پەیامی کەجەکە لە ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئاکەپە و مەهەپە وەک دوو ماری سەرشانی زووحاک بەردەوامن لە خوێنڕشتنی گەلی کورد و دەبێت گەلی کوردیش وەک نەوەی کاوەی ئاسنگەر تێکۆشان بۆ تێکشکاندنی فاشیز بکات.

لە میانی ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆزی بناری قەندیل پەیامی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەبۆنەی نەورۆزی ٢٧٢١ لەلایەن نوێنەری کەجەکەوە خوێندرایەوە.

کەجەکە وێڕای پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز دەکات لە بناری قەندیل و سڵاویش ئاراستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات لە زیندانی ئیمرالیی.

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: نەورۆز ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد و هێمای ئاشتی و ئازادیی و برایەتیی گەلانی ناوچەکەیە، دوژمن بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە دەیەوێت کورد پەرتەوازە بکات، دوژمن دەیەوێت کورد لەگەڵ گەلانی دراوسێی هەمیشە لە شەڕ و ململانێدابن.

ئەوەش هاتووە: دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان و باخچەلی نەک تەنها دژ بە گەلی کورد، بەڵکو دژ بە هەموو گەلانی ناوچەکە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی پەیڕەو دەکەن و بوونەتە سەرچاوەی نەهامەتیی بۆ هەموو گەلان، بەتایبەت گەلی کورد.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لەوەش کراوە: ئاکەپە و مەهەپە وەک دوو ماری سەرشانی زوحاک ڕۆژنییە خوێنی دەیان کەس نەڕژێنن و تاڵانکاریی نەکەن، ئامانجیان ئەوەیە گەلی کورد لەم بارودۆخەدا هیچ دەستکەوتێک بەدەستنەهێنێت، ئەوان هەبوونی خۆیان لەسەر نەبوونی ئێمە بنیاد ناوە، هەربۆیە هەبوون و کیانی کورد بە نەبوون و زیانی خۆیان دەزانن، لەوپێناوەشدا گۆشەگیریی تووندیان خستووەتە سەر ڕێبەر ئاپۆ.

کەجەکە دەشڵێت: ئەرکی سەرشانی ئێمەیە وەک گەلی نەورۆز، وەک گەلی ئازادیخواز و نەوەی کاوەی ئاسنگەر بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی و ڕووخانی فایشیز برەو بە تێکۆشانمان بدەین.

ژ.ت