ڕێپێوان لە ئێلح: بەرخۆدانمان تا تێکشکاندنی داگیرکاری بەردەوام دەبێت

هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلح گوڵستان سۆنوک لە ڕێپێوان دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان، گوتی: "تا ڕزگارکردنی شارەوانییە داگیرکراوەکان، بەرخۆدان بەردەوامە".

بەرخۆدان دژی قەیوم

 

خەڵکی ئێلح لە ڕۆژی سێشەممەوە بەردەوامە لە چالاکیی شەرمەزارکردن دژی دانانی قەیوم. جەماوەر ئەمڕۆش ڕێپێوانیان کرد و بێ وەستان درووشمیان دژی قەیوم بڵاوکردەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا پەرلەمانتاری وان مەحمود دوندار داوای کرد هەمووان خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن.

"پێکەوە سەردەکەوین"

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح، مستەفا مەسعود تەکیک تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی ئێلح، دواتر هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، وەیسی دیلکەچی تیشکی خستەسەر سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپە، گوتی: "گوڵستان سۆنوک ئیرادەی گەلی ئێلحە. چەند ڕۆژە ئێوە لە گۆڕەپانەکان بەرخۆدان دەکەن. ئێمە سڵاوی وانمان هێناوە، سڵاو لە بەرخۆدانەکەتان دەکەین. پێکەوە سەردەکەوین".

هاوسەرۆکی شارەوانی کۆپی موش، عەرەفات کارداغی ڕایگەیاند بە خاوەنداری لە ئیرادە، دەسەڵات پاشەکشە دەکات، ئینجا هاوسەرۆکی شارەوانی میسریجی سێرت، عەلی ڕەزا بینگۆل تیشکی خستەسەر هەڵوێستی گەل.

"ئەم شەقامانە جێناهێڵین"

دواتر هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلح، گوڵستان سۆنوک ڕایگەیاند ئەگەر دووبارە هەڵبژاردن بکرێتەوە هەر ئێمە سەردەکەوین، ئێمە بە ڕێگەپێدانی ئێوە و وەزارەتی ناوخۆ نەهاتووین، بە ئیراەی گەل هاتووین. گوتی: "ئەم شەقامانە جێناهێڵین. هەرگیز خیانەت لە مێژووی بەرخۆدانمان ناکەین. تا ڕزگارکردنی شارەوانییە داگیرکراوەکان، بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت".