پەڕلەمانتارێک: هێزێكی كورد هاوكاریی توركیایە بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان

پەڕلەمانتارێكی یەکێتیی، باس لە هێرش و داگیرکارییەکانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت، هێزێكی كورد هاوكاریی توركیایە بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان و حكومەتی هەرێمیش لەبەر گرێبەستی نەوت بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

شەمۆڵ ئاشتی سابیر میرە، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رۆژنیوز وتی:  “ئێمە وەكو پەرلەمانی كوردستان  كۆبونەوەمان لەسەر  هێرش و داگیركاری توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان كردووە و یاداشت و  بەیاننامەی  نارەزاییمان داوەتە  حكومەتی هەرێمی كوردستان،  ئەویش  داویەتی بە حكومەتی عێراقیی، چونكە  سیادەی   هەرێمی كوردستان  پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە، ڕاستە  هەرێمی كوردستان  سیادەی  پێشێل كراوە، بەڵام  هەرشتێك بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان  ببێت، ئەوا پەیوەندیی  بە سەروەریی عێراقەوە  هەیە .

ئەو  پەرلەمانتارە، دەشڵێت:  وەكو  پەرلەمانتار هەڵوێستی  جدییمان  هەبووە و ئیدانەی ئەو  هێرشانە دەكەم  كە  دەكرێتە سەر خاكی كوردستان، وەكو  حزبی یەكێتیی نیشتمانیی  بە ڕونیی  هەڵوێستی خۆمان  دژی  هەموو هێرش و داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان  دەربڕیوە و بەشداریش  نابین لە  شەڕی برا كوژیی .

ئەوەشی راگەیاند، هەرهێزێك بیەوێ  شەڕی نێوان هێزە كوردییەكان بكات ، ئەوە نەك شەڕی برا كوژییە، بەڵكو  خزمەت بە بێگانە دەكات، هەروەها  هێزێكی  كوردیی هاوكاریی توركیایە  بۆ داگیر كردنی باشووری كوردستان، ئەوەش لە پێناو  بەرژەوەندیی خۆی و بنەماڵەكەیەتی، هاوكات حكومەتی هەرێمیش  بێدەنگیی  هەڵبژاردووە، لە بەرامبەر  پێشێلكارییەكانی توركیا ، چونكە  گرێبەستی نەوتی هەیە، كە ئەمەیش خزمەت بە  هاوڵاتیانی كورد ناكات، بەڵكو  لەپێناو  هێزێكی  دیاریكراودایە؛ لە  پێناو مانەوەی بنەماڵەكەیەك  حكومەتی هەرێمی كوردستان  چاوپۆشیی  لە  هێرشەكانی توركیا دەكات.

ئاماژەی بەوەشدا، كە  بێدەنگیی  حكومەتی هەرێمی كوردستان  وای كردووە توركیا  بەئاسایی و بە ئاسانی   بەدرێژای  چل كیلۆمەتر و بەقوڵای  بیست كیلۆمەتر هاتووەتە  ناو خاكی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەیش  جێگای  گومانە! لەم چەند رۆژەی رابردوو  لیژنەیەكمان لە پەرلەمانی كوردستان،  چونەتە  شوێنی داگیركارییەكان، بەچاوی خۆیان  واقیعی  ناوچەكەیان  بینیوە و   راپۆرتێكیان لەسەر  ئەو  بابەتە   ئامادە كردووە و رەوانەی  حكومەت و پەرلەمانی دەكەن .

هەورها ئەو پەڕلەمانتارەی هەرێمی کوردستان، باس لەوەش دەكات  هەرێمی كوردستان  خاوەنی  دەستور نییە، بۆیە  بەئاسانی خاكی  باشووری كوردستان  لەلایەن  وڵاتانی  ترەوە، هێرشی دەكرێتە  سەر، بۆیە  دەستور گرینگە  بۆ  هەرێمی كوردستان  .

ف.ق