پەژاک: گۆڕانکاری گەورە بە تێکۆشانی گەورەی گەلان مسۆگەر دەبێت

پەژاک هێرشەکانی بۆ سەر کۆساڵان وەک هەوڵێک بۆ جینۆساید پێناسەکرد و داوای لەگەل و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا کرد لەبەرامبەر هێرشەکان بوەستنەوە. پەژاک رایگەیاند: "گۆڕانکاری گەورە بە تێکۆشانی گەورە مسۆگەر دەبێت".

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی هێرشی هێزەکانی دەسەڵاتی ئێران بۆ سەر کۆساڵان و زۆر ناوچەی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

پەژاک هێرشەکانی شەرمەزار کرد و رایگەیاند: "کۆساڵان نیشتمانی تێکۆشان و ئازادیخوازی گەلی کوردی چەوساوەیە".

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سرنجی راکێشا بۆ سەر هێرشەکانی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کۆساڵان و هەرێمی مەریوان و رایگەیاند: "لەرێگەی ئۆپراسیحنی سەربازی بۆ سەر هەرێمەکە و هێرشە بەربڵاوەوە دەیانەوێت سەرلەنوێ ناوچەکە داگیر بکەەوە و ئامانجی لەناوبردنیان هەیە. پێداگری رژێمی ئێران لەسەر شەڕ و چارەسەری لە رێگەی شەڕەوە، لە ناوچەکەدا رێگەی لەبەردەم هەژاری و بێکاری زۆر دەکاتەوە و قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا پەژاک ئەوەی خستووەتەڕوو کە هێرشەکانی سەر کۆساڵان و مەریوان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نەک چارەسەری نییە، بەپێچەوانەوە تەنیا شەڕ و کاولکارییە. پەژاک بە بیری هێنایەوە کە لەکاتێکدا گەل بە هەژاری، بێکاری، نایەکسانی گیرۆدەیە، پەنابردنی دەسەڵات بۆ جینۆساید، جار جار لە رێگەی کولتوری و جارجاریش لە رێگەی جەستەیی، بە واتای گەڕانەوەیە بۆ رێگاکانی پێشوو".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە برینەوەیدار، تاڵانکردنی دارستانەکان، دروستکردنی بنکەی سەربازی لە کوێستانەکان کراوە و ئەوەخراوەتەڕوو کە ئەو کردەوانەی لە دەوروبەری مەریوان دەکرێن، جگە لە جینۆساید هیچ واتایەکی دیکە هەڵناگرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران شەرمەزارکراون و هاتووە: "هەبوونی گەریلا نەک بۆ شەڕ، بەڵکوو بۆ ماف و پپاراستنی رەوای گەلە. ئامانجی ئێمە هێنانەدی دادپەروەری، دیموکراسی و تێکۆشانە لەو پێناوەدا. زۆر ئاشکرایە کە هێرشە پاکتاوکارییەکانی سەد ساڵی رابردوو لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانی گەلەکەمان لەناو ببات. لەبەر ئەوە چارەسەری پرسی کورد  و گەلانی ئێران تەنیا بە چارەسەری رێبازی مرۆیی، ئەخلاقی و هزری سەردەمیانە دەستەبەر دەبێت. تێکۆشانی رزگاریی گەل، ژینگە و تەواوی هەبوونی گەلی کورد ئەرکێکی مێژووییە، کە رۆژ لە دوای رۆژ ئێران لە رزگاری نزیک دەکاتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە گەل و نەتوەکان، جەماوەر، ژنان، گەنجان، چالاکوانانی ژینگە، رەنجدەران، رێکخستنە مەدەنیەکان و چین و توێژ و کاسبکاران دەکەین کە لە دژی ئەو هێرشە کاولکاریانە بۆ سەر گەلان و ژینگە هەڵوێستی روون نیشان بدەن. گۆڕانکاری گەورە بە تێکۆشانی گەورەی گەلان مسۆگەر دەبێت".

هـ . ب