پەژاک  و کۆدار: گەلی رۆژهەڵات بە رۆحی سەرهەڵدانەکانی ساڵی ۱۹٩٩ خاوەندارێتی لە رێبەر ئاپۆ دەكه‌ن

پەژاک و کۆدار لەبارەی بڵابوونەوەی هەندێک هەواڵ و زانیاری لەبارەی ژیان و تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگای دیمۆکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەبارەی بڵابوونەوەی هەندێک هەواڵ و زانیاری لەبارەی ژیان و تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، پێویسته‌ گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کۆردستان بە رۆحی سەرهەڵدانەکانی ساڵی ۱۹٩٩ خاوەندارێتی لە رێبەر ئاپۆ بكه‌ن.

دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک و کۆدار

بۆ رای گشتی و راگەیاندن

پێویسته‌ گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کۆردستان بە رۆحی سەرهەڵدانەکانی ساڵی ۱۹٩٩ خاوەندارێتی لە رێبەر ئاپۆ بكه‌ن

 لە رۆژی چاردەی مانگدا هێندێک هەواڵ و زانیاری لەسەر ژیان و سڵامەتی رێبەری گەلی کورد بڵاوکراونەتەوە کە بوونەتە هۆی نیگەرانی گەلی کورد سەبارت بە دۆخی رێبەر ئاپۆ و هەر بەو هۆیەوە گەڵ بۆ خاوەندارێتی لە سەرۆکایەتی لە چالاکیدایە.

ماوەی بیست‌ودوو ساڵە کە رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕاڵیدا بەدیل گیراوە و لە ژێر دژوارترین دۆخدا، درێژە بە بەرخۆدانی مێژوویی خۆی دەدا. بۆ پاراستنی و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد و بۆ گەلەکەمان بووەتە رەمزی تێکۆشان و سەرکەوتن. سەرەڕای هەموو گۆشەگیرییەکان لە زیندانی ئیمڕاڵیدا رێبەری گەلی کورد بەردەوام بووە لە ئافراندنی ژیانی ئازاد و پێشەنگایەتی گەلەکەمان بەرەو ئامانجەکانی. واتە هەرگیز زیندان و گۆشەگیری نەیانتوانیوە کە پێوەندی نێوان رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد دابڕن.

لە ساڵی ٢٠١١ هەتا ئێستا گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ بەردەوام بووە و هەتا دەچێ چڕتر دەبێتەوە. هەڵبەت ئامانج پچڕاندنی ئەو سەرچاوەی مۆڕاڵ و هێزەیە. سەرۆک ئاپۆ زیندانی ئێمڕاڵی وەک چاڵێ مەرگ بەناو کرد و ئاماژەی پێدا کە لە ئەگەری هەر رووداوێکدا کە ببێتە هۆی مەترسی لە سەر ژیانی من، دەبێ هەرکەسێک بزانی کە ئەوە بە ئەنقەست کراوە و بابەتێکی بە رێکەوت نییە. هەموو شتێک لێرە بە پیلان و بەرنامە و لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا پێک‌دێت.

دیارە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵ و زانیاریانە لە لایە  دامەزراوەکانی سەر بە فاشێسمی دەوڵەتی تورک بۆ تێکدان و شێواندنی ئاستی مانەویات و ورەی گەلەکەمانە و سازدانی کۆسپ و لەمپەر لە سەر رێگای گەیشتنی بە ئازایدایە. هەڵبەت گەلی کورد لە گەڵ رێبەر ئاپۆ هەنگاوە سەرەکییەکانی بەرەو نەتەوەبوونی هەڵگرتووە و بەردەوامی دەکا و ئەمڕۆکە پێشەنگایەتی سیستەمێکی پێشەکووتووی ژیانی دەکا بۆ پێکەوە ژیانی گەلان.

پاش راگەیاندنی کەمپەینی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و پێشوازی و بەشداری گەڵی کورد و گەلانی دیکەی هەرێمەکە و جیهانی لەو هەڵمەتەدا و زیاتربوونی گوشارەکان لەسەر دەوڵەتی فاشێستی تورک، دیار بوو کە ڕێبەر ئاپۆ هەموو سنوورەکانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بڕێوە و هەر کەسێكی ئازادیخواز کە هەر گۆشەیەکی ئەو جیهانە رێبەرتی بە سەرۆکی و پێشەنگی خۆی دەزانێ و دەستبەرداری نابێ. ئەوەش بوو بە هۆی وەدیهاتنی یەکێتیەک لە نێوان گەڵانی چەوساوە و بندەستدا. رێبەر ئۆجالان نرخێکی مرۆڤایەتی و هاوبەشی گەلانە و هەرکەسێک خاوەنداری لێدەکا.

لەبیر ناکەین کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ساڵی ٩٩دا بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و بە پەرۆشەوە لە دژی پێلانگێڕی سەر سەرۆک ئاپۆ هاتنە مەیدان و هەتا ئێستا لەتەک ئەو سەرچاوەی بەرخۆدان و ئازادییە بووەتە یک و هەرگیز دەست بەرداری نابێت. ژیان  و تەندروستی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلەکەمان هێڵی سوورە و هەروەک لە رابردوودا سەلماندوویەتی بە فیداکردنی گیانی و ژیانی خۆی پاراستووتوویەتی. گەلەکەمان بە هەمان هەست و سۆز و تێگەیشتنەوە ئێستاش ئامادەیە و بۆ بەرپرچدانەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر ژیان و هەبوونی رێبەر ئۆجاڵان.

لەسەر ئەو بنەمایە داوادەکەین لە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کۆردستان و دەروەی وڵات بۆ خاوەندارێتی لە رێبەر ئاپۆ بە رۆحی سەرهەڵدانەکانی ساڵی ۱۹٩٩وە چاوەدێری ئەو دۆخە بکەن و خاوەن هەڵوێست بن و یەکێتی نەتەوەیی خۆیان بۆ تێکشاکاندنی بەرەی فاشیسم و دیکتاتۆری نیشان بدەن.

ژ.ت