پەژاک ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی کۆمەڵە دەربڕی

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی گرژی و ناکۆکی لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای دان بەخۆداگرتنی لە هەردوولا کرد.

رۆژی ٢٢ی حوزەیران (١ی پوشپەڕ) پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روویدا و لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گیانیان لەدەستدا. لەو بارەوە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و پەژارەی خۆی لەو رووداوە ئامادەیی خۆی نێوەندگیری لە پێناو چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان لە رێگەی گفتوگۆ و سازکردنی کەشێکی ئارام و دۆستانە لە نێوان ریزەکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەربڕی.

دەقی راگەیەندراوەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:

هاتنەئارای پێکدادانی چەکداری لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە رۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ (١ی پوشپەڕی ٢٧٢٣) و گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگە مایەی داخ و پەژارەیە.

لە قۆناغی هەستیاری هەنوکەیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا و هەروەها لە دۆخێکدا کە دوژمنانی گەلی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بەدوای هەلێکەوەن بۆ پیلانگێڕی و گورزوەشاندن، هەر چەشنە ناکۆکییەکی سەربازی نێوان لایەنەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە زیان بەسەر گەلی کورد و تێکۆشانی گەلدا دەشکێتەوە. ئەوەی بووەتە مایەی ناکۆکی نێوان پێشمەرگەکان، بێگومان بە پەنابردن بۆ شێوازی توندوتیژانە چارەسەر ناکرێت و پێویستە لایەنەکان بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و پشوودرێژی لە رێگەی لۆژیکی گفتوگۆ و سازانەوە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی بەگەڕبخەن. خۆبەدورگرتن لەو رێکارانەی دەبنە هۆی خۆشحاڵی دوژمنانی گەلی کورد، پێویستیەکی شۆڕشە.

لەم رێگەوە "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)" وێڕای دەربرینی داخ و پەژارەی خۆی بەهۆی روودانی پێکدادانی چەکداری و گیانبەختکردنی دوو پێشمەرگە، داوای گفتوگۆ و سازان و دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکان دەکات. رووداوی دڵتەزێن و نەخوازراوی لەم جۆرە شایەنی گەلی کورد نییە کە رۆڵەکانی لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی پێشکەش بە شۆڕش دەکات و دەبێتە مایەی شادبوونی رژێمی ئێران و بوار بۆ پیلانگێڕی زیاتر دوژمنانی گەلەکەمان دەرەخسێنێت. هەربۆیە پەژاک ئامادەیە لەپێناو چارەسەری ناکۆکییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دەستەبەرکردنی کەشێکی ئارام و دۆستانە، لە نێوان لایەنەکانی ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە، نێوەندگیری بکات".

هـ . ب