قەرەیلان: دەبێت گەلەکەمان بەرخودانی ئێمە بە تەنها نەهێڵێت -نوێکرایەوە -

موراد قەرەیلان رایگەیاند، گەلی کورد بۆ بوون و ئازادی تێدەکۆشێت و وتی: "هەتا ئێمە دەوڵەتی تورک تێکنەشکێنین، هیچ کوردێک لە هیچ شوێنێک دا ناتوانێت سەربەخۆ و ئازاد بژی".

فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورک گورز دەخوات، بەڵام دیسانەوە سوورە لەسەر ئەو داگیرکارییە، ئەوەیە لە باشوری کوردستان هاوکارییان دەکرێت و بە شێوەیەکی نهێنی و شاراوە ئەو داگیرکەرییە قبوڵ کراوە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

ماوەی ١٦ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست نەگەیشتووە. هەروەها لە جەژنی قورباندا ڕێگە نەدرا بنەماڵە و پارێزەرەکانی سەردانی بکەن و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. دەیانەوێت چی بکەن و چۆن دەبێت لەم دۆخە تێبگەین؟

پێش هەموو شتێک ١٤ی تەمووز ڕۆژێکی گرنگە بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان و ڕۆژی شکۆی نەتەوەیی و ڕۆژی بڕیاری چالاکیی مەزنە. پێش هەموو شتێک بە ڕێزەوە یادی هاوڕێیان خەیری دورمووش، کەمال پیر، عاکف یەڵماز و عەلی چیچەک دەکەمەوە، کە ئەم چالاکییەیان ئەنجامدا. ئێمە بەڵێنمان پێداون و ئەو بەڵێنەمان بۆ خۆمان کردە بنەما. ڕەنگە کەموکوڕیمان هەبێت، بەڵام ئەمڕۆش هەوڵ دەدرێت تێکۆشان لەسەر هێڵی ئەوان پەرە پێبدەین و بەرەو پێشی ببەین. ڕۆح و هێڵی ١٤ی تەمووز ڕۆح و هێڵی سەرکەوتنە،  ئەمڕۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو ڕۆحە تێکدەکۆشن و هەوڵدەدەن سەربکەون. ئێمە جارێکی تر یادی پاڵەوانەکانی ڕۆژی شکۆی نەتەوەییمان بە رێزەوە دەکەینەوە.

هاوکات ١٢-١٦ی تەمووز لە مێژووی کوردستاندا ڕۆژانی کۆمەڵکوژین. لەو مێژووانەدا کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان ئەنجام دراوە. لە ١٢ی تەمووزی ١٩٣٠دا و لە کاتی ڕاپەڕینی ئاگریدا، داگیرکاریی دەوڵەتی تورک گەلەکەمانی لە دۆڵی زیلان، بە ژنان، مندالان، بە تەمەنەکان و پیرەکانەوە شەهید کرد. ئەمە کوشتار و کۆمەڵکوژییەکی گەورە و دڕندانە بوو. بەفەرمی ئاماژە بە ١٥ هەزار شەهید کراوە، بەڵام باس لەوەکراوە، کە ئەم ژمارەیە بەلایەنی کەمەوە دوو هێندە زیاترە لەو ژمارەیە. ئەو هەموو مرۆڤەمان لە دۆڵی زیلان لەلایەن داگیرکاریی دەوڵەتی تورکەوە شەهید بوون. من بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی دۆڵی زیلان دەکەمەوە. ئێمە درێژەپێدەری رێگا و ئامانجەکانی ئەوانین.

وەک دەزانرێت، کاتێک لە ئاگری ڕاپەڕین گورزی لێدرا، دەوڵەتی تورکی داگیرکار وتی، "خەونی کوردستان لێرە نێژرا"، واتە، وتی،  ئیدی کوردستان مردووە، بەڵام حەوت ساڵ دواتر هەمان کۆمەڵکوژی لە دێرسیم لە سالانی ١٩٣٧-١٩٣٨ ئەنجامدایەوە و لەوێش و  وتیان: "ئیدی لە کوردستان کەس نەماوە سەر بەرز بکاتەوە". دوای ئەم کۆمەڵکوژیانە، بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگییەکی گەورە هەبوو.  هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژی و پاکتاوکارییانە هەڵوێستێکی مێژوویی بوو. ئەو لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیە، کە ڕێبەر ئاپۆ لە دژی کۆمەڵکوژی و دڕندەییەکان ئەنجامی دا، بووە بنەمای تێکۆشان. ئێمە نەوەی ئەو شەهیدانە، لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووین و ڕاپەڕین. لە کەسایەتیی هەڤاڵانی زیندانی ئامەد دا جارێکیتر بینیی، کە دەیانەوێت گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکەنەوە.

هاوکات سەرکەوتن بەرامبەر ئەو  کۆمەلکوژییانە و سەرفیرازیی هەڵوێستی ١٤ی تەمووز لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییانە ئەوەی  دەریخست و سەلماند،  ئەو زوڵمە لە قەڵای ستەمدا تێکچووە و بە کوشتن گەلی کورد کۆتایی نایەت. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەو گۆڕە،  کە گوایە کوردستانی تێیدا نێژرابوو بە بەرخۆدانی ١٤ی تەمووز تێکشکێنرا. ئێمە دەزانین هەڵمەتی ١٥ی تەباخ لەسەر بنەمای ڕۆحی ١٤ی تەمووز پێکهات. بەو خەبات و تێکۆشانە، ئەو کوردانەی، کە پێیان وابوو ئیدی مردوون، دیسانەوە زیندوون، دیسانەوە بووەتەوە بە گەلێکی خۆڕاگر وبەرەنگار، هەم لە خۆیان و هەم خاوەندارییان لە دۆزی خۆیان کرد. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم رێگا و رێپێوانە بەردەوامە.

لەم چوارچێوەیەدا، دەتوانم وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە. داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بە هەڵوێست و کردارەکان و سزاکانی خۆی بە ڕێبەر ئاپۆی وت: "من کێشەی کوردم چارەسەر کرد (مەبەستی ئەوەیە بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن و سڕینەوە چارەسەری کردوە)، بەڵام تۆ راپەڕیت، تۆ دیسانەوە کوردت زیندوو کردەوە'. بەم شێوەیە لەلای خۆیەوە ڕێبەرایەتی تاوانبار دەکات و دەڵێت، "تۆ بوویتە هۆی ئەوە ئەم کێشەیە دیسان زیندوو بێتەوە و بکەوێتە ناو رۆژەڤ و بەرنامەی کارەوە"، بۆیە ئەوان ئەمڕۆ ڕووی هێرش و گوشارەکانیان بۆ سەر ڕێبەرایەتییە.

هیچ نموونەیەک لە شێوەی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا بەدی ناکرێت و نییە. ئەوە سیستەمێکە، کە هیچ نموونەیەکی نییە. پێشتر کەسێک لەوێ بوو و لەم چەند ساڵەی دوایشدا سێ هەڤاڵی تریش لەوێن. ئەوان لە جیهان دابڕێنراون. وەک ئێوەش وتتان، سەرباری ئەوەی جەژن بوو، سەرباری ئەوەیى گەلەکەمان و دۆستانمان داوای بینین و چاوپێکەوتنیان هەیە، بەڵام بەڵام کەس گوێ لە داخوازییەکانیان ناگرێت، چونکە لە ئیمراڵی سیاسەتی پاکتاوکردن هەیە. نە ماف، نە یاسا، نە ڕەوشت و نە مەردبون هیچیان لەوێ نییە. هەموو شتەکان پێشێلکراون، تەنیا لەوێ بە یاسای داگیرکاری کار بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوە دەکرێت.

بێگومان ئەمە تەنها لە دژی رێبەر ئاپۆ و هەر سێ هەڤاڵی ئەوێ ئەنجام نادرێت. ئەم سیستەمە لە دژی هەموو گەلەکەمان و دیموکراسی هەرێمەکە بەڕێوەدەبرێت. بۆ گەلەکەشمان نکۆڵیکردن، لەناوبردن، سڕینەوە و سیستەمی جینۆساید و پاکتاوکارییان دەستپێکردووە، بۆ گەلانی نوچەکە فاشیزم، زوڵم، دڵڕەقیی و دیکتاتۆری دەستبەکار بووە. بەم شێوەیە دەیانەوێت بەو سیستمە رێگە لە داخوازیەکانی دێموکراسی و ئازادی و یەکسانی بگرن. ئەو سیستەمە، کە دەوڵەتی تورک لە ئیمراڵی دایمەزراندووە، ئەو ڕۆڵەی هەیە.

لایەنە دیمۆکراتیک و ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا باش لەو ڕاستییە تێنەگەیشتوون و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و ڕاست دروست هەڵوەستەیان لەسەر نەکردووە، بۆیە دژایەتیی گۆشەگیرییان نەکرد. ئەوەش بووە هۆی بەهێزبوونی ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە. دەبێت لە تورکیا هەموو ئەو کەسانە، کە دەیانەوێت دیموکراسی بچەسپێت و لە دژی ئەم ڕژێمەن، دەبێت دژی سیستمی ئیمرالی و گۆشەگیری بن،  چونکە هیچ ماف و یاسا و ئەخلاقێک لەم سیستەمەدا نییە، هەموو شتێک لەم سیستەمەدا پێشێل کراوە، لەم سیستەمەدا ئەشکەنجە و پاکتاوکردن هەیە، ئەگەر تۆ ئەمە بە ئاسایی بزانیت ئەوا لە هەموو شوێنێک ئەم سیستەمە جێبەجێ دەکەن، هەر خۆی هەوڵەکانی رژێمی فاشیست ئێستا بۆ ئەمەیە، سیستمی ئیمرالییان بەسەر هەموو زیندانەکانی کوردستان و تورکیا بڵاوکردووەتەوە و ئێستاش لە دەرەوەی زیندانەکان لە هەموو شوێنێک دەیچەسپێنن. بارودۆخێکی وەها لە گۆڕێدایە.

بۆیە هەموو ئەوانەی لە تورکیا لایەنگری دیموکراسین و دژی فاشیزمن و یەکسانییان دەوێت، دەبێت لە دژی سیستمی ئیمراڵی بن.  تەنها وتنی 'من دژ بە گۆشەگیریم' مانای ئەوە نییە، کە مرۆڤ لە دژی ئەو سیستەمەیە. ئەگەر مرۆڤ تەنها بەو سیستمە بڵێت، گۆشەگیری، ئەو بە باشی ناتوانێت سیستەمە ڕاستەقینە تێبگات و باسی بکات. تەنیا وشەی گۆشەگیری ناتوانێت گوزارشت لە سیستمی ئیمرالی بکات. دەوترێت کە "گۆشەگیریی رەها هەیە"، بەڵام ئەوەش بە باشی جێگەی خۆی ناگرێت چونکە فاشیزم سیستەمێکی جینۆساید و پاکتاوکردنی لە کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، لەبەر ئەوە ناوەڕۆکەکەی زۆر فراوانە. بە کورتی ئەگەر مرۆڤ دژایەتی ئەوە نەکات و لە دژی نەوەستێتەوە و تێنەکۆشێت، ئەوا ئەستەمە لە تورکیادا شتێک بەناوی دادپەروەری، یاسا و دێموکراسی بەدی بێت، بۆیە پێویستە لەم چوارچێوەیەدا تێکۆشان هەڵبسەنگێنرێت.

ماوەی ١٦ مانگە کەس ئاگاداری ڕێبەر ئاپۆ نییە. هەندێکجار ئەردۆغان خۆی بە مەبەستی شەڕی دەروونی هەندێک قسە دەکات. هەڤاڵانمان پێشتر چەند هەڵسەنگاندنێکیان لەم بوارەدا کردووە، بۆیە نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە، یان دووبارەیان بکەمەوە، بەڵام ڕوونە بۆچی سیستمەکە ئەم شتانە دەهێنێتە ڕۆژەڤ و ناو ڕای گشتییەوە. لەکاتی جەژندا ڕێگەیان بەبنەماڵەی ڕێبەرایەتی و هەڤاڵانی نەدەدا، کە لەگەڵیاندا کۆببنەوە  و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. سەرنج بدە ئێمە لە سەردەمی پەیوەندیداین، جیهان زۆر بچووک بووەتەوە، یەکێک لەو سەری جیهانەوە دەتوانێت لە یەک چرکەدا قسەى لەگەڵ ئەوی تر لەو سەری جیهان دا بکات. ئەو دانوستانانە بەڕێوەدەچن،  بەڵام کەس نازانێت، ماوەی ١٦ مانگە لە ئیمرالی چی ڕوودەدات. لە کوێ ئەوە نموونەی هەیە؟ لە هیچ کوێ.

ئەوان سیاسەتی گۆشەگیریی ڕەها، فاشیزم و کۆمەڵکوژی پەیڕەو دەکەن، بەڵام هێشتا ناتوانن ڕێگری لە ڕێبەرایەتی بکەن، چونکە بیروبۆچوونەکانی ڕێبەرایەتی ئێمە دیوارەکانی گۆشەگیریی شکاندوە، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو بە سەرتاسەری ناوچەکە و جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئیتر مرۆڤ نەک وەک نزیکایەتییەکی مرۆییانە، بەڵکو لەبەر ئەوەى بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆیان پێ باشە، پشتیوانی و خاوەنداریی لێدەکەن و ئازادیی ئەویان دەوێت. ئەمڕۆ بۆ ئازادی ڕێبەرایەتی سەندیکاکان، لایەنە دیموکراتیکەکان و کەسایەتییە ناودارەکان لە جیهاندا تێدەکۆشان و هەڵمەت و کەمپەین ئەنجام دەدەن. داگیرکاریی دەوڵەتی تورک نەیتوانیوە ڕێگری لە ڕێبەرایەتی بکات، ڕێبەرایەتیی ئێمە لەڕووی جەستەییەوە و لە ژێر گۆشەگیریدایە، بۆیە دەبێت ڕێبەرایەتیمان لە ڕووی جەستەییەوە ڕزگار بکەین. دەبێت لەم بوارەدا تێکۆشانمان زیاتر بکەین. ڕاستە ئێمە رایدەگەیەنین، کە پێویستە هەموو لایەنگرانی دیموکراسی لە تورکیا تێبکۆشن بکەن، بەڵام ئەمە لە پێش هەموو شتێکەوە ئەرکی ئێمە، گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمانە. لەم بوارەدا دەبێت ڕەخنە لەخۆمان بگرین، بێگومان کەموکوڕیمان هەیە، بۆیە دەبێت تێکۆشان گەشتر و بەهێزتر بکەین و سیستمی ئیمراڵی لە ناو ببەین. بەم شێوەیە دەکرێت کوردستان ئازاد بکرێت و تورکیا دیموکراتیک بکرێت، جگە لەوە هیچ ڕێگایەکی تر نییە.

ئەو شەڕە، کە بە هێرشی داگیرکاری بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی پێکرد، سێ مانگی تێپەڕاندووە، ئێوە دەتوانن لەبارەی ئەو جەنگەوە چی بڵێن؟

لە بنەڕەتدا دەوڵەتی داگیرکەر و پاکتاوکاری تورکیا دەیخواست لەم چوار ساڵەی ئەمدواییەدا دید و کۆنسێپتی نوێی خۆی جێبەجێ بکات و باشووری کوردستان داگیر بکات. بۆ ئەوەش دەیخواست لە پێش هەموو شوێنەکانەوە خواکورک، پاشان حەفتانین و دوای ئەوەش گارە داگیر بکات، وەک دەشزانرێت هێرشیشی کردە سەر مەتینا و زاپ و ئاڤاشین، ئەو بە فراوانی هێرشی کردە سەر ئەو شوێنانە،  بەڵام پلانەکەیان شکستی هێنا. ئەمساڵ ئەو هێرشانەى بە فراوانی ئەنجامدا، بە بەکارهێنانی شێواز و میتۆدی تەکنیکی ئەو کارەی کرد.   لە ١٤ی نیسانەوە دەستیپێکرد، هەروەک ئەوەی ئێوە باستان کرد، ئەو هێرشە سێ مانگی تێپەڕاندووە.

کاتێک دەوڵەتی تورک ئەو هێرشەی دەستپێکرد، لە ڕاگەیاندن و میدیاکانی خۆی زۆر قورسایی خستبووە سەری، بەڵام دوای ٣ بۆ ٤  ڕۆژ بۆیان دەرکەوت، کە حساباتەکانیان یەک ناگرێتەوە، کاتێک بینییان گورز دەخۆن بە هێواشی لە ڕۆژەڤ و کارنامەی هەڵانانەوە دەریانهێنا و ئێستا بە ڕاگەیاندراوی کورت و بە چەند ڕستەیەکی کەم و چەند وشەیەک باسی دەکەن، چونکا دەیانەوێت ڕاستیەکە لێرەدا  بشارنەوە. بەڕاستی ئێمەش ناتوانین بە باشی شەڕی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بە ڕای گشتی بگەیەنین، دەتوانین بڵێین، کە لەسەدا ٢٠ی ئەوەی ڕوودەدات و هەیە بە ڕای گشتی دەگەیەنرێت. زۆر شت بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و مرۆڤ ناتوانێت ڕایبگەیەنێت و بڵاوی بکاتەوە. لەو ڕووەوە کەموکوڕیمان هەیە.

ئەمڕۆ لەوێ شەڕێکی زۆر گەورە هەیە. لە ئاڤاشینەوە بۆ مەتینا، لە ناوچە و گۆڕەپانێک بە فراوانیی ٦٠ کیلۆمەتر، شەڕێکی گەورە هەیە. بەلانیکەمەوە لە ٥٠ شوێن دا لە نێوان هەڤاڵان و سەربازانی دوژمن دا مەودای ١٠٠ مەتر هەیە. ئەمە شەڕێکی زۆر قورسە.   ئێمە ئێستا لەوێ تاکتیکێکی نوێ بەکاردەهێنین، ئێمە ناکشێینەوە. هەڤاڵانمان لە پشت دوژمنەوەن. بۆ نمونە ئێستا لە کۆڕەژارۆ شەڕێک هەیە، بەڵام لە پشت ئەوەوە لە گەلیی نێروەش شەڕ هەیە. لە وەرخەل شەڕ هەیە، بەڵام لە شوکێ-یش شەڕ هەیە، لەوێش چالاکی ئەنجام دەدرێن. حاڵەتێکی وەهایە، کە ئەوان لە ناو یەکدان و پێکەوە بەستراون. لەچەند بەشێکی ئەم جوگرافیایەدا و لە هەندێک شوێندا بە ئەندازەی ١٥ و لە هەندێک شوێنی تردا بە ئەندازمی ٢٠ کیلۆمەتر بە بەردەوامی و هەمیشەیی شەڕ هەیە. لە هەمان کاتدا بۆردومانێک هەیە، کە بەبێ ڕاوەستان بەردەوامیی هەیە.

دیارە ئەم ساڵ دوژمن خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی سەربکەوێت، ئامادەکاریی سیاسی و دیپلۆماتیکی کردووە، بۆ ئەوەی هێزەکانی باشووری کوردستان دەنگ نەکەن و بێدەنگ بن و ببنە یارمەتیدەر، بۆ ئەوەی عێراق دەنگ نەکات و هێزە جۆراوجۆرەکانی دەرەوە ببنە یارمەتیدەریان، هەم کارێکی دیپلۆماسیان ئەنجامداوە و هەم تاوەکو ئاستێک دیارە، کە ئامادەکاریی تەکنەلۆژی و سەربازییشیان کردووە. بەم شێوەیە دەیانەوێت داگیر بکەن.

به‌پێی پلانی ئه‌وان له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌نجامیان به‌ده‌ستبهێنایه‌. باخچه‌لی له‌ قسه‌كانیدا وتبووی ‘له‌نێوان دوو جه‌ژندا ئێمه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو ده‌به‌ین‘ واته‌ به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وان، ئه‌وان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌نجامێكیان به‌ده‌ستبهێنایه‌. لێره‌دا باس له‌ دۆخی گشتی ده‌كه‌ن، ته‌نیا باسی زاپ، ئاڤاشین و مه‌تینا ناكه‌ن. به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش به‌رخودانی هه‌ڤاڵانیش مێژووییه‌. به‌رخودانێكی زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌. زۆر له‌ هه‌ڤاڵانمان له‌ قسه‌كانیاندا باسیان له‌وه‌كرد. ئه‌وه‌ راسته‌. تائێستاش له‌م سێ مانگه‌دا سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك خاوه‌نی زۆر توانا و ده‌رفه‌ته‌ و له‌ ده‌ریشه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌ هێزێكی زۆره‌وه‌، به‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی پێشكه‌وتوو له‌ هه‌مووی گرنگتر به‌ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراویش هێرشی كردووه‌، تائێستا هیچ ئه‌نجامێكیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. ئاشكرابوو كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك ره‌نگه‌ هه‌ندێك هێزی خۆی بۆ رۆژئاوا یا خود بۆ هه‌ندێك شوێنی تر ئاماده‌ كردبوو به‌ڵام له‌م شه‌ڕه‌ی زاپ، ئاڤاشین و مه‌تینادا ناچاربوو هه‌موو هێزه‌ یه‌ده‌گه‌كانیشی بخاته‌ ناو شه‌ڕه‌وه‌.له‌سه‌ره‌تای مانگی ته‌مموزه‌وه‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی سه‌ر به‌ سوپای گشتییان خسته‌كار. ئه‌و هێزێكی زۆر بژارده‌یه‌. له‌ چه‌مچۆ و شاخی ئامێدی ئه‌و هێزه‌ هه‌ره‌ بژارده‌یه‌ی خۆیان خسته‌ كار. دوژمن چ چه‌كێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت له‌م شه‌ڕه‌دا به‌كاریده‌هێنێت. وه‌ك ئێمه‌ زۆر جار ده‌ڵێین زۆر جۆره‌ی چه‌كی كیمیایی به‌كارده‌هێنن. به‌ڵام له‌و دواییه‌دا وه‌ك هه‌ڤاڵانیش رایانگه‌یاندبوو، ئێمه‌ش باسمان لێكرد ئیتر چه‌كی تاكتیكی ئه‌تۆمی به‌كارده‌هێنن. له‌ راستیدا ئێمه‌ ١١ مانگه‌ له‌و باره‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین. ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین تێبگه‌ین ئه‌وانه‌ چ چه‌كێكن و چۆن به‌ كارده‌هێنرێن. ته‌قه‌مه‌نیه‌كی ئاسایی نییه‌. هه‌ڤاڵان هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه‌، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌په‌گه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانمان به‌رده‌وامه‌.

ئێستا ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ دوو بۆمبی نوێ به‌كارده‌هێنرێت. یه‌كیان بۆمبی ئه‌تۆمی تاكتیكی به‌ كارده‌هێننن واته‌ هه‌ندێك ته‌قه‌مه‌نی جیا و مادده‌ی ئه‌تۆمی تێكه‌ڵده‌كه‌ن، ده‌یكه‌نه‌ ته‌قه‌مه‌نی و ژه‌هرێكی زۆر به‌هێزه‌. بۆمبی ته‌رمۆباریكیش به‌كارده‌هێنن. هه‌ر دوو جۆره‌كان به‌كارده‌هێنن. به‌ كورتی له‌ده‌ستیاندا چ چه‌كێكی قه‌ده‌غه‌كراو هه‌بێت رژێك فاشیست هه‌رهه‌موویان له‌ به‌رامبه‌ر ئێمه‌ به‌كارده‌هێنێت. ئێف ١٦ خۆی له‌ خۆیدا به‌كارده‌هێنێت، له‌ سێ مانگدا ٢.٥٠٠ هێرشی ئاسمانی كردووه‌. ئێستا به‌و جۆره‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن، شه‌ڕێكی له‌م جۆره‌ مه‌گه‌ر له‌ نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا رووبدات.

دوای سێ مانگ ده‌توانرێت ئه‌مه‌ بوترێت: ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌نجامی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا شكستی هێناوه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌ی خۆی په‌رده‌پۆش بكات، ئه‌وان دوایین هێزه‌كانی خۆیان خستووه‌ته‌كار به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ش گورزی قورسیان به‌ركه‌وتووه‌. له‌ هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ هاتوون گورزیان لێدراوه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌نجامێك به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام دانی پێدا نانێت. ئه‌گه‌ر ته‌یب ئه‌ردۆغان و خولوسی ئاكار دان به‌و ره‌وشه‌دا بنێنن، رژێمی ئێستا راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڕوخێت سانسۆرێكی گه‌وره‌ ده‌خاته‌ سه‌ر راستی شه‌ڕ. كه‌س ناتوانێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ زانیاری بڵاوبكاته‌وه‌. زانیارییه‌كان هه‌مووی له‌لایه‌ن خولوسی ئااره‌وه‌ ده‌درێت. كه‌سێكی تر ناتوانێت له‌و باره‌وه‌ شرۆڤه‌ بكات.

مردووانی خۆیان ئاشكرا ناكه‌ن، هه‌موو شت ده‌شارنه‌وه‌ له‌ راستیدا به‌ بێ ئابڕووییه‌كی گه‌وره‌وه‌ ده‌جوڵێنه‌وه‌. نه‌ك هه‌ر یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی شه‌ڕ پێشێل ده‌كه‌ن، پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقیه‌كانیش بنپێ ده‌كه‌ن. سه‌ربازانیان ده‌مرن، به‌ڵام ناتوانن لێره‌ بیانبه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان له‌ ناو ببه‌ن به‌ فڕۆكه‌ بۆردومانیان ده‌كه‌ن و پارچه‌پارچه‌یان ده‌كه‌ن. ئه‌و شوێنه‌ی ته‌رمه‌كانی تێدان بۆردومان ده‌كه‌ن. بۆ نمونه‌ له‌ ئه‌شكه‌وتی برینداران له‌ رۆژهه‌ڵاتی زاپ به‌ هۆی بۆنی ته‌رمه‌كان ناتوانن بجوڵێنه‌وه‌. له‌به‌ر ه‌ئوه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ پارچه‌ی ته‌رم پڕ بووه‌ و هه‌موویان بۆردومان كراون. ئاخۆ چی به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ ده‌ڵێن، مرۆڤ تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت.

له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێشتر رێوشوێنیان گرتبووه‌ به‌ر. كاتێك ئه‌و سه‌ربازانه‌ خۆیان بۆ سه‌ربازی ناونوس كردبوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیشیان به‌ڵگه‌نامه‌یان واژۆ كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وان تۆماری ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێی به‌رچه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بكات ده‌بێت بیشارنه‌وه‌، راینه‌گه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بجوڵێنه‌وه‌، ده‌بێت گه‌رنتی بده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێ له‌شه‌ڕدا بمرێت، مووچه‌یه‌كی زۆر ده‌ده‌نه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی. به‌ هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی ئه‌و مووچه‌یه‌ كه‌س قسه‌ی له‌سه‌ر ناكات. بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربازه‌كانیش قسه‌ ناكه‌ن. یه‌ك دووانیان قسه‌ ده‌كه‌ن. بۆ نمونه‌ ته‌رمه‌كانیان به‌ ده‌ست هه‌ڤاڵانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام باسی ناكه‌ن. هه‌ڤالان ناوی ئه‌وانیان راگه‌یاند، به‌ڵام دیسانیش قسه‌ ناكه‌ن. له‌ باره‌ی ه‌و سه‌ربازانه‌ی له‌شه‌ڕ به‌رامبه‌ر هه‌ڤاڵاندا مردووه‌، ده‌ڵێن 'گواستمانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و له‌وێ مرد'. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ چیایه‌. واته‌ هه‌موو شتێك به‌ درۆ به‌ڕێوه‌ده‌بات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شكستیان هێناوه‌ له‌ باشور، مه‌خمور و رۆژئاوا هێرشده‌كاته‌ سه‌ر ناوچه‌ی مه‌ده‌نی نششین و هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر گه‌له‌كه‌مان له‌ باكور و سیاسه‌تی دیموكراتیك. به‌ شێوه‌یه‌كی دوور له‌ پێوان ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

بێگومان وه‌ك هه‌ڤاڵان وتیان، ئه‌گه‌ر هێزێكی فیدایی نه‌بووایه‌ ئه‌و شه‌ڕ نه‌ده‌تواندرا به‌ڕێوه‌ببرێت. بێگومان ئێمه‌ هێزه‌كه‌مان له‌ هزر و رامانی رێبه‌ر ئاپۆ وه‌رده‌گرین، له‌ سه‌ر بنه‌مای گیانی ١٤ی ته‌مموز گه‌یشتووینه‌ته‌ ئاستێك.ئێمه‌ خاوه‌ن بڕواین و ئاماده‌ین كه‌ خۆمان فیدا بكه‌ین. لایه‌نێكی به‌و جۆره‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌. له‌ هه‌مان كاتدا شێوازێكی تاكتیكیش هه‌یه‌. له‌ قوڵایی تاكتیكیدا ئاستێك به‌ده‌ستهێنراوه‌ و پێرفۆرمانسێك هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ڕ هێز پسپۆڕ ه‌بێت و شێوازی شه‌ڕ نه‌زانێت، ناتوانێت به‌رپه‌رچی ئه‌و هه‌موو هێرشه‌ به‌رفراوانه‌ بداته‌وه‌. لێره‌شدا هێزه‌كانمان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستێك. واته‌ ئاماده‌كاری هه‌یه‌. له‌ رووی سه‌ربازی پڕۆفیشناڵه‌وه‌ بۆ شكستدانی هێزێكی گه‌وره‌ی دوژمن به‌ هێزێكی بچوك، له‌ قوڵایی تاكتیك و شه‌ڕدا گه‌یشتووته‌ ئاستێك. به‌م جۆره‌ ده‌توانرێت ئه‌نجام به‌ده‌ست بخرێت.

ئێستا ئێمه‌ شێوازێكی نوێی ته‌كنیكی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ ستراتیژی شه‌ڕی گه‌لی شۆڕشگێڕ شكست به‌ دوژمن بهێنین. ئامانجی شێوازی تاكتیكی نوێمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی دوژمن به‌هێز ده‌كه‌ن ئه‌و چه‌كانه‌ له‌ناو ببه‌ین. به‌ وته‌یه‌كی تر، ئامانجی به‌كارهێنانی زه‌وی –ژێرزه‌وی و هه‌روه‌ها قوڵایی به‌رفراوانی گشتیی رووبه‌ریی زه‌مینی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزی ئاسمانی دوژمن بێ واتا بكه‌ین، فڕۆكه‌ سیخوڕییه‌كان بیَ ئه‌نجام بن و به‌م جۆره‌ رووبه‌ڕووی دوژمن بێته‌وه‌. ئامانجه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ و زۆرجار ده‌سته‌به‌ر كراوه‌. ره‌نگه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی هه‌بن، ئه‌مه‌ راسته‌، به‌ڵام زۆربه‌ی جار وابووه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش دوژمن ته‌نگی پێهه‌ڵچنراوه‌. واته‌ ئه‌وان ده‌یانوت 'به‌ هێزی ئاسمانی خۆمان ئه‌نجام به‌ده‌ستده‌هێنین'. ئه‌وه‌ رووینه‌دا، نه‌یانتوانین، ئێستاش ده‌ڵێن 'ئێمه‌ به‌ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو ئه‌نجام به‌ده‌ستده‌هێنین'. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ڤاڵان رێوشوێن ده‌گرنه‌به‌ر و هێرشه‌كان پوچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌. گه‌ر رێوشوێنی پێویستمان به‌رامبه‌ر ئه‌و چه‌كه‌ كیمیاییانه‌ نه‌گرتایه‌، له‌ راستیدا زیانێكی گه‌وره‌مان به‌ربكه‌وتایه‌. ئه‌گه‌ر زیانی زۆری نه‌داوه‌، هۆكاره‌كه‌ی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌ له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌. ئێمه‌ ده‌توانین به‌ رێوشوێنی ته‌كنیكی و شێوازی پراكتیكی كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانه‌وه‌ تاقیكراونه‌ته‌وه‌، هێرشه‌كان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌. به‌ڵام دوژمنیش ئیتر له‌وه‌دا پێداگری ده‌كات. واته‌ دوژمن هیچ ئه‌نجامێكی به‌ده‌ستنه‌هێنا، به‌ڵام پێداگری ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش شه‌ڕ تا دێت درێژتر ده‌بێت، هه‌ر به‌م جۆره‌ش درێژده‌بێت. به‌م جۆره‌ دیاره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نایانه‌وێت راستی شكستی خۆیان قبوڵ كه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگری ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ لێره‌ ئه‌و هه‌موو ره‌نجه‌مان كێشاوه‌، ئه‌م شه‌ڕ بۆ ئێمه‌ش گرنگه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێگری له‌ داگیركه‌ر و فاشیزمی دوژمن بكه‌ین و دوژمن به‌ره‌و شكست ببه‌ین. هه‌ر بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ و ئێمه‌ پێداگری ده‌كه‌ین. ئێستا شه‌ڕ له‌و چوارچێوه‌دا به‌رده‌وامه‌.

یه‌كه‌م جار كه‌ سوپای تورك له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ زیانه‌ گیانیه‌ی به‌رده‌كه‌وێت. ئێوه‌ ئه‌مه‌ به‌ چییه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، بۆچی هه‌موو ئه‌وانه‌شیان له‌به‌ر چاو گرتوه‌؟

به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌بێت بزانرێت كه‌ زیانه‌ گیانییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك یه‌كجار زۆرن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاماری سێ مانگدا هاتووه‌. زیانه‌ گیانیه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك هه‌زار و ٥٠٠ زیاتره‌، به‌ڵام تائێستا ٣٠-٤٠ كه‌سیان راگه‌یاندووه‌. وه‌ك وتم، سانسۆرێكی زۆر هه‌یه‌، راستییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای توركیا ده‌شارنه‌وه‌. ته‌یب ئه‌ردۆغان و خولوسی ئاكار له‌و ئه‌نجامه‌ به‌رپرسیارن. واته‌ سه‌ربازه‌كان ده‌نێرن، به‌ڵام بۆیان گرنگ نییه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو مرۆڤه‌ ده‌مرن یان نا. ده‌ڵێن 'بڕۆن ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنن'. ئه‌وانیش دێت، یان ده‌كوژرێن، یان ده‌كه‌ونه‌ داوه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وان له‌مه‌ به‌رپرسیارن. ئه‌وان بكوژن. به‌م جۆره‌ ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتداری خۆیان بپارێزن. بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بۆ رێگریگرتن له‌ روخانی رژێمه‌كه‌یان ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌كه‌ن، دوژمنایه‌تی كوردان ده‌كه‌ن. سه‌ربازی تورك تا ئامێدی چ كارێكیان هه‌یه‌ بۆچی دێن؟ به‌ گه‌لی تورك ده‌ڵێن، 'داهاتووی ئێمه‌ له‌وێ ده‌سته‌به‌ر و مسۆگه‌ر ده‌بێت'. ده‌سته‌به‌ركردنی داهاتووی تۆ له‌وێ نییه‌، تۆ گه‌لت برسی كرد، ئێوه‌ بۆخۆتان مه‌ترسین بۆ سه‌ر توركیا! واته‌ گه‌لی كورد و ده‌ستكه‌وته‌كانی وه‌ك مه‌ترسی بۆ توركیا نیشان ده‌ده‌ن. به‌م جۆره‌ ده‌یه‌وێت هه‌ستی شۆڤینیستی له‌ناو گه‌لی تورك زیندووبكاته‌وه‌، ئه‌و هه‌ستانه‌ گه‌وره‌ بكات و به‌ره‌و كوردستان ئاراسته‌یان بكات. چ كارێكیان له‌ باشووری كوردستان هه‌یه‌؟

خولوسی ئاكار په‌سنی خۆی ده‌دات كه‌ له‌ ماوه‌ی ٧ ساڵدا ٢٧ هه‌زار كوردی كوشتووه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ درۆ ده‌كات. گه‌مه‌ به‌ ژماره‌كان ده‌كات. ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ شه‌هیدمان نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌و ٧ ساڵه‌دا هه‌زاران شه‌هیدمان داوه‌. هه‌ڵبه‌ت شه‌هیدمان هه‌یه‌. واته‌ ده‌ستیان به‌ خوێنی ئێمه‌ سوره‌. ده‌ستیان به‌ خوێنی گه‌نجانی كورد و تورك سوره‌. گه‌نجانی تورك و كورد ده‌كوژن و ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیان بده‌ن. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بێ هه‌ژمار سه‌ربازی خۆیان ده‌نێنرنه‌ هه‌موو شوێنێك به‌م جۆره‌ ژماره‌ی مردووه‌كانی خۆیان زیاد ده‌كه‌ن. به‌ڵكوو ئه‌م سه‌رده‌مه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك زۆرترین زیانی گیانی به‌ركه‌وتووه‌. واته‌ تا ئێستا زۆر جار هێرشی ئه‌نجامداوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ساڵانی ٩٠ له‌ دژی باشوری كوردستان ئۆپراسیۆنی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام له‌ هیچ هێرشێكدا هێنده‌ی ئێستا زیانی گیانی به‌ركه‌وتووه‌. ئۆپراسیۆنه‌كانی پێشووتر به‌ زۆری نزیكه‌ی مانگێك به‌رده‌وام ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا له‌م شه‌ڕ چوار ساڵانه‌دا له‌ باشور به‌رده‌وام هێرش ده‌كرێت، ته‌نیا له‌م سێ مانگه‌ی دواییدا شه‌ڕ به‌ شه‌و و رۆژ به‌رده‌وامه‌.

له‌م شه‌ڕه‌دا زیانی گیانی ئه‌وان زۆر زۆرن، به‌ڵام ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌سه‌ر مردووان لێكدانه‌وه‌ بكه‌ین. مه‌به‌ستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئێوه‌ ناتوانن به‌ كوشتن بگه‌نه‌ ئه‌نجام! ئێوه‌ ناتوانن به‌ كوشتن په‌كه‌كه‌ پاكتاو بكه‌ن! ئێوه‌ ناتوانن به‌ كوشتن كورد له‌ ناو ببه‌ن! ئێوه‌ ناتوانن به‌ كوشتن دۆزی ئازادی كوردستان بوه‌ستێنن! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆزی ئازادی كوردستان به‌ گیانی ١٤ی ته‌مموز دامه‌زراوه‌، ئه‌م گه‌له‌ راستیه‌كه‌، ئه‌م پارته‌ راستیه‌كه‌، گه‌ریلاكانی كوردستان راستیه‌كن! ئێوه‌ ئیتر ناتوانن شكیتی بده‌ن! ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ به‌و بیركردنه‌وه‌ شۆڤینیستیه‌ نیشان بده‌ین. گه‌ریلاكانی ئازادی كوردستان شكست ناهێنن. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌مه‌ بسه‌لمێنین. جیا له‌وه‌ مه‌به‌ستی ئێمه‌ كوشتنی زیاتری مرۆڤه‌كانه‌. نا! ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت مردن بوه‌ستێنرێت. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت رێگری له‌ مردنه‌كان بكه‌ین. هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ شه‌ڕی پاراستنی شۆڕشگێڕی شكۆمه‌ندانه‌ ده‌كه‌ین. ئێمه‌ شكۆ و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌پارێزین. ئێمه‌ ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو هێزه‌ دیموكراتیكه‌كان ده‌پارێزین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌كه‌ین. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ بۆ گه‌لی كورد و دیموكراسی گه‌لانی هه‌رێمه‌كه‌ هه‌موو مه‌ترسیه‌كان ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاو و به‌ گیانی فیداییبوونه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ین. گه‌ر دۆزێكی به‌م جۆره‌ نه‌بووایه‌، بۆ خۆ گیانی خۆمان دۆزیوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م دوژمنه‌ به‌رخودان ئه‌ركێكی پیرۆزه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆڕاگری ده‌كه‌ین. هه‌موو هاوڕێیانمان به‌م هه‌ستانه‌، به‌و بڕوا و ئیراده‌یه‌ خۆیان وه‌ك شێر و قاره‌مانانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ دۆزێكی پیرۆزه‌. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ ژیانی ئازاد ده‌توانرێت به‌م جۆره‌ ده‌سته‌به‌ر بێت. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ ئازادی كۆمه‌ڵگا ئازادی گه‌لان لێره‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ هه‌موو مه‌ترسیه‌كان له‌به‌ر چاو ده‌گرین و هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ تا كۆتایی به‌رده‌وام ده‌بین و ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین.

بەڵام دوژمن خەیاڵ دەکات. کورد وەک دوژمنی خۆی دەبینێت و پەکەکە وەک دوژمن پیشان دەدات، دەڵێت ' مەترسی لەسەر ئێمە هەیە' و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات دەسەڵاتەکەی بپارێزێت. دەیەوێت بە کوشتن بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی بدات. واتە دەیەوێت لەناومان ببات و هەبوونی خۆی هەمیشەیی بکات، بەم شێوەیە خۆی لەنێو کۆمەڵگادا بە قبوڵکردن بدات. بۆیە شەڕ دەکات، بەڵام شەڕی ئێمە شەڕێکی دادپەروەرانەیە. لەسەر بەهای مرۆڤایەتی دروست بووە. بۆیەش هەر میلیتانێکی ئەم تەڤگەرەکە لەسەر رۆحی ١٤ی تەمووز بە خۆشەویستی، فیداکاری و بوێریەکی زۆریەوە تێدەکۆشێت و لەسەر ئەم بناغەیە سەردەکەوین.

لە قسەکانی پێشووتاندا وتبووتان، " ئێمە ئەم شەڕە بۆ پاراستنی باشور دەکەین." لەسەر ئەم بابەتە بانگەوازیتان بۆ زۆر ڕێکخستن و پارتەکانی باشوری کوردستان هەبوو. لێرەدا پێشکەوتنێک هەیە یان نا؟

بێگۆمان ئەم شەڕەی کە بەڕێوەدەبرێت، بەر لە هەموو شتێک بۆ پاراستنی باشوری کوردستانە، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان و هەموو کوردستانە. جگە لەوە، ئەم شەڕە بە تەنها بۆ ئەوەش نییە، بۆ بەهای دیموکراتی و هەبوون و ئازادی هەموو گەلەکەمانە. لەبەرئەوەی دوژمن بە تەنها دوژمن پارچەیەک نییە، دوژمنی هەموو کوردستانە. ئەم دوژمنە دەیەوێت کورد لە هیچ شوێنێک نەبێتە خاوەن دەستکەوت. ئێمەش دژی ئەو عەقڵیەتە تێدەکۆشین. ئەم شەڕە چەندین ساڵە بەردەوامە. بە تایبەتی لە ساڵی ڕابردووە، زیاتر پەرەی سەندووە. لەم سێ مانگەی دواییدا، زۆرتر و بڵاتر بووەتەوە. شەڕێکی زۆر سەخت بەڕێوە دەبرێت.

زۆر جار بانگەوازمان لە سیاسەتی باشوری کوردستان کردووە. داوامان لە لایەنەکان کرد. من بانگەوازیەکە جارێکی دیکە دووبارە دەکەمەوە. ئێمە بە شێوەیەکی پراکتیکی لە شەڕداین. ئێمە نامانەوێت لەسەر ئەو شتانە بوەستین کە ئەنجامی نییە. لەەبەرئەوە کەموکورتی هەیە. سەیر کەن. لە سەردەمی ئێمەکا کە راگەیاندن زۆر پێشکەوتووە، جیهان بچووک بووە و هەموو شوێنێک پێکەوە بەستراوەتەوە. بادینان لە دەرەوەی ئەو هاوکێشەیە ماوەتەوە، نە راگەیاندنی جیهان و نە راگەیاندن هەرێمی، هیچیان نایەن و زانیاری بەدەست ناهێنن. شەڕەکە لە قۆڵایی هەرێمە و لە زاپ بە تەنها نییە. لە تەنیشت ئامێدی، لە پشت دێرەلۆک و شێلادزێ شەڕ هەیە. دەبێت کە گەلەکەمان لەوێ بەهۆی دەنگی فڕۆکە و تۆپەوە نەخەوێت، بەڵام سەرنج بدەن بە شێوەیەکی فەرمی لە رۆژەڤدا نییە، هیچ کەسێک باسی ناکات. ناتوانن بیکەن بە ڕۆژەڤ. ئەمە دۆخێکی جددیە و بۆچی وایە.

بابەتێکی دیکە؛ نمونە ئەوە سێ مانگە شەڕ بەردەوامە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت داگیرکاری بکات. دێتە کوێ ڕێگە دروست دەکات. لێرەدا دەزانرێت کە پلانەکەی هەمیشەییە. دار دەبڕێتەوە. لەبەریەوە دەیەوێت سیستمێکی وەک خۆی دروست بکات. ئەمە داگیرکەریە. ئەمە بە تەنها ئۆپەراسیۆنێک لەدژی ڕێکخستنێک نییە. ئەم شەڕە داگیرکردنی وڵاتێکە، بەڵام هێزەکانی باشور بە تەنها سەیری دەکەن.

ئێستا پەدەکە هاوکاری ئەوان دەکات؛ واتە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدایە. ئەمە تاوانبارکردنی پەدەکە نییە. راستیە و هەموو کەسێک دەبینێت. بەڵام ئەمەش راستیەکە کە ئەگەر هاوکاری و یارمەتیدانی پەدەکە و بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوایە، دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی بەم ئەندازەیە ٣ مانگ شەڕ بکات. بە شێوەیەکی دیکە، کاتێک حکومەت بێدەنگ دەبێت و بە بێدەنگبوونیش سنوردار نابێت و هەرێمەکە بە رووی هاتوچۆ و بە تایبەتی راگەیاندن دەگرێت، ئەو کاتە کەس ئاگای لەم شەڕە نابێت و هەموو کەسێک دۆخەکە نۆڕماڵ دەبینێت. ئەمە یەک.

دووەمینیش، بێدەنگی حکومەتی عێراقیش ئەم ئەنجامەی دروست کردووە. حکومەتی عێراقیش بێدەنگە. کاتێک دەوڵەتی تورک لە ساڵەکانی نەوەتەکاندا هات، حکومەتی عێراق لەدژی وەستایەوە؛ هەرچەند جار بە جار هاوپەیمانیشیان هەبوو، بەڵام هێزەکانی باشوور دژی وەستانەوە. لەم جۆرە دۆخانەدا، یەکێتی ئەوروپا و دەزگانی دیکە، بڕیاریاندا و بۆ کشانەوەی دەوڵەتی تورک کاتیان دیاری دەکرد. لەم چوارچێوەیەدا فشار لەسەر تورکیا دروست دەبوو و دەکشایەوە. گەر ئێستا سەیرکەن، هیچ شتێکی بەو شێوەیە نییە. بەم ئەندازەیە خاکی باشوری کوردستان داگیرکراوە و لەم سێ مانگەدا ژمارەیەکی زۆر چەکی قەدەغەکراو بەکارهێنراوە، بەڵام هەموو کەسێک بێدەنگە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی لە باشوری کوردستان هێزی فەرمی دەسەڵاتدار بێدەنگن. بێدەنگی رازیبوون و هاوکاریە. هەمان شت بۆ عێراقیش راستە. لەبەر ئەوە دوژمن پێداگیری لەسەر هێڕشەکان دەکات.

ئەگەر بەم شێوەیە نەبوایە، ئەو بەرخۆدانەی کە گەریلا تاوەکو ئێستا پیشانی دەدا، دوژمنی پارچە پارچە دەکرد. بۆ نمونە هەموو جموجووڵێکیان شکستی هێنا و لە هەموواندا تێکشکان. ئەم بەرخۆدانە شتێکی ئاسایی نییە. ئەم بەرخۆدانی بە راستی مێژووییە. لەوانەیە ئێستا گفتوگۆی لەسەر نەکرێت، چونکە لە حسابی ئەواندا نییە، بەڵام مێژوو ئەمە لەبیر ناکات. ئاسان نیییە کە دووەمین هێزی ناتۆ، لەگەڵ هەموو تەکنەلۆژیای خۆی دوای سێ مانگ راوەستێت. ئێستا وەستاوە، ناتوانێت داگیرکاری بکات. راستە. لە هەندێک شوێن هەیە، بەڵام ئێمەش لەوێین، ئێمەش لەوێین و لەنێو شەڕداین. ناتوانێت بێتە زۆر دەڤەری دیکە. ئەگەر هەوڵیش بدات هەر ناتوانێت. لەبەرئەوە ئەم شەڕە شتێکی ئاسایی نییە. بە راستی بۆ هەموو کوردستان شانازیە. ئەمڕۆ کچ و کوڕانی کورد بە خوڵقێنەری، بە بوێری و بە سەرکەوتووانە لەدژی سوپایەکی گەورە دەوەستنەوە. ئەمە بۆ هەموو کەسێک جێگەی شانازیە. ئەمە بۆ ئەو کەسانەی کە بە خۆیان دەڵێن کورد، شانازیە. بەڵام سەیری دەکەین، هەندێک هاوکاری دوژمن دەکەن، هەندێک تەماشا دەکەن و هەندێکی کەمیش لەدژین، بەڵام زیاتر تاکەکەسن. ئەو خۆپیشاندانانەی کە بە شێوەیەکی تاکەکەسی ئەنجام دەدرێن، خۆپیشاندانی ڕێکخستننەکراو و ناجەماوەری کاریگەری زۆر دروست ناکەن. سەیرکەن؛ ئەگەر فشاری سیاسی هەبوایە، دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی بەم شێوەیە بەردەوام بێت. ناچار دەبوو بکشێتەوە. فشاری لەسەر نییە، بە پێچەوانەوە هاوکاری دەکەن و یارمەتی دەدەن. بۆ نمونە هەڵە و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەشارنەوە، پیشان نادرێن و ئاشکرا ناکرێن. بەم ئەندازەیە کۆمەڵکوژی دەکات، بەڵام دەیشارنەوە.

بۆ نمونە دوژمن بەم دواییانە دوو منداڵی لە بامەرنێ شەهید کرد. هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتیان: "پەکەکە کردی" دواتر دەرکەوت کە پەکەکە نەیکرد، هەندێک لەدەزگا سەربەخۆکان ئەمەیان ڕوونکردۆتەوە، بەڵام ئەم هەواڵ و لێدوانانە ڕێگرن لە کاردانەوەی جەماوەری بەرامبەر ئەم کوشتارانە. واتە گەلی کورد و گەلانی جیهان و ڕای گشتی دەتوانن لە ئاستێکی زۆر بەرزدا کاردانەوەیان بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک هەبێت، بەڵام لە باشوور بێدەنگی هەیە، لەبەر ئەوەیە کە گەشە ناکات. کێشەکە تەنیا پەدەکە نییە و لایەنی تریش هەیە .تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش زۆر بە ئاسایی باسیان دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە مەترسیی سەر باشووری کوردستان زۆر گەورەیە و داگیری دەکەن. ئێستا ئێمە شەڕ دەکەین. ئێمە بۆ باشوری کوردستان شەڕ دەکەین، ئێمە بۆ هەموو بەهاکانی گەلی کورد تێدەکۆشین. ئێمە بۆ بەها دیموکراتییەکان تێدەکۆشین. ئەگەر نا، ئێمە دەتوانین جانتاکانمان ببەین و بڕۆین و خۆمان بخەینە لاوە. ئەوە نابێت، پێویستە ئەم دوژمنە بوەستێنین.

ئەم دوژمنە دوژمنێکی ئاسایی نییە. ئەم دوژمنە دوژمنێکی وەهایە کە وەک ورچ وایە. بۆ نموونە ئێستا هەندێک لەگەڵ ئەم دەوڵەتە شۆڤێنی و دژە کوردانەی تورکیا هاوپەیمانی دەکەن. هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم دەوڵەتە، وەک ئەوەیە لەگەڵ ورچەکەدا بێت، دەکەوێتە ناو هەمان جانتا .تۆ نازانیت کەی ورچەکە گەرووی تۆ دەگرێت و دەتخنکێنێت. واتە دیار نییە کەی هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی کە لەگەڵیدا هاوڕان. ئەگەر سەیری مێژووی دەوڵەتی تورک بکەین چەندین نموونەی لەو شێوەیە دەبینرێن. بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت هەموو کەسێک لەمەسەلەکە تێبگات و کەس پشتیوانی لەو داگیرکارییەی تورکیا نەکات و هەمووان دژایەتی بکەن. ئێمە هەڵوێستێکی نەتەوەییمان دەوێت. ئێمە داوای ئەوەمان کرد، من ئەم بانگەوازیە دووبارە دەکەمەوە.

پرسێکی دیکە ئەوەیە کە، دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی و چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و بۆمبی تەرمۆباریک بەکاردێنێت. ئەمانە هەمووی چەکی قەدەغەکراون. ئێمە دەمانەوێت شاندێک بێت و لێکۆڵینەوە بکەن. دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەم کارە دەڵێن: "ئەگەر حکومەتی هەرێم یان عێراق بانگهێشتمان بکات، ئەوا دێین" ئەوانیش بانگیان ناکەن. باشە، ئەگەر خۆیان بانگیان ناکەن، شاندە سەربەخۆکان دێن، ناهێڵن شاندە سەربەخۆکان بێن و ناتوانن لە سلێمانی تێپەڕن. ئایا سەدام پێشتر چەکی کیمیایی لەدژی گەلەکەمان بەکارنەهێنابوو، ئایا قەتڵوعامی نەکردبوو؟ ئێستا سەدامێکی نوێ سەریهەڵداوە، زۆر خرابترەنلە سەدام و دەیەوێت کورد لەناوببات، چەکی کیمیایی لە دژی ئێمە بەکاردێنێت، لە ناوچەیەکی تەسک و پێوانەکراو کە تەنها کاریگەری لەسەر هەندێک ناوچە هەیە، بەهەمان شێوە چەکی قەدەغەکراو بەکاردێنێت و یاساکانی جەنگی جیهانی پێشێل دەکات. کەواتە بۆچی ڕێگری لە وەفدەکان دەکەیت؟ با بێن و ببینن چی ڕوویداوە، بەڵام ناهێڵن.

لەلایەکی دیکەوە؛ هەمان ئەو سانسۆڕەی کە لەبارەی شەڕەکە لە تورکیا بەسەر میدیاکانی تورکیادا سەپێندراوە، لە باشووریش هەیە سەیرکەن، لە ئامەد ١٦ڕۆژنامەنوسی کورد دەستگیرکراون، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک لەتورکیا باسی ئەم بابەتانە نەکات. نەیانهێشت کەس بێتە بۆتان و شوێنانی دیکە یان مەیدانی جەنگ، نەیاندەویست کەس قسە بکات، زۆر فشار دەکەن. لە باشوور هەمان سانسۆڕ هەیە. بۆیە زۆر کەس باسی شەڕ ناکەن. بۆ نمونە، ئێستا هەموو میدیاکانی باشوور ناتوانن بێنە ئامێدی و چاودێری شەڕ بکەن؟ بە دڵنیاییەوە دەتوانن. هەمیشە شەڕ هەیە، بەڵام نایخەنە بەرنامەی کارەوە. دەوڵەتی تورک ئەو جۆرە کۆنترۆڵەی پەرەپێداوە کە سانسۆڕیش بەسەر میدیاکانی باشووردا سەپێندراوە .بۆیە هەرێمەکە لە هاتوچۆ دەگرن.

ئەمە هەمووی پشتگیری و هاوکاریە، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکەن. کاتێک ئەمە هەمووی کۆدەبێتەوە. وادەکات کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەوەی گورزی بەرکەوتووە، بەڵام لەسەر داگیرکەری سوور بێت و بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەوەی رێگریمان لەوە کردووە و ڕێگە نادەین، بەڵام دبینرێت کە لەلایەکی دیکەوە دێت؛ دەبینرێت کە لە باشورەوە دێت؛ واتە ئێستا لەنێوان ئێمە و دوژمندا شەڕ هەیە.

من لێرەوە بانگەوازی لە هەموو گەلەکەمان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان؛ بە تایبەتی گەلی هێژامان لە ئامێدی، بامەڕنێ، دێرەلۆک و شێلادزێر قاڕەمان و گەلی باشور بە گشتی دەکەم؛ گەلەکەمان بە چاوی خۆی دەبینێت کە ئێمە چی دەکەین، بۆچی تێدەکۆشین، چۆن خۆمان فیدا دەکەین. بۆ نمونە هەندێک کەس دەڵێن، ئەم شەڕە بەهۆی پەکەکەوە هەڵگیرساوە. بەم شێوەیە نییە. با وای دابنێین وایە. ئەو کاتە پەکەکە شەڕ دەکات؛ هیچ نەبێت پەکەکە گەمارۆ مەدەن، لەدژی پەکەکە کار نەکەن، ئەگەر بۆ پەکەکە بێت، پەکەکە بەرخۆدان دەکات، باج دەدات و هەموو شتێکی خۆی کردووتە قوربانی. باشە ئەمە قاڕەمانی نییە، باشە ئەمە وڵاتپارێزی نییە، باشە ئەمە کوردستانیبوون نیە؟ لەبەرئەوە دیارە کە دوژمن دەیەوێت ئەم شوێنە داگیر بکات. باشە ئێستا لە عەفرین چی دەکات؟ هەموو ڕۆژێک چی بەسەر کورددا دەهێنێت؟ پێویستە هەموو کەسێک بڕیاری خۆی بدات. بانگ لە وڵاتپارێزان دەکەن؛ وڵاتپارێزان پێویستە لە بەرگریدا بە تەنها جێمان نەهێڵن. پشتگیری بکەن. پشتگیری گەلەکەمان مەعنەویاتێکی گەورەیە. پێویستە کەس نەکەوێتە تەڵەکەوە. راستە؛ فشار هەیە، بەڵام دەتوانرێت ڕێگری لە هەموو فشارێک بکرێت و پشتگیری بە شێوەیەکی راستەقینە پێشکەش بکرێت. ئەم شەڕەی ئێمە شەڕێکی مێژووییە؛ تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کوردە؛ تێکۆشانی خوڵقاندنی دوارۆژی گەلی کورد و دیموکراسی تورکیاە. تاوەک لەدژی دەوڵەتی تورک نەبینە ئیرادە، گەلی کورد ناتوانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ئیرادە. تاوەکو ئێمە لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک نەوەستینەوە و دەوڵەتی تورک نەشکێنین، گەلی کورد نە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە لە باشور و لە هیچ شوێنێت ناتوانێت سەربەخۆ و ئازاد بژی. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. بەم هۆیەوە ئەم شەڕە شەڕێکی مێژووییە و ئێمە داوا لە هەموو وڵاتپارێزان دەکەین کە تاوەکو لە دەستیان دێت پشتگیری بکەن."

ف.ق / ژ،ت / ‌ هـ.ب