قەرەسوو: تاوەکو تەکپارێزی کۆتایی پێ نەیەت چەپەڵیشی کۆتایی پێ نایەت -١ -

موستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، ئەوەى دەسەڵاتی لەسەر پێ هێشتووەتەوە ئامانجی "یەک میللەتە"، کە ستراتیژیی سەرەکیی دەوڵەتى تورکە. تاوەکو ئەو ئامانجە نەگۆڕدرێت هاوپەیمانیی و پەیوەندی و رێکخستنبوونی قێزەون و چەپەڵ بەردەوام دەبێت.

بەهۆی شەڕی ناو دەسەڵات و دانانی چەتەکانی سەردەمی نوێ لە ناو دەوڵەتی تورک دا، ژمارەیەکی زۆر لە چەتەی پێشوو پەراوێزخراون و یەکێک لەو چەتانە سەدات پەکەرە. ماوەیەک دانپیادانانە گرنگەکانی سەدات پەکەر بوونەتە رۆژەڤ. سەدات پەکەر دانی بە زۆرێک لە تاوانەکانی دەسەڵاتی تورک دا نا، لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانەوە تاوەکو چەک، لە کاری نایاساییەوە تاوەکو دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی خەڵک. گفتوگۆ لەسەر دانپیادانانەکانی پەکەر و کاریگەرییەکانی لەسەر دەسەڵات دەکرێت. کورد، کە لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی تورکەوە تاوەکو ئێستا لە ئامانجی سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەدان، لەم ٤٠ ساڵەى رابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ راوەستان بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. دەوڵەتى تورکیش بە چەپەڵی و قێزەونیی خۆی، بە رێبازە چەپەڵەکانی پەلاماری کوردان دەدات. ئێمەش لەبارەی رابردووی مێژوویی، دۆخی ئێستای ئەم رۆژانەمان لە مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پرسی. بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە، کە بە دوو جار بڵاودەکرێتەوە و بەمشێوەیەی خوارەوەیە.

- دەوڵەتی تورکی نوێ، سەرباری ئەوەى رژێمێکی شەڕی تایبەتە، کە لە ساڵی ١٩٢٤ەوە ئۆپراسیۆنی "بە تورککردنی" کردووە بە کاری سەرەکیی خۆی، ئێوە لەبارەی ئەو میکانیزمانەى، کە شەڕی دەسەڵاتی پێ بەڕێوەدەچێت، شەڕ و پاکتاوکردن تاوەکو بوون بە ئەندامی ناتۆ چۆن لێکدەدەنەوە؟

دەوڵەتی عوسمانی تاوەکو نیوەی دووەمی سەدەی ١٩ ئیمپراتۆرییەکی فرە نەتەوە بوو. سیاسەتی سەرەکیی ئەوەبوو، کە لە سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەکەیدا باڵادەستی سەربازی و سیاسیی مسۆگەر بکات. لە سەرەتادا ئامانج، سیاسەت و ستراتیژیی ئەوەى نەبوو، کە گەلان و باوەڕەکان بسڕێتەوە و لە ناویان ببات. لە سەدەی ١٩دا و دوای ئەوەى لە بەرامبەر وڵاتانی ئەوروپیدا چوونە قۆناغی دواکەوتویی و پاشکەوتویی و لە دەستدانی خاک، سەرەتا بە سیاسەتی پان – عوسمانی و دواتر بە سیاسەتی پان – ئیسلامی هەوڵیدا ئیمپراتۆرییەکەی رزگار بکات. بە تایبەتی دوای شەڕی باڵکان، کە پێش شەڕی جیهانیی یەکەم روویدا و لە دەستدانی خاکێکی زۆر لە باکووری ئەفریقا، لە ناو بیرۆکراسیی سەربازی و سیاسیدا عەقڵییەتی نەتەوە دەوڵەت، کە پشتبەستوو بوو بە ئیتنکی تورک بەهێز بوو. کۆمەڵەى ئیتیحاد و تەرەقی رێکخستنێک بوو بەو ئاراستە و مەیلەدا کاری دەکرد. سەرباری عەقڵییەتی رزگارکردنی ئیمپراتۆری، نەتەوەپەرستیی تورک خاوەن گرنگی بوو. جۆن تورکەکان (تورکە لاوەکان) ساڵی ١٩٠٨ لەلایەن عەبدولحەمیدی دووەمەوە مەشروعیتیان پێدرا و لە رێگەی بەها رۆژئاواییەکانەوە هەوڵیاندا ئیمپراتۆرییەکە رزگار بکەن. بەڵام نەیانتوانی رێگری لە لەدەستدانی خاک بگرن. لەگەڵ ئەڵمانیا و نەمسا – مەجارستاندا بەشداریی لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا کرد و خواستی لەو رێگەیەوە هەم خاکی عوسمانی بپارێزێت و هەم خاکی ئەو کۆمەڵگەیانە، کە بە رەچەڵەک تورکن و لە سنووری سیاسیی رووسیادان بخاتە سەر ئیمپراتۆرییەکەی. نەمسا، مەجارستان و ئەڵمانیا کە لە دژی رووسیا بوون، بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى تورک لە دژی رووسیا هان بدەن، بەو ئەنجامەگەیشتن، کە ئیمپراتۆریی عوسمانی دەتوانێت رۆڵ لەو شەڕەدا بگێڕێت. لەبەر ئەوەش تەلعەت، ئەنوەر و جەمال پاشا لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بەشداری شەڕ بوون. لەو شەڕەدا ئەرمنییەکانیان پاکتاوکرد و بەو شێوەیە بۆ عەقڵییەتی نەتەوە دەوڵەت و بونیادەکەى هەنگاوێکی گرنگیان هەڵگرت. بەڵام ئەو خەونەى تەلعەت، ئەنوەر و جەمال پاشا بە تێکشکاندنێکی زۆر گەورە کۆتایی پێهات. لە راستیدا ئەگەر لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسادا کێشە نەبوایە، سنوورەکانی ئێستای تورکیا زۆر لەوەی ئێستا بچووکتریش دەکرانەوە. لەلایەکی ترەوە لە ناو شەڕی جیهانیی یەکەمدا شۆڕشی سۆڤیەت روویدا و خواست و داوای بەریتانیا بۆ بەکارهێنانی تورکیا لە دژی سۆڤیەت بووە هۆی ئەوە، کە لە ساڵی ١٩٢٤دا رێککەتننامەى لۆزان بە دەستنیشانکردنی تورکیای نوێ کۆتایی پێ بێت.

لە رێککەوتننامەى لۆزاندا، کە سنوورەکانی تورکیای نوێی تیادا دیاریکران، لە هەمان کاتدا رێککەوتنی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کوردان بوو. بەریتانیا لە بەرامبەر ویلایەتی موسڵ و کەرکوک دا، کە لە عێراق بمێننەوە، ئەو رێگایە بە تورکیا دا. تورکیاش لە بەرامبەر پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورداندا ئەو هەرێمەى بۆ بەریتانیا بەجێهێشت. دوای ساڵی ١٩٢٤ هەموو سیاسەتەکانی تورکیا لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و ئابووریی تورکیا بەپێی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد دیاریکران، سەرتاسەری کوردستانی  سەرلەنوێ داگیرکردەوە و خستییە ناو سیستمی دەوڵەتی ناوەندیی پاکتاوکار. بۆ ئەوەش هەموو رێگا و رێبازەکانی زوڵمکردن و کۆمەڵکوژیی لەدژی گەلی کورد ئەنجامدا.

تورکیای نوێ بە شێوەیەکی ئاسایی نەدەبوو بە دەوڵەت، چونکە بە پێی دەستووری بنەڕەتی، یاساکان و دامەزراوەکان ئەستەم بوو پاکتاوکردنی کورد ئەنجام بدرێت. بە تایبەتی دەوڵەتێک، کە لە ماوەی نزیکدا بە پاکتاوکردنی ئەرمەنییەکان تۆمەتبار دەکرا، دەبوو پاکتاوکردنی کوردان بە شێوەیەکی بێدەنگ و شاراوە و بە رێبازەکانی شەڕی تایبەت ئەنجامبدات. لەلایەکی ترەوە لە تورکیا شەڕی گرتنە دەستی دەسەڵات بە قبوڵکردنی سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردان دەڕەخسا. جگە لەوەش لە بواری و بابەتە جیاجیاکاندا بیر و بۆچوونی جیاوازیش هەبوو بێت و کەسانێک، کە لەو بابەتەدا جیاواز بیریان دەکردەوە، ئەستەم بوو، کە لە ناو دەوڵەت دا ببوونایە بە بەرپرسیار. لە تورکیای نوێ، هێزە چەپەکانیش لایەنێکی سیاسی بوون، کە پەراوێزخران و خرانە ژێر چاودێرییەوە. بەشی ئیسلامیش پەراوێزخرا، بەڵام بە ئەندازەی کوردان و سۆسیالیستەکان بەسەریاندا نەرۆیشتن. هەروەها ئایین بەشداری سیستم دەوڵەت کرا. لە کوردستان بە توندی بەسەر ئەو کەساندا دەچوون، کە داوای نەتەوەی دیموکراتیکیان دەکرد. هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدان، وەک ئەوەى لە دەرسیم ئەنجامدرا، لە ئاستی پاکتاوکردن و سڕینەوەدا ئەو کارانەیان بەڕێوەبرد. ئەوانەى لە سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردان بە بڕیار نەبوون، خرانە دەرەوەی سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەت. بە توندی بەسەر هێزە چەپەکاندا رۆیشتن، کە لە کێشەى کوردا لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەت بوون. هەروەها ئەو هێزە ئیسلامییانە بوونە ئامانج، کە پشتیوانیان لە سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردان نەدەکرد. هەموو ئۆپۆزسیۆن و رکارەبەرەکان لە ئیمپراتۆریی عوسمانیدا بە پیلانگێڕی پاکتاوکراون. ئەوە روونە، کە لە ناو خانەدانەکان و سوڵتانەکاندا برا و کوڕ بۆ دەسەڵات یەکتریان دەکوشت، بۆیە مرۆڤ لەوە تێدەگات، کە چیان کردووە بەرامبەر بە رکابەرەکان. مێژووی دەوڵەتی تورکیا مێژووی پیلانگێڕی و کوشتنی شاراوەیە. لەبەر ئەوەش سەدا ٩٥ی کوشتنەکان ئاشکرا نەدەکران، کە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدران. کوشتنی موستەفا سوبحی و هەڤاڵەکانی بە فەرمانی یەحیا کاپتان بەرپرسێکی دەوڵەت ئەنجامدرا، کوشتنی رکابەرەکان بە دەستی عوسمان تۆپاڵ و دواتریش کوشتنی ئەو بۆ خۆی، ئەوە دەخاتە بەرچاو، کە مێژووی سیاسیی تورکیا خاوەنی چ کارەکتەرێکە. هەر خۆی پێویست ناکات باسی سیاسەتی دژ بە کوردان بکرێت، چونکە ئەوە زۆر روون و ئاشکرایە. لەلایەک زوڵم، کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی هەموو دەرفەتەکانی ژیان و لەلایەکی ترەوە لە رێگەى نۆکەرەکانەوە کۆنترۆڵکردنی کوردان پێکەوە بەڕێوەدەبرا. هەموو دام  و دەزگاکانی دەوڵەت وەکو ئۆرگان و ناوەندێکی شەڕی تایبەت و یەکەى هەواڵگری لە دژی کوردان رێکخرابوون.

- بە بوونە ئەندام لە ناتۆدا و ئینتیگراسیۆن (ئاوێتەبوون) لەگەڵ هاوپەیمانیی رۆژئاوادا، هەواڵگری – سەربازی – پۆلیس سەرلەنوێ رێکخرانەوە. لەو کاتەوە مێژووی فەرمانگەى شەڕی تایبەت، دەستەى لێکۆڵینەوە و خۆئامادەکردنی هەمەلایەنە و کۆنترا گەریلا (دژە گەریلا) دەستپێدەکات. سەرباری ئەوەش بزووتنەوەى سۆسیالست، کورد، عەلەوی و گەلانی نا مسوڵمان هەموویان بوونە ئامانج. ئەوەش لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٨٤ دا روویدا. ئێوە دەتوانن چۆن باسی ئەو سیاسەتە لەو ماوە دوور و درێژەدا بکەن؟

تورکیا پێش ئەوەى ببێت بە ئەندامی ناتۆ، پەیوەندیی لەگەڵ ئەوروپادا هەبوو. کارەکانی لە دژی سۆسیالیستەکان بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە بوو. چوونە ناو ناتۆش تەنها بۆ دژایەتیکردنی سۆڤیەت و سۆسیالیستەکان نەبوو. بەو بیر و بڕوایەوە چوونە ناو ناتۆ، کە دەتوانن زۆر بە ئاسانتر کوردان پاکتاو بکەن، لەبەر ئەوەش چوونە ناو ناتۆ. ئەوە خاڵە بنەڕەتییەکەیە لە پەیوەندیی لەگەڵ ناتۆ و ئەوروپادا. هەر شیکاری و لێکدانەوەیەک بەبێ بینینی ئەو خاڵە هەڵەیە و کەم دەهێنێت. رێککەوتنی لۆزان بۆ پاکتاوکردنی کوردان پەسەند کراوە. دەوڵەتى تورک ناچێتە ناو هیچ رێکخراو و دامەزراوەیەک کە رێگا لە پاکتاوکردنی کورد بگرێت، لەگەڵ هیچ دەوڵەت و هێزێکی سیاسی پەیوەندی دروست ناکات، ئەگەر پاکتاوکردن و سڕینەوەى کوردان قبوڵ نەکات. بەسەرهاتی سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ لە ١٠٠ ساڵ دا ئەوە دەخاتە بەرچاو.

دوای ئەوەى چووە ناو ناتۆ، ژمارەیەکی زۆر دام و دەزگا و دامەزراوە لەسەر بنەما و ئامانجی پاکتاوکردنی کوردان سەرلەنوێ رێکخرانەوە. بە چوونە ناو ناتۆ نەک لە سیاسەتی پاکتاوکردنی کورداندا گۆڕانکاری رووی نەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر زیاتر دەرفەت و توانایی و ئامڕازی نوێ بە تورکیا درا. دوای ئەوەى چووە ناو ناتۆ بووە خاوەنی دەستەى لێکۆڵینەوە و خۆئامادەکردنی هەمەلایەنە، فەرمانگەی شەڕی تایبەت و گروپێکی نوێ بە ناوی کۆنترا گەریلا. دامەزرێنەرانی ئەو رێکخستنە ئەو کەسانەن، کە ناوێکی زەقن لە دوژمنایەتیکردنی کورداندا. لە دوژمنایەتیکردنی کورداندا خاوەنی توندترین بیر و بۆچوونن. ئەفسەری تۆرانی ئالپ ئەرسلان تورکەش لەو بابەتەدا یەکێک لەو کەسانە بوو، کە سەرەتا لە ئەمریکا پەروەردە و راهێنانی پێکرا. ئەو هێزانە، کە بە گلادیۆ دەناسرێن لە نزیکەوە پەیوەندییان بە نوێنەری سی ئای ئەی (CIA) روزی نازاری قرقیزییەوە هەیە. هەموو ئەوانە ئەو راستییانە دەخەنە بەرچاو. لە سایەی رۆڵی ئەو کەسەدا، کە دۆست و هاوڕێی نزیکەی تورکەشە، مەهەپە وەک رێکخستنێکی کۆنترا گەریلا دادەمەزرێت. کۆنترا گەریلا و مەهەپە لەلایەن تورکەشەوە بەڕێوەدەبران. فوئاد دۆغو ساڵەهای ساڵ راوێژکاری دەزگای هەواڵگری تورک (میت) بوو. لەگەڵ ئەو کەسەدا پەیوەندییەکی نزیکیان هەبوو. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، کە بە پشتیوانی ئەو ساڵەهای ساڵ میتی بەڕێوەبرد.

ژ.ت