پەکەکە هەرگیز لە دوژمنەکەی خۆی نەچووە

دەوڵەتی تورک لە ماوەى ٤٠ ساڵی رابردودا دەیان کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا، دەیان کوشتنی بە دادگا ئەنجامدا، چ کەسانی مەدەنی و چ کەسانی سەربازی کوشت، بەڵام پەکەکە تاوەکو ئێستا هەوڵی داوە دیلەکانی ژێر دەستی رادەستی دەوڵەتى تورک بکات.

سوپای تورک کامپێکی لە گارە بۆردومانکرد، کە پۆلیس، سەرباز و ئەندامانی میتە دیلکراوەکانی تیادا بوو و ئەوەش بووە هۆی کوژرانی ١٣ کەس لە دیلەکان. دەوڵەتى تورک بە دەسەڵاتەکەى، سوپاکەى و راگەیاندنەکانی دەیەوێت ئەو تاوانە بخاتە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام کردەوەی ٤٠ ساڵی پەکەکە ئەوە نیشاندەدا، کە ئەو تاوانبارکردنە درۆیەکی دەسەڵاتی تورکە.

هاوکات لەگەڵ تاوانەکانی شەڕ و دژ بە مرۆڤایەتی، کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتى تورکەوە ئەنجام دەدرێن، پەکەکە لە ماوەى ٤٠ ساڵی رابروودا بە پێی رێککەوتننامەکانی جنێڤ، بەپێی پێوەرە مرۆیی و ئەخەلاقییەکان لە ئەندامان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەوڵەت نزیک بووەتەوە. پەکەکە پۆلیس و سەربازی بە ساخ و سەلامەتی رادەستی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کردووە و بەو شێوەیە وانەى مرۆڤایەتی و حقوقی و و یاسایی بە سوپای تورک داوە. هێزەکانی گەریلا لە ساڵانی ١٩٩٠ دا دەیان سەرباز و پۆلیسیان دیلکرد. بەپێی ئامارەکانی لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد، لە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٢٠١٢ لە ١١٠ چالاکیی جیاجیادا ٦٧ پۆلیس، ٣٢ جەردەوان، ١٤٥ کارمەند، ١٥ سیاسەتمەداری دەوڵەت، ٣٨ گەشتیار، ٢ رۆژنامەنووس و ٣٦ کەسی مەدەنی، کە کۆی هەموویان دەکاتە ٣٣٥ کەس لەلایەن پەکەکە دیلکراون. هەموو ئەو کەسانە بە ناوبژیوانیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پەرلەمان، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بە ناوبژیوانیی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئازاد کراون. لە خوارەوەش چەند نمونەیەک دەخەینەڕوو:

یەکەم چالاکیی دیل گرتن

یەکەم چالاکیی دیل گرتن لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ ئەنجامدرا. گەریلاکانی پەکەکە لە سەر رێگای وان – تاتوان لە ناوچەى شاپور خاڵی پشکنینیان دانا و لەو خاڵەدا ئەفسەرێک، ٢ سەرباز و مەلایەک دیلکران. دواتر سەربازەکان رادەستی بنەماڵەکانیان کران.

پەکەکە لە ٢٠ی ئابی ١٩٩٣ لە نزیک ناوچەى هەزرۆ لە پارێزگای ئێلح لە خاڵی پشکنیندا ١٣ سەربازی لە پاسێکدا دیلکرد. ئەو سەربازانە بە ساخی و سەلامەتی رادەستی بنەماڵەکانیان کران.

دوای ٢ ساڵ رادەستکرایەوە

لە ناوچە شاخاوییەکانی قلەبانی شرنەخ و لە شەڕی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤دا سەربازێک بە ناوی ئیبراهیم یایلی بە برینداری لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە دیلکرا. گەریلاکان چارەسەریان کرد. ئیبراهیم یایلی لە دوای ٢ ساڵ رادەستی شاندێک لە پەرلەمانتارانی پێشووی پارتی رەفاه و رێکخراوەکانی کۆمەڵەی مەدەنی کرا.

٨ سەرباز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رادەستکرانەوە

لە تەممووزی ١٩٩٦دا هێزەکانی گەریلا لە ناوچەى شەمزینانی جۆلەمێرگ چوونە سەر بنکەى سەربازیی ئۆرتاکلاری. لەو چالاکییەدا ٨ سەربازیان دیلکرد. ئەو سەربازە دیلکراوانە دواتر لە کامپی زەڵی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی دا رادەستی شاندێک کرا، کە پێکهاتبوون لە فەتحوڵا ئەرباش، ئاکن بیرداڵ سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەى مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و ئیحسان ئارسلان سەرۆکی گشتیی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ و پشتیوانیکردن لە مەزڵومان و زوڵملێکراوان (مەزڵوم دەر / Mazlûm-Der).

سەربازەکان و پۆلیسەکانیش ئازاد کران

کاتێک ئاکەپە ٣ ساڵ بوو لە دەسەڵاتدا بوو، لە ١٨ی تەممووزی ٢٠٠٥دا هێزەکانی گەریلا لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەرزرۆم خاڵی پشکنینان دانا و لەو خاڵەدا سەربازێک بە ناوی جۆشکون کراندی، کە لە سەمسورەوە دەڕۆیشت بۆ ترابزۆن دیلکرا. کراندی دواتر لە ٤ی ئابی ٢٠٠٥دا لە ناوچە شاخاوییەکانی گوندی گولەچێ لە ناوچەى کوتور دەڕەسی لە دێرسیم رادەستی شاندێکی مەدەنی لە نوێنەرانی رێکخراوەکان کران. شاندەکەش پێکهاتبوون لە، مەهدی پەرینچەک نوێنەری ئیهەدە لە ناوچەکە، سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد و هونەرمەند فەرهاد تونچ.

پۆلیسەکەیان دەستگیرکرد، بەڵام دەستگیرانەکەیان دەستگیر نەکرد

گەریلاکانی هەپەگە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ دا لەسەر رێگای شرنەخ و میدیات خاڵی پشکنینان دانا، پۆلیسێک بە ناوی هاکان ئاچلی کە لە جزیر ئەرکدار بوو لەلایەن گەریلاکانەوە دەستگیرکرا، بەڵام گەریلاکان دەستگیرکرانەکەى ئاچلی کە لە گەڵی بوو دەستگیریان نەکرد و ئازادیان کرد. ئاچلی دوای ١١٠ رۆژ لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦دا لە زاخۆ رادەستی شاندێکی مافی مرۆڤ کرا، کە لە ٨ کەس پێکهاتبوون و موعمەر ئاچلیی باوکی هاکانی تیادا بوو و هاکان بە ساخ و سەلامەتی رادەستی شاندەکە و باوکی کرا.

گەریلا و سەربازەکان یەکتریان لە باوەش گرت

لە ناوچەى ئۆرەماری سەر سنووری باشووری کوردستان لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧دا لە نێوان سوپای تورک و گەریلاکانی هەپەگە شەڕیکی قورس روویدا. دوای ئەو شەڕە ٨ سەرباز لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە دیلکران. سەربازە دیلکراوەکان لە ناوچەى چەمچۆی زاپ رادەستی شاندێک لە پەرلەمانتارانی پارتی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (دەتەپە) کرا، کە پێکهاتبوون لە، ئایسەڵ توغڵوک،  عوسمان ئۆزچەلیک و فاتمە کورتولان، عوسمانی حاجی مەحمود وەزیری ناوخۆی حکومەتی کوردستانی فیدراڵ و کەریم سنجاری سەرۆکی تۆلەرانسی نێوتەوەیی کرا. ئەوەى جێگای سەرنج بوو، ئەوە بوو، کە سەربازەکان و گەریلاکان یەکتریان لە باوەش گرت و بەو شێوەیە لە یەکتر جیابوونەوە.

دەوڵەت سەربازە ئازادکراوەکانی زیندانیکرد

دوای بڵاوبوونەوەى دیمەن و ڤیدیۆی ئازادکردنی سەربازەکان، دەوڵەتى تورک سەربازەکانی دەستگیر و زیندانیکرد. دەوڵەتى تورک تەنانەت بە زیندانیکردنی سەربازەکانەوە رانەوەستا، بەڵکو سکاڵای لەدژی شاندە ناوبژیوانەکەش تۆمار کرد و هەوڵی دەدا زیندانیان بکات.

دەوڵەت لە ٢٠١١ هەوڵی دا دیلەکان بکوژێت

گەریلاکانی هەپەگە لە ناوچەى لیجەى ئامەد لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠١١دا ئەفسەرێکی پسپۆڕ بە ناوی عەبدوڵا سۆپچەلەر  سەربازێک زیهنی کۆچ و کارمەندێکی تەندروستی بە ناوی ئایتەکین-یان دیلکرد. چاوپێکەوتنی سەربازە دیلکراوەکان لە رێگەى کامێرای کەناڵی ئاسمانیی رۆژ تی ڤی-یەوە بڵاوکرایەوە. سەربازەکان رایانگەیاند، دۆخی تەندروستییان باشە و بە گشتی دۆخەیان لە باشیدایە و داوایان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە بە دەمیانەوە بچن و لە گەریلاکانیان وەربگرنەوە.

ئەو کارمەندەی تەندروستی و سەربازەکە وتیان، "لە رۆژەوە، کە ئێمە دیلکراوین، بە شێوەیەکی باش مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن. هیچ هەڵسوکەوت و رەفتارێکی خراپیان لەگەڵ نەکردووین. هەموو توانا و ئیمکاناتی خۆیان بە ئێمە دەدەن. گەریلاکان پێیان وتین، بۆ ئەوەى ئێمە بە بنەماڵەکانمان شاد بینەوە، هەر چییەکیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن".

بەڵام دەوڵەتی تورک هەر وەک هاوشێوەی ئەوەى لە گارە ئەنجامیدا، دەستیکرد بە بۆردومانێکی چڕی ئەو ناوچەیە، کە گەریلاکان و دیلەکانی تیادا بوو و دوای ئەوە دەستیکرد بە ئۆپراسیۆن. دەوڵەتی تورک هەوڵیدا سەربازەکان بکوژێت و بەو شێوەیە ئەو تاوانە بخاتە ئەستۆی هێزەکانی گەریلا، بەڵام هێزەکانی گەریلا لە دۆخە زۆر دژوارەدا ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و دیلەکانیان لەو بۆردومان و ئۆپراسیۆنە پاراست و دوای ماوەیەک بە ساخ و سەلامەتی رادەستی شاندێک کرد.

خێرا وەڵامی بانگەوازەکەى ئۆجالان درایەوە

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە چوارچێوەی "قۆناغی دیالۆگ" دا لە ساڵی ٢٠١٣ داوای لە گەریلاکانی هەپەگە کرد، دیلەکان ئازاد بکەن. گەریلاکانیش دەستبەجێ وڵاەمی بانگەوازەکەى ئۆجالانیان دایەوە و قائیمقامێک و ٨ سەرباز و پۆلیس، کە لە کات و چالاکیی جیاجیادا دیلکرابوون، رادەستی شاندێک کرد، کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (دەبەپە) کە پەرلەمانتارانی دەبەپە، حوسامەدین زەندەرلی ئۆغڵو، ئۆزتورک تورکدۆغان سەرکۆی گشتیی ئیهەدە، راجی بلیجی سەرۆکی لقی ئامەدی ئیهەدە، ئەحمەد فاریق ئونساڵ سەرۆکی گشتیی مەزڵوم دەر و سەڵاحەدین چۆبان سەرۆکی لقی مەزڵوم دەر لە ئامەد.

دوای دیلکردنی لە سوپای تورک کشایەوە

یەنەر سۆیلو لە سوپای تورک دا ئەفەسەر بوو و لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە دیلکرا بوو، بەڵام دوای ئەوەى ئازاد کرا دەستی لە سوپای تورک کێشایەوە. یەنەر سۆیلو وتی، "من لەوێ تێگەیشتم، کە پەکەکە رێکخستنێکی ئانارشیت، یان تیرۆریست، یان نەتەوەپەرەستی کۆن نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتییە، بزووتنەوەى شکۆ و کەرامەتە، رێبازی رێز و خۆشەویستی لە ناویاندا هەیە. پێوەرەکانی شەڕ لەو دۆخە دژوارەدا رەچاو دەکەن، بەڵام لەلایەن ئەندامانی سوپای ئێمەوە تەنها یەک ماددە و خاڵ لە رێککەوتننامەکانی جنێڤ بۆ گەریلا دیلەکان جێبەجێ نەکراوە. بەرچاوترین نیشانەش ئەوەیە، کاتێک گەریلاکان دەستگیر دەکرێن، بە ئەشکەنجە و گوشار ناچار بە دانپیادانان دەکرێن".

ژ.ت