دوای ئەوەی لەپێش بازگەی دێگەڵە ڕێگریی لەو ڕێپێوانە کرا، کە لە کۆیەوە بۆ بادینان دژ بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەستیپێکردبوو، بەشداربوانی ڕێپێوانەکە لە هەمان شوێن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا، ئاگر کوردستان، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، ڕایگەیاند: ڕێگریی چالاکییەکەیان، خزمەت بەو داگیرکارییە دەکات، کە دەوڵەتی تورک لەسەر باشووری کوردستان ئەنجامی دەدات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دەوڵەتی تورک بە هەموو چەک و تاکتیکێکی نوێ بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان بەکاردێنێت، بۆیە ئەوان وەکو گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر هەڵمەتێکیان دژ بەو داگیرکارییە بەناوی “وەرن بۆ جەنگی ئازادیی” ڕاگەیاندووە و دەیانەوێت شانبەشانی گەریلا دژی داگیرکاریی بووەستنەوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، کە دئامنجیان بوو بچنە هەرێمەکانی گەریلا لە بادینان، بەڵام پەدەکە ڕێگریی لێکردن و وتی:”ئەمە دەری دەخات کە تورکیا بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەم هێزە ناوخۆییانە داگیرکاریی دەستیپێکردووە و ئەمان بەشێکن لە داگیرکاریی”.
ئاگر کوردستان جەختیکردوە، بێدەنگیی لە ئاست داگیرکاریی خیانەتە، بۆیە سەدان ڕێگای تر دەدۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی و تا داگیرکاریی بەردەوام بێت، چالاکیی ئەوانیش بەردەوام دەبێت.
ف.ق