لەم دواییانەدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆسەر خاکی کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان چڕ کردۆتەوە و تا دێت زیاتر هەوڵی پەلاماردان و داگیرکاری دەدات، لەم بارەیەوە کاسایەتییەکانی باشووری کوردستان هەڵویستی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن پێویستە هەمووان پیکەوە ڕووبەڕووی ئەم هێرس و داگیرکارییانە ببینەوە.
لەم بارەیەوە ڕێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڕیار لەسەر ئەوە دراوە کە هەر خاکێک سنورێکی جوگرافیی و سیاسی خۆیی هەیە و پێویستە نەبەزێندرێت، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاتۆتە ناو خاکی کوردستان و هەموو سنورەکانی بەزاندووە، هەر بۆیە پێویستە خەڵک کاردانەوە و هەڵوێستی خۆیان بنوێنن بۆ پاراستنی خاکی کوردستان."
هەر سەبارەت بەم پرسە، نوسەر جەلیل عەباسی هەڵوێستی خۆیی دەربڕی و وتی: "دوژمنەکانی کورد هەمیشە لەڕێگەی بەشەڕدانی کورد لاناو یەکتردا و سەیرکردنیان لە دوورەوە، هێرش و داگیرکارییەکانیان بۆ چووەتە سەر، کورد زۆربەی کات لە شەڕە کاڵەشێرانەیا بووە بەرامبەر بە یەکتر، هەر ئەم هۆکارەیە وای لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش کردووە بەرژەوەندی حیزب پێش بەرژەوەندی خەڵک بخەن و لەپێناو دەستکەوتی حزبەکەیاندا لەگەڵ دوژمنەکانی کورد ڕێبکەون، بەڕای من لەم دۆخەی ئێستەدا ئێمە پێویستمان بەوەیە لەناو خۆماندا ڕێکبکەوین و ڕووبەڕووی دوژمن بوەستینەوە."