'پەدەکە و کۆنە بەعسییەکان کار بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کەرکوک دەکەن'

غازی فەیسەڵ یەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە لە مەخمور باس لە هەوڵەکانی پەدەکە دەکات بۆ بەحزبیکردن و "زەردکردنی"حکومەت و گواستنەوەی ململانێ حزبییەکان بۆ بەغدا و ناوچە کێشەلەسەرەکان و داواش دەکات سنوورێک بۆ ئەو کردەوانەی ئەو حزبە دابنرێت.

لە وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی 'پارتی و گواستنەوەی ململانێکان' غازی فەیسەڵ یەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە لە سنووری مەخمور، کە هاوکات کادری یەنەکەیە ئاماژەی بەوەکردووە کە پەدەکە ململانێ حزبیەکانی لە هەرێمی كوردستانەوە گواستەوە بۆ بەغداو  ناوچە کێشە لەسەرە کوردستانیەکان.

هەرلەو وتارەیدا غازی فەیسەڵ ئەوەی خستووەتەڕوو : " پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەموو کابینە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە ململانێی و دووبەرەکیدا بوو هەوڵی دەدا لە جیاتی بارەگا حزبیەکان ئیدارەو دەوڵەت بەکاربێنی و پلانە حزبیەکانی لەڕێگەی یەکە ئیداریەکان ئاڕاستە بکات، بەتایبەت لەکابینەی نۆدا ئەم کردارە قێزەونە تۆختر کرایەوە  "

روونیشیکردووەتەوە: "بەڵگە زۆرن لە سەر بەحزبی کردن و(زەرد) کردنی  دەوڵەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، هەربۆنمونە هەڵواسینی وێنەی سەرکردەکانیان و فایلی زەردی فەرمانگەکان باشترین بەڵگەن و هەموو  ساڵێکیش لەمانگی ئابدا پارتی پلانە تێکدەرەکانی زیاتر دەکات، هەرچەند لاپەڕەی مێژوی پارتی هەڵدەینەوە نیگەرانی و لێکترازانە ناوخۆییەکان زیاتر دەبن و کرژی و ئاڵۆزی نێوان حزبە کوردستانیەکان بەرەو هەڵکشان دەڕوات".

لە درێژەی وتارەکەیدا ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە نوسیویەتی: "لەگەڵ بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق پارتی دەستی کردووە بە  فرۆشتنەوەی دروشم بەسەر جەماوەر چەندین نمونەی حاشا هەڵنەگر هەن کە لە جیاتی پشتیوانی و خەمخۆری پارتی  بۆ ناوچە کێشەلەسەرە کوردستانیەکان بەگشتی و کەرکوک و مەخمور بەتایبەت دەستیان کردوە بەهەڵمەتێکی تێکدەرانە بەناوی کوردایەتی گوایە پارتی هێندە کوردپەروەرن لایەنی عەرەبی و تورکمانی قبوڵیان ناکەن بارەگاکانیان بهێننەوە کەرکوک!! شکور خەڵک وشیارەو خۆشبەختانە نوسەران و ڕۆشنبیرانی گەلەکەشمان چەندین قسەو باسی ڕەخنە ئامێزی زۆریان لەسەر ئەو یاریە سیاسیە کۆنەی ئەم دوایەی پارتی کردووەو شەرمەزاریان کردوون تا ناچار بن دەست لەو سیناریۆیانە هەڵبگرن بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دیسان دەیانەوێ لەگەڵ کۆنە بەعسیەکان  دەست بخەنە ناو دەستی یەک و کێشه بۆ پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی کەرکوک دروست بکەن".

غازی فەیسەڵ هەر لە وتارەکەیدا باسی لە کردەوەکانی پەدەکە لە سنووری مەخمور کردووە و نوسیویەتی: "هەموولایەک دەزانن لە یاریە ئاگرینەکانی نێوان پارتی و داعشەکانی قەرەچوغ کە یاریەکی کۆن و ئاشکرا بوو گەلی کورد و دانیشتوانی ناوچەکەمان زەرەرمەندی یەکەم بوون و تەنها کارگەی چیمەنتۆی کارو بیرە نەوتەکان سەلامەت بوون ئێستا دووبارە لە سنوری قەزای مەخمورو ناحیەو گوندەکانی سەرەڕای دەسەڵاتی زۆریان لەو سنورە و بایەخ نەدان بە ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و پشت گوێ خستنی داواکاری جوتیاران و خەڵکی ناوچەکە لەڕێگەی یەکە ئیداریەکانیان ڕێگری دەکەن لە بیر هەڵکەندنی جوتیارانی ناوچەکەو دەیانەوێ کێشەو داواکاری جوتیارانی ناوچەکەشمان بەحزبی بکەن و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئیدارەیان بخەنە خزمەتی کۆکردنەوەی دەنگدەرانیان".

وەک نوسەر ئاماژەی پێکردووە بێجگە لەو کردەوانە "ڕۆژانە لەدامو دەزگاکانی بەحیساب حکومەتی هەرێم پارتی قبوڵی یەک فایل ناکەن لەپرسگەی فەرمانگەکان بچێتە ناو فەرمانگە حکومیەکان  ئەگەر ڕەنگی ( زەرد ) نەبێت، لق و ناوچەکانیان بەتەواوەتی دەستیان خستۆتە ناو دامو دەزگاکانی دەوڵەت ئەم کارو کردارەی پارتی هەرچەندە نوێ نیە بەڵام لەسەردەمی ئێستاماندا کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر هەرێم  بەگشتی و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەتایبەت دەبێت".

هەربۆیە لە کۆتایی وتارەکەیدا داوای کردووە پەرلەمان و حکومەتی بەغدا " سورێک بۆ ئەو بەحزبی کردنەی حکومەت لەلایەن پارتیەوە دابنرێت و حکومەت جیاوازی نەکات لەنێوان پێکهاتەو نەتەوەو ڕەنگە جیاوازەکان و گەلی عیراق بەگشتی و هەرێم بەتایبەت نەک بەحزبی کردنی فەرمانگەکانی دەوڵەت و قۆرخکردنی دەسەڵات."

هـ . ب