قەرەیلان بانگەوازێکی بۆ خەڵکی ڕحا و بۆتان بڵاوکردەوە

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە داوای لە خەڵکی ڕحا و بۆتان کرد، کە لە هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایاردا بۆ ئەنجامێکی نەتەوەیی شکۆدار تێبکۆشن.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە داوای لە خەڵکی ڕحا و بۆتان کرد، کە لە هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایاردا بۆ ئەنجامێکی نەتەوەیی شکۆدار تێبکۆشن.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە داوای لە گەلی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی ڕحا و بۆتان کرد، لە هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایار دا خواست و ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن. پەیامی قەرەیلان بۆ خەڵکی ڕحا و بۆتان بەم شێوەیەیە:

"گەلی هێژامان لە ڕحا! گەلی کورد، عەرەب و تورکمان!

وەک دەزانن ڕێبەر ئاپۆ لەنێو ئێوەدا ڕاپەڕیوە. ئەمڕۆ بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها لە ناوچەکە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە. بە تایبەتی، چارەسەرییەک، کە کێشەکانی جیهان دەستنیشانیکردووە، بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر پرسی ئازادی ژنان، دیموکراسی و ژینگەپارێزی، بووەتە هیوایەک بۆ گەلانی جیهان. هەموو کەسێک کە ئەمە دەبینێت و هەستی پێدەکات، بە  هیوایەک بۆ خۆیی دەزانێت. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک کۆنفرانس بەڕێوەدەچێت، ئەکادیمییەکان کە لەو کۆنفرانسانەدا قسە دەکەن و  دەڵێن، 'کاتێک ئێمە بیر و ڕامانەکانی ئۆجالان دەخوێنینەوە، خۆمان بە قوتابیی عەبدوڵا ئۆجالان دەزانین'. واتە بیر و ڕامانەکانی کوردێک لە ڕحاوە بووەتە جێگای سەرنجی گەلانی جیهان و هەروەها سەرنجی ئەکادیمیەکان و زانایانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، جیهان لەمەوە شتی نوێ فێردەبێت.

ئەمە بۆ گەلەکەمان و هەموو گەلانی ناوچەکە جێگای شانازی و ستایشە، لە هەمان کاتدا بۆ خەڵکی ڕحا جێگای شانازییە. سەیر بکەن ڕۆژئاوا لە تەنیشتاندایە، ئەمڕۆ لەوێ لەسەر بنەمای بیر و ڕامانی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ گەلی کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری-سوریان و ئەرمەن پێکەوە سیستمێکی دیموکراتیکیان دروستکردووە و پێکەوە دەژین. لەو کاتەدا، وەک خەڵکی ڕحا، بەتایبەتی گەلی کورد و عەرەب، نابێت ئەوەندە لەیەکتر دوور بن. پێویستە یەکێتیی گەلان پێکبێت. هەرچەندە لە نێوان گەلانی تورکمان و گەلی کورد دا تاوەکو ئاستێک هەندێک یەکگرتووییەک هەیە، بەڵام دەبێت ئەمە بەهێزتر بکرێت. بە کورتی دەبێت هەمان هاوکاری لە ڕحا ئەنجام بدرێت.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە، کە لە رحا چەند بنەماڵەیەکی گەورە هەیە. ئەوان لە سەردەمی خۆیاندا سەرۆک هۆز و عەشیرەت بوون، ئێستاش دەوڵەمەندن، بوون بە گالانتۆر و هەموو شتێکیان لە ڕحا دەکرد. سەری هەموو کانیاوەکانیان گرت. هەمیشە منداڵەکانیان دەبنە پەرلەمانتار، هەموو شتێک دەبێت بە هی ئەوان و هەموو شتێک بە مافی خۆیان دەزانن. گەلانی عەرەب، کورد و تورکمان لە ڕحا، کرێکاران - گوندنشینەکان و هۆز و عەشیرەتە ڕاستگۆکانی ڕحا، نیشتمانپەروەران و وڵاتپارێزان ئیدی بەو دۆخە بڵێن 'ئیدی بەسە'. چونکا ئەو بنەماڵانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەچنە پەرلەمان. ئەوان دەڕۆن تاوەکو خێزانەکانی خۆیان زیاتر دەوڵەمەندتر بکەن؛ خەڵکەکەی خۆیان دەکەنە خاوەن کار و کاریان پێ دەدەن و خزمەتی کۆمەڵگا ناکەن. ئەوان لە بارودۆخ و حاڵی هەژاران تێناگەن. دەوڵەتی ئاکەپە - مەهەپە ٨ ساڵە بۆ شەڕ لە دژی کوردان هەموو داهات و ئابووریی بەکارهێنا. ئەمڕۆ برسێتی و هەژاری هەیە، بەڵام ئەو بنەماڵە دەوڵەمەندانە بەوە نازانن. چونکە ئەوان لە گەلی کورد دوور کەوتوونەتەوە و پشتیان لە گەلی کورد کردووە. دەوڵەتی ئاکەپە - مەهەپە دەیەوێت بە پشتیوانیی خودی کورد هێرش بکاتە سەر کورد. ئایا ئەو بنەماڵانە هەرگیز ئازاری ویژدانیان هەیە؟ نەخێر، ئەگەر هەندێک ڕەنج و زەحمەتیان بکشاندایە ئەوا دەستیان لەو کارە هەڵدەگرت.

بۆیە داوا لە ڕۆشنبیران، زەحمەتکێشان و کرێکاران و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دەکەم، کە سەرنجیان لەسەر دادپەروەرییە و ڕاستییەکان دەبینن: ئێوە بۆ خۆتان بینیتان، کە لە پرسوس چۆن نادادی و نادادپەروەریییەک بەرامبەر بە بنەماڵەی شەنیاشار کرا. ئەو نادادییەی ئاکەپە ئەمڕۆ لە وڵاتەکەمان دەیکات، بۆ هەموان ڕوون بووەتەوە، بەڵام بۆ سەرباری ئەوەش دەچن دەنگ بە ئاکەپە دەەن، ئەوە مانای چییە؟ ئێوە کێن؟ ئێوە کوردن. باشە بۆچی ئێوە ئەوەندە لە دژی ڕەگ و ڕیشەی خۆتانن، لە ژی کۆمەڵگەی خۆتانن! دەبێت ئێوەش لەگەڵ گەلەکەی خۆتاندا بن. ئەگەر کەسێک بڵێت ئەو لەگەڵ ئایینەکەی خۆیدایە، ئەوا ئەو کاتە دەبێت لەگەڵ گەلەکەی خۆیدا  بێت. کەسێک لەگەڵ گەلەکەی خۆیدا نەبێت لە ئیمان دەرچووە. بۆیە داوا لە هەموو خەڵکی ڕحا دەکەم: ئیدی کۆتایی بەم دۆخە بهێنن، دەنگ بە ڕاستی بدەن. دەنگ بە گالانۆرەکان نەدەن. بێگومان ئاکەپە دیارە، بکوژی کوردانە و لەگەڵ مەهەپە بوون بە یەک و دزن، بۆیە نابێت دەنگیان پێ بدەن. ئەوانەی لەلایەن ئاکەپەوە کراون بە پاڵێوراون ناتوانن کێشەکانی خەڵکی ڕحا، کێشەکانی گەلی کورد و گەلی عەرەب چارەسەر بکەن. ئەوان دوای پارە کەوتون. سەیری بکەن و سەرنج بدەنە سەر ئەو کەسانە، کە لە نەریتی هەدەپەوە  هەڵبژێردراون، ئەوانەی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پەرلەمانتارییان کرد، ئایا هیچ کەسێک لەوان دەوڵەمەند بوون؟ ئێوە ئەوان دەناسن، دەوڵەمەند نین. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەوان بۆ خزمەتکردن دەچنە پەرلەمان. کەواتە بۆچی دەنگ بەو کەسانە نادەن، کە بۆ خزمەتکردن دەچە پەرلەمان، بەلام دەنگ بەوانە دەدرێت، کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەچنە پەرلەمان! ئایا ئەمە بێ ویژدانی نییە؟ کام ویژدان؟ کام ئایین دەتوانێت ئەمە قبوڵ بکات؟ بۆیە هەرکەسێک خزمەت بە گەل بکات، دەبێت پشتگیریی لێ بکرێت.

ئێستا لە رحا لە ریزی یەکەمی لیستەکەدا هاوسەرۆکی هەدەپە بەڕێز میدحەت سانجار هەیە. ئەمەش واتادارە. مادام هاوسەرۆک لە رحاوە خۆی کاندید کردووە، ئەمە بۆ رحا خاوەن واتایە. دەبێت هەموو کەس ئەو راستیە ببینێت، دەست بخاتە سەر ویژدانی خۆی، هەموو کەسیک دەنگ بە ماف و دادپەروەری بدەن. لەسەر ئەو بنەمایە دەبیت بە دەوری کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوزەوە کۆببنەوە و هەڵوێستێکی دیموکراتیک و نەتەوەیی نیشان بدریت. ئێمە چاوەڕێی ئەوە لە خەڵکەکەمان لە رحا دەکەین، لە سەر ئەو بنەمایە خۆشەویستی و رێزی خۆمان بۆ گەلەکەمان لە رحا پێشکەش دەکەین، هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.

وەک دەزانرێت بۆیان گۆڕەپان و ناوچەیەکئی بەرفراوانە. بەشێک لە سێرت کەوتوەتە ناو بۆتانەوە، بەشێک لە وانیش سەر بە بۆتان دادەنرێت، هەروەها جۆلەمێرگیش هەیە. سڵاو لەهەموو گەلەکەمان لەو ناوچانە دەکەم. تێکۆشان لەوێ زۆر واتادارە. لەو بڕوایەدام کە بەتایبەتی ئەو لە جۆلەمێرگ ئەنجامی بەهێز بەدەستبهێندرێت.

گۆرەپانی شڕنەخ کە لە بۆتاندایە، شوێنێکی تایبەتە. بۆ تەواوی جوگرافیای کوردستان لە مێژوودا بۆتان بەردەوام بووەتە خاوەنی رۆڵێکی گرنگ، لە مێژووی ئێمەشدا هەمان ئەرک و پەیامی هەڵگرتووە. زۆر قارەمان لە بۆتانەوە سەریان هەڵدا. بۆتان زێدی قارەمانانە. زێدی جومعە و عادل بیلکان، فازلەکان، سەربەستەکان، رۆژهاتەکان، بەدرانەکان، چیچەکەکان، زەلالەکان، نوژینەکان، رۆژینەکان، دژوارەکان، دۆغانەکان، حەمزەکان، ئەحمەد رەپۆکانە. زێدی قارەمانی بەم جۆرەیە. لە بۆتان ئەو هەموو قارەمانیتی، گیانبازی و وڵاتپاریزی ئەنجامدراوە. لە کەسایەتی مەحمود تونجەکاندا رۆحی بەرخودان کە لە جزیرە نیشاندرا، لەسەر تەواوی خەڵکی بۆتان باڵادەستە. هەربۆیە لە تێکۆشانی خەڵکەکەماندا سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و رێزی خۆم پێشکەش بە هەموویان دەکەم.

لە بۆتان دەبێت کارێکی بەرفراوان بکرێت. دەبێت کاری تاکلایەنە نەکرێت. باوەش بۆ هەموان بکرێتەوە. لەو بڕوایەدام کە هەندێک لایەن هەیە کە مێشکی ئاکەپە-مەهەپەیان لە نزیکەوە بینیوە و بە ناچاری بوونە جەردەوان. لەبەر ئەوەی ئەوانەی زیاتر لە هەمووان و لە نزیکەوە چاودێری بۆ دەوڵەتی تورک و مێشکی ئەو دەکەن، ئەوانن. لەو بڕوایەدام هەموو ئەو لایەنانە لە هەڵبژاردندا هەڵوێستێکی وڵاتپارێزی نیشان دەدەن. هیوا و چاوەڕوانیمان بەم جۆرەیە. واتە هەم جەردەوانەکان، هەم عەشیرەتە گەورەکان، هەم رەنجدەران و هەمیش رۆشنبیران لەم کاتە مێژووییەدا لە بۆتان لە رووی گیانبازی و لێبوردەییەوە وەک پێویست گیانبازی دەکەن.

بۆتان هەندێک لایەنی تایبەتی هەیە؛ لەبەر ئەوەش دەوڵەتیش زۆر لە سەر بۆتان راوەستە دەکات. خۆی لە خۆیدا زانیاری دێت کە دەڵێن والی، قائیمقامەکان بە تایبەتی کاردەکەن. هەربۆیە ئەو لایەنانەی کە من باسم کردن، هەڵوێستی دیموکراتیک و خاوەن ئیرادەی کوردستانیان زۆر واتادار دەبێت. سەیر دەکەیت لە شڕنەخ لە ٤ پارتەوە کاندید پێشکەش کراون. رژێمی ئاکەپە-مەهەپەش ئەمڕۆ بەتەواوەتی برسێتی بەسەر گەلدا سەپاندووە، هەژاری و بێکاری هەیە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی داهاتی تورکیایان هەمووی بۆ شەڕ لە دژی کوردان خەرج کردووە. خۆی لە خۆیدا وەزیرەکانیان لە ریگەی کوشتنی گەنجانی کورد پەسنی خۆیان دەدەن. دەڵێن 'ئەوەندەمان لێکوشتن'. ئەوانە بکوژی لەو جۆرەن. هاوکات دزن. ئەو کاندیدانەشی لە پێشکەشیان کردوون بەهەمان شێوەن. ئەو بنەماڵەیە دەبێت ئیتر لە کۆڵ کورد ببێتەوە. وەستانەوە دژی کورد سود بە کەس ناگەیەنێت. دەبێت ئیتر بەم جۆرە نەکەن. هەموو عەشیرەتەکان لە بۆتان، بنەماڵە گەورەکان و گەلەکەمان دەبێت یەکبگرن؛ خۆیان بکەنە ئیرادە. دەبێت کەس نەترسێت. نابێت جەردەوانەکان بترسن، دەبێت بیسەلمینن کە ناکڕدرێن، بڵێن 'ئیرادەی ئێمە لەدەست خۆماندایە'. هەموو کەس دەبێت لەم بابەتەدا دەست بخاتە سەر ویژدان و ئیمانی خۆی دەبێت لە دژی گەلی خۆی کار نەکات. دەبێت خاوەنداری لەگەلەکەی بکات. هیوا و چاوەڕوانیمان لەو خەلکەمان کە تائێستا لەگەڵ ئاکەپە کاریان کردووە ئەوەیە کە ئەم راستیە ببینین و لەم کاتە مێژووییەدا ئەوانیش لەگەڵ گەلەکەیان یەکبگرن.

لەو بڕوایەداین کە گەلە وڵاتپارێزەکەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. لەم کاتە مێژووییەدا بە گوێرەی گیانبازی بەرخودانی مێژوویی بۆتان هەڵسوکەوت دەکەن، یەکێتی خۆیان بونیاددەنێن وبەم جۆرە سەردەکەون. هیوای ئێمە بەم جۆرەیە. وەک دایکانمان وتیان، 'دەنگ بە خۆمان دەدەین'. بێگومان ئەمەش بە پشتیوانی لە کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز دەبێت. ئەگەر هەمووان بەدەوری ئەوان کۆببنەوە، ناوەندی شڕنەخ، جزیر، سلۆپی، هەزەخ، ئەلکێ، قلەبان و باسا بەدەست دەهێنن. ئەو رەنجەی لە هەموو ئەو شوێنانە کێشران، بناغەیان بۆ ئەو سەرکەوتنە ئامادە کردووە. لە سەر ئەو بنەمایە داوا لە هەموان دەکەین کە لەم رێگە بە نرخ و پیرۆزەدا بۆ ئەنجامێکی شکۆمەندانەی نەتەوەیی رەنج بدەن، هەوڵ بدەن. لە دڵ و گیانەوە سەرکەوتن بۆ گەلی بەنرخی بۆتان دەخوازم و بە رێزەوە سڵاو لە هەموان دەکەم".

ژ. ت/ هـ . ب