قارەمانە دڵ پۆڵاینەکەى سەرحەد؛ جانفەدا زیلان

جانفەدا زیلان ساڵی ٢٠١٢ بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی بوو و لە چیا شکۆمەندەکانی زاگرۆس دا فێری گەریلایی بوو. لەگەڵ ئەو چیایانە بووە هاوڕێ، بووە شەڕڤانێکی بێ ترس و لە نهێنیی ژیانی ئازاد تێگەیشت.

ژیان بە هەڵهاتنی رۆژ دەستیپێکرد. رووی هەموان لە رۆژە، دڵی هەموان بە رۆژ گەرم دەبێتەوە. رۆژ سەرەتایەکە، نوێبوونەوەیەکە، هیوایەکە. لەم خاکەدا زۆر قارەمان وەک رۆژ شەوق دەدەنەوە و دڵگەرمانە شەڕ دەکەن. هەرگیز سەیری دوای خۆیانەوە نەکردووە و نەترساون. زۆرترین حەز و خۆشەویستیشیان بۆ ژیان هەیە. بە رادەیەک، کە هەمیشە بە گەورەترین خۆشییەکانەوە و دڵخۆشییەکانەوە دەژیان، هەستیشیان بە قورسترین ئازار و ژانەکان دەکرد. نەک یەک، نە دە، نە سەد، بەڵکو هەزاران قارەمان. هەزاران مرۆڤی جوان، کە دەبێت بناسرێن و لێیان تێبگەیەن و یادیان بکەینەوە.

جانفەدا زیلان یەکێک لەو قارەمان و پاڵەوانانەیە. ساڵی ١٩٩٣ لە وان لە دایکبوو. لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و بەرەنگاردا گەورە بوو. دڵسۆزیی بۆ وڵات و گەل وایکرد، جانفەدا وەک فیداییەک بەشداری تێکۆشانی ئازادی ببێت. جانفەدا زیلان ساڵی ٢٠١٢ بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی بوو. لە چیا شکۆمەندانەکانی زاگرۆس فێری گەریلایی بوو. لەگەڵ ئەو چیایانەدا بووە هاوڕێ و بووە شەڕڤانێکی بوێر و نەترس و لە نهێنیی ژیانی ئازاد تێگەیشت و فێر بوو. ساڵی ٢٠١٤ رووی لە شەنگال کرد تاوەکو خەڵکی ئێزدی لە هێرشەکانی داعش رزگار بکات. جانفەدا زیلان وەک ناوی خۆی چالاکییەکی فیداییانەى ئەنجامدا و لە ٧ی ئایاری ٢٠١٥دا شەهید بوو.

چالاکیی فیدایی ئەنجامدا

شۆڕش گلیداخ هاوڕێی جانفەدا زیلان لەبارەی جانفەداوە وتی، "ساڵی ٢٠١٣ لە ناوچەى زاگرۆس لە شاخی شەهید رساهیم یەکترمان ناسی. پێش ئەوەى هەڤاڵ جانفەدا ببینم ناویم زۆر بیستبوو. ئەوانەى دەیانناسی بە پێکەنینێکی گەورەوە دەستیان بە باسکردن و گێڕانەوەى توانایی و ئازایەتییەکانیان دەکرد. هاوڕێ جانفەدا بە هاوڕێیەتی و فیداکارییەکانی خۆی دەناسرا و ناوبانگی هەبوو. کاتێک هەڤاڵێکی دەناسی وەک ئەوەى ساڵەهای ساڵ لەگەڵی بوو بێت ئاوا لەگەڵی دۆستانە و هاوڕێیانەى مامەڵەى دەکرد. بۆ هەڤاڵ جانفەدا هاوڕێیەتی لە پێش هەموو شتێکەوە بوو. هەست و هۆشمەندییەکی زۆر قوڵی هەبوو و ئەوەش لە هاوڕێیەتیدا بوو بووە بناغەیەک، کە بە بەهێزی بەشداری هەموو کارەکان دەبوو.

هیچ شتێکی بۆ خۆی بە تێرکەر نەدەزانی و هەموو کات هەوڵی دەدا زۆر باشتر بەشداری کار و ئەرکەکان ببێت. لەبەر ئەوەش زۆر هەوڵی دەدا بە قوڵی لە رامان و فەلسەفەی رێبەرایەتی تێبگات. زۆر خۆی بە خوێندن و نووسینەوە سەرقاڵ دەکرد. دڵسۆزی زمانی دایکی بوو و نووسینەکانی بە کوردی بوون. زۆر پەیوەستی کولتور و رۆشنبیریی خۆی بوو و دەنگبێژیی دەکرد. لە ژیاندا زۆر چالاک و هەڵسوڕاو بوو. لە هەموو ئەرکەکاندا هەموو کات لە پێشی پێشەوە بوو. هەڤاڵ جانفەدا لەلایەن هەموو هەڤاڵانەوە کەسێکی خۆشەویست بوو و زۆریان خۆشدەویست. لە دژی دوژمن خاوەنی رقێکی گەورە بوو. بەو ئەندازەیەی کە حەزی لە ژیان دەکرد بەو ئەندازەیەش رقی لە دوژمن بوو. لە شەڕ و لە ژیاندا هەموو کات لە پێشەوە بووو. ژیانی بۆ خۆی دەکردە بنەما و بە شێوەیەکی فیداییانە بەشداری شەڕ دەبوو. کاتێک لە دژی دوژمن شەڕی دەکرد بیری لە هاوڕێکانی دەکردەوە و دەیپاراستن و تۆڵەی هەموو بەها و نرخەکانی دەکردەوە.

هەموو کات و بە بەردەوامی بیری لە فیدایەتی دەکردەوە. راپۆرتێکی نووسیبوو و پێشنیازی چالاکیی فیدایەتیی کردبوو، بەڵام پێشنیازەکەى قبوڵ نەکرا، بەڵام هەڤاڵ جانفەدا بە رۆح و ورەی فیداییەوە بەشداری هەموو چالاکییەکان دەبوو. لە دوایدا لە شەنگاڵ لەگەڵ هەڤاڵ پیردۆغان لە دژی داعش دەستیان بە چالاکیی هێرشبردن کرد. ٣ گردیان لە چەتەکانی داعش پاک کردەوە. کاتێک لە دوژمن نزیک بوویەوە لەسەر بێتەل لەگەڵ هەموو هەڤاڵان قسەى کرد و داوای بەخشین و گەردن ئازادیی کرد. دوای ئەوەى ماوەیەکی زۆر و دوور و درێژ شەڕی کرد، چالاکیی فیدایی ئەنجامدا. ئەو هەڤاڵانە هەڤاڵی ئاسایی نین، کە فەلسەفەی رێبەرایەتی و رێکخستن دەناسن و لێی تێدەگەن، دوژمن دەناسن و لێی تێدەگەن. بەو هۆشمەندیی و ورەییەوە چالاکیی ئەنجامدا. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە، کە خاوەنداری و لە یادی ئەو قارەمان و پاڵەوانانە بکەین و تێکۆشانەکەیان سەربخەین".

ژ.ت