پژاک و کۆدار: بە رۆحی سەرهەڵدان، نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی ئازادی رێبەر ئاپۆ و هەموو زیندانیان

پژاک و کۆدار رایانگەیاند، نەورۆز بۆ گەلەکەمان جێژنی رسکان، هەڵدان، بەدەرەوە بوون و دیاریبوونە. گەڕانەوەیە بۆ سروشت و گەوهەری هەبوونی کۆمەڵایەتی و خۆ راپسکاندنە لە بەستەڵەکی لەخۆنامۆبوون.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان‌ (پژاک) و کۆمەڵگای دیمۆکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان‌ (کۆدار) بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کورد، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیان سیاسی، چالاکانی بوارە جیاوازاکانی ژینگەیی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ پیرۆز دەکەین و لە ساڵی نوێدا بەڵێنمان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد دووبارە دەکەینەوە."

راگەیەنراوی هاوبەشی پژاک و کۆدار بەم شێوەیەیە:

"لە کاتێکدا ساڵی ٩٩ هەتاوی کۆتایی پێدێ و دەکەوینە ساڵی ١٤٠٠ هەتاویەوە. ساڵیک کە هەموو هەوڵدانەکانی رژیمی داگیرکەری ئێران بۆ داپۆشینی کەلەبەرکانی وەدەرکەوتووی نێوان دەسەڵاتی رەها و کۆمەڵانی خەڵک و گەلانی ئێران بووە. لە درێژایی ساڵی رابردوو، پانتایی و قوڵایی کەلەبەرەکان و درزکانی نێوان دەسەڵات و گەل بەرینایی زیاتری بەخۆیەوە بینی و پاساوەکانی ئایدۆلۆژیک و بەرگە فەرهەنگییەکانی درواو توانای شاردنەوەی قەیران و ئاریشەکانیان نەما. رۆژ بە رۆژ زیاتر جەستەی رووتی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە دەردەکەوێ و ئاشکراتر دەبێ. ساڵێک لە داماڵین و رووماڵی هەموو ئەو رەنگ و وێنە خەڵەتێنەرانەی کە دەسەڵات بۆ هەڵفریواندنی گەڵان بەکاری دەهێنا تێدەپەڕێ و پەیکەرەیەک داڕێژراو کە گەندەڵی، درۆ، فریو، ناکارامەیی و بێ‌واتاییمان نیشان دەدا. بە لەدەست‌چوونی رەوایی و هەرەس هێنانی بواری واتایی، پێکهاتەی رژیم وەرگەڕاوەتە ئاستی دامەزراوەیەکی قەیران‌ساز و کێشەئامێز و بە لەناوبردنی سامانە کۆمەڵایەتییەکان و نرخەکانی گەڵ، شەڕێکی هەمەلایەنەی لە بەرامبەر کۆمەڵگە راگەیاندووە.

ئەوەی کە دەبیندرێ زیاتر لە پرسگرێ یا خود قەیران، کارەساتە. هەڵبەت کارەسات دەئەنجامی داڕمانی واتاییە. لەبەر ئەو بابەتە، کاربەدەستانی دەسەڵاتی رەهای کۆماری داگیرکەری ئێران و بەرەی نەتەوەگەرای ئێرانی لەو بڕوایەدان کە دەبێ بە هەر شێوازێک بێت پێکهاتە بپارێزرێ و تووشی داڕمان نەبێ. بە بڕوای ئەوان دەبێ پێکهاتەی هێز و دەسەڵات بە هەر شێوازێک ببێت لەسەر پێ بمێنێ. دەرئەنجامی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە کە هێزی ناوەندگەرای ئێرانی لە پشتە لە ساڵی رابردوودا بوو بە هۆی تەشەنەی زەبروزەنگ، کۆشتار، ئاخنینەوەی زیندانەکان، پۆلیسی کردنی کەش و هەوای کۆمەڵگە، تێکدانی گوزەرانی گەل و لەباربردنی هەموو توانستەکانی چارەسەری هێن. بێ‌گومان دەسەڵاتی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی دەیهەویست هەموو شتێک لە کۆنتڕۆڵی خۆیدا بهێلێتەوە و بە هیچ شێوازێک دەست‌پێشخەری نەداتە دەست کۆمەڵگە و لە وزەی گۆڕان و وەرچەرخان بەتاڵی بکاتەوە. هێرشی بەردوامی رژیم بۆسەر پێشەنگانی کۆمەڵگە و تەنگهەڵچنین بە چالاکانی بوارە جیاوەزکانی کۆمەڵایەتی لەو چوارچێوەیەدا بوو. رژیم لەو ساڵەدا دەستی کرد بە رەشبگیری چالاکانی کۆمەڵگە و ئەوەش نیشان لە ترس و بێ‌متمانەیی دەسەڵاتە.

رژیم دیهەوێ کۆمەڵگەی دابڕاوی گەڵانی ئێران بە زۆرەمڵی و بە زنجیرەیەک لە رێبازگەلی سەربازی و ئەمنی بە کاکڵی سەختی دەسەڵاتەوە گرێبدا. ئەو بابەتە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بوو بە هۆی جەمسەربەندی زیاتری کۆمەڵگە و گەڵ و دەسەڵاتی هێنایە بەرامبەر یەک و شایەدی زیندووبوونەوەی زیاتری سیاسەتی شەقام بووین لە ئاستی هەموو ئێراندا. بێ‌متمانەیی گەلان بە دامەزراەکانی دەسەڵات، بەرەو بەڕێکخستن‌بوون و رێکخراوبوونێکی نوێیان هاندەدا کە رێشەی لە شەقامدایە. لەهەمان کاتدا ساڵێ رابردوو، بوو بە قۆنا‌غێکی تازە لە نزیک‌بوونەوەی گەڵانی ئێران لە یەکتر و پشتگیری و پاڵپشتی گەڵان هەتا دەچێ زیاتر دەبێ. لەو بڕوایەداین کە گەلانی ئێران بە گشتی خەتی خۆیان لە ساڵی ٩٩دا لە کۆماری سێدارە جودا کردووەتەوە. دیارە هەموو گەڵانی ئێران داکۆکی لەسەر گۆڕان و کۆتایی‌پێهێنای ئەو دۆخە دەکەن و هەتا ئێستا بە رێبازی دیمۆکرایانە و مەدەنی ویست و داخوازییەکانیان دەدەبڕن. بەڵام ئەوە بە واتای بێ‌هێزی نییە و هەتادەچێ گۆتار و چاڵاکی رادیکاڵتر دەبێتەوە. گەل دەزانێ کە هیچ جۆرە گۆڕانێکی زهنییەتی و ئەندێشەیی لە هزری سیاسی رژیمدا چاوەڕوان ناکرێ. لەبەر ئەوەش بەرەو گیرساوەیی و یەکانگیری زیاتر لە داخوازی و هەڵوێستدا هەنگاوی ناوە.

بەردەوام رژیم هەوڵی‌دا لە چوارچێوەی هەمان سیاسەتی رابردوویدا، شەڕ لە سنوورەکانی خۆی دوورخاتەوە و ئاگر بەرێتە ناو وڵاتانی دراوسێ و شەڕێ نوێنەرایەتی درێژە پێبدا. درێژەدان بە سیاسەتی ئایدۆلۆژیک و ئاژاوە نانەوە سیمای رژیمێکی رێگر و جەردەی لە کۆماری داگێرکەری ئیسلامی نیشاندا. هەڵبەت ئەوە هەمان سیمای راستەقینەی دەسەڵاتە. ململانێی سەرەکی لە نێوان دوو بەرەی لێبڕاڵ و ئوسوولگەرا لە کەسایەتی دەوڵەت و حاکمییەتیدا بەردەوامی کرد. ئەوەی کە لەو کێشمەکێشەدا قوربانی کرا و دەکرێ، گەلانی ئێران و کۆمەڵگەیە. دەوڵەتێک کە سیاسەتەکانی نیولیبڕاڵی ئابووری گەیاندە ئاستێکی مەترسیدار و دۆخی گەمارۆ ئابوورییەکانی رۆژئاوای بۆ دابەزاندنی ئەو سیستمە نائابووریە بەکار هێنا. ئەوەش سفرەی بەتاڵی خەڵک، هەڵاوەسانی ئابووری، داتەپینی بواری بەرهەم‌هێنان، نەبوونی خزمەت‌گوزاری و بێ‌بایخ‌بوونی داوی بە شوێنەوە بوو. دەوڵەت و حاکمییەت لە پێشبڕكێیەکی بەردەوامدا بوون بۆ چەوساندنەوەی گەلان. دەرئەنجامی ئەوەش کوشتنی کۆڵبەران، سوختبەران و دەرکەوتنی دیاردەی نوێی ژینەوەری بوو لە شارەکان کە کەرامەتی مرۆڤەکان بن‌پێدەکا. هەموو هەوڵدانی دەوڵەت و دەسەڵات ئەوە بوو کە بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە لە ئەستۆی خۆی داماڵی و گەمارۆ و هێزی دەرەکی و رۆژئاوا وەک دەستێوەردەر و بشێوێن نیشان بدا. هەموو ئەو هەوڵدانانە لە ساڵی رابردوودا شکستی هێنا و گەڵ بێ‌بڕانەوە لە شەقامدا بوو. هاوار گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران ئەوەیە کە ئێمە نامانهەوێ ببینە قوربانی سیاسەتەکانی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی و ئەو هاوارە دەگەیەننە گوێچکەی هەموو جیهان. ملیتاریزەکردن و توندوتۆڵ‌کردنی بواری ئەمنی دەستەوەستان‌بوونی دەسەڵات نیشان دەدا. ئەو مژارە بە تایبەت لە هەرێمەکانی کوردستان و بەلووچستان و خوزستان زیاتر خۆی نیشان‌دا. هاوئاراستەبوونی دژایەتیەکانی ناوخۆ و دەرەکی نیشانی‌دا کە دەسەڵاتی رژیم لە هەردوو گۆڕەپانی ناونەتەوەیی و ناوخۆیی دووچاری رسوایی بووە و ناتوانی درێژە بەو رەوتە بدا. هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکانی لەتەک رۆژئاوا بە واتای چارەسەری پرسی دیمۆکڕاتیزاسیۆن و ئازادی لە ئێراندا نییە و ئەو پرسە بە هەڵپەسێراوی دەمێنێتەوە.

لەماوەی ساڵی رابردوودا گەل و گریلا لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان لە تێكۆشاندا بوون. هەموو هەوڵدانەکانی رژیم و سپای پاسداران ئەوە بوو کە بە بێ‌کاریگەرکردنی هێزی گریلا بە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان بە جیهان نیشان بدا کە هیچ هێزێکی بەرهەڵستکار لە ئێراندا بوونی نییە و تەنیا لە دەرەوەی سنوورەکان دەتوانن هەبن. بەڵام هێزەکانی گریلای رۆژهەڵات لە خەبات و پێشەنگایەتی خۆیاندا بەردەوامن. هەڵبەت ساڵی رابردوو بۆ گەلەکەمان هەم لە رۆژهەڵاتی کۆردستان و هەم لە بەشەکانی دیکە، ساڵێکی پڕاوپڕ لە بەرخۆدان بوو. دیارە زەخت و گوشار لە سەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەردەوامی کرد و کە گشتی گۆڕەپانەکاندا گەلی کورد لە تێکۆشاندا بوو. بە تایبەت لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا و بۆ بەربەرەکانی لەتەک پەتای کۆرۆنا و خاوەندارێتی لە یەکتر و کاری هەرەوەزی و پێکەوەژیان وێنای شکۆمەندی تۆمار کرد. تەنانەت ئەگەر دەرفەت و بواری بۆ برەخسابوایە، دەیتوانی سیستمی ژیانی بەدەر لە دەوڵەت و دەسەڵات بونیات‌بنێ. ئەوەش نیشان لە زیندووبوون و ئاستی بەرزی وڵاتپارێزی و هۆشیاری سیاسی گەلەکەمان دەکا.

بەرەو پێری ساڵی نوێ دەچێن. نەورۆز بۆ گەلی کورد پڕە لە هێمای ئازادیخوازی و هەمیشە سەرەتای وەرزی سەرهەڵدان و راپەڕێن بووە. بەردەوام لە کوردستان تین و تاوی بەهار و گەرمایی سەرهەڵدان تێکەڵ بوون. نەورۆز بۆ گەلەکەمان جێژنی رسکان، هەڵدان، بەدەرەوە بوون و دیاریبوونە. گەڕانەوەیە بۆ سروشت و گەوهەری هەبوونی کۆمەڵایەتی و خۆ راپسکاندنە لە بەستەڵەکی لەخۆنامۆبوون، تەریکی و تەنیایی و چاندنی تۆوی هیوا و سەرکەوتنە. ئاگادارین کە گەلەکەمان لە دۆخێکی دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا و بە بەرەنگاربوونەوە لەتەک پەتای کۆرۆنا و پەتای کۆماری ئیسلامی پێشوازی لە جێژنی نەورۆز دەکا. لەهەمان کاتدا کۆشەگیری زیاتر دەخرێتە سەر گەلی کورد و بەتایبەت ریبەر ئاپۆ. ئامانج لەهەموو ئەو هێرشانە بەردەوام کردنی زستانی ستەمکاری و سەهۆڵبەندانی داگیرکارییە. بەو بۆنەیەوە وێڕای پێرۆزبایی ئەو جیژنە نەتەوەییە، ئاواتەخوازین کە ساڵی نوێ بە تێکۆشان و هەوڵدانی هەمەلایەنە و بەردەوامی هەموو چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگا ببێتە ساڵی سەرکەوتن و ئازادی و لەناوبردنی گۆشەگیری سەر ریبەر ئاپۆ و گەلەکەمان لەهەر چوارپارچە. یەکجار گرینگە کە لەو جێژنەدا یەکێتی نەتەوەیی و پێوانەکانی پێکەوە‌ژیان و تەبایی بەرجەستە بکرێنەوە. مسۆگەر تەنیا مەرجی گەیشتن بە بەهاری سەرکەوتن و بونیاتنانی راستەقینەی کۆمەڵایەتی و ژیانی ئازاد خۆڕاگری و لەناوبردنی داگیرکارییە. بەو پێیە داوادەکەین بە خاوەندارێتی لە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و کۆبوونەوە لە دەوری نرخ و بەهاکانی کۆمەڵایەتی بە تایبەت جێژنی نەورۆز پەرە بە تێکۆشان بدەن. لە کۆتاییدا جارێکی دیکە جیژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کورد، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیان سیاسی، چالاکانی بوارە جیاوازاکانی ژینگەیی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ پیرۆز دەکەین و ساڵی نوێدا بەڵێنمان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد دووبارە دەکەینەوە."

ف.ق