'پەدەکە بە ئاشکرا لە سەر هێڵی خیانەتە'
ئەندامانی تەڤگەری ئازادی کوردستان، سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا وتیان: "پەدەکە ڕێگە خۆشکەرە بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورک و بە ئاشکرا لەسەر هێڵی خیانەتە."
ئەندامانی تەڤگەری ئازادی کوردستان، سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا وتیان: "پەدەکە ڕێگە خۆشکەرە بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورک و بە ئاشکرا لەسەر هێڵی خیانەتە."
هێرشەداگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک چەند رۆژێکە چڕتربوونەوە و هێزێکی زۆری داگیرکەران لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پەدەکە لەجموجۆڵدان و بە دانانی بازگە و کۆنترۆڵکردنی ناسنامە و هەروەه بە بۆردومان و هێرشەکانیان گوشاریان خستووەتە سەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە. هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغداش بەرامبەر بە داگیرکەرییە بێدەنگن و ئەمەش لەسەر ئاستی شەقامی باشوری کوردستان و عێراق ناڕەزایەتی بەدواوە بووە.
'پەدەکە بە ئاشکرا سەر بە هێڵی خیانەتە'
چرۆ شوانی، پارێزەر و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی کوردستان، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی کوردستان و بەتایبەتی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "لەڕاستیدا گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی داگیرکاری و بەتایبەت داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان، تێدەگەین کۆمەڵێک هۆکار وایکردووە ئەم داگیرکارییە بەردەوامی هەبێت، یەكێک لەو هۆکارانە ژینگە و هەڵکەوتەی جوگرافی خاکی کوردستانە، هەروەها یەکنەبوونی نێوماڵی کوردی و هەبوونی هێڵی خیانەت، هۆکارێکی تربووە، کە لە مێژووی کوردا تا ئێستا بەردەوامی هەیە."
ئاماژەشی بەوەکرد، کە هۆکاری ئەم دەستدرێژیکارییانەی دەوڵەتی فاشیستی تورک، دەگەرێتەوە بۆ ئەو خەونە لەمێژینەیەی کە دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بکاتەوە و کورد بەربەستی بەردەم بەدیهێنانی خەونی ئەو دەوڵەتە داگیرکارەیە و وتیشی: "بەداخەوە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، جیاواز لە جاران، ئەمڕۆ بەتەواوی و بە ئاشکرا چۆتە ناو هێڵی خیانەتکارییەوە و هەموو شتێک دەکات بەرامبەر بە گەلەکەی خۆی، تەنیا بۆ ئەوەی خۆی بمێنێتەوە، وەک بینیمان ئامادە نییە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، ئەمەش مانای دانەڕشتنی تەشکیلەی حوکمەت و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە."
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم پارێزەرە باسی لەوە کرد، کە داگیرکاری تورک لە هێرشدا نەماوە و هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و تەماحی ئابوری هەیە و دەستی بە ڕاگواستنی گوندەکان کردووە و ئەمە داگیرکارییەکی ئاشکرایە و وتیشی: "هەموو خەڵک باسی ئەم داگیرکارییە دەکەن و وەک دیارە بە بۆنەی هەبوونی ڕێکەوتنێکی سیاسیەوە عێراقیش لێی بێدەنگە، بۆیە بەڕاستی پێویستە لەم کاتەدا حزب و لایەنە سیاسییەکانی تر هەڵوێستی جددی بنوێنن، تاکە چارەسەری ئەم دۆخەش هاتنە پاڵ یەکی هەموو لایەنەکانە دژ بەم داگیرکارییە."
' دەوڵەتی تورک هێندە قڕکەرە دارستان و ئاژەڵیش لە ناو دەبات'
دکتۆر بەکر مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست وتی: "هێرشەکانی تورکی داگیرکەر بۆ سەرخاکی کوردستان، بەچاوساغی پەدەکە، لەشکر کێشی بۆ سەر خاکی هەرێم و هێرشە بۆسەر ژیانی کۆمەڵگای باشوور، هاوکات مەترسییە بۆ سەر تەواوی گەلانی عێراق و ناوچەکە. چونکە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تەنها بە داگیرکاری خاکەوە نەوەستاوە و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و گوند و شارەکانی کوردستان بۆردوومان دەکات، ئەم هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک پێویستە بە جینۆساید کردنی کورد بناسێنرێت."
دکتۆر بەکر بانگی لە ئازادیخواز و چالاکوانان کرد دژ بە داگیرکاری بوەستنەوە و وتی: "ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک، هێرشە بۆ سەر تەواوی مرۆڤاییەتی چونکە دەوڵەتی تورک تەنها بە هێرشکردنە سەرخاکی هەرێم ناوەستێت. لەهەر چوار پارچەی هەرێمی کوردستان دەوڵەتی تورک کورد لە ناو دەبات و مێژوو گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە. دەسەڵاتی تورکی قڕکەر هێندە بێ ڕەحمە دارستان و ئاژەڵەکانیش لە ناو دەبات، بۆیە داواکارم لە ڕێکخراوە مەندییەکان و چالاکوانانی مەدەنی بەدەم بانگەوازی گەلەوەبن، دژی بە دەوڵەتی تورکی داگیەرکەر."
'ڕۆژئاوای کوردستان بووە بە قەڵغانی بەرگری'
هەروەها دکتۆر بەکر سەبارەت بە بوونی کورد و دۆزی کورد پێیوابوو دەوڵەتی تورک لە هیچ جێیەکی دونیا گەلی کورد قبوڵ ناکات و وتی: "لە ماوەی دەست بەکاربوونی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە زۆرترین پێشێلکاری و داگیرکاری بۆ سەر گەلی کورد و خاکەکەی کراوە. تاوەکو ئێستاش دەوڵەتی تورک لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و شەڕڤانی ئازادی بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە."
د. بەکر مەجید باوەڕی وابوو، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ساختەن و بەرگری لە دۆزی گەلان ناکەن و لە خزمەت سیستەمدان و وتی" پێویستە ئێمەی گەلی کورد چاوەڕێی ڕێکخراوەکانی بە ناو مافی مرۆڤ نەبین و هەڵوێست وەرگرین لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا، ئەوە تەنها ئەرکی پەکەکە نیە کە بەرگری لە خاکی کوردستان بکات، بەڵکو ئەرکی تاک بە تاکی کوردە."
هـ . ب