پەکەکە: مەسرور بارزانی بە زمانی دەوڵەتی تورک قسە دەکات

پەکەکە رایگەیاند، مەسرور بارزانی دەڵێت 'دەوڵەتی تورک نەک لەگەڵ کورد بەڵکو لەگەڵ پەکەکە کێشەی هەیە، پێویستە رۆژئاوا پەیوەندیەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت، بە پێچەوانەوە دەوڵەتی تورک نیگەران دەبێت' پیشانی دەدات کە بە زمانی دەوڵەتی تورک قسە دەکات.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەکەکە لەبارەی قسەکانی مەسرور بارزانی لەم رۆژانەی دواییدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەکەکە رایگەیاند: گەلی کورد بە پرۆسەیەکی مێژوویی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت. لە کاتێکدا کە تێکۆشانی ئازادی بەردەوامە و قوڵتر دەبێت، داگیرکارییەکانی تورکیا و هێزەکانی دوژمنی کورد و هاوپەیمانەکانیان بە دەستبەتاڵی دانانیشتن. گورزەکانی گەریلاکانی ئازادی کورد لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی ئاڤاشین و زاپ و کوردستان، دەوڵەتی تورک و هێزە هاوپەیمانەکانیانی تەنگەتاو کردووە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزە هاوپەیمانەکانی هەموو توانایەکیان بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی و پێگەی کورد بەکار دەهێنن. لە پرۆسەیەکی بەم شێوەیەی ناسک و مێژووییدا مەسرور بارزانی پەدەکەیی کە پێویستە بە فکر و بەرپرسیارێتی نیشتمانپەروەری هەڵسوکەوت بکات، بە قسەکانی ئەوە ئاشکرا دەکات کە بۆچی هێشتا کێشەی کورد چارەسەر نەکراوە و قورستر بووە

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکراوە، گەلەکەمان و وڵاتپارێزانی کوردستان بە عیبرەتەوە سەیری ئەو قسانەی مەسرور بارزانی پەدەکەیی دەکەن.

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە:-

"ئەگەر ئەو لێدوانانە کە بە ناوی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن ڕای گشتی کوردستانەوە بە ئاشکرایی نەبینرایە، ئەوا وەک لێدوانی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەبینران. ئێمە بۆ گەلەکەمانی بەجێدەهێڵین کە ئەم لێدوانانە چ پەیوەندیەکیان لەگەڵ نیشتمانپەروەریی کورد و کوردستانەوە هەیە.  ئەو قسانەی مەسرور بارزانی کە دەڵێت 'دەوڵەتی تورک نەک لەگەڵ کورد بەڵکو لەگەڵ پەکەکە کێشەی هەیە، پێویستە رۆژئاوا پەیوەندیەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت، بە پێچەوانەوە دەوڵەتی تورک نیگەران دەبێت' پیشانی دەدات کە بە زمانی هاوکار و تەسلیمبوون و دەوڵەتی تورک قسە دەکات. دەوڵەتی تورک ماوەی ٤٠ ساڵە لە هەموو شوێنێک و هەموو جارێک ئەم قسانە دووبارە دەکاتەوە. مەسرور بارزانی پەدەکەییش بەم شێوەیە سوکایەتی بە یادەوەری مێژوویی گەلی کورد و ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی دەکات.

گەلی کورد دەزانێت کێ دۆستە و کێ دوژمنە، کێ هاوکارە، کێ وڵاتپارێزە و باش لەمە تێگەیشتووە. هەموو جیهانیش داگیرکەری ئیمپریالیستی دەوڵەتی تورک وەک مەترسی و هەڕەشە دەبینێت، بەڵام مەسرور بارزانی پەدەکەیی لەمە نیگەران نییە. بەرپرسانی  دەوڵەتی تورک کە مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەوان هەڵسوکەوت دەکات، کاتێک کە دەڵێن هیچ شوێنێک بە ناوی کوردستان بوونی نییە، مەسرور بارزانی عاجز و نیگەران ناکات. مەسرور بارزانی لە جێگەی ئەوەی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و هێرشەکان ڕەوا بکات، پێویستە هەوڵ بدات، کێشەی دیموکراسی، ئازادی و داهات و دادپەروەری بۆ گەلی باشوری کوردستان چارەسەر بکات.

گەلی رۆژئاوا گۆڕەپانەکە بۆ پێداهەڵدانە هەرزانەکان جێناهێڵێت

پەدەکە و مەسرور بارزانی بە دوژمنایەتیکردنی پەکەکە کە دوژمنی کورد دڵخۆش دەکات، زەمینەی سیاسی لەناو دەبەن. پەکەکە بە تێکۆشانی نیو دەسەی خۆی، جگە لە ئازادی گەلی کورد بیری لە  هیچ شتێکی دیکە نەکردووەتەوە و هەموو سەنگەر و دەرفەتێکی بۆ کوردستان بە باجێکی زۆر گەورە بەدەستی هێناوە. لە تێکشکاندنی ئایدۆلۆژی داعشدا و لەناوبردنی لەسەر زەوی، پەکەکە ڕۆڵێکی دیارکەری بینیوە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە مەخمور تاوەکو هەولێر بە فیداکاری شەڕیان کرد، رێگەیان نەدان کە داعش باشوری کوردستان داگیر بکات. بەرخۆدانی پەکەکە ئەم ئەنجامەی لەگەڵ خۆی هێنا و ئەمەش لەلایەن گەلی باشوری کوردستانمانەوە باش دەزانرێت.

لە رۆژئاواش تێکشکاندنی داعش بە شەهیدبوونی هەزاران گەریلای ئازادیەوە هاتووەتە ئاراوە. گەلانی کورد، عەرەب، کریستیان، تورکمەن و چەچەن  لە شەڕی دژی داعشدا زیاتر لە ١٠ هەزار شەهیدیان داوە. بەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە سەر ئەو باجە دامەزراوە، دەزانێت کە لەگەڵ کێ و چۆن قسە بکات. نەک مەسرور بارزانی، بەڵکو گەلی رۆژئاوا دەزانێت کە لەگەڵ کام هێزەدا دانوستان دەکات.

مەسرور بارزانی و لایەنگرانی لەگەڵ ئەوەی لە شەڕی دژی داعش و شۆرشی ڕۆژئاوادا هیچ باجێکیان نەداوە، ئایا دەیانەوێت لەگەڵ کێدا بازار بکەن؟  هەڕەشەکانی مەسرور بارزانی لە گەل و بەڕێوەبەری ڕۆژئاو کە دەڵێت "پەیوەندیەکانتان لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنن، خۆتان لە پەکەکە دوور بخەنەوە، ئەگەرنا پەیوەندیەکانمان تێکدەچن" پیشانی دەدات کە بە زمان و عەقڵی دەوڵەتی تورک قسە دەکات. جێگەی هەڕەشەکانی لە هەڵویستی قوڵی وڵاتپارێزی گەلی کوردستاندا دیارە. گەلی رۆژئاوا کە لەدژی دڕندەیی داعش و داگیرکەری دەوڵەتی تورک بەرخۆدانی کرد، گۆڕەپانەکە بۆ پێداهەڵدانە هەرزانەکان جێناهێڵێت. گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەزانێت، باشترین بڕیار بۆ داهاتوویان چییە، ئەوان باش لە ئیرادەی دیموکراسی خۆیان تێگەیشتوون.

تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد هاوسەنگیەکانی هەرێمەکە دیاری دەکات و دۆخەکە بەم شێوەیەیە. لەم قۆناغەدا پێویستە گەلەکەمان ئاگاری هەوڵە تێکدەریەکان و هەوڵەکان بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک بێت و خاوەنی هەڵوێستێکی روون و ئاشکرا بێت. لەسەر ئەم بناغەیە، ئێمە وەک پەکەکە رایدەگەیەنین کە تێکۆشانمان بۆ کوردستان بەردەوامی پێدەدەین، کوردستان لە هێرشی داگیرکەری دەپارێزین، بەرگری لێدەکەین و ئازادی دەکەین و بەهێزەوە بەردەوامی بە خەباتمان دەدەین."

ف.ق