دووای سەردانی هاکان فیدان و کۆبونەوەی لەگەڵ هەرسێ بارزانییەکە پیلانگەلێک ئاشکرابوون بۆ هێرش و داگیرکارییەکی نوێ بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و تەڤگەری ئازادیخوازی پەکەکە و لەو چوارچێوەدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پەیامی بە پەدەکەدا کە دەبێت بەشداری کارابکات لەو هێڕشە داگیرکارییەدا کە بۆ سەر باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات، پەدەکەش ڕازیبوونی خۆی لەو باریەوە دووپاتکردۆتەوە.
لە دووای گەڕانەوەی هاکان فیدان بۆ تورکیا، لەوبارە ئەو سەردانە دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا بانگەوازی لەتەوای گەلی کورد و حکومەتی عێراق کرد کە پیلانێک هەیە بۆ هێرشی داگیرکاری نوێ و دەبێت هەڵوێستی جدی نیشانبدرێت هاوکات هۆشداریدا بە پەدەکە کە چیتر لەوە زیاتر هەوڵی شەڕەنگێزی نەدەن لە سنورەکانی گەریلادا ئەگەر دژی داگیرکەران ناوەستنەوە نەبنە هاوبەشی داگیرکەران و هێرش نەکەنە سەر گەریلاکانی ئازادی و هۆشداری ئەوەشیدا کە پەدەکە یاری بە ئاگرێکی مەترسیدار دەکات.
هاوکات ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کورتای سەرحەد ڕۆژنامەنوس لە هەرێمەکانی بادینان بەژداری بەرنامەی تەوەری ڕۆژی ئاریەن تیڤی کرد و زانیاری ئەوەی ئاشکراکرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە بنکەو بارەگاکانی پەدەکەدا هێزی سەربازی دابەزاندووە و ئێستا دیارنییە پەدەکەیە بەرامبەر گەریلا هێرش دەکات یان دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە.
پەدەکە بێ گوێدانە بانگەوازەکان و هۆشدارییەکانی گەل و گەریلاکانی ئازادی ئێوارەی دوێنێ چەکدارانی پەدەکە بە ٢٠٠ ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازییەوە کە زرێپۆش و تانکیشیان تێدا بوو، گواستەوە بۆ ناوچەی سیدەکانی سەر بە هەرێمی برادۆست.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش کاتژمێر ٠٤:٣٠خولەک بەشێک لەو چەکدارانەی پەدەکە لە گەرووی زینێ لە گۆڕەپانی گۆشین هێرشیان کردووەتە سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن گەریلاوە، شەڕ هاتووەتە ئاراوە.
پێشتریش پەدەکە بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشکردنە سەر گەریلاکانی ئازادی و هاوبەشیکردنی لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا چەندین سیناریۆی دروستکرد و لە ڕێگەی دەزگای پاراستنی پەدەکەوە هەریەک لە پەکەکە و تەڤگەری ئازادی پێتۆمەتبارکرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا پەدەکە و هەرسێ بارزانییەکە ڕەوایەتیان داوە بە هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان، بەردەوامیش بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە سوپاس و ستیاشی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانییان کردووە کە هاوکار و هەماهەنگی زۆرباشن لەگەڵ سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە ئەمەش پەدەکەی سورترکردووە بۆ دوژمنایەتی کردنی تەواوی گەلی کورد.
ژ.ن