دەقی ڕاگەیاندراوەکەى پەژاک و کۆدار
"ڕاگەیاندراوی پەژاک و کۆدار بۆ مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتی
کوشتنی "ژینا ئەمینی (مەهسا)" بە دەستی هێزەکانی رژێمی دژە ژن و فاشیست لە رۆژی هەینی ٢٥ی خەرمان / ١٦ی ئەیلول کارێکی دژ بە هەموو کۆمەڵگەى ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو کردارە قێزەون و ناپەسەندەی رژێمی فاشیستی ئێران لە دژی ژنان بە تایبەتی ژنانی کورد پێویستی بە هەڵوێستگرتنی ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانەى هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە.
کێشەى ژن لە ئێران بووە بە گەورەترین کێشە و چووەتە ریزی سەرەوەی هەموو کێشەکانی ئەو وڵاتە. رژێمی ئێستای ئێران بە شێوەیەکی فاشیستی و بە شێوەی سیستماتیک و دڵڕەقانە گوتەزای دژە ژن بڵاودەکاتەوە و برەوی پێ دەدات. ئەشکەنجە، زیندان، لەسێدارەدان و کوشتنی ژنان بووەتە کارێکی رۆژانەى ئەو رژێمە فاشیستە و ئەگەر لەلایەن کۆمەڵگەوە جڵەو نەکرێت، زیان و تێچووی رۆژ لە دوای رۆژ قورستر دەبێت و ئاسایشی هەموان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەى ئازادیی ژن بووەتە ناواخن و ناوەرۆکی سەرەکیی شۆڕش بۆ ئازادی و دیموکراسی و گەلانیش ناچار بە بەدیهێنانی ئەو ئازادییە بەهادارەن. بێگومان هەر شۆڕشێک لە بیر و ئەندێشەى ئازادیی ژن و ڕاپەڕین بۆ بە دەستهێنانی بێبەش بێت، زیاتر لە هەموان تووشی داڕمان و ڕووخان دەبێت.
ئەمڕۆ پێگەى ژنان لە تێکۆشانی کورد و کۆمەڵگە لە ڕێگای ئازادیی ژنان کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بۆ هەموان ڕوون و ئاشکرایە. کەواتە شۆڕشێک، بە پلەی یەکەم بایەخ بە گوتەزای ئازادیی ژن بدات بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. ئەمڕۆ ئازادیخوازیی ژنانی کورد لە عەفرین و کۆبانێ تاوەکو باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و سەقز، بووەتە گەردونی و کوشتنی بێبەزەیانەى ژنانی کورد و بۆ نمونە ژینا ئەمینی قبوڵ ناکرێت. بە خۆشییەوە رۆژ لە دوای رۆژ لە سایەی تێکۆشانی ئازادیخوازانەى گەلان و لەوانەش گەلی کورد بۆ بەدیهێنانی مافەکان و ئازادییە مرۆییەکانی خۆیان پێداگرتر و هۆشیارتر دەبنەوە و هەوێنی راپەڕینی سەرتاسەری شکڵی گرتووە.
رژێمی فاشیست و دژە ژنی ئێران بە پاساوی دەسەڵاتخوازانەى خۆی بە بەردەوامی کرداری پلان بۆ دانراو و سیستماتیک لە دژی هەموو چین و توێژەکان بەڕێوەدەبات، کە بە ئاشکرا ئاسایشی کۆمەڵگە و ژنانی بە تەواوەتی خستووەتە مەترسییەوە. ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگەی هۆشیار و بوێری ئێمە پێش بەو دڵڕەقیانە نەگرێت، بە دڵنیاییەوە سبەی درەنگ دەبێت.
بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی رژێمی فاشیستی ئێران بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە هەموو گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کورد، ژنان، گەنجان، رۆشنبیران، زیندانیانی سیاسی، چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی، رێکخراوە مەدەنییەکان، حیزبە سیاسییەکان، میدیا ئازادەکان، کرێکاران، مامۆستایان، کاسبکاران و بازاڕەکان و هەموو زەحمەتکێشانی چەوساوە دەکەین، کە رۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان / ١٩ی ئەیلول بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەست فاشیزمی ئێران، بە دروشمی "ژن، ژیان ئازادی – شەهید نامرێ" بەشداری لە مانگرتنی گشتی و شکۆمەندی سەرتاسەری دا بکەن. ئەوە ئەرکی مرۆیی، ئەخلاقی و سیاسییە لە پێناو پارێزگاری لە کۆمەلگە و ژنان و بە بە تایبەتی شلێر ڕەسوڵییەکان و ژینا ئەمینییەکانە. شۆڕشی ئازادیی ژنان، ناوەرۆکی شۆڕشی نوێی کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنێت و تێکۆشان لەو رێگایەدا ئەرکی مرۆیی کۆمەلگەى چەوساوە و ستەملێکراو و گەلانە، سڵاو لەگەلەکەمان و بە تایبەتی خەڵکی سەقز دەکەین، کە دەستیان بە ناڕەزایەتیی دیموکراتیک کردووە".
ژ.ت