە و بە ئاسانی چارەسەرکراون، ئەوە نابێتە ئەشکەنجە.

بەهۆی سکاڵای هاووڵاتییانی ناوچەی وەستانێ لە دژی ئەشکەنجەکردنیان، پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان لە لەدادگای دەستووری بەرگریی لە خۆی کرد و وتی، ئەوەی کراوە بەپێی یاسا ئەنجامدراوە و وتیشی، "لەبەر ئەوەی تەنها جارێک بووە و بریندارەکان بە چارەسەری سەرپێی چارەسەرکراون، ئاشکرایە ئەوە نە ئەشکەنجە و نە هەڕەشەیە".

تێکۆشانی یاسایی ٤ هاووڵاتیی کورد لە دژی ئەشکەنجەکردنیان لە دوای چالاکیی سەر ئاسایشی ناوچەی وەستانێ لە وان بەردەوامە.

پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان هەر یەک لە هاووڵاتییان جەمال ئاسڵان، خەلیل ئاسڵان، نەجدەت بەیسوم و عەبدولسەلام ئاسڵان بە "تاوانبار" ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئەو هاووڵاتییانە لە دژی ئەشکەنجەدانیان لەلایەن جەندرمەی تورکەوە لە کاتی کۆکردنەوەی قارچک دا ماوەی ٦ ساڵە دوای دۆسیەکەیان و مافەکانیان کەوتوون و لە ئێستادا دۆسیەکە گەیشتووەتە دادگای دەستووری و بەو هۆیەوە پارێزگاری وان لەسەر سکاڵای عەبدولسەلام ئاسڵان لە دادگای دەستووری دا بەرگریی لە خۆی کرد.

پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان لە دادگای دەستووریدا لە بەرگریکردن لە خۆی رایگەیاند، "جەمال ئاسڵان، خەلیل ئاسڵان، نەجدەت بەیسوم و عەبدولسەلام ئاسڵان بەپێی یاسا دەستگیرکراون" و لەبارەی ئەوەی لە کاتی دەستگیرکردندا ئەشکەنجە کراون و هەڕەشەیان لێکراوە وتی، "لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی روون و بەرچاو لەسەر پۆلیسەکان هاکان ئەریلگین، کەرەم سۆنەمز، محەمەد جیهان ئۆکسوز، موراد شەنەر، ئۆزجان ئەسلەن و ئۆزکان زامور نییە بڕیاری بە دوادانەچوون بۆ دۆسیەکە دەرکراوە".

پارێزگارەکەى دەوڵەتی تورک لە وان وتی، "وەک دەگوترێت هیچ ئەشکەنجە و هەڕەشەیەک بەرامبەر بە سکاڵاکارەکان ئەنجام نەدراوە، لە قۆناغی دادگایکردنەکاندا بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە، بڕیارنامەیەکی دادمەندانە دەرکرابوو".

پارێزگار لە بەرگریکردن لە خۆی وتیشی، "تەنانەت ئەگەر پۆلیسەکان بەبێ خواستی خۆیان سنووری زۆریان تێپەڕاندبێت، بەڵام ناکرێت ئەوە بە ئەشکەنجە و هەڕەشە لەقەڵەم بدرێت، چونکە تەنها جارێک روویداوە و بریندارەکان بەسەرپێی چارەسەرکراون".

ئەوە لە کاتێکدا لە دوای چالاکیی سەر ئاسایشی ناوچەى وەستانێ لەوان، پۆلیس و جەندرمەى تورک دەستیان بە پەلاماری هەڕەمەکی لە دژی هاووڵاتیان کرد و چوار هاووڵاتیی کورد، کە لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٧ وەک نەریتی دێرینی ناوچەکەیان بۆ کۆکردنەوەى قارچک رۆیشتبوون بۆ کۆێستانەکانی خۆیان لەلایەن پۆلیس و جەندرمەى تورکەوە دەستگیرکران.

ئەو هاووڵاتییانە ماوەی ٤ رۆژ لە ژێر ئەشکەنجەی  زۆر قورس دا بوون، بەهۆی ئەشکەنجەوە سەر و لوتیان شکێنرابوو و پەردەی گوێی یەکێکیان تەقی بوو. وەک عادەتێکی هەمیشەیی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخستنیان خرایە پاڵ. لەبەر نەبوونی هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو تۆمەتانەى بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و دەزگا ئەمنییەکانیان ئەو هاووڵاتییانە بە خێرایی ئازاد کران.

دوای بڵاوبوونەوەى وێنەکانی ئەو هاووڵاتییانە بە ئەشکەنجە کراوی، ئەو ئەشکەنجەکارییەی پۆلیسی تورک دەنگدانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە.

ژ.ت