پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" لەبەیاننامەیەكدا، جەژنی نەورۆزی لەگەلی كورد بەگشتی پیرۆز كردووە و جەختی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی تێكۆشان و بۆنیادنانی دیموكراسی و ئازادی كوردستان كردووەتەوە.
لەبەیاننامەكەی پەژاكدا هاتووە؛ دەستپێكی "نەورۆزی بەرخۆدان، ئازادی و دیموكراسی" لەهەموو گەلان و بەتایبەتی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان پیرۆز دەكەین. نەورۆزی ژیانەوە و دەركەوتن و روناكی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بووە و ئەمڕۆكە ئەم بزوتنەوە پیرۆزە، درۆشمی ئازادی و دیموكراسی بۆ گەلی كوردی گەیاندووەتە ئاستی لووتكە و رای گشتی جیهانی.
لەساڵی نوێدا؛ نەورۆزێك پیرۆز دەكەین كە دەیان ساڵە بەهۆی زۆربوونی زۆڵم و زۆری لەبەرامبەر بەگەلەكەمان، ئەم جەژنە هەموو ساڵێك بووەتە بزوتنەوەیەكی پێشاهەنگ بەرەو بڵاوبوونەوەی ئازادی و دیموكراسی و دەسكەوتگەلێكی زۆری تێكۆشانی بۆ گەلەكەمان ئافراندووە. هەرساڵ گەلەكەمان بزوتنەوەی یەك ساڵەی بەرخۆدان و مانەوە لەبەرامبەر بە رژێمە فاشیست و داگیركەرەكانی سەر كوردستان لەنەورۆزدا و بۆ تێكۆشانێكی نوێ و لەرێگەی پاراستنی شۆناس و هەبوونی مرۆڤی خۆی، سۆز و پەیمان نوێ دەكاتەوە. لەساڵی ١٤٠٠ هەتاوی بەرابەر بە ٢٠٢٢ی زایینی"، رژێمی فاشیست و داگیركەری ئێران سەرەڕای سەركۆتی هەمەلایەنە، جارێكی تر لەبەرامبەر بە كۆمەڵگەی ئازادیخواز و دیموكراسی خواز بەدەست بەتاڵی مایەوە.
گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانیش ساڵێكی تری بەخۆڕاگریەكی بێ وێنە لەدووی خۆی هێشتەوە و داواكاریە مافداریەكانی كە سەرلەنوێ سەدەیەكی نوێیە لەنەورۆزدا دووپات دەكاتەوە و دەنگی هەڵدەبڕێت. نەورۆزی گەلەكەمان لەگەڵ هەموو سیمبۆلە پیرۆزەكانیدا بووەتە گەورەترین تێكۆشانی بزوتنەوەی كۆمەڵایەتی لەهەرچوار بەشی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین. هەموو پێكهاتەكان و چین و توێژی گەلەكەمان بەپێشەنگی لەم نەورۆزدا، نەورۆزیان خستووەتە خزمەتی بەدەستهێنانی مافە سروشتیەكان بۆ گەیشتنە ئازادی و دیموكراسی. نەورۆز بەبێگۆمان تەنیا بزوتنەوەیەكە كە بەهۆی بەشداربوونی دیموكراتیانەی گەل، گۆڕەپانەكان دەخاتە دەستی گەلانی ئازادیخوازەوە. رژێمی دیكتاتۆر و فاشیستی ئێران بەهەموو زەخت و زۆر و گۆشارەكانیەوە لەبەرامبەر بەگەلەكەمان، بەڵام نیتوانیووە ئەم بزوتنەوەیە كۆنترۆڵ بكات. پێكهاتەكان و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەكرێكاران، مامۆستایان، رۆشنبیران، ژنان و گەنجانەوە بگرە، هەموویان ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی دەكەنە ساڵی بەرخۆدان و مانەوەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و دیموكراسیخوازی لەبەرامبەر بە سیستەمی زۆڵم. نەورۆز بزوتنەوەی گەورەی یەكساڵە بەرخۆدانی گەلانە.
بەهۆی هەڵكەوتەی تایبەتی جۆگرافی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و ئەو زۆڵم و زۆرداریەی لەبەرامبەری بەرێوە دەچێت، نەورۆز بووەتە سیمبۆلی ئازادی و بزوتنەوەی ژیانەوە تێكۆشانی گەل لەبەرامبەر بەهەرچەشنە كۆمەڵكۆژیەكی وەحشیانە. بۆیەش واتا و چەمكی جەژنی نەورۆز بۆ گەلی كورد زۆرتر لەجەژنێكی ساكار و ئاسایی و راستەراستە پەیوەستە بە هەبوون و ئازادی گەلەكەمانەوە. گەلی كورد لەساڵانی رابردووەوە تا ئێستاكە توانیوویەتی گۆڕەپانەكە لەدوژمن تەنگتر و تەنگەتاوتر بكات و بەشۆناسی مافدارانەی خۆی هەر رۆژێكی ساڵ بكاتە رۆژی بەرخۆدان و نەورۆز.
وەكو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" سەرەڕای دووبارە پیرۆزبایی لەگەلی كورد بەگشتی و بەتایبەتی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان، بنەماڵەی شەهیدان، هێزەكانی گەریلا و ئازادیخوازان، لەو قەناعەتەداین كە گەلەكەمان لەساڵی داهاتوودا، ئازادی رێبەر ئاپۆ لەبەشداری هەمەلایەنی خۆیان لەگۆڕەپانەكاندا، بگەێننە ئەنجام و سەركەوتن. دروشمی"نەورۆز سیمبۆلی یەكیبوون، ئازادی و ژیانی هاوبەشە"یە، دروشمێكی واتادار بۆ هەموو پێكهاتە و چین و توێژەكانی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێرانە. داوا لەهەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، بەتایبەتی گەنجان، ژنان، مامۆستایان و كرێكاران دەكەین لەم قۆناخە مێژووییە گرنگەدا بزوتنەوەی نەورۆز بگەێننە لووتكە و ئاگری بزوتنەوەی ئازادی لەگۆڕەپانەكانی نەورۆزدا بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان داگیرسێنن. بزوتنەوەی نەورۆز، بزوتنەوەی یەكێتی گەل و گەریلا، رێگای شەرەف و ئازادییە. مانەوەی گەلی كوردی پێشەنگە لەساڵی نوێ و بەهاری ئازادییە".
ژ.ت