پەدەکە لە کەرکوک لەگەڵ بەرەی تورکمانی ڕێککەوتووە

ڕاگەیاندرا کە پەدەکە پەیوەست بە دیاریکردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکوک لەگەڵ بەرەی تورکمانی ڕێککەوتووە، یەنەکە ئاشکرای کرد، سازش لەسەر کەرکوک ناکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنیوز، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق ئەرشەد ساڵەحی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ پەدەکە لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک ڕێککەوتوون. ئەرشەد گوتی، ئەوان چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنە عەرەبییەکانن.

بەم شێوەیە لە پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوکدا، یەنەکە پەراوێزدەخرێت.

دەربارەی هەوڵەکانی بەرەی تورکمانی و پەدەکە، وتەبێژی یەنەکە سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دوا. 

پیرە ڕایگەیاند ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو نابن، یاساش ڕێگە بەم هەوڵانە نادات و ئەم هەوڵانە لەلایەن هێزە هەرێمییەکانییەوە ئەنجام دەدرێن.

هەروەها پیرە دووپاتی کردەوە با ئەو لایەنانە خۆیان ماندوو نەکەن، ئیدارەی کەرکوک بەبێ یەنەکە پێک ناهێنرێت.

جێگەی باسە لە ١٨ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستە پارێزگار و ئیدارەی کەرکوک دیاری نەکراوە.