پەژاک: ئازادی گەلی کورد لە رێگەی کۆتاییهێنان بە لۆزانەکان و ئەنفالەکان مسۆگەر دەبێت

پەژاک لە ساڵیادی ئەنفالدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە رایگەیاند: "تاکە رێگە بۆ رێگرییکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەنفالەکان یەکگرتوویی و پەرەپێدانە بە رێبازەکانی تێکۆشانی رەوا و دیموکراتیک".

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ٣٥ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفال ئەو کۆمەڵکوژیەی شەرمەزار کرد و بە ئاماژەدان بە گرنگی یەکگرتوویی گەل و بەرەوپێشبردنی تێکۆشان بۆ رێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەفالەکان جەختی لەوەکردەوە، "تێکۆشان بەرامبەر بە خیانەتکاران و دوژمنانی داگیرکەر تەنیا لە رێگەی یەکگرتوویی دیموکراتیکی هەر چوار بەشی کوردستانەوە دەتوانێت خزمەت بە پاراستن و مانەوە کوردستان و گەلانمان بکات".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "کۆمەڵکوژی ئەنفال لە باشووری کوردستان، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتیە کە تائێستا هم دەوڵەتی عێراق و هەم کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەپێناو قەرەبووی ئەو کۆمەڵکوژیە و رەواندنەوەی ئاسەواری زیانەکانی لەسەر کۆمەڵگای ئێستا، هیچ هەنگاوێکی جددییان نەناوە. کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٨٨ لەسەر دەستی رژێمی فاشیستی بەعسی عێراق پرۆسەیەکی پاکتاوی جەستەیی بوو کە ریشەکەی بۆ پەیماننامەی لۆزان دەگەڕێتەوە و لەمڕۆشدا بە شێوەی کۆمەڵکوژی کولتوری و گۆڕینی دیموگرافیا لە هەر چوار بەشی کوردستان بەردەوامە. بە دڵنیاییەوە ئازادی گەلی کورد لە رێگەی کۆتاییهێنان بە لۆزانەکان و ئەنفالەکان مسۆگەر دەبێت".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: : "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەمرۆدا بە خوێندنەوەیەک بۆ مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و وەرگرتنی ئەزمون لەو مێژووە، هەوڵ دەدات بۆ بەرەوپێشبردنی تێکۆشانێک دەدات کە رێگریی لە روودانی ئەنفالی مەترسیدارتری دیکە بکات. تاکە رێگە بۆ رێگریی لە ئەنفالی دیکە هەنگاوی حزبە کوردییەکانە لەپێناو یەکگرتوویی گەلەکەمان و پەرەپێدان بە رێبازی تێکۆشانی رەوا و دیموکراتیک. بەرەنگاربوونەوەی خائینان و دوژمنانی داگیرکەر تەنیا لە رێگەی یەکێتی دیموکراتیکی چواربەشی کوردستان دەتوانێت خزمەت بە پاراستن و مانەوەی نیشتمانی کوردستان و گەلانمان بکات".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پەژاک وێڕای شەرمەزارکردنی جینۆسایدی ئەنفال، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان  لە باشوری کوردستان و سەرجەم گەلی کورد دەکات. فراوانبوونی تێکۆشانی گەلەکەمان لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا لەپێناو بەدیموکراتیککردن و ئازادی، بە دڵنیاییەوە ژیانی ئازاد بۆ هەموو گەلان و نەتەوەکانی ئەو وڵاتانە بەدەستدەهێنێت. سەرباری مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەنفالی دیکە، بەڵام گەلی کورد لە سایەی تێکۆشانی خۆیدا بووەتە تاکە هیوای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەمڕۆدا لە هەرچوار بەشی کوردستان بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بەردەوامبوونی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" تادێت مافی سروشتی و رەوای گەلەکەمان بەفەرمی دەناسرێت. بە دڵنیاییەوە تاکە رزگاریدەر و فریادڕەسی کورد و کوردستان و گەلەکانی، تەنیا خودی گەلی ستەملێکراوی کوردە، هەربۆیە درێژەدان بە تێکۆشان تا گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی ئەرکی مرۆیی، ئەخلاقی و سیاسی هەموو تاکێکی کوردە. گەلەکەمان لە ئازادی نزیکتر بووەتەوە و گەلانی چەوساوە وێڕای گەلی کورد دەگەنە ئازادی و بەختەوەری".

هـ . ب