پژاک: تێکۆشانی شەهید سمکۆ لە حەماسەی قەندیلدا، ئیرادەی گەلەکەمانی بەهێزتر کرد

پژاک لە ١٢یەمین ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە "سمکۆ سەرهەڵدان"دا، یادی ئەو شەھیدە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستانی بەرزڕاگرت. ھاوکات داواشی لە گەنجانی بوێری کورد کرد، کە بەشداری لە ڕیزەکانی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و گەریلادا بکەن .

پارتی ژیانی ئازاد کوردستان (پژاک)، بە بۆنەی ٣ی ئەیلول، کە هاوکاتە لەگەڵ ١٢یەمین ساڵیادی حەماسەی قارەمانانەی قەندیل و شکستی قورسی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە بەرامبەر هێزەکانی گەریلا، هەروەها شەهید بوونی فەرماندەی دیار و ئازای ڕیزەکانی گەریلا؛ شەهید سمکۆ سەرهەڵدان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پژاک وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی فەرماندە "سمکۆ سەرهەڵدان" و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان، بەڵێنی دووپاتکردووەتەوە تا گەیشتین بە سەرکەوتن، بە گیان و ئیرادەی شەھیدان، بێ وچان بەردەوام بن. هەروەها داواشی لە گەنجانی کوردستان کردووە، ڕێگەی شەھیدان پڕ ڕێبوار بکەن و بەشداری لە ڕیزەکانی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و گەریلادا بکەن .

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک بەمشێوەیەیە:

فەرماندەی قارەمان، ھەڤاڵی شەهیدمان، "سمکۆ سەرهەڵدان"، ھێمای تێکۆشان لە پێناو ئازادی بوو. لە ١٢یەمین ساڵیادی شەهید بوونی شەهید سمکۆ، یادی ئەو و سەرجەم ھەڤاڵانی شەھیدی ھاوسەنگەری بەرزڕادەگرین. شەهید سمکۆ بە بەختکردنی گیانی، ڕێگای ئازادیی وەک گەورەترین دەستکەوتی تێکۆشانی، بۆ گەلەکەمان کردەوە، ئەمڕۆش لە سایەی شێوازی فەرماندەیی گیانبازی ئەودا، چیا ئازادەکانی کوردستان وەک مەکۆی ئازادی ماونەتەوە.

بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد، دوابەدوای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١١ بۆسەر قەندیل، یەکێک لە گەورەترین داستانە مێژووییەکانی ئەو سەردەمەی تۆمار کرد و بە هەموو توانایەوە دوژمنی وەستاند. گەلی کورد کە سەدەیەکە ڕووبەڕووی بەرفراوانترین هێرشی جینۆساید بووەتەوە، تا ئێستاش لەلایەن دوژمنانی، بەتایبەت ڕژێمی فاشیستی ئێرانەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەکرێتەوە. لەبەرامبەر ئەو هێڵە وێرانکارییەیی دوژمندا، بێ گومان، ڕۆڵە ئازا و بوێرەکانی گەلەکەمان، وەک شەهید "سمکۆ سەرهەڵدان" ھەڵکەوتن، داستانی قارەمانیەتیان ئافراند و بوونە قەڵغانێکی بەرگری لە گەلی ستەملێکراویان. بەهۆی ئەوەی چیای سەربەرزی قەندیل بووە مەکۆی خۆڕاگری و تێکۆشان و شەهید سمکۆ سەرهەڵدان، فەرماندەی لێهاتوو و بەتوانا تێدابوو، ئیتر گەلەکەمان ئاسودە بوون، کە بە بوونی ڕۆڵەی ئازا و بوێری وەک ئەو، سیاسەتی کۆمەڵکوژی تووشی شکست دەبێت و ڕێگای ئازادی دەکرێتەوە.

گەلی کورد، لە سایەی دەرکەوتنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خۆیدا، بە پێشەنگایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ھەروەھا لە سایەیی پێگەیاندنی فەرماندە شایستە و فیداکارەکانی وەک شەهید سمکۆ سەرهەڵدان، سەرجەم بەربەست و سنوورەکانی دوژمنی تێپەڕاندووە و ئەمڕۆلە ھەموو کات زیاتر لە ئازادی نزیکبووەتەوە. ڕێگەی شەهید سمکۆ ڕاستترین ڕێگایە بۆ تێکۆشان بەناوی بەرگری ڕەوا لەبەرامبەر دوژمنان. تێکۆشانی بێوچانی شەهید سمکۆ و هەڤاڵانی کە گیانی خۆیان بەخت کرد، ئیرادەی گەلی کوردیان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەهێزتر کرد و هیوای گەلی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی زیاتر کرد. لە سەردەمێکدا کە بە هۆی سیاسەتی جینۆسایدی دوژمن، سەرکوت و تۆقاندن تەواوی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی گرتبووەوە، دامەزراندنی پژاک و دەرکەوتنی فەرماندە سمکۆ بووە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانەوەی تێکۆشانی ئازادیخوازی و حەماسەی قەندیلیش بووە لوتکەی ئەو تێکۆشانە ڕاستەقینەیە.

لە سایەی ڕەنج و ھەوڵەکانی شەهید سمکۆدا، ئەندێشەی نوێی گەریلا و گەل گەشەی سەند، شێوازی نوێی فەرماندەیی بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی بناغەی دانرا. ھەربۆیە میراتی شەهید سمکۆ، بە ئاراستەی پابەندبوون بە گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ، لە دەستکەوتەکانی حەماسەی قەندیلە، کە بووە ھۆی بەردەوامی بزووتنەوەی ئازادی و سەچاوەی هێز بۆ گەلەکەمان. بێ گومان لەو ڕۆژەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی گەلەکەمان بە تێگەیشن لەوەی کە ڕێگەی دروستی تێکۆشانی شەھید سمکۆکان و شێوازی فەرماندەیی گیانبازی کە تاکە گەرەنتی گەیشنی گەلی کوردە بە ئازادی، چیاکانیان وەک چەق و ناوەندی تێکۆشان ھەڵبژارد و ڕێگەی شەھیدانیان پڕ رێبوار کرد. بەدڵنیاییەوە گەلێک وەک گەلی کورد، تا ئەو کاتەی خاوەنی ڕۆڵەی ئازا و بوێری وەها بن، بێ ترس و بە ھیوایەکی زۆرەوە ڕێگای ئازادی دەبڕن.

حەماسەی قەندیل لە سایەی فەرماندەیی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان سەلماندی کە ڕژێمی فاشیستی ئێران لە هێرشە داگیرکارییە نوێیەکانی تووشی شکستی گەورەتر دەبێتەوە و شۆڕشی گەلی کورد لە سایەیی ھەبوونی ڕۆڵەکانی وەک شەهید سمکۆ، کە ئەرک و بەرپرسیارێتی تێکۆشان، شەڕ و فەرماندەیی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە، دەگاتە سەرکەوتن.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ۱۲یەمین ساڵیادی شەهید بوونی هەڤاڵی فەرماندە شەهید "سمکۆ سەرهەڵدان" یادی ئەو و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی ئازادی گەلی کورد بەرز ڕادەگرێت. بەدڵنیاییەوە، حەماسەی قەندیل داستانی ژنانی تێکۆشەری کورد و شەهیدانی پێشەنگی وەک "شەهید بەرفین، شەهید عەگید تۆشپا، عەگید مەهاباد، شەهید ساریا و شەهید ئەڤیندار" بوو، کە لە کاتی داستان قەندیل بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنانیان گەیاندە لوتکەی خۆڕاگری و ھیوا. ئێمەش بەڵێنەکەمان دووپاتدەکەینەوە، کە تا گەیشتین بە سەرکەوتنی گەلەکەمان، بە گیان و ئیرادەی هەڤاڵانی شەهیدی پێشەنگەمان "سمکۆ، ڕێزان، ڕێناس، هۆرام، ڕۆژدا، زیلان، کاڤندا، عادل، ڕێڤان، ڕوکەن، جەنگاوەر، لەشکر، بروسک" و سەدان شەهیدی گیانبازی رێگەی ئازادی و ڕاستی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بێ وچان بەردەوام بین و بیگەیەنینە سەرکەوتن. هەروەها داوا لە گەنجانی بوێر و ئازای گەلەکەمان دەکەین، کە ڕێگای شەهید سمکۆ و شەهیدانی گەلەکەمان پڕ ڕێبوار بکەن و بێنە نێو ڕیزەکانی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و گەریلاوە".

ژ.ن