"پەدەکە بانگەشە بۆ پارتێک دەکات کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات" -٢-

هاوڕی کوردی چالاکوان دەڵێت: "کاتێک ئێمەی چالاکوانان هەڵوێست وەردەگرین بەرامبەر داگیرکاری و داوای ئازادی دەکەین، ئەوە دەسەڵاتی پەدەکە پێیناخۆشە، چونکە دەڵێن، "ئێمەی دەسەڵات تەسلیمی داگیرکەربووینە بۆچی ئێوەش تەسلیم نابن".

هاوڕێ کوردی چالاکوانی دیاری باشوری کوردستان و شاری هەولێر لە بواری سیاسی و بواری مافەکانی مرۆڤ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو بانگەشەی پەدەکە بۆ سەرکەوتنی داگیرکەر و دوژمنی کورد لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و باکوری کوردستان، ڕێگرییەکانی پەدەکە لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، ڕێگرییەکانی دەسەڵاتی هەرێم بەرامبەر دەنگی ئازاد و تەسلیم بوونی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە بە داگیرکەر، چاوساغیکردنی پەدەکە بۆ تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕانی کورد، هەروەها بێ هیوابوونی خەڵکی لە سیاسیەکانی باشوری کوردستان و چەند پرسیکی دیکە دوا.

پەدەکە بانگەشە بۆ پارتێک دەکات کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات

هاوڕێ کوردی چالاکوان، سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە باکوری کوردستان و تورکیا، پشتیوانیکردنی پەدەکە بۆ سەرکەوتنی داگیرکەر و دوژمنی گەلەکەی لە هەڵبژاردن دا وتی: "وەکو هەمووان ئاگادارن لەئێستادا لە تورکیا و باکوری کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە، ئەوەی جێگای داخ و شەرمەزاری و جێگای پرسیارە، کە پەدەکە چ قازانجێک و ئامانجێکی هەیە، کە لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیەوە بانگەشە بۆ کاندیدەکانی ئاکەپە و مەهەپە دەکات، بەڕاستی ئەمە جێگای شەرمەزارییە بۆ پەدەکە کە کەناڵ و هێزێکی کوردی بانگەشە هەڵبژاردن بکات لە ناوخۆی تورکیا و لەنێو هەرێمی کوردستانیش بۆ هێزێکی سیاسی، کە بۆتە هۆی ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی هەزارن کورد، ئەو هێزە سیاسیەی ئاکەپە و مەهەپە، کە پەدەکە بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ دەکات بۆتە هۆی سەپاندنی سیاسەتی توندی داگیرکاری دژ بە گەلی کورد، پەدەکە بانگەشە بۆ پارتێک دەکات، کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات".

بارزانی سووکایەتی تورکیا قەبووڵ دەکات، بەڵام ڕەخنەی هاووڵاتیەک قەبووڵ ناکات

ئەو چالاکوانە سەبارەت بە چاوشۆڕیی پەدەکە بەرامبەر داگیرکەران وتیشی: "ئێمە دەبێت لە بیرمان نەچێت لەسەروبەندی ڕیفڕاندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧، ئەوەی تورکیا بە مەسعود بارزانیی کرد لە سووکایەتی پێکردن و دەیان و سەدان ڕاپۆرتیان لەسەر مەسعود بارزانی بڵاوکردەوە، خودی ئەردۆگان بەزمانێکی زۆر زبر سووکایەتیی بە مەسعود بارزانی کرد بە شێوەیەک کە تائێستا هێچ هێزێکی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەو شێوەیە ڕەخنەیان لە مەسعود بارزانی نەگرتووە، تەنانەت خەڵکی نەیتوانیوە ڕەخنەیان بکەن، بەڵام پەدەکە و بارزانی سووکایەتی داگیرکەری تورکیا قەبووڵ دەکەن، بەڵام ڕەخنەی هاووڵاتیەکی خۆیان قەبووڵ ناکەن، سەڕەرای هەموو سووکایەتییەکانی ئەردۆگان و تورکیا بە بنەماڵەی بارزانی کەچی بانگەشە بۆ ئەردۆگان دەکات".

چاوساغی بۆ تورکیا دەکات بۆ تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕانی کورد

هەروەها ناوبراو تیشکی خستەسەر بەردەوامیی چاوساغی کردنی پەدەکە لەپێناو تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕانی کورد و ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە لاریمان نیە لە بوونی پەیوەندی دیبلۆماسی وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، بەڵام ئەمە نابێتە مانای ئەوەی ببیتە چاوساغی داگیرکەری تورکیا و هەموو شۆڕشگێڕەکانی ووڵاتی بۆ دیاری بکەیت تا تیرۆر بکرێن، کەسیش ناتوانێت ئەو ڕاستیە بشارێتەوە، کە بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە چاوساغی بۆ تورکیا دەکەن بۆ تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕانی کورد، بەڵام کاتێک شەرم نەکەیت لە خۆت بەدرێژایی مێژوو ڕووداوەکان چەواشەکاری بکەیت ئەوە نۆڕماڵە، کە بانگەشە بۆ داگیرکەر و دوژمنی گەلەکەت بکەیت".

پەدەکە بەربەست و ڕێگرە لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی

سەبارەت بە گرنگیی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، هاوڕێ کوردی باسی ئەوەیکرد: "خواستێک هەیە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەهەرچوار پارچەی کوردستان، کە هێزە سیاسیەکان بێنە لای یەک و یەکڕیزی کورد دروست بکرێت، لە ڕابردوودا چەندین هەوڵدرا بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە کاتێکدا کە هەموو هێزەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەیانەویت کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، بەڵام ئەوەی بەربەست و ڕێگرە لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە، جێگای ڕەخنەیە کە هێزە سیاسیەکانی دیکە نەیانتوانیە بەبێ پەدەکە قۆناغێکی نوێی کۆنگرەی نەتەوەیی تێپەڕێنن، لەلایەنی کەم پێویستە تەواوی هێزە سیاسیەکان یەکبگرن و لەژێر چەتری کەنەکە و ڕایگەینن، کە پەدەکە ئامادەنیە کار لەپێناو بەرژەوەندی و سەقامگیری نەتەوەیی کورد بکات لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی".

پەدەکە 'تەسلیمی' داگیرکەربووە و قەبووڵی نیە ئێمەش 'تەسلیم' نەبین

سەبارەت بە عەقڵیەتی دەسەڵات لە هەریمی کودستان ئەو چالاکوانە سیاسییە ڕایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان ئێمە کێشەمان لەگەڵ عەقڵیەت هەیە، ئەگەر سبەی کەسێکی دیکە بێتە جێگای مەسرور بارزانی، ئەوە لەوانەیە هەمان سیاسەت پەیڕەو نەکات، بەڵام بەهەمان عەقڵیەت کاردەکات، لە هەرێمی کوردستان سیستەمێکمان نیە، بۆیە پرسەکانی وەکو (دادگا، مافەکانی ژن و منداڵ، تەندروستی، ئابوری و ژینگە...هتد) ڕیچکەی خۆیان ناگرن، چونکە کێشەکە لە سیستەمە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خۆیان داوەتە دەستی تورکیا و تەسلیم بوونە، کاتێک کە ئێمەی چالاکوانان دێینە سەر شەقام و هەڵوێست وەردەگرین بەرامبەر داگیرکاری و داوای ئازادی دەکەین، ئەوە دەسەڵاتی پەدەکە پێیانناخۆشە، چونکە دەڵێن 'ئەوە ئێمەی دەسەڵات تەسلیمی داگیرکەربووینە بۆچی ئێوەش تەسلیم نابن وەکو ئێمە' ئەمە بابەتێکی زهنیە".

رۆژئاوای کوردستان هیوای بەخشیوە بە ئیرادەی کورد

سەبارەت بە جیاوازی لەنێوان حوکمڕانی باشوری کوردستان و خۆبەڕیوبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، هاوڕی کوردی ووتی: "بۆ نموونە لە رۆژئاوای کوردستان نموونەیەک هەیە کە لە چاند ساڵێکی کەمدا گەیشتۆتە ئاستی حوکمڕانی هەریمی کوردستان کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە دروست بووە، دەبینین وەفدەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەلایەن بەرپرسانی ئەوروپا پێشوازیان لێ دەکرێت، خەریکە لە جیهاندا دانپێدانێکی شەرعی هەبێت بۆ ستاتوی رۆژئاوای کوردستان ئەمە زۆر گرنگە، چونکە رۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی جوانی لەسەر کورد پێشکەش کردووە، ئیداررەی رۆژئاوای کوردستان هیوای بەخشیوە و بە جارێکی دیکە ئیرادەی کورد بۆ حوکمڕانی زیندوبێتەوە، لە باشور زۆر لەو کەسانەی کە چەکیان هەڵگرت دژی رژێمی بەعس پەشیمان بوونەوە، چونکە حوکمڕانیی باشور نموونەیەکی زۆر ناشیرینی پێشکەش کرد، بە پێچەوانەی رۆژئاوای کوردستان کە هیوا و ئیرادەی گەلی کوردی زیندوو کردەوە".

دەبێت خەڵکی ئەوە ببێنێت حوکمڕانێک تەسلیم بووە حوکمڕانێکیش هەیە بەداگیرکەر دەڵێت نەخێر

هاوڕێ کوردی، تیشکی خستەسەر خۆ بەدەستەوەدانی بەرپرسانی باشوری کوردستان بۆ داگیرکەر، بەراورد بە بەهێزی ئیرادە و تێکۆشانی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دژ بەداگیرکەر و ڕایگەیاند: "تەمەشای ئەو فشارە سیاسی و ئابوری و سەربازییە بکە، کە لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە، بەڵام تورکیا هەمان فشار ناخاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان دەبینین بەرپرسانی باشور بە ئازادانە سەردانی ووڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بەڵام بەپرسانی خوبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان ناتوانن بەو شیوەیە سەردانی ووڵاتانی ئەوروپا بکەن، دەبێت خەڵکی ئەوە ببێنێت حوکمڕانێک هەیە لە باشور خۆی داوەتە دەستی داگیرکەر (تەسلیم بووە) حوکمڕانێکیش لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، کە بەداگیرکەر دەڵێت نەخێر".

خەڵکی بێ هیوا بوون لە سیاسیەکانی باشوری کوردستان

لە کۆتایدا هاوڕێ کورد چالاکوانی سیاسی و بورای مافی مرۆڤ، بانگەوازێکی ئاڕاستە گەلی باشوری کوردستان کرد و ووتی: "بانگەواز لە گەلەکەم دەکەم کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەو حکومڕانییەی، کە بوونەتە هۆی نەهامەتی بۆ ئەم گەلە، لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و باوەڕ بەم سیاسیانە نەکەن، جێگای دڵخۆشییە خەڵکی لەم سیاسییانەی باشوری کوردستان بێ هیوابوون، ئەمەش جێگای دڵخۆشییە، لەم ساتەدا بۆ ڕووبەڕبوونەوەی داگیرکاری و دژ بەو حکومڕانییەی خۆمان لە باشور پێکهێنانی بەرەی گەل گرنگە، چونکە دەسەڵاتی باشور بووەتە نموونەیەکی ناشیرین، کە ژیانی هاووڵاتیانی ناشیرین کردووە، بۆیە دەبێت خەڵکی ئێمە زیرەکانە و باشتر خۆیان پەروەردە بکەن تا لە ساڵانی ئایندەدا بتوانین نموونەیەکی باشتری حوکمڕانی دروست بکەین".

ژ.ت