پێنج پارتی سیاسی پشتگیریان بۆ کەمپینەکەی هەدەپە دەربڕی

بزوتنەوەى گۆڕان، حزبى شیوعى، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان و یەکێتى نەتەوەیی دیموکراتى کوردستان سەردانى نوێنەرایەتى هەدەپەیان لە هەولێر کرد و پشتیوانى خۆیان بۆ ئەو کەمپینە دووپاتکردەوە، بۆ زیانلێکەوتوانى بومەلەرزەکە راگەیەندراوە.

هەریەکە لە بزوتنەوەى گۆڕان، حزبى شیوعى، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان و یەکێتى نەتەوەیی دیموکراتى کوردستان سەردانى نوێنەرایەتى هەدەپەیان لە شارى هەولێر کرد.

ئەو پێنج لایەنە سیاسیە پشتیوانى خۆیان بۆ ئەو کەمپینە دووپاتکردەوە، کە لەلایەن هەدەپەوە بۆ زیانلێکەتوانى بومەلەرزەکەى باکور و ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیەندراوە و داوایانکرد هاوڵاتیان بە گەرمى بەشدارى تێدا بکەن.

لەوبارەوە، ناهیدە ئارمیش، ئەندامى نوێنەرایەتی هەدەپە لە کۆنگرەیکی رۆژنامەوانیدا وتی، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین، کە لەگەل کەمپینی ئێمەدان بە مەبەستى هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوانى بومەلەرزەکەى باکوور و رۆژئاوای کوردستان.

ناهیدە ئارمیش ئاماژەی بەوەشکرد، کەمپینی هەدەپە بەردەوامی هەیە و پێداویستیەکانی رۆژانەى هاوڵاتیان رەوانەى رۆژئاوای کوردستان دەکەین و هاوکارى ماددی بۆ باکوری کوردستان دەنێرین و داواکارین هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بەپێی توانای خۆیان بەشداری لەم کەمپینەیەدا بکەن.

لای خۆیەوە کوردۆ ساڵح بەناوی هەریەکە لە حزبى شیوعى، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان و یەکێتى نەتەوەیی دیموکراتى کوردستان ڕایگەیاند، پشتیوانی خۆمان بۆ کەمپینی هەدەپە بە مەبەستى هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرەزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردسان دووپات دەکەینەوە .

ئاماژەى بەوەشکرد، بەشداریکردن لەم کەمپینەدا بە ئەرکى سەرشانى خۆمان و سەرجەم هاوڵاتیان دەزانین و داواکاریشین هەموو لایەنگرانمان لەم هەڵمەتەدا بەشداربن.

هەروەها، شاخەوان خالید، سەرکردە لە حزبى یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداریکردن لەم کەمپینەى هەدەپە بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەتوانى بومەلەرزەکەى باکوور و رۆژئاوای کوردستان، بە ئەرکێکی نیشتیمانی، نەتەوەی و ئایینی دەزانین و داواکارین هاوڵاتیان بە دەم کەمپینەکەوە بێن.

ف.ق