پەیامنێرانی ڕۆژنیوز و چەتر لەکاتی ڕوماڵی مەراسیمی یادکردنەوەی شەهید شوکری سەرحەد دا دەستگیرکران
لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهید شوکری سەرحەد (یاسین بولوت) دا، دوو پەیامنێری ڕۆژنیوز و کامێرامانێکی کۆمپانیای چەتەر دەستگیرکران.
لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهید شوکری سەرحەد (یاسین بولوت) دا، دوو پەیامنێری ڕۆژنیوز و کامێرامانێکی کۆمپانیای چەتەر دەستگیرکران.
دوێنێ کاتژمێر ١٦:٣٠ دوای نیوەڕۆ، لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شوکری سەرحەد (یاسین بولوت)ەوە مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی مەراسیمی یادکردنەوەکە کۆتایی هات، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستیان گرت بەسەر کامێرا و کەلوپەلی ئەو ڕۆژنامەنووسانەدا، کە مەراسیمەکەیان ڕووماڵکردبوو و بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیری کردن.
ڕۆژنامەوانانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز، بۆتان گەرمیانی، بڕوا ئەسعەد لەگەڵ کامێرامانی کۆمپانیای میدیایی چەتر محەمەد عەزیز لە کاتی ڕووماڵکردنی مەراسیمەکەدا و بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
دیار نیە، کە ئایا هیچ ڕۆژنامەنووسێکی تر جگە لەو سێ ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراون یان نا. بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش، ئەگەری ئەوە هەیە لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆتینی ئازاد بکرێن.
ئەوە لەکاتێکدایە لە کاتی ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا دوو ڕۆژنامەنوسی ئاژانسی ڕۆژنیوز جارێکی تر دەستگیرکراون و کەلوپەلی کار و تەلەفۆنی تایبەتیان زەوتکرا و تا ئێستا ئاسایشی سلێمانی کامێرا و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیی ئەو پەیامنێرانەى بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز نەگەڕاندووەتەوە.
ژ.ت