كۆمیتەی پشتیوانی لەبنەماڵەی شەهیدانی پارتی كرێكارانی كوردستان"پەكەكە" لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاندووه؛ حەسەن ئادر، ناسراو بەساڵح جزیری كە یەكێك لە میراسدارانی رێ و رەسمی مێژوویی هەرێمی بۆتان بوو لە ٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢١ گەیشتووەتە كاروانی شەهیدان. بە بۆنەی شەهید بوونی هەڤاڵ ساڵح جەزیری، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لەبنەماڵەی بەرێزیان و هەموو گەلی وڵاتپارێزی كوردستان دەكەین.
كۆمیتەی پشتیوانی لەبنەماڵە و كەس و كاری شەهیدانی پەكەكە بەشێوەیەكی بەرفراوان باس لەتێكۆشانی شۆڕشگێڕی شەهید ساڵح جەزیری دەكات و دەڵێت:"هەڤاڵ ساڵح ساڵی ١٩٦٢ لەبنەماڵەیەكی وڵاتپارێز لەجەزیری بۆتان لەدایكبووە. سەرەتای دەستپێكردنی تێكۆشانی ئازادیخوازی كوردستان بەپێشەنگایەتی پەكەكە كاریگەری لەسەر هەڤاڵ ساڵحیش دانا. هەڤاڵ ساڵح كاری "بەرگدوری" دهكرد و دۆكانێكی بەرگدوری لەناوەندی جەزیرەی هەبوو. هەڤاڵ ساڵح باوكی چوار منداڵ بوو و لەساڵی ١٩٨٦ بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دەناسێت و پەیوەندی پێوە دەكات. هەر لەسەرەتاوە بەباوەڕی و فیداكاریەكی مەزنەوە لەچالاكیەكاندا جێگا دەگرێت و زەمینە و دەرفەتی پەروەردە و پێشكەوتنی خۆی دەخۆڵقێنێت. بەخوێندنەوەی بڵاوكراوەكانی پارتیمان لەوانە سەرخۆبوون و بەرخۆدان، هزر و بیروبۆچوونی رێبەر ئاپۆ دەناسێت و راستی كوردستان و دۆژمن بەباشی دەبینێت. براكەی شەهید چەكدار لەكۆتایی ساڵی ١٩٨٦ چووە ریزی كاروانی شەهیدانەوە. دوای ئەوەی شەهید بریڤان و شەهید باران لەبەهاری ١٩٨٨ دەچنە جەزیرە، هەڤاڵ ساڵحیش بەشێوەیەكی ئاكتیڤ لەتێكۆشاندا جێگا دەگرێت. بەهۆی دانپێیانانی كەسایەتیەكی لاواز لە حۆزەیرانی ١٩٨٨ لەلایەن رژێمی فاشیستی توركەوە دەستگیر دەكرێت و ماوەی ساڵێك لەزیندان دەمنێتەوە. لەو ماوەیەدا ئیرادەی هەڤاڵ ساڵح بۆ بەشداربوونی چالاكی زیاتر، بەهێزتر دەبێت. دوای دەركەوتنی لەزیندان دەست بەچالاكی و تێكۆشان دەكاتەوە. ساڵی ١٩٩٠ وەكو رێكخەرێك لەچالاكیە جەماوەریە گشتیەكان جێگا دەگرێت. لەنەورۆزدا جارێكی تر دەستگیر دەكرێت و رووبەرووی ئەشكەنجەیەكی زۆر دەبێتەوە. ساڵی ١٩٩١ كۆچبەری ئەڵمانیا دەبێت.
كۆمیتەی پشتیوانی لەبنەماڵە و كەس و كاری شەهیدانی پەكەكە راشیگەیاندوە؛ ساڵح جزیری لەئەڵمانیا دوو جار لەلایەن دەوڵەتی ئەڵمانیاوە دەستگیر دەكرێت و پێنج ساڵ لەزیندانەكانی ئەڵمانیا دەمنێتەوە و ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە كوردستان و لەساڵی ٢٠١٦ لەخۆلی پەروەردەی شەهید ساكینە بەشداری دەكات. لەئەنجامدا لە ٥ی حۆزەیرانی ٢٠١٢ لەكەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی"مەخمور" لەهێرشی ئاسمانی فرۆكەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركدا شەهید دەبێت.
كۆمیتەكە لەكۆتایی راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت:"جارێكی تر لەكەسایەتی هەڤاڵ ساڵح جەزیری، هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی بەبیردێنینەوە و سۆز و بەڵێنمان دووپات دەكەینەوە دەوڵەتی داگیركەر و نۆكەر و خیانەتكاران لێپرسینەوە لەتاوانەكانیان بكرێت.
ناسنامەی شەهید:
ناسناو: ساڵح جزیری
ناو و پاشناو: حەسەن ئادر
شوێنی لەدایكبوون: جەزیرە ١/١/١٩٦٢
ناوی دایك: وەجیهە
ناوی باوك: سەعید
کات و شوێنی شەهید بوون: ٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢١ ـ مەخمور
هـ . ب