قەرەسوو: دەوڵەتی چەتە هەڵدەوەشێتەوە -٢-

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە – مەهەپە وەرچەرخاوە بۆ دەوڵەتی چەتە و راشیگەیاند، هەڵوەشاندنەوەى ئەوەش ئاسان بووە.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری بەرنامەی تایبەتی مەدیا خەبر تیڤی بوو و ئەم شیکاریانەى کرد:

چوون بۆ چەمچۆ و سیدا بە واتای شەڕ دێت

مەرجی پارتێکی کوردی، تێگەیشتنە لە هەستی گەلی کورد. تێگەیشتنی هەستی رای گشتیی کوردە. بێ ئەوەی رای گشتیی کورد و  هەستەکانی گەلی کورد لەبەرچاو بگیرێت، ناکرێت و نابێت ببێتە پارتێکی کوردی. ناکرێت و نابێت ببێتە هێزێکی سیاسی کوردی. رەنگە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بێ گەل و رای گشتی سیاسەت بەڕێوەچووبێت، بەڵام ئەمڕۆ رای گشتی کورد هەیە. راستیەکی گەلی کورد هەیە. تاوەکو ئەو هەستە لەبەرچاو نەگیرێت، پەدەکە، پەکەکە، یەنەکە و هیچ هێزێکی دیکە ناتوانن ببنە پارتێکی کوردی. مەرجی پارتیبوونی کورد ئەوەیە کە گوێ لە دەنگی گەلی کورد بگرێت. گوێ لە دەنگی رای گشتی بگرێت. رای گشتی ئێستا ئەم هەڵوێستەی پەدەکە قبوڵ ناکات. قبوڵی ناکات کە لەدژی گەریلا شەڕ بکرێت. بۆیەش وڵاتپارێزان و دۆستان هاتن. هاتن بۆ هەولێر، بەڵام دەستوەردانیان کرد. داواکاریان چی بوو؟ با شەڕ روونەدات. با لەنێوان هێزەکانی پەدەکە و گەریلادا شەڕ روونەدات. ئایا هەستێکی لەمە جوانتر هەیە؟ هەستێکی لەمە متمانەتر هەیە؟ بە ڕاستی هەڵوێستێکی نادیموکراتی و ناوڵاتپارێزی لە بەرانبەریان پیشاندرا. ئەمەش وایکرد کە پەدەکە ریسوا ببێت، سیاسەتەکەی زیاتر ببینرێت. پەدەکە بە هەڵوێستەکەی ئەمەی پیشاندا. لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا کە رای گشتیی کورد دروست بووە، هەستەکانی گەلی کورد ئەم هەڵوێستەی پەدەکە قبوڵ ناکات. پەدەکە چی دەکات؟ هێز دەباتە شێلادزێ، دەیەوێت بچێتە چەمچۆ. ئەمە بڕیاری شەڕە. ئەم ساتەی چووە ئەو دەڤەرانە، دێتە ئەو واتایەی کە هاوشانی دەوڵەتی تورک بڕیاری شەڕی داوە. ئەم شەڕە تا دوایی بەڕێوەدەبات. گەریلا هەوڵ دەدات رێگری لەم شەڕە بکات. لەبەرئەوەی چوون بۆ ئەو ناوچەیە بە واتای گەمارۆدانی ئاڤاشین و زاپ دێت. بە واتای ئەوە دێت، کە هاوشانی دەوڵەتی تورک لە ئاڤاشین و زاپ هەنگاوی پاکتاوکردنی ناوە. با گەلی کورد، رای گشتیی کورد ئەمە باش بزانن. چوون بۆ چەمچۆ و سیدا، ئەنجامی قۆرستر لەوەی ناردنی هێز بۆ مەتینا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە راستیدا لە مەتیناش بەم شێوەیە بوو. لە مەتینا ویستیان دەست بە شەڕ بکەن، بەڵام گەریلا بە بەرپرسیاری جووڵایەوە. هێزەکانی پاراستنی گەلمان، فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی ئاسمانی بە هێوری و خوێنساردی جووڵانەوە، بە ئارامی جووڵانەوە و نەیانهێشت کە هەنگاوەکەی پەدەکە ببێتە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕ، بەڵام ناتوانرێت هەنگاوێکی بەم شێوەیە لە چەمچۆ و سیدا بنرێت. لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا شەڕەکە فراوان دەبێت. پێویستە گەلی کورد ئەمە ببینێت. پێویستە هێزە سیاسییە کوردیەکان ئەمە ببینن. پێویستە هەنگاوی مەترسیدار و ناخێر نەنرێت. پەدەکە پێویستە دەست لەم هەڵوێستەی هەڵگرێت. پێشتریش وتمان. پێویستە بگەڕێتە سەر پۆزسیۆنی پێشووتری، واتە دۆخی بەر لە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک. لە کاتێکدا کە ئێمە لەدژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەڕ دەکەین، پەدەکە بۆچی دەست بە جموجووڵی سەربازی دەکات، بۆچی تەنگەتاو بووە، بۆچی گەمارۆ دەکات؟ بێگۆمان زۆر مەترسیدارە. پێویستە ئەمە قبوڵ نەکرێت. بە راستی باسی ئەوە دەکرێت بڕیاری شەڕ دراوە. ئەگەر بیرتان بێت، ماوەیەک لەمەوبەر فازڵ میرانی و بەرپرسانی دیکە وتبوویان، دەتوانرێت شەڕ لەدژی پەکەکە ئەنجام بدرێت. ئەو قسەیە بەرلە ناردنی هێزەکانیان بۆ مەتینا کردبوو. پەدەکە وادەزانێت ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتی تورک پەکەکە پاکتاو بکەن، دەتوانێت لەسەر بەهاکانی پەکەکە دانیشێت. یان بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە: ئەگەر پەکەکە تەسفیە بکات لە هەموو کوردستان سەردەست و باڵادەست دەبێت. کەس ناتوانێت جێگەی من بگرێت. هەموو کەسێک رێزم لێدەگرێت. نزیکایەتییەکی بەم شێوەیە پیشان دەدات. ئایا ئەمە هەڵوێستێکی وڵاتپارێزییە، ئایا هەڵوێستێکی دیموکراتە؟ دەیەوێت هەموو کەسێک سەری لەبەرانبەریدا دانەوێنێت و گەلی کورد شکست بهێنێت. دەیەوێت پەکەکە، کە ئاستەنگی گەورەی بەردەم سیاسەتی قڕکردنی گەلی کوردە، کە دەوڵەتی تورک بەڕێوەی دەبات، تەسفیە بکات...

ئەم سیاسەتە لە بەرژەوەندی پەدەکەدا نییە

دەبینرێت، کە پەدەکە هەڵوێستێکی بەم شێوەیەی هەیە، بەڵام ئەنجامی نابێت. بەڵێ رەنگە باج بدەین، رەنگە زیانمان بەرکەوێت، دوور نییە کێشە دروست ببێت، بەڵام ئەوەی شکست دەهێنێت پەدەکەیە. ئەم سیاسەتە لە بەرژەوەندیی پەدەکەدا نییە و شکستی پێدەهێنێت. لە رووی سیاسییەوە پەدەکە هەندیک راستی ئەم سەردەمە نابینێت. وەک ٥٠ ساڵ ٤٠ ساڵ لەمەوبەر دەجووڵێتەوە. کورد و کوردان زۆر گۆڕاون. ئەمڕۆ کوردستان ئەمری واقعە، راستی رێبەرتی، راستی سیاسەت و ئایدۆلۆژی رێبەرتی هەیە. ئایدۆلۆژی و سیاسەتی رێبەرتی نەک تەنها کاریگەری لەسەر کورد دەکات، هەروەها کاری لەسەر هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەیە. رووبەرووبوونەوە لەگەڵ هێزێکی بەم شێوەیە خراپترین شتە کە لەگەڵ گەلی کورد دەکرێت، کاریگەری رێبەر ئاپۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە جیهان، لەسەر کورد، بە واتای سەرکەوتن دێت. رای گشتی کورد زۆر بەهێزە. هەستی گەلی کورد بەهێزە. نابێت ئەم هەست، ئەم داخوازییەی رای گشتی نەبینرێت. ئەگەر نابینرێت پەدەکە شکست دەهێنێت. ئێمە لەم بڕوایەداین و هیوامان هەیە، کە پەدەکە ئەم راستیە ببینێت و بەم شێوەیە بجوڵێتەوە.

ئێمە داوا لە گەلی کورد دۆستەکانی گەلی کورد دەکەین کە تێکۆشان لەدژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک فراوان بکەن. بۆ ئەوەی پەدەکە دەست لەم هەڵەیە هەڵبگرێت، هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن.

هەوڵەکان بۆ داخستنی هەدەپە پارچەیەک لە شەڕە

دۆزی داخستنی هەدەپە دۆخێکی ئاسایی نییە. پارچەیەکە لە شەڕی دژی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد. شەڕ لەدژی گەریلا و فشارەکانی سەر هەدەپە نابێت لە یەکتری جیابکرێنەوە. هەروەها هێرشەکان لەسەر هێزەکانی دیموکراسی لە تورکیا و هێرشی سەر گەریلا نابێت لە یەکتری جیا بکرێنەوە. هێرشەکانی سەر رۆژئاوا و باشور نابێت لە یەکتری جیابکرێنەوە. بۆیەش لەسەر هەدەپە، پارچەیەک لە سیاسەتی لەناوبردنی هیزە دیموکراتەکان و تەسفیەکردنی تەڤگەری ئازادیی کورد هەیە. پێویستە بەم شێوەیە ببینرێت.

لێرە پێویستە بگۆترێت: لەبەرئەوەی زۆر تەنگەتاو بوون، لە تێکۆشان دا زۆر سەختی دەچێژن، دەیانەوێت هەدەپە دابخەن. ئایا داخستنی هەدەپە رزگاریان دەکات؟ ئایا لە شەڕی دژی گەلی کورددا دەتوانن لە تەنگەتاوی رزگاریان ببێت. ئایا ئەنجام بەدەست دەهێنن؟ بەم شێوەیە دەجوڵێنەوە. لە راستیدا ئەمە بەرهەمی ترسە. بەرهەمی لاوازیە. ئەگەر لاواز نەبونایە، هەنگاوێکی بەم شێوەیەیان بۆ داخستنی هەدەپە نەدەنا. لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا هەبوونی هەدەپەیان وەک 'لەلای ئێمە دیموکراسی و ئازادی هەیە' پێناسە دەکرد، پشت بەوە دەبەستن و هێرش دەکەنە سەر تەڤگەری ئازادی. هێرش دەکەنە سەر گەل. کاتێک هێرش و فشاریان دەکرد، وشەی دیموکراسی لەلای ئێمە'یان بەکاردەهێنا و لە هەموو شتێک زیاتر هەبوونی هەدەپە، هەبوونی سیاسی ئەو پیشان دەدات هەبوونی چەند رۆژنامەنووس پیشان دەدەن. ئەگەر لە ئێستادا هێرش دەکەنە سەریان، بە واتای تەنگەتاو بوونیان دێت. بە ڕاستی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە زۆر تەنگەتاو بووە.

ئەوەی پێویستە بکرێت، بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانە

پێویستە مرۆڤ داخستنی هەدەپە بەم شێوەیە شرۆڤە بکات. ئەنجامی ئەم پرسە، نابێت ئەوە بێت، کە هەدەپە دادەخرێت یان داناخرێت. پێویستە بگۆترێت: ئەوان دەیانەوێت هەدەپە دابخەن. زۆر لاواز بوون. لە جیاتی ئەوەی ئێمە لە خەمی داخستنی هەدەپەدا بین، پێویستە تێکۆشان فراوان بکرێت و دەسەڵات تێکبشکێنرێت. پێویستە ئەم دەسەڵاتە لە گەڵ زەوی تەخت بکرێت. بە راستی ئەم دەسەڵاتە زوو لەناو دەچێت. لە دەرەوە و ناوخۆ پشتگیرییەکانی لاواز بووە. بەڵێ هەندێک هێز لە دەرەوە ئاکەپە لەسەرپێ دەهێڵنەوە. لە ناوخۆش هەندێک کەس پشتگیری لێدەکەن، بەڵام ئەمە بەش ناکات، کە دەسەڵاتی ئاکەپە لەسەر پێ بمێنێتەوە. بە راستی ئەگەر تێکۆشان بەڕێوەببرێت ئەم دەسەڵاتە هەڵدەوەشێت. لەبەرئەوەی رەوایەتیی لەدەستداوە و پشتگیریی ناوخۆیی و دەرەکیی وەک جاران نەماوە. ئێدی خاوەن کارەکتەری دەوڵەت نییە. بۆ دەوڵەتێکی مافیا، چەتە و نایاسایی گۆڕاوە. دەوڵەتێکی بەم شێوەیە، دەوڵەتێکی لاوازە. بۆ مانەوەی دەوڵەت پێویستی بە هەندێک دەزگا هەیە. پێویستی بە رەوایەتی و یاسا هەیە، بەڵام هیچ مۆڕاڵ و بەهایەکی ئەم دەوڵەتە نەماوە. بۆیەش ئەگەر گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتەکان وگەلی کورد بەرخۆدان بکەن ئەم دەسەڵاتە دەڕووخێت.

هێرش بۆ سەر هەدەپە دەبێت بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە. سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپەش دەبێت بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە. دەتوانن دایبخەن، چونکە دادگای دەستووری و هەموو دادگاکان شکڵین. لە تورکیا حقوق و مافەکان، دادگا و دادپەروەری نییە. دەسەڵات چی بڵێت ئەوە دەبێت. ئیدی دادوەریش و داواکاری گشتیش هی دەسەڵاتن. هەروەها نەک تەنها هی دەسەڵاتن، بەڵکو بە تەنها گوێ لە یەک کەس دەگرن. هەر وتەیەکی وەک یاسای لێهاتووە. ئەوە بە ڕاستی دەرەنجامی لاوازییەکی گەورەیە. هەر خۆی ئەردۆغان ئەوەندە لاواز بووە، کە لە دەوری هەموو کەس دەگەڕێت و مەرایی بۆ هەموو کەس دەکات. خۆی دەفرۆشێت و تورکیاش دەفرۆشێت. دەڵێت، 'لە فڵان شوێن من دەبم بە سەرباز، لە فڵان شوێن دەبم بە چی، پشتیوانیم لێ بکەن'. بۆ ئەوەى لەسەر پێ بمێنێتەوە سەودا و مامەڵە بە هەموو تورکیاوە دەکات و دەیخاتە بازاڕەوە. ئەوەتا دەڵێت، 'من دەڕۆم بۆ ئەفغانستان و لەوێ دەبمە سەرباز'. ئەمریکا دەستبەرداری ئەفغانستان بووە و تیایدا تێکشکاوە و لەوێ دەڕوات، بەڵام دەوڵەتی تورک دەڕوات فڕۆکەخانەکەى ئەوێ دەپارێزێت. ئەوە بەڕاستی جێگای شەرمەزراییە، بۆ تورکیا شەرمە. دەبێت تورکیا نەکەوێتە ئەو دۆخەوە. ئەوانەى تورکیایان خستووەتە ئەو دۆخەوە دەبێت لەسەر دەسەڵات نەمێنن. دەبێت گەل دەسەڵاتی لەو شێوەیە لە ناو تفی خۆیاندا بخنکێنن.

دەسەڵاتێک، کە راستیی خۆی نییە، هەڵوەشاندنەوەى نزیکە. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە گەل و هێزە دیموکراسیەکان دەکەین، کە تێکۆشان بە شێوەیەکی ئازایانە بەڕێوەببەن. با قارەمانیی و پاڵەوانێتیی کوردان لە چیاکاندا ببینن. با ببینن، کە کچانی گەنجی کورد چۆن شەڕ دەکەن. با ئەوان ببینن و هەموو کەس لەوانەوە ئازایەتی و بوێری وەربگرێت. لە کەن و پێکنینیانەوە هێز و ورە وەربگرن. ئەگەر گەلی کورد، گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیکەکان بەو جۆش و خرۆشانەوە و بەو ورە بەرزییەوە تێکۆشان بکەن ئەوا تەمەنی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە مانگێکیش ناخایەنێت".

ف.ق