پەدەکە لە ڕێگەی میدیاکانیەوە داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکات لە باشوور کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات

ساڵانێکە پەدەکە بە زۆر شێواز، هاوکاری سوپای تورکی داگیرکەر دەکات، ئەمجارەیان لە میدیاکانییەوە بە ئاشکرا داوای لە دەوڵەتی تورک کرد، بێتە نێو خاکی باشووری کوردستان و هێرش ئەنجام بدات.

پەدەکە کە لەڕێگەی هاوکاریەکانی بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە ناو ڕایگشتی کوردستاندا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و ڕەخنە بووەتەوە، چاوساخیەکانی بۆ دەوڵەتی تورک ھیچ سنوورێکی نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا دیمەنی چاوپێکەوتنی یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکە بە ناوی "عەلی عەونی" بڵاوکرایەوە، کە ڕاستەوخۆ داوای لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد بێتە نێو خاکی باشووری کوردستان و هێرش ئەنجام بدات.

لەو گرتەکەدا، کە میدیا خەبەر بڵاویکردوەتەوە، عەلی عەونی، یەکێک لە سەرکردەکانی پەدەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی نزیک لە حزبەکەی بە ئاشکرا داوا لە داگیرکەران دەکات، بێنە نێو خاکی باشووری کوردستان و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن.

عەلی عەونی ھەروەھا داوا لە دەوڵەتی تورک دەکات، لەژێر ناوی هێرشکردنە سەر کادرانی پەکەکە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ڕێگەی زەمینی و چەندین شێوازی دیکە، هێرش بکاتە سەر هەزاران گەشتیار لە ناوچەی ئەحمەدئاوا.

سەرکردەکەی پەدەکە ناوچەکانی ڕانیە، دەربەندیخان، قەڵادزێ و برادۆست وەک ئامانج بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نیشان دەدات و داوای لێدەکات هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانە.

ژ.ن