پەرلەمانتارانی عێراق: پێویستە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت

ژمارەیەک پەڕلەمانتاری عێراق داوادەکەن هەرچی زووە کۆتای بە دەستدرێژەیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بهێنرێت لەسەر خاکی عێراق، سەرۆکایەتیەکانی عێراق و هەرێم بۆ ئەم بابەتە بێنە سەر هێڵ.

هەریەک لە پەرلەمانتارانی عێراق سەرکەوت شەمسەدین، غالب مەحمەد عەلی، کاوە مەحمەد لە بەیاننامەیەکەدا کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  نێردراوە، وێرای ئیدانەکردنی لەشکەرکێشیەکانی سوپای تورکیا، داوا دەکەن هەرچی زووە هەر یەک لە سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و عێراق بێنە سەر خەت بۆ ڕاگرتنی ئەو لەشکرکێشیانەی لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

هاوکات ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژیان بەوەداوە: ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لە رێگەی هێزی زەمینی و ئاسمانیەوە و لە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەشکرکێشی دەستپێکردووە کە ئەمە پێشێلکارییەکی روونی سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودوڵەتییەکانە، پێوستە  حکومەتی عێراق لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە، سکاڵا لەدژی دەوڵەتی تورکیا تۆماربکات و هەوڵە نێودەوڵەتیەکان دژی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراق یەکبخرێن.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"پێویستە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت

ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لە رێگەی هێزی زەمینی و ئاسمانی-ەوە و لە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەشکرکێشی دەستپێکردووە کە ئەمە پێشێلکارییەکی رونی سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودوڵەتییەکانە و پێویستە دەستبەجێ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێستیان هەبێت.

هەروەها پێویستە حکومەتی عێراق لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی-ەوە سکاڵا دژی دەوڵەتی تورکیا تۆماربکات و هەوڵە نێودەوڵەتیەکان دژی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراق یەکبخرێن.

ئێمە وەک ئەرکی سەرشانمان کە نوێنەرایەتیکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، سێ جار لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە واژوی ٥٠ پەرلەمانتار داواکاریمان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پرسی لەشکرکێشی و داگیرکاری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا، بەڵام بەداخەوە بە ئەجێندایەکی حزبی دیاریکراو رێگە نەدراوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەم پرسە بخاتە بەرنامەی کارەوە، کە ئەمە ئەو پەری بێ رێزییە بە ئیرادەی گەلەکەمان. ئێمە هاووڵاتیانمان دڵنیا دەکەینەوە کە بێدەنگ نابین لە دژوەستانەوەی داگیرکاری دژ بە خاكی هەرێم و عێراق کە لە هەرلایەکەوە بێت.

داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکەین کە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە دروستکردنی ئاڵۆزیی سەربازی و ئەمنی لە ناو خاکی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێ-وە، بەتایبەتی کە هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە ماوە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ بنبرکردنی داعش بێت.

کێشەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و پێویستە بەرێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت کە ئەوەش تاکە رێگەی چارەسەری یە، هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێک نین لەو کێشەیە و نابێت تێوەبگلێنرێن."

ف.ق