پەیوەندییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی سێ گەنجەکەى ناوچەى شارباژێڕ، کە لە چەمی خەمەلۆکە لە کاتی سەیران و مەلەوانیدا بێسەروشوێن بوون روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ هەموو هاوکارییەک ئامادەن.
پەژاک راشیگەیاندووە، "ئێمە بە هێزەکانی خۆمان لەو ناوچانە راگەیاندوە، کە لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمەکانیان یارمەتیدەر بن و بە دۆزینەوەی بچووکترین سەرەداو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە."
پەژاک ئەوەشی راگەیاندووە، " ئێمەش هاوخەم و دڵنیگەرانی ئەو کارەساتەین و ئومێدوارین بە زووترین کات تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە و ئەم چاوەڕوانیە کۆتایی پێ بێت."
دەقی روونکردنەوەکەى پەیوەندییەکانی پەژاک
روونکردنەوەیێک لەسەر خنکانی سێ گەنج لە شارباژێڕ بۆ رای گشتی
بە داخ و پەژارەیێکی زۆرەوە لە رێکەوتی ٢١ – ٠٣ – ٢٠٢٢ سێ گەنجی ناوچەی شارباژێڕ بە مەبستی گەشت و سەیران دەچنە سەر چەمی خەمەلۆکە لە سنووری قەزای ماوەت، بەڵام زۆر بە داخەوە ئەکەونە ناو ئاوەکە و تا ئێستاش نە دۆزراوەنەوە.
بۆ روودانی ئەم کارەساتە خەفەتبارە هاوخەمی خانەوادە و کەسوو کاری ئەو گەنجانەین و هیوادارین دوایین خەم و ناخۆشییان بێت.
لە رۆژی یەکەمی رووداوەکە ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک بەئەرکی خۆمان زانیوە و بەهەستی بەرپرسیارانەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بوین بە مەبەستی هاوکاری پێویست بۆ گەڕان و دۆزینەوەی جەستەی ئەو گەنجانە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە هێزەکانی خۆمان لەو ناوچانە راگەیاندوە، کە لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمەکانیان یارمەتیدەر بن و بە دۆزینەوەی بچووکترین سەرەداو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
ئەمە لە حاڵکدایە هەندێک لایەن بە مەبستی تەشهیر کردن و ناو زڕاندان و رەش کردنی پژاک لە ناوچەکە دەستیان داوەتە بڵاو کردنەوەی هەواڵی دوور لە راستی و ئەخلاق و ئینسانیەت و بەو کارەشیان بە هەستی خانەوادە و کەسووکاری ئەو گەنجانە یاری ئەکەن و زۆر بە بێ ئەخلاقانە رای کۆمەڵگا بە ئاراستەیێکی خراپدا دەبەن.
هەر بۆیە بە پێویستمان زانی سەرەتا بۆ خانەوادە و کەسووکاری ئەو گەنجانە دواتر بۆ رای گشتی کۆمەڵگا روونکردنەوەیێک سەبارەت بەو رووداوە بدەین و ئاگادارتان بکەینەوە، کە بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئەویکە ئەو کەسانە لای ئێمە بن دورە لە راستی و هیچ بنەمایەکی نییە و لێرەشەوە دڵنیاتان ئەکەینەوە کە ئێمەش هاوخەم و دڵنیگەرانی ئەو کارەساتەین و ئومێدوارین بە زووترین کات تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە و ئەم چاوەڕوانیە کۆتایی پێ بێت.
ژ.ت