پیرۆزباییەکانی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن

بە بۆنەی هاتنەوەی نەورۆز لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەجۆش و خرۆشەوە مەراسیمی پیرۆزبایی بەڕێوەدەچن.

نەورۆزی ئازادی کە هەموو ساڵێک لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە پێشوازییان لێدەکرێت، ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری هەموو گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران بە گەرموگوڕییەوە دەستیان پێکردووە و هەموو رۆژێک لە چەندین ناوچە پیرۆز دەکرێن.

دوێنێ لە شارەکانی سەقز، بۆکان، مەهاباد و زۆر شار و گوندی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز و گێڕانی گۆڤەند و هەڵپەڕکێ پیرۆز کران.

لە مەراسیمەکانی دوێنێدا کە سرودی شۆڕشگێڕی وترانەوە، جەماوەر تا درەنگانێکی شەو بە دەوری ئاگری نەورۆزەوە هەڵپەرین و پێشوازیان لە نەورۆز بەهار و ساڵی نوێ کرد.

پێشبینی دەکرێت کە مەراسیمەکانی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێت و لە هەندێک شوێن کە تائێستا کات و شوێنەکانیان ئاشکرا نەکراون، نەورۆزی فیناڵ بەڕێوەدەچن.

هـ . ب