پارێزگاری سلێمانی: پێویستمان ئیرادەیەکی نیشتیمانیی بەهێزە

پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، پێویستمان بە ئیرادەیەکی نیشتیمانیی بەهێزە".

پەیامی پارێزگاری سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بەبۆنەی ٣٦ هەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا گوتی، ئەنفالی بادینان (وەک ئەنفالی هەشت) دوای حەوت قۆناغی ئەنفالی پێش خۆی، دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە دوژمنانی کورد، هەموو کورد و کوردستان وەک یەکەیەکی دانەبڕاو لە یەک و وەک یەک جەستە ئەژمار دەکەن و لە تاوان و وێرانکاریی و کۆکوژییەکانیاندا، هیچ شوێنێکی کوردستانیان نەبواردووە.

پارێزگاری سلێمانی لە درێژەدا گوتی: " لەم یادەدا دەبێت بە گیانی یەکبوون و یەک وتاریی و یەک کرداریی و یەک ئامانجییەوە، تاوانی دوژمنان ڕسواتر بکەین و، ڕۆحی زیندووی قوربانییەکانمان بەرز و ئاسودە ڕابگرین. دەبێت ئەگەر هیچ شتێک کۆمان نەکاتەوە، شەهید و قوربانییەکانمان و کوردستان و مێژووە هاوبەشە خوێناوییەکەمان، کۆکەرەوەی هەموومان بن.

هەڕەشە و مەترسیی و ئەگەرەکانی دووبارەبوونەوەی داگیرکاریی و ئەنفال و کۆمەڵکوژیی و ڕاگواستن و دابڕکردنی کورد و کوردستان، تەواونەبوون و درێژەیان هەیە. پێویستمان بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی بەهێز و تەباییەکی گشتیی هەیە، بۆ ئەوەی گیانی بەرگریکردن و بوون و مانەوە و بەردەوامبوون و گەشەکردنمان، پتەوتر بێت".