پژاک: هاودەنگی و ژیانی هاوبەش لە داڵاهۆ چاندێکی مێژووییە

پژاک لە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی داڵەهۆ هاتە دەنگ و داوا لە هەموو لایەک کردوە تا بە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن و دەستی ناپاک و ئاژاوەگێر کورت بکەنەوە و چاندی مێژوویی ژیانی هاوبەشی لە ناوچەکەیان بپارێزن.

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک بە ڕاگەیەندراوێک لە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی داڵەهۆ هاتە دەنگ  و داوا لە هەموو لایەک کردوە تا بە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن و دەستی ناپاک و ئاژاوەگێر کورت بکەنەوە و چاندی مێژوویی ژیانی هاوبەشی لە ناوچەکەیان بپارێزن.
پژاک، پێیوایە کە لەم قۆناخە هەستیارەدا کە گەلەکەمان رووبەڕووی هێرشێکی هەمەلایەنە بووەتەوە و بەشێکی ئەم هێرش و ئاڵۆزیانە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدایە و لە ڕێیەوە ناکۆکی دەخڕێتە ناو چین و توێژ و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی گەلەکەمانە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە.
 
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک:

هاتنە ئاراوەی شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمەکانی داڵاهۆ، لە مەنتەقەی کویک و رێژاو و بانزەردە، دەبیسترێ کە بەداخەوە لەم کێشەیە دا چەند کەس کوژراو و بریندار هەیە. وێڕای بانگەوازی لە گەلەکەمان لەو هەێمە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، داوا لە هەمو لایەک دەکەین بە بەرپرسیاریەتیەوە نزیک ببنەوە و دەستی ناپاک و ئاژاوەگێر لەم ناوچەیە کورت بکرێتەوە.
لەم قۆناخە هەستیارەدا کە گەلەکەمان رووبەڕووی هێرشێکی هەمەلایەنە بووەتەوە و بەشێکی ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت دا، ناکۆکی خستنە ناو چین و توێژ و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی گەلەکەمانە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە، بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بەشێوەیەکی جدی پلانی جۆراوجۆری بۆ دادەرژرێت. هاتنە ئاراوەی ئەم شێوە ئاژاوە و پێکدادانانە دەتوانێت خەسارێکی گەورە لە هاودەنگی و ژیانی هاوبەشی پێکهاتەکانی گەلی کورد بدات. هەروەها کاریگەری لەسەر داهاتووی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە رزگاری نەتەوەیی و ئازادی کۆمەڵگا دابنێت. هاتنە ئاراوەی ئەم ناکۆکیانەی داڵاهۆ، بێگومان بەر لەهەرشتێک دەتوانێ ویست و پلانی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ زەرەرمەندکردنی یەکیەتی گەلەکەمان لەو هەرێمەدا بێت، هەربۆیە گەلەکەمان لەو هەرێمە بەتایبەت کەسانی خاوەن پێگە و بەکاریگەر لەسەر کۆمەڵگە، پێویستە بە رۆحی وڵاتپارێزی و بەرپرسیارانە هەوڵ بۆ هێوەرکردنەوەی دۆخەکە بدەن و ئاو بەسەر ئەو ئاگرەدا بکەن. هاوردە کردنی گروپی داعشی و سەلەفی وەک دەوڵەتی ئەنساری ئێرانی و هاوشێوەکانی بۆ ناوچەکە لە لایەن دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ نانەوەی کێشە و ئاژاوە و دووبەرەکی، روی راستەقینەی دژبەری ئەم سیستمە دیکتاتۆرە لە هەمبەر گەلەکەمان نیشان دەدات.
هەر لەسەرەتای هاتنە سەر دەستەڵاتی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی، بەتایبەت لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سیاسەتەکانی ئەو رژێمە لەسەر کرماشان، سیاسەتێکی تێکدەرانە بوە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی دووبەرکی نانەوە و پێشخستنی ئاڵۆزیە بۆ ئەوەی پتانسیڵی وڵاتپارێزی و بەرخودانی لەو هەرێمە پەرتەوازە بکا و نە‌هێڵی یەکگرتنێکی پێکهاتەکانی گەلی کورد لەو هەرێمە هەبێت. هەر وەک دەزانرێت کرماشان هەر لەمێژەوە لانکەی شارستانیەتی بوە و جێگای پێکەوە ژیانی ئاییین و ئاینزا و پێکهاتە کولتووری، کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بووە و بەردەوام وەک نمونەیەکی پێکەوە ژیان ئاماژەی پێدراوە. بەدڵنیاییەوە دەست و پەیوەندەکانی رژیم ناتوانێت ئەم ژیانە هاوبەشە لەناو ببات و رووبەڕووی ئاستی هوشیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمان لەو ناوچەیە و لەهەموو کوردستان دەبێتەوە.
ئێمە وەک ـ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ ( پژاک)، سەرەخۆشی دەکەین لە بنەماڵەی ئەو کەسەی کە لەو تێکهەڵچوونانەی هەرێمی داڵاهۆ گیانی لەدەست داوە و هیوای دووبارە بۆ چاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازین. بێگومان کوژرانی ئەم کەسەش لە تارماییدایە و جیگای گومانە کە بە دەستی فیتنەگەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام درابێت. هەروەها پاڵپشتی خۆمان لە هەڵوێستی پێشەنگانی وڵاتپاریز و دڵسۆزی کۆمەڵگای یارسان و ماموستایان و ئەهلی سوننە و رێکخراوە مەدەنیان دەکەین کە خوازیای هاتنە ئاراوەی ئاشتی لە بەینی لایەنەکانی ئەم کێشەیە بون. هاوکات گەلەکەمان پێویستە وشیار بێت، بنەمای پێکەوە ژیانی مێژوویی پێکهاتەکانی ئەم ناوچە بە بنەما بگرن. بێگومان رەمزی سەرکەوتنمان لە یەکیەتی و پاڵپشتی و هاودەنگی گەلەکەماندایە.

مجلس ـ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک
٠٢/٠٦/٢٠٢١ 

هـ.هـ