"پێویستە خەڵکی لەدژی داگیرکارییەکانی تورکیا بەرخۆدان بکات"

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: " تورکیا بەسەدان تانکەوە داگیرکاری سەرتاسەری ڕاگەیاندووە و پێویستە خەڵکی لەدژی داگیرکارییەکانی تورکیا بەرخۆدان بکات".

ئەدهەم جومعە چاودێری سیاسی لە باشوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، سەبارەت بە پرسەکانی وەکو هێرش و داگیرکردنی ناوچە و شارەکانی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و سوپاکەی، هەروەها چاوساغی بۆ سوپای داگیرکەر لەلایەن پەدەکەوە بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان، بێ دەنگی حکومەتی عێراق و حزبەکان باشور و نیگەرانییەکانی خەڵکی لەداگیرکردنی خاکەکەیان و چەند پرسێکی گرێداروی ئەو بابەتە دوا.

کارەساتبارە سوپای تورک بە ئاشكرا باشوری کوردستان داگیردەکات

ئەدهەم جومعە چاودێری سیاسی، سەبارەت بە داگیرکردنی باشوری کوردستان لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "ئەوەی سوپای داگیرکاری تورکیا لە باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات داگیرکردنی سەرتاسەرییە و کارەساتبارە، لەوە خراپتر ئەوەیە کە سوپای داگیرکەری تورکیا بە فەرمی هاتووە واتا داگیرکارییەکانی ناشارێتەوە و چەند لایەنێک بە تایبەت حکومەتی هەرێم و بەشێک لە حکومەتی عێراق بەشدارن لە هاوکاری کردنی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێکەوتنێکی ستراتیجی هەیە لەنێوان ئەم لایەنانەی کە پاڵپشتی داگیرکاری باشوری کوردستان دەکەن".

سوپای داگیرکەری تورک لەڕێگەی زنجیری تانکەکانیانەوە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارازنی دەپارێزن

هەروەها سەبارەت بەبێ دەنگی حکومەتی عێراق لەئاست داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چاوساغی سوپای داگیرکەری تورک لەلایەن پەدەکە و بنەماڵەی بارازنییەوە، چاودێری سیاسییە ئاشکرای کرد: "وەکو ئاگادارین حکومەتی عێراق ڕێکەوتنی ژێربەژێری کردووە تاوەکو لە بەرامبەر ئاو بێ دەنگی هەڵبژێرێت لەو داگیرکارییەی کە سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامی دەدات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەدەکە تەنها لەپێناو مانەوەی بنەماڵەی بارزانی لەدەسەڵات پێشڕەوەی سوپای داگیرکەری تورک دەکەن، سوپای تورک لەڕێگەی زنجیری تانکەکانیاوە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی دەپارێزن".

پێویستە خەڵکی لەدژی داگیرکارییەکانی تورک بەرخۆدان بکەن

ئەدەهەم جومعە تیشکی خستەسەر گرنگی بەرخۆدان لەدژی داگیرکارییەکانی سوپای تورک و بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەم هێرش و داگیرکارییەی سوپای داگیرکەری تورک کارەساتبارە بۆ هەریمی کوردستان و خەڵکەکەی، لە کۆتایدا ئەمە داگیرکاری عوسمانییە و ئەوەی مێژوو بخوێنێتەوە دەزانێت کە سوپای داگیرکەری تورک بچێتە هەرشوێنێکەوە دەرناچێت و کاولکاری دەکات، داگیرکاری تورک وەکو داگیرکاری ووڵاتانی زلهێز نیە کۆلۆنیالیزم و ئاوەدانکردنەوە ناکات بەڵکو داگیرکردنی تورک کاولکردنە، پێویستە خەڵکی لەدژی ئەم داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی بەهێزیان هەبێت لەڕووی سیاسی و سەربازی بەرخۆدان دژ بەم داگیرکارییە بکەن نەک تەنها لێدوان بدەن، حزبە شیعەکانی عێراق هەڵوێستی زۆر باش و توندییان هەیە دژی داگیرکارییەکانی سوپای تورک و هەڵوێستیان زۆر لە حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان باشترە".

بە هەمان شێوەی چەتەکانی سوریا تورک پەدەکە دەفرۆشێت

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی سوپای تورک لایەنێکی سیاسی نیە بەڵکو داگیرکردنی هەموو ناوچەکەیە و ڕایگەیاند: "نەک تەنها پەدەکە بەڵکو حزبەکانی دیکەش بەهۆی بەرژەوندییەوە بڕیاریان داوە بێدەنگبن بەرامبەر داگیرکارییەکانی سوپای تورک، بەڵام پەدەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان با باش بزانێت کە چۆن دەوڵەتی تورک چەتەکانی خۆی لە سوریا بە دانیشتنێک لەگەڵ "بەشار ئەسەد" فرۆشت بەو شێوەیەش ئەم دەسەڵاتەی پەدەکە و حکومەتەکەی دەفرۆشێت، پێویستە پەدەکە و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دیکە باش بزانن کە ئەم هێرش و و داگیرکاریەی سوپای داگیرکەری تورک تەنها بۆ لەناوبردنی لایەنێکی سیاسی نیە بۆ نموونە لە ناوچەی "باشیک" لە موسڵ پەکەکەی لێ نیە بەڵام سوپای داگیرکەری تورکیا بنکەیەکی سەربازی گەورەی هەیە لەوێ، بۆیە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ داگیرکاریی سەرتاسەری هەموو باشورە".

بەسەدان تانکەوە تورکیا داگیرکاری سەرتاسەری ڕاگەیاندووە

ئەدهەم جومعە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتیشی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک داگیرکاری سەرتاسەریان لە باشوری کوردستان ڕاگەیاندووە بۆیە سەدان تانک و زرەپۆشیان هێناوە، ئەمە داگیرکارییەکی ئاشکرایە و جێگای سەرسوڕمانە کە ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا بوێرییەکی بەو شێوەیەیان هەیە کە دەیانەوێت بزانن ئەم داگیرکارییە تا کوێ دەتوانن بیکەن، هاتنە پێشەوەی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیە واتای هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە لەلایەن ئەمریکاوە".

پێویستە خەڵکی خۆی ڕێکبخاتەوە لەدژی داگیرکارییەکانی تورکیا

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا ئەدهەم جومعە چاودێری سیاسی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتیشی: " پێویستە گەلی کورد خۆی ڕێکبخاتەوە بەرامبەر داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا بەرخۆدان بکات، بە بڕوای من تەنها خەڵکی بەپشتیوانی خۆیان و پشتیوانی لایەنە شیعەکانی دژ بە تورکیا دەتوانن دژی تورکیا ڕابوەستن، چونکە سوپای داگیرکەری تورکیا هاتووە و ناگەڕێتەوە هەتاکو لە دژی ڕانەوەستین".

داگیرکەری تورک بڕیاریداوە بوونی ئەو لەگەڵ بوونی ئەوەیە کورد نەمینێ

سەبارەت بە دژایەتی کردنی تورک بۆ کورد و هەوڵەکانی بۆ سڕینەوە و کۆمەڵکوژی کورد بەدرێژایی مێژوو، ئەدهەم جومعە ئاماژەی بەوەکرد: "ئەوە مێژوویەکی زۆر ڕووناکە کە تورک هەمیشە دژایەتی کوردی کردووە و هەوڵی سڕینەوەی داوە، بەڵام بەداخەوە حیزبە کوردییەکان ئەزموونی سیاسییان نیە، دژایەتی تورک بۆ تەواوی کورد و باشوری کوردستانیش مێژوویەکی دوور و درێژییان هەیە، سەردەمی رژێمەکانی پێشووی عێراق تورکیا دەستێوەردانی دەکرد دژی کورد، کاتێک کە حکومەتی رژێمەکانی پێشووی عێراق هەوڵی دەدات ڕێکەوتن لەگەڵ هێزە کوردییەکانی باشوری کوردستان بکات بەڵام تورک ئەمەی پێ قەبوڵ نەبوو، چونکە تورک بڕیاریداوە بوونی ئەو لەگەڵ بوونی ئەوەیە کە کورد نەمینێ، تورک ئەم بڕیارەی داوە، بۆیە پێویستە ئێمەی کورد خۆمان ڕێکخەینەوە بۆ ئەوەی بتوانی بەرەنگاری ئەو داگیرکاریەی تورکیا ببینەوە".

داگیرکاری تورکیا پێش هەموو شتێک قەوارەی هەرێم لەناودەبات

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەدەهەم جومعە چاودێری سیاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) هۆشداریدا و ووتی: "بەدڵنیاییەوە ئەم داگیرکارییەی تورکیا پێش هەموو شتێک حکومەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناودەبات و قەوارەی هەرێم دەخرێتە ژێر بەرپرسیارێتیەوە، لەئیستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داگیرکاری تورکیا پلانی هەیە ئەو ناوچانە ڕادەستی گروپە تیرۆرستییە ئیسلامییەکان بکات ئەمەش کارەساتە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە سەرەتا لەناوبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پاشان لەناوبردنی خەڵکەکەیەتی، بۆیە پێویستە لە بێ ئاگایدا نەژین و بەزووترین کات خۆمان ڕێکبخەین و بەرەنگاری ئەم داگیرکارییە ببینەوە چونکە ئەم داگیرکارییەی سوپای تورکیا داگیرکاری سەرتاسەرییە".

هـ . ب