"پێویستە بۆ مافی هیوا، پرۆسەی یاسایی دەست پێ بکات"

ئۆهەدە و مەد تواد_فەد ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافیان لە زیندانەکان ئاشکرا کرد، گوتیان: "لە چوارچێوەی مافی هیوادا، دەبێت پرۆسەی یاسایی دەربارەی ئۆجالان و هەموو زیندانیانی هەتاهەتایی، دەست پێ بکات".

ڕاپۆرتی زیندانەکان

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی ماف و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی مەد (مەد تواد_فەد) ڕاپۆرتی دەربارەی زیندانەکان ئاشکرا کرد. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم زیندانی ئامەد خوێنرایەوە. ڕاپۆرتەکە بە ناونیشانی "پێشێلکردنی ماف لە زیندانەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٤" کە داتاکانی لە چەند ڕۆژی ئایندە بڵاودەکرێنەوە، ٩٢ زیندان دەگرێتەخۆ.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی زیندانیانی ناوەندی گشتی ئۆهەدە، ئایشە سەهریبان دەمیرەل خوێنرایەوە.

ئایشە ئەوەی بیرهێنایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩ ـەوە لە گۆشەگیریدایە، گوتی: "بچوکترین نۆرمە یاساییەکان پێشێل دەکرێن و سزای دیسلپینی ناهەق دەسەپێنرێت، داوای دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران ئاستەنگ دەکرێت، ئەمەش نموونەی هەرە بەرچاوی گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە".

ئایشە لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد بە دیدارەکانی ٢٣ ی تشرینی یەکەم و ٢٨ کانوونی یەکەم لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، گۆشەگیری هەڵنەگیراوە، بۆ نەهێشتنی ئەم نادادییەی چەند ساڵە بەردەوامە دەبێت هەنگاوی ڕوون بنرێت، گوتی: " پێویستە لە چوارچێوەی مافی هیوا دەستبەجێ بۆ ئازادی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوبنرێت. چەندین ساڵە مافی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، بەڕێز عومەر خەیری کۆنار، بەڕێز حامیلی یەڵدرم و بەڕێز وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی ڕاگیراون، بە شێوەیەکی نایاسایی ئاستەنگ کراوە. سەرەڕای ئەم ڕەوشە، سی پی تی لە ڕۆژانی ١٣-٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ بۆ مەبەستێکی تایبەت سەردانی تورکیای کرد. بەڵام ڕاپۆرتەکەی ئاشکرا نەکرد و دەریخست کە هەمان هەنگاوەکانی تورکیا پەیڕەو دەکات. لە چوارچێوەی مافی هیوادا، پێویستە دەستبەجێ پرۆسەی یاسایی سەبارەت بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی دیکە کە لە ڕژێمی سزای زیندانی هەتاهەتاییدا ڕاگیراون، دەست پێ بکات".