'پێشمەرگەکانی پەدەکە و داعشەکان و سەربازانی تورک لە یەک سەنگەرەدان'

هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار رایەگیاند، "پێشمەرگەکانی پەدەکە و داعشەکان لەگەڵ سەربازانی تورک لە یەک سەنگەردان. پەدەکە بۆ کوشتنی کورد رۆڵی لە ئەستۆگرتووە".

پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، مەد توهاد-فەد، مەبیا-دەر و دایکانی ئاشتی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان سازکرد.

لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا چیدەم کلیچگون ئوچار ئاماژەی بە رێککەوتنی سێ قۆڵی ئەنقەرە-هەولێر و بەغدا کرد و وتی، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکرێنە ئامانج. شەڕی ئێستا بەهۆی بەکارهێنانی چەکی قەدەغە و چەکی کیمیاییەوە کەوتبووە رۆژەڤی تورکیا و جیهانەوە. لە ئۆپراسیۆنەکەدا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە چەکی کیماییی بە کارهێنران. بەڵام وەزیری بەرگریی ئەمرۆ نکۆڵی لەو راستیە دەکات".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئەمرۆ لە ئاسمان و زەویەوە هێرشی گەورە ئەنجام دەدرێن و ژمارەیکی زۆریش ژیانیان لەدەستداوە. لەو شەڕەدا شان بە شانی سەربازانی سوپای تورکیا پێشمەرگەکانی پەدەکەش بەشدارن. هەروەها لەگەڵ ئەوان هێزە میلیشیاییەکانی وەک داعشیش بەشدارە. بە چاودێری پەدەکە سەدان خاڵ و بنکەی سوپای تورکیا دروست کراون. باسی لەوەشکرد، ئامانجی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی لەو هێرش و شەڕانە گەڕانەوەیە بۆ سنوورەکانی میساقی میللی ئەمەش بۆ کورد بە واتای مردن و لەناوچوونە و جگە لەوە هیچ شتێکی دیکە بە کورد نابەخشن.

روونیشی کردەوە، کە لە رێگەی ئەو شەڕ و پەلامارانەوە دەیانەوێت کوردستان لە دانیشتوانەکەی بەتاڵ بکەنەوە و وتی، " دەیانەوێت ئەو جوگرافیایە لە مرۆڤەکانی چۆڵ بکەن هەروەها دەیانەوێت ئەو کەسانە لەو خاکە دەربکەن کە دەیپارێزن و بەم جۆرە بێ بەرگری بکەن. لە سیاسەتی نۆ ساڵەی شەڕ و داگیرکەریدا ٧٥٠ هەزار مرۆڤ بێماڵ و حاڵ بوون کە لەسەدا ٨٠ی کوردن. تا مانگی حوزەیران ١٠٠ گوندی هەرێمەکە چۆڵ کراون. لە چۆڵکردنی گوندەکاندا پەدەکە، سوپای تورک و داعش رۆڵیان گێڕاوە و لەو ناوچانە جێگیر بوون. جگەلەوە دەیانەوێت ٦٠٢ گوندی دیکە چۆڵ بکەن.

ئوچار لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی بەوەکرد کە ئاکەپە-مەهەپە لە رێگەی ئەو هێرش و پەلامارانەوە دەیانەووێت ژینگە و ئیکۆلۆژی باشوری کوردستان لەناوببەن و بەبیری هێنایەوە کە لە هەفتەکانی رابردوودا نزیکەی ٢٠ هەزار دۆنم لە دارستان و لەوەڕگەکان و زەویە کشتوکاڵیەکان سوتاون، ئەمەش لەکاتێکدایە کشتوکاڵ و باخداری سەرچاوەی سەرەکی بژێوی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.

هەروەک وتیشی ئامانجێکی دیکەیان ئەوەیە کە دەیانەوێت لەسەر دەستی چەتەکان ئەو شوێنە مێژوویانە کە وەک یادگەوان لەناوببەن. چەتەکان لەوێ نیشتەجێ بکەن، لەسەر دەستی چەتەکان دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن. ئەو داعشەی دەستدرێژی کردە سەر ژنانی شەنگال و خەڵکی بە زیندوویی سوتاند و سەری پێشمەرگەی بری ئەمڕۆ لەسەر رێگەپێدانی پەدەکە و بەدەستی تورکیا لەو ناوچانە نیشتەجێ دەکرێن. ئەو خاکەی لە داعش پاککرابووەوە، جارێکی دیکە دەیانەوێت داعشی تێدا نیشتەجێ بکەن و بیکەنە گۆلی خوێن".