ڕێپێوانی ئامەد: لە پێناو زمانی کوردییدا تێدەکۆشین

بە بۆنەی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، لە ئامەد ڕێپێوانێک ئەنجامدرا و داوای پێگەی فەرمی بۆ زمانی کوردی کرا.

بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کولتووری و زمانی میزۆپۆتامیا (مەد-دەر)، ئەنستیتۆی کوردی ئامەد و  پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (بەدەپە) بە بۆنەی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. لە چالاکییەکەدا پانکارتی "پێگەی فەرمی بۆ زمانی کوردی، پەروەردە بە زمانی کوردی" بەرزکرایەوە. لەگەڵ بەردەوامی چالاکییەکەدا بە بەردەوامی درووشمەکانی "زمانی کوردی شکۆمانە" و "بێ زمان ژیان نابێ" دەوترانەوە.

لە چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراو بە هەردوو زاراوەی کورمانجی و زازاکی خوێندرایەوە و ئاماژە کرا بەوە بە ئێستاشەوە ناتوانرێت زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە بەکاربهێندرێت و قەدەغەکراوە. جەختکرایەوە لەوەی ئەم قەدغەکارییە تاوانێکی دژە مرۆڤایەتییە و لە هەموو جێگەیەک بە ئاخاوتن بە زمانی کورد لە دژی ئەمە بوەستنەوە.

هەروەها دەستنیشان کرا زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە دێرینەکانی ناو مێژوو، بووە با پارێزەری هەبوون و ناسنامەی کوردان. بۆیە پێویست بە تێکۆشانی بەرفراوان دەکات بۆ پەروەردە وەرگرتن بە زمانی کوردی.

چالاکییەکە بە گێڕانی شای و هەڵپەڕکێی کوردی کۆتایی هات.