موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە پێش هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە و داوای لە هەمووان کرد دەنگ بە پارتی سەوزی چەپ بدەن. قەرەیلان ڕاشیگەیاند، پێویستە گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا خواست و ئیرادەی خۆی بە هەموان نیشان بدات. قەرەیلان داوای لە هەموو لایەنەکانی دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە کرد، کە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز بکەن و وتی، "ئەگەر ئەو پشتیوانییە بکەن، ئەوە دەبێتە هەنگاوێکی بنەڕەتی لە پێشخستنی یەکێتیی کوردستان، کە لە داهاتوودا پێکدێت. بە دڵنیاییەوە ئەوە هەنگاوێکی باش دەبێت".
قەرەیلان لەبارەی گفتوگۆکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد پەیامی دا و وتی: "جارێکی دیکە هۆشداری دەدەینە ئەو لایەنە. بەم شێوەیە قسە لەسەر ڕێبەرایەتیمان مەکەن. ئەو شێواز و هەڵسوکەوتەی، کە ڕێبەراتیمان دەکەنە ئامڕاز، شێوازێکی بێ ئەخلاقانەن. هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێکی ستراتیژیکە. کێشەی کورد و دۆخی ڕێبەر ئاپۆ کێشەیەک نین، کە لە تاکتیکی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بکرێنە ئامڕاز، ئەمە کێشەیەکی بنەڕەتییە، بۆیە هەڵەیەکی گەورەیە، کە ڕێبەرایەتیمان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن بە ئامرازێک."
چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ قەرەیلان:
ئێمە لە مانگێکی نوێی ئایارداین. بزووتنەوەکەی ئێوە مانگی ئایار بە 'مانگی شەهیدان' پێناسە دەکات. سەرەتا ئێوە دەتانەوێت بە بۆنەی ئەم مانگەوە چی بڵێن؟
پێش ئەوەی بچمە سەر پرسیارەکەت، من یادی دوایین شەهیدەکانمان دەکەمەوە. من لە کەسایەتیی هاوڕێ جانشێر ماکۆ دا یادی ئەو هاوڕێیانە دەکەمەوە، کە لە ئەیالەتی مێردین شەهید بوون و لە کەسایەتیی هەژار زۆزان دا یادی ئەو هاوڕێیانە دەکەمەوە، کە لە سەرحەد شەهید بوون. ئەو هاوڕێیانە لە سەختترین بارودۆخدا فیداکارانە تێکۆشان و لە بەرامبەر دوژمن دا ملیان نەچەماند، بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد و بەم شێوەیە شەهید بوون. ئێمە سڵاو لە بەرخۆدانیان دەکەین و جارێکیتر ئەو بەڵێنەمان دووپات دەکەینەوە، کە یاد و یادەوەرییەکانیان بە زیندوویی ڕابگرین.
هەروەها شەهیدمان هەیە، کە پێشتر شەهیدبوون، بەڵام لەم پرۆسەیەی دواییدا شەهیدبوونیان ڕاگەیەندراوە. من بە ڕێزەوە یادی هاوڕێ دڵخواز گابار، گوڵچیا گابار و پەلشین نەورۆز دەکەمەوە. ساڵانێکی زۆر لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا تێکۆشایان و خەباتمان کرد.
هاوڕێ دڵخواز بۆ ماوەی ۳۲ ساڵ لە چیاکان دا بە فیداکاری، ڕاستگۆیی، پاکی و دڵسۆزییەکی گەورە تێکۆشا و ڕەنجی دا. هاوڕێیەکی ئەوەندە دڵسۆز بوو، کە لە هەموو بارودۆخێکدا دڵسۆزیی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ڕێکخستن و هێڵی شەهیدان نیشان دەدا. من بە ڕێزەوە لە بەرامبەر هەوڵ و خەباتی هاوڕێ دڵخوازدا سەری ڕێز دادەنەوێنم و ڕایدەگەیەنم، ئیمە خاوەنداری لەو بەڵێن و پەیمانەی خۆمان دەکەین، کە بەو هاوڕێ هێژایەمان داوە.
هاوڕێ گوڵچیا ژنێکی ئاسایی کورد نەبوو. ئازایانە، بە هەڵوێست، هێز و ئیرادەوە لە شاهۆوە بۆ چیاکانی چەولیک، ئامەد و گارزان شەڕی کرد و لە هەموو شوێنێک شوێنپێی ڕەنج و تێکۆشانی هەیە. لە ڕووی هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و هاوڕێیەتییەوە، لە ڕووی پەیوەستبوون بە ڕێبەر ئاپۆوە، ئەو هەڤاڵێکی نموونەیی بوو، کە ئاستێکی بەدەستهێنابوو. ئەو ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیمان بوو.
من بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەمەوە و بەڵێن دەدەم، کە ئێمە هەمیشە دڵسۆزی هاوڕێیەتییان دەبین.
جیهان ئایمازیش شەهیدی دۆزی ئازادی و کولتوری کوردییە
لە هەمان کاتدا، بە ڕێزەوە یادی هونەرمەند جیهان ئایماز دەکەمەوە، کە لە ئەنجامی هێرشێکدا لە ئیستەنبوڵ گیانی لەدەستدا و بە ڕێزەوە یادی دەکەمەوە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆم بۆ خێزانەکەی دەردەبڕم. جیهان ئایماز شەهیدی ئازادی و کولتور و فەرهەنگی کوردە. لەبەر هاواری هونەر و فەرهەنگی کوردی لە شەقامەکانی ئیستەنبوڵ دا کرایە ئامانج و شەهید کرا. یادی شەهید جیهان ئایماز هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان دا بە زیندویی ڕادەگیرێت.
ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەت؛ وەک ئاماژەت پێدا، مانگی ئایار مانگی شەهیدانە. ئەوە ڕاستە، کە تێکۆشان و خەباتی ئێمە لە هەموو سەردەمێکدا شەهیدی خۆی هەیە، بەڵام لە مانگی ئایاردا هەم بۆ شۆڕشی کوردستان و هەم بۆ شۆڕشی تورکیا شەهیدی گرنگ بەخشراون. ئەگەر ئێمە لەسەر بنەمای ریزبەندیی ڕۆژ بین، سەرەتا پێش هەموو شتێک شەهیدانی تەقسیم لە ۱ی ئایاری ۱۹۷۷ دا هەیە، جارێکی دیکە لە ۱ی ئایاری ۱۹۸۱ هاوڕێ عەبدولقادر چوبوکچو لە بەرخۆدانی فەلەستین دا شەهید بوو. لە ۲ی ئایاری ۱۹۸۲دا محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگەن شەهید بوون. جارێکی دیکە لە هەمان رۆژدا لە ساڵی ۲۰۱٦ دا هاوڕێ ئازاد سیسەر و چەکدار ئامەد شەهید بوون. دیسانەوە لە ساڵی ۱۹۹۸، حەمزە ئەمەرین و هاوڕێکانی لە جودی شەهید بوون. لە ٦ی ئایاردا، پێشەنگەکانی شۆڕشی تورکیا دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسلان و حوسێن ئینان شەهید بوون.
شەهیدبوونی ئەو شۆڕشگێڕە بەنرخانە لە تورکیاوە بۆ کوردستان کاریگەریی زۆری هەبووە. دیسانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید هەیە. شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی لە ۹ی ئایاردا شەهید بوون. ۱۱ی ئایار ڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندەی هێژای خەرزان هاوڕێ هۆزان میزگینە. لە ۱۳ی ئایاردا، لەیلا قاسم لەگەڵ ٤ گەنجی کورد لە بەغدا لە سێدارە دران. هەروەها جارێکی دیکە ١٦ی ئایار ڕۆژی بەرخۆدانی هەولێرە بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ ساڵح و هێلین. لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە دژی هێرشەکانی پارتی (پەدەکە) بەرگری و بەرەنگارییان کرد و شەهید بوون.
هەروەها ١٨ی ئایار رۆژی شەهیدبوونی شەهید گەورەمان شۆڕشگێڕی ئینترناسیۆنالیست هاوڕێ حەقی قەرارە. هەڤاڵ حەقی لە هەمان کاتدا یەکەم شەهیدی قۆناغی پارتیبوونە. لە هەمان رۆژی ساڵی ١٩٧٣ یەک لە پێشەنگەکانی شۆڕشی تورکیا ئیبراهیم کایپاکایا شەهیدبوو. هەروەها ساڵێک بەر لە شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقی لە هەمان رۆژدا هەڤاڵ فەوزی ئاسلانسۆی شەهیدبوو. لە ١٨ی ئایاری ١٩٨٢ لە زیندانی ئامەد لە بەرامبەر ئەشکەنجە دڕندانەی دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک، هاوڕێ فەرهاد کورتای، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئاینک و نەجمی ئۆنەر بە سوتاندنی جەستەی خۆیان شەهیدبوون. لە ١٩ی ئایاری ١٩٧٨ هاوڕێ خەلیل چاوگون شەهیدبوو. دوای ساڵێک هاوڕێ موسلوم باران شەهیدبوو. لە ٢١ی ئایاردا هاوڕێ جەلال خەجۆ (رەمەزان کاپڵان) شەهیدبوو. هەمان رۆژ هاوڕێ ئیسماعیل (خدر بینگول) لەگەڵ ١٩ هەڤاڵ شەهیدبوون. ٢٥ی ئایاری ٢٠١٢ رۆژی شەهیدبوونی هاوڕێیان هێرش و ئاندۆکە کە لە قەیسەریە چالاکی گیانبازییان ئەنجامدا. ئەو هاوڕێ بەنرخانە بە چالاکیەکەیان سەردەمێکی نوێیان دەستپێکرد. هەروەها لە ساڵی ١٩٧٨ هاوڕێ ساری عومەر (مستەفا ئۆمورجان) لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵانی شەهیدبوو. هەروەها لە ٢٧ی ئایاردا هاوڕێ قاسم ئەنگین (ئیسماعیل نازلیکول) شەهیدبوو. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیمان هاوڕێ سەبری (ئەمین ئاسلان) لە رۆژانی کۆتایی مانگی ئایاردا شەهیدبوو. هەروەها لە کۆتا هەفتەی مانگی ئایاردا هاوڕێ جەمشید (ئەحمەد کاسیپ) و ئەو گروپەی لەگەڵیدابوون شەهیدبوون. هەروەها شەهیدبوونی هاوڕێ سیپان ئامەد و رۆژبین سەرحەدیش لە رۆژانی کۆتایی مانگی ئایاردایە. هەروەها لە ٣١ی ئایاری ١٩٧٢ دا یەک لە پێشەنگانی شۆڕشی تورکیا سینان جەمگیل لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵانی بۆیەکەم جار لە شاخ شەڕیان کرد و لە نورحەق شەهیدبوون.
بە کورتی لە مانگی ئایاردا بەم جۆرە زۆر حاڵەتی شەهیدبوونی گرنگ روویانداوە. لەبەر ئەوە وەک مانگی شەهیدان پەسند کرا. بەتایبەتی کاتێک هاوڕێ حەقی قەرار شەهید بوو بزوتنەوەکەمان هێشتا نەببووە پارتی. کۆمەڵێک گەنج سەرقاڵی خەباتی ئایدۆلۆژی بوون و هەوڵیان دەدا بچنە قۆناغیکی نوێوە. هەڤاڵ حەقی ئەو کاتە لە ئەنجامی هێرشێکی پلانبۆداڕێژراوی کۆنترادا شەهیدبوو.
ئیتر خوێن ڕژاوە؛ گەڕانەوە نییە
هاوڕێیەتی نێوان رێبەرایەتیمان و هاوڕێ حەقی قەرار دەزانرێت. رێبەرایەتیمان دوای شەهیدبوونی هاوڕێ حەقی هەڵسەنگاندنی 'ئیتر خوێن رژاوە، گەڕانەوە نییە'ی کردبوو. هەروەها بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هەڤاڵ حەقی بەرنامەی پەکەکە نوسیەوە، بڕیاری لە پارتیبوون دا و ئەندمانی بزوتنەوەکە گوزارشت لە سەرەتای شێوازی ژیانی پەیوەست بە یادی شەهیدان دەکەن. ئەوە لە پارتەکەماندا بووە شێوازێکی ژیان. هەموو شەهیدبوونێک لە گەڵ خۆیدا بنەمایەکی قۆناغێکی نوێی ئافراند. هەنگاوێکی نوێی بەرەوپێش برد. دوژمنانمان ئەو هێرشانەی دەیکەنە سەر ئێمە لە سەر بنەمای ئەوەیە کە بەر بەو هەنگاوانە بگرن و ئەو هێرشانە هێشتاش بەردەوامن.
بەڵام ئەو هاوپشتیەی کە رێبەر ئاپۆ کە بۆ هەر شەهیدبوونێک وەڵام بخوڵقێندرێت، ئافرێندرا، لەگەڵ خۆیدا بەهێزبوونێکی خوڵقاند. بەوجۆرە هاتوئاراوە کە لە کوردستان شەهیدبوون نەبووە سەرچاوەی لاوازبوون، بووە سەرچاوەی بناغەی بەهێزبوون. لە هەر شوێنێک شەهیدمان بەخشی، لەسەر خەڵکی ئەو شوێنە کاریگەری دانا. هەر شەهیدێکمان لە هەرێمی خۆی بە ژیان، ئەخلاق و کەسایەتی خۆی کاریگەری کردە سەر دەوروبەری خۆی. خۆی لە خۆیدا مرۆڤی لاواز نەدەهاتە پارتەکەمان. هەموو کەسێک بەشداریی لە پارتەکەماندا کرد، بە دڵنیاییەوە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مێژوو و کۆمەڵگا هەیە، مامەڵەکردنی ئەخلاقی و مرۆیی قووڵە. بەم جۆرە بڕیاری داوە و بەشداری بزوتنەوەکەی کردووە. گیانی هاوڕیەتی کە لە هەموو هاوڕێیانماندا بەرەوپێشچووە، لە چوارچێوەی دڵسۆزی بۆ گەل، هەموو شەهیدبوونێکیش لەسەر بنەمای یادکردنەوەکان دڵسۆزی، قووڵبوونەوە و بەهێزبوونەوەی خوڵقاند. تا ئەمڕۆش ئەوەی بەڕێوەمان دەبەن لە بنەڕەتدا شەهیدانمانن. هێز و چارەنووسی شەهیدانمان هێزمان پێدەبەخشن دەبێتە مایەی ئەوەی ئێمە بەردەوام زیندوو و لەسەر پێ بین، ئێمە بەردەوام لە دژی دوژمن بە توڕەییەکی گەورەوە شەڕ بکەین. بۆ ئەوە ئێمە رایدەگەیەنین کە سەرچاوەی سەرەکی هێزی ئێمە شەهیدانمانن، شەهیدانمان دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەینێمانن. هەربۆیە رێبەر ئاپۆ وتی، ' پارتەکەمان پارتێکی شەهیدانە' . لەبەر ئەوەی شەهیدانمان بە ژیانی خۆیان ئەو تێگەیشتنەیان هێنایە ئاراوە؛ ئەوان هێڵەکەیان روون کردەوە؛ ئەوان بە خوێنی خۆیان تێکۆشانی کوردستانیان ئافراند. وەک هاوڕێی شەهیدان، ئێمەش پەیوەست بەو بەڵێنەین کە بەوانمان داوە و ئێمە تاکۆتاییش پێوەی پابەند دەبین. خاوەنداری لە یادی شەهیدانمان دەکەین و بە زیندوویی رایدەگرین. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێین کە شەهیدانمان نەمرن. لەبەر ئەوەی دەبێت جێگەی هەر شەهیدێک پڕ بکرێتەوە، ئەو ئاڵایەی بۆ ئێمەیان جێهێشتووە و تۆڵەیان لەسەر زەوی ناکەوێت. بەم جۆرە دەتوانین رۆحی ئەوان شاد بکەین و ئەوان بە زیندوویی رابگرین. لەسەر ئەو بنەمایە شەهیدانمان سەرچاوەی هێزی ئێمەن و نەمرن.
سەبارەت بەمانگی شەهیدان دەتوانم ئەوانە بڵێم.
هاوکات لە بارەی رێبەر ئاپۆوە هەواڵ و هەڵسەنگاندنی نوێ بڵاودەکرینەوە. بەتایبەتی هەندێک هاوپەیمانی جیاجیا لەسەر بنەمای پڕۆپاگەندەی دژ بەیەک، ئاماژەیان بە دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ کردووە. بەڵام لەو لاشەوە گۆشەگیرییەکی قورس کە زیاتر لە دوو ساڵە لەسەر رێبەر ئاپۆ هەیە، لە ئارادایە. ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەواڵانە دەکەن کە لە بارەی رێبەر ئاپۆوە بڵاودەکرێنەوە و هەروەها دۆخی هەنووکەیی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
وەک ئێمە باسمان کرد لە سیاسەتی تورکیادا بە تەنیا مشتومڕی یەکلایەنە لەبارەی رێبەر ئاپۆوە لە ئارادان. رێبەر ئاپۆ بە شێوازێک کە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە، لە ژێر گۆشەگیرییەکی رەهای توندکراودایە. وەک ئەشکەنجەی دەروونی درێژخایەن، لە سیستمیکدا رادەگیریت. ٢٦ مانگە لەبارەی رێبەر ئاپۆ و ئەو سێ هەڤاڵەی کە لەگەڵ ئەو لە زینداندا هیچ هەواڵ و زانیارییەک بەردەست نییە. لەسەردەمیکدا کە تەکلەنۆژیای پەویەندییەکان بەو رادەیە پێشکەوتوون هیچ کەس زانیاری لە ئیمراڵی نییە. ریبەر ئاپۆ لە هەموومەرجیکی دژواری بەم جۆرەدا رادەگیریت. ئەمە لە رووی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا پێشێلکاری یاساکان و پێودانگە ئەخلاقییەکانە.
ئاکەپە-مەهەپە بەو جۆرە مامەلەدەکەن وەک ئەوەی لەگەڵ پەکەکەدا بچنە هەڵبژاردنەوە
سەرباری ئەوەی رێبەر ئاپۆ لەو هەلومەرجانەدا زیندانی کراوە، لەبارەشیەوە گفتوگۆ و مشتومڕ دەکریت. بەڵام کەس ناڵیت 'با تێڕوانینی ئەویش وەربگرین، با ئەویش قسە بکات، ئاخۆ پشتیوانی لە کێ دەکات؟' یەک دەڵێت 'ئێوە چوونە لای و داوای پشتیوانیتان لێکرد'، یەکیتر دەڵێت، 'نا ئێوە لەگەڵ هاوڕێکانی ئەوان هاوپەیمانیتان کرد و بەڵێنتان پێدان'. گفتوگۆکان ئەمانەن. خۆی لە خۆیدا ئاکەپە-مەهەپە بەو جۆرە مامەڵە دەکەن وەک ئەوەی لەگەڵ پەکەکەدا دەچنە هەڵبژاردنەوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەیە. ئەمە لە هەمان کاتدا دەرخەری چییە؟ ئەمە ئەوە دەردەخات کە رێبەر ئاپۆ لە سیاسەتی تورکیادا فاکتەرێکی سەرەکییە و خاوەن هێزە. ئەگەر بەم جۆرە نەبوایە، ئەو هەمووە گفتوگۆی لەبارەوە نەدەکرا. لەبەر ئەوەی دەسەڵات دەزانێت کە رێبەر ئاپۆ، رێبەری گەلی کوردە و لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری بەهیزی لەسەر بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانی تورکیا هەیە، لە سیستمێکی بەم جۆرەدا کە هاوشێوەکەی نەبینراوە، زیندانی کراوە. ئۆپۆزسیۆنیش ناڵێت کە 'بۆچی بەم جۆرە روودەدات، ئایا یاسایەک بوونی نییە؟ بۆچی ئەو گۆشەگیریە؟ یاخود ئەو گۆشەگیرییە بە رەوا دەزانن.
ئەو مامەڵەیەی کە رێبەرایەتیمان دەکەن بە ئامراز، کردەوەی نائەخلاقییە
جاریکی دیکە دەمانەوێت لایەنەکان وشیار بکەینەوە؛ لەبارەی رێبەرایەتیمانەوە بەم جۆرە گفتوگۆ نەکەن. ئەو مامەڵەکردنەی رێبەرایەتیمان دەکەن بە ئامراز، کردەوەی بێئەخلاقین. پێگەی رێبەرایەتیمان پێگەیەکی ستراتیژیکە. پرسی کورد و ئەو دۆخەی رێبەر ئاپۆی تێدایە، پرسێک نییە کە لە تاکتیکەکانی هەڵبژاردندا وەک ئامراز بەکاربهێندرێت، پرسێکی بنچینەییە. لەبەر ئەوە مامەڵەکردنیک کە رێبەرایەتی لە هەڵبژاردندا بکاتە ئامراز، هەڵەیەکی گەورەیە.
لەلایەکی دیکەوە هەموو ئەوانە شک و گومان دروست دەکات کە هەندێک گروپ رێبەر ئاپۆ دەکەنە ئامانج. لەو چوارچێوەدا ئیتر لەئیستادا ئاسایش و سەلامەتی رێبەر ئاپۆ کەوتووەتە مەترسییەوە. وەک دەزانرێت رێبەر ئاپۆ تەنیا دیلیک بەدەست دەوڵەتەوە نییە؛ وەک دەزانریت ئەو هێزانە رێبەرایەتیمانیان گرت و رادەستی تورکیایان کردەوە هێزی پیلانگێڕن. لێرەدا بەرپرسیارێتی هەموو ئەو هێزانە هەیە. لەبەر ئەوە داوا لە هەموو هێزە خاوەن بەرپرسیارێتییەکان دەکەم، دەبێت لە کاتی هەستیاردا بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن. لەوبارەوە لە سەلامەتی و ئاسایشی رێبەر ئاپۆدا دەبێت بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن. دەبێت هەم هێزە نێونەتەوەییەکان و هەمیش دەوڵەتی تورک کە بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارە لەم بابەتەدا بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەجێبگەیەنێت.
دەبێت هەموو کەس بزانیت کە رێبەر ئاپۆ بنەمای یەکێتی تورکیایە. ئەگر لەو بارەوە زیانێک هەبێت، یەکێتی تورکیا دروست نابێت. نەک بە دەیان ساڵ، بە سەدان ساڵ دوژمنایەتیەکی نوێ لە نێوان گەلاندا دەستپێدەکات. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کەسیک بەرپرسیارێتی خۆی بەجێبگەیەنێت، بەم جۆرە رێبەرمان نەکەن بە کارت و ئامرازی تاکتیکی هەڵبژاردن و هەموو کەس بە پێی پێوان و پێودانگەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بکات. ئێمە لەو بارەوە جارێکیتر هەموو کەس وشیار دەکەینەوە. بەڵام دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان لەم بوارەدا وشیار و هەستیار بن. بەزانین و ئاگادار بوون لەوەی کە هەموو ئەو مشتومڕانە مەترسین بۆ سەر سەلامەتی رێبەر ئاپۆ ، دەبێت هەمووان ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن.
پێویستە هەمووان لە دەوری پارتی چەپی سەوز یەکبگرن
هەم دەسەڵات و هەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەم هەڵبژاردنە وەک هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەبینن. ئێوە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ۱٤ی ئایار، کە ماوەیەکی کورت بۆ ئەنجامدانی ماوە، چی دەڵێن؟
ئەوە ڕاسته؛ هەمووان دەڵێن ئەم هەڵبژاردنانە بۆ داهاتووی تورکیا و بۆ هەموو ئەوانەی لە تورکیا دەژین گرنگن. بێگومان ئەو هەڵبژاردنانە، کە لەم سەردەمەدا ئەنجام دەدرێن هەلگری مانایەکی گرنگن. ئێمە پێشتر لەو بارەیەوە باسی هەندێک شتمان کردبوو، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلەکەمان و بۆ هەموو ئەوانەی کە لەم سیستەمە زیانیان پێگەیشتووە گرنگە. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو بەش و پێکهاتەکان، کە لە سیستەم دوورخرانەوە، بە تایبەتی کورد، عەلەوی، چینی کرێکار و بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیستییەکان زۆر گرنگە. بە تایبەتی لە ماوەی ئەم ٨ ساڵەی ڕابردوودا، ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن بە دید و عەقڵییەتێکی نوێ هەوڵی لاوازکردن و ڕادەستکردنی گەلەکەمانیان دا. لەبەر ئەمەش لە دژی زیندانییەکان، چیاکان، شەقامەکان و سیاسەتی کورد، شەپۆلێکی زۆر سەختی هێرشیان ئەنجامدا. بەم شێوەیە، ئەوان دەیانویست کۆمەڵگای کوردستان بخەنە دەستی خۆیان. هەروەک چۆن سیاسەتی جینۆساید لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ و ١٩٣٨ دا سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەیان بەڕێوەبرد و بەوە تاوەکو دوای ٣٠ ساڵ کورد بێدەنگ کرا، هەر چۆن کودەتای ئەنجوومەنی سەربازیی فاشیستی ۱۲ی ئەیلوول لە کوردستان سەرکوت و چەوساندنەوەیەکی گەورەی ئەنجامدا و کۆمەڵگای کوردی بۆ دەیان ساڵ لاواز و بێ توانا کرا، لە بنەڕەتدا، ئاکەپە - مەهەپە دەیویست هەمان شت بەرامبەر بە کورد ئەنجام بدات. هەروەک لە سەرەتادا وتیان، ئێمە فەتحوڵایەکان لەناودەبەین، ئەوانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووی ڕمیان کردە بزووتنەوەی ئازادی کوردستان. یانی ڕژێم دەیویست بە هەمان هێزی خۆییەوە گەلی کورد لاواز و بێ ئیرادە بکات.
بەڵام پێش هەموو شتێک، بەرخۆدان لە ئیمراڵی و لە هەموو زیندانەکان و چیاکان و شەقامەکان و هەموو شوێنێک گەشەی کرد. گەلەکەمان بەرگری و خۆڕاگریی کرد و جارێکی دیکە سەلماندی، کە هێزێکی بنچینەیی و بنەڕەتییە، کە ناتوانرێت بەو شێوەیە لەناو ببرێت. واتە ئەوان نیشانیان دا، کە ئەوان بە تانک و تۆپ و لێدان و دەستگیرکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجە و گۆشەگیری خۆیان ڕادەست ناکەن. بە کورتی، گەلەکەمان سەری نەچەماند.
ئێستا لە دوای ئەم پرۆسەیە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت. بۆ ئەوەش پێویستە گەلەکەمان دوای بەرخودانی مێژوویی، کە لە بەرامبەر کارەساتەکانی پێشتردا ئەنجامدراون، بە بەهێزی ئیرادە و خواستی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی نیشان بدات. بۆ نموونە، هاوپەیمانی جۆراوجۆر لە نێوان هێزە کوردییەکاندا، هەروەها لە نێو وڵاتپارێزانی کوردستان و هێزە چەپڕەو و سۆسیالیستییەکاندا دروستبوە. ئەم هێزە لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. هەر کەسێک، کە بەهۆی ئەم سیستەمەوە زیانی بەرکەوتووە، دەبێت بە توندی بەشداری ئەم هاوپەیمانێتییە بکات. بە تایبەتی دەبێت گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا هێزی خۆی زیاد بکات و خواست و ئیرادەی خۆی بە هەمووان نیشان بدات. ئەمە بابەتێکی گرنگە. لەوانەیە لە کۆمەڵگادا، لە نێوان هۆزەکان و عەشیرەتەکان، لە نێوان تاکەکان و لە نێوان بەشە جیاوازەکاندا ناکۆکی هەبێت. لەوانەیە هەندێک پاڵێوراوەکان بە دڵی هەندێک کەسان نەبن، بەڵام دەبێت هەموو ئەمانە لە لایەک بن، چونکا کێشەی گرنگتر هەیە. کێشەی نەتەوەیی هەیە، کە پەیوەندیی بە داهاتووی گەلی کوردەوە هەیە، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک لە سەردەمەدا یەکگرتوو بن و یەکگرتوویی خۆیان نیشان بدەن.
تەنانەت هێزە کوردستانییەکانیش هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسییان دامەزراند. تەنها هەندێک لایەن لە دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییەن. من داوا لە لایەنەکانی دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییە دەکەم: وەک پێشتر بینیمان، ئەگەر جیا لەیەک پاڵێوراویان هەبێت، ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن، بەڵام دەتوانن پشتیوانی لە هاوپەیمانیی ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا بکەن. ئەگەر ئەو پشتیوانییە بکەن، بە دڵنیاییەوە دەبێت هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پێشخستنی یەکێتیی کوردستانی، کە ل داهاتودا پێکدێت و هەموو تیایدا بەشدار دەبێت. ئەوە دەبێتە هەنگاوێکی باش، بۆیە بانگەوازی من بۆ ئەم هێزانە ئەوەیە. بە کورتی، پێویستە هەموو کەسێک لە دەوری پارتی چەپی سەوز کۆببێتەوە و لەم بابەتەدا خواست و ئیرادەی خۆی نیشان بدات. گرنگی ئەم هەڵبژاردنانە بۆ گەلەکەمان لەسەر ئەو بنەمایەیە. بێگومان ئەمە بۆ هەموو تورکیا گرنگە، کە بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری تیایدا زۆر پێویستە.
ژ.ت / هـ.ب