پێنجەم کۆنگرەی یەنەکە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی پێنجەم کۆنگرەی ئاسایی خۆی و بڕیارە چەند گۆڕانکارییەک لە پەیکەرەی حزبی ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ یەنەکە لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانى کۆنگرەی خۆی دەست پێکرد و کارەکانی کۆنگرەکە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمەش پێنجەمین کۆنگرەیە لە مێژووی درووستبوونى ئەو حزبەدا، چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆنگرەیە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بە دوای خۆییدا بهێنێت، کە کاریگەریی لەسەر ناوخۆی حزبەکە و دۆخی هەرێمی کوردستانیش هەبێت.

دامەزراندنى یەنەکە

بیرۆكەی دامەزراندنی یەكێتی لە دیمەشقەی پایتەختى سووریاوە درووست بوو، ئەوکات جەلال تاڵەبانی و بەشێک لە سەرکردە دیارەکانى ئەو حزبە لە سووریا دەژیان و کاری سیاسییان دەکرد، ڕۆژی ٢٢ـی ئایاری ١٩٧٥ ساتى داڕشتن و گەڵاڵەکردنى ئەو بیرۆکەیە بوو بۆ حزبێکی سیاسیی کوردی کە بتوانێت شۆڕش لە باشووری کوردستان دەست پێ بکەنەوە، لە دوای ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا بارزانییەوە.

لەو ڕۆژەدا هەریەکە لە جەلال تاڵەبانی، نەوشیران مستەفا، کەمال فوئاد، عادل موراد، فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی یەکەم بەیاننامەى درووستبوونى یەکێتیان بڵاو کردەوە، ئەم بەیاننامەیە بووە بناغەى درووستبوونى یەکێتى و ١ی حوزەیران وەک رۆژی دامەزراندنی ئەو حزبە دیاریکراوە.

یەنەکە لە ساڵانی ١٩٧٧ لە برادۆست و ١٩٨٠ لە ناوزەنگ دوو کۆنفڕانسی بەستووە و یەکەم کۆنگرەشی لە لە ٢٧ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ لە هەولێر و سلێمانی سازکرد و جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتیی و نەوشیروان مستەفاش وەک جێگری هەڵبژێردران.

کۆنگرەی دووەمی یەنەکە لە ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٠١ـدا هەر لە سلێمانی بەسترا و جارێکی دیکە مام جەلال بە سکرتێری گشتی و نەوشیروان مستەفا بە جێگری سکرتێری گشتی هەڵبژێردرانەوە، کۆنگرەی سێیەمیش لە ١ـی ئایاری ٢٠١٠ ئەنجامدراو مام جەلال بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە و كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵحی بە جێگری خۆی دەستنیشان كرد.

یەنەکە ڕۆژی ٢١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، کە لەم کۆنگرەیەدا چەند گۆڕانکارییەک نوێ لە پەیڕەوی ناوخۆ و هەیکەلی حزبەکەدا کرا و بۆ یەکەمجار سیستەمى هاوسەرۆکایەتى پەیڕەو کرد و هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران، بەڵام لە ٨ی تەمووزی ٢٠٢١د لاهور جەنگی و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی یەنەکە دوورخرانەوە و لە کۆبوونەوەیەکدا بە ناوی دیداری سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٢ سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەڵوەشێندرایەوە و بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەنەکە راگەیەندرا.

کۆنگرەی پێنجەم

لە کۆنگرەکەی پێنجەمدا کە ئەمڕۆ بە دروشمی "نوێگەری لە کاردا و کۆدەنگی لە بڕیاردا" دەستی بە کارەکانی کردووە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، سەرۆک و سەرکردایەتی نوێ بۆ یەنەکە هەڵدەبژێردرێن.

لەم کۆنگرەیەدا ٦٠٠ ئەندام بەشداری دەکەن و یەکەمجاریشە کۆنگرەی ئەو حزبە لە پێش وادەى خۆیدا ئەنجدام بدرێت، ژمارەی ئەندامانى سەرکردایەتى لە ١٢٤ ئەندامەوە، بکرێنە ٥٠ بۆ ٥٥ ئەندام لەو ژمارەیەی سەرکردایەتیش ١٠ بۆ ١٣ کەس بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێن، هاوکات ژمارەیەک ئەنجوومەنی نوێ بۆ حزبەکە زیاد دەکرێن و هەروەها پەیڕەوی ناوخۆ هەمووار دەکرێتەوە و سیستەمى هاوسەرۆکایەتى لە پەیڕەودا لادەبرێت.

هەروەها لە کۆنگرەى پێنجەمی یەنەکە، سەرۆک هەڵدەبژێردرێتەوە و تا ئێستا پێشنیاز ئەوەیە سەرۆک جێگری نەبێت، بەڵام ئەمەش جێهێڵدراوە بۆ ئەندامانى کۆنگرە کە بریاری لێبدەن ئایا سەرۆک جێگری هەبێت یان نا، بە ئەگەری زۆرەوە بافڵ تاڵەبانی بۆ پۆستەکەی هەڵدەبژێردرێتەوە.

یەنەکە جیا لە دوو کۆنفڕانس و پێنج کۆنگرە، لە ساڵانی ١٩٩٠، ١٩٩٥، ٢٠٠٧، ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ دا پێنج پلینیۆمیشی بەستووە.

هـ.ب