قەرەیلان: گەریلاکانی ئازادی سەلماندیان کە کەس ناتوانێت بیانبەزێنێت

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە موراد قەرەیلان رایگەیاند، "گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە سەردەمی نوێدا سەلماندییان کە کەس ناتوانێت بیانبەزێنێت. لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کە چەند ساڵە بەردەوامە دەریخست، کە چەندە هێزێکی پتەو و بەهێزە".

بەشی دووەم و کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە موراد قەرەیلان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بەم جۆرەیە:

لەم ٩ ساڵەی دواییدا بە گشتی شەڕێکی زۆر دژوار لە کوردستان روویدا و لە سێ ساڵی رابردووشدا ئەو شەر گەرمتر و توندتر بووە. نەک هەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا یاخود هێڵی باشوری کوردستان، لە باکوریش شەڕ هەبوو. لە ساڵی ٢٠٢٣دا دژوارترین شەر لە باکوور بوو. بەڵام ئەوەی باکوور ناکەوێتە ناو راگەیاندنەوە. دەوڵەتی تورکیش باسی ناکات. ئێمەش لە کاتی خۆیدا نایبیستین. دوای مانگێک دوو مانگ دەیبیستین. ئەو کاتەش ئەو هەواڵە دەکەوێتە دەرەوەی بابەتە گەرمەکان. لە سەرتاسەری ئەیالەتەکانی باکوور یاخود لە دێرسیمەوە تا گەڤەر، لە گەڤەرەوە تا مێردین، لە مێردینەوە تا خەرزان و سەرحەد، ئامەد، بۆتان و لە هەموو شوێنەکان شەڕی زۆر دژوار دێنە ئارا و لەو شەڕانەشدا ژمارەیەک لە هەڤاڵانمان شەهید بوون. هەموو ئەو هەڤاڵانە لە کەسایەتی لەیلا سورخوێن، یاشار، ئاخین موش، دڵگەش گوزەرەش، جانشیر ماکو، هێژار زۆزان، رێدور سیسەر و هەموو خۆڕاگرانی باکووری کوردستان بە بیردەهێنمەوە. هەموو ئەمانە لە ساڵی ٢٠٢٣دا روویاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا لە باشووری کوردستان ماوەی سێ ساڵە شەڕێکی زۆر دژوار لە دەوروبەری زاپ، ئاڤاشین، مەتینایە و لەو هێڵانە بەرخودانێکی گرنگ هەیە. دوای ئەو شەڕ و بەرخودانانە، بەرەوپێشبردنی هەڵمەتەکان زۆر گرنگ بوون. هەڵمەتەکە بە چالاکیەکەی ١ی تشرینی یەکەمی ئەنقەرە دەستیپێکرد. هەڤاڵانی فیدایی رۆژهات و ئەرداڵ دەستیان پێکرد. دوای ئەوە لە مانگی تشرینی دووەمدا هەڵمەتەکە بەرەوپێشچوو. لەو هەڵمەتەشدا هەڤاڵان ئاندۆک و جوان، بۆتان و عەگید کۆبانێ شەهیدبوون. لە مانگی کانونی یەکەمیشدا بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ وڵات، هەڵمەت حسێن و مەمیان ئەو هەڵمەتە کەوتە رێ و ئەو هەڤاڵانە شەهید بوو. هەڵمەتی مانگی کانونی دووەم بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ سەرخۆبوون و رزگار ئەنجام درا. هەڵمەتی شوباتیش قارەمان و شەهیدە بەنرخەکەی شەڕڤان ڤارتۆ بوو. هەموو ئەو هەڤاڵانە بە رێز و پێزانینەوە بەبیر دەهێنمەوە و یادیان بە زیندوویی رادەگرین. هێڵی ئەوان دەگرینەبەر. ئەوان وێنای رۆحێک دەکەن. بە رۆحێکی فیدایی هەڵمەتەکەیان بەڕێوەبرد. لەو هەڵمەتانەدا تائێستا بە گشتی ١٣ شەهیدمان هەبووە. پێویست ناکات لێرە باس لە زیانە گیانیەکانی دوژمن بکەم. واتە بە سەدانن، ئێمە پێشتر ئاشکرامان کردووە. زیانە گیانیەکانیان زۆرن. ژمارەیەکی زۆر چەک و بڕێکی زۆر تەقەمەنیان دەستیبەسەردا گیرا. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە عەرشی رووم سوتێندرا. ئەوە خاوەن واتایەکە. ئەوان زۆر گوند و ناوچەی ئێمەیان سوتاند.

بەتایبەتی هەردوو چالاکیەکەی ئەم دواییەی مانگی کانونی دووەم و شوبات بەم جۆرە ئەنجامدران. بێ گومان ئەو چالاکیانە هەڵگری پەیامێکن و ئامانجێکیان هەیە. مەبەستیان ئەوە نییە کە دوژمن زیاتر بکوژرێت. تەنیا ئەوە نییە. ئەو چالاکیە پێرفۆرمانسی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانی نیشاندا. گەریلا بە چ جۆرێک دەتوانێک بە شارەزاییەوە بجوڵێتەوە. گەریلا بە داهێنەری و کۆردینەیی بە چ رۆح و شێوازێکەوە دەتوانێت چالاکی کۆنترۆڵکردن ئەنجام بدات. چەند زاڵە بە سەر تاکتیک و تەکنیکدا؟ ئەوەی بە هەمووان نیشاندا. گەریلا پێرفۆرمانسی خۆی بە دۆست و دوژمن نیشاندا. لە هەمان کاتدا راستی سەربازانی کرێگرتەی تورک، کە بەپارە بەکرێ گیراون، ئاشکرا کرد. کاتێک لە نزیکەوە شەڕ دەکەن، ئەوەی دەکەونە چ دۆخێکەوە بە باشی بینرا. گرنگتر لەوە دەوڵەتی تورک چەندین ساڵە تەمەنی ئێمە دەپێوێت. هەموو کاتێک دەڵێت ساڵێکی ماوە. کەسێک هەبوو ناوی سلێمان سۆیلو بوو، لە ٢٠١٦دا وتی؛ تا نیسانی ٢٠١٧ کۆتاییان پێدێت. لە مێژوو بڕوانن، لەو رۆژەوەی ئێمە دەرکەوتووین تا ئەمرۆ دەوڵەتی تورک بەم جۆرە دەدوێت. ساڵێک تەمەنیان بۆ ئێمە دانابوو. ئەوەتا ئەم هەموو ساڵەیە ئەم تێکۆشانە بەردەوامە. ئەمە تێکۆشانی گەلێکە. لە سەر بناغەیەک بەڕێوەدەچێت. خاوەن هێز و ئیرادەیە. لەم ساڵانەی دواییدا شەڕی دەروونیان زیاتر پەرەپێدابوو. ئەم چالاکیانە ئەو پرۆپاگەندانەی شەڕی دەروونی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەیان لەگەڵ زەوی تەخت کرد. ئەو درۆیەی ئەوانی ئاشکرا کرد. گەریلا بیەوێت دەتوانێت لە هەستیارترین شوێنی ئەوان، لە ناو دڵی ئەوان لە ئەنقەرەش چالاکی بکات. دەتوانێت ئاگر لە بارەگای سەربازی ئەوان بەربدات و هەموو ئەوانەی لەوێدان پاکتاویان بکات. هێزێکی بەو جۆرەیە کە بە پسپۆری دەجەنگێت، دەتوانێت هەموو شوێنێک کۆنترپڵ بکات. بچێتە چ شارێک، بەرەو چ ئامانجێک بچێت، لێیبدات و ئەنجام بەدەستبهێنێت. ئەو هێزەمان هەیە و بڕوامان بە هێزی خۆمان هەیە. بەتایبەتیش لەم ساڵانەی رابردوودا گەیشتووەتە ئاستێک. واتە هەم پسپۆڕی خۆی بەهێزتر کردووە، هەم شارەزایی خۆی، هەمیش رۆحی گیانبازی ئاپۆیی بەرزتر بووە. واتە لەم ساڵانەدا لەلای هەڤاڵانی ژن و هەڤاڵانی کوڕ رۆحی ئاپۆیی، گیانبازی زۆر گەشاوەتەوە. هەمووان وەک رۆژهات و ئەرداڵ دەتوانن چالاکی بکەن.

بەرزی رۆحی گیانبازی و بەرەوپێشچوونی شارەزایی، باڵادەستی تەکنیک و تاکتیکی ئافرێنەرانە پێرفۆرمانسی هێزەکانی ئێمەیان بەهێزتر کردووە. ئەوە بۆ ئێمە زیاتر روونبووەوە. ئێمە دەزانین کە ئێمە چۆن بگەینە ئەنجام. بە چ تێزێکەوە بەرەو سەرکەوتن بجین. لەو رووەوە ئێمە دڵنیاین. تێزی شەڕی ئێمە روون بووەوە. لە بەرامبەر تەکنەلۆژیادا ئێمە چۆن ئیرادەی مرۆڤ، ئافرێنەری مرۆڤ بەکاربهێنین. ئێمە چۆن لە بەرامبەر ئەو تەکنەلۆژیایەدا بەکاریبهێنین. بە چ رێبازێک، سەرزەوی، ژێر زەوی، لە ئاسمان و لە زەوی. لەو خاڵانەدا گەریلاکانی ئازادی کوردستان گەیشتنە ئاستێک. ئێمە لە هەموو شوێنێک زیاتر لە بارەی سەرکەوتنەوە دڵنیاین و بڕوامان هەیە. بەو رێبازەوە، لە سەر بناغەی ئەم تێزە ئێمە ئەنجام بەدەست دەهێنین. بێگومان دەبێت زیاتر ئافرێنەری بەرەوپێش بچێت و هەروەها هێڵی راست بگرینەبەر. لەسەر هێڵی روون و دڵنیایی مسۆگەر بن. ئەگەر ئەوە بکەین گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە سەدەی ٢١دا مرۆڤ بتوانێت گۆڕەپانە ئازادەکان بپارێزێت. چۆن بتوانێت لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای سەردەم بەم جۆرە بجوڵێتەوە و ئیرادەی خۆی بە سەر نەیارەکاندا بسەپێنێت و سەرکەوتوو بێت. ئیتر رێگەی ئەوە روون بووەتەوە. ئێمە دەڵێین لە سەر ئەو خاڵانە بەرەوپێشچوونی گەریلاکانی ئازادی کوردستان، نەبەزین و نەکەوتنی گەریلای لە سەردەمی نوێشدا مسۆگەر کرد.

ماووەی سەد ساڵە هێرشە داگیرکەرییەکان لەئارادان. هێرشی جیاجیا روویاندا. بە تایبەتی تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هێرشبەر هاتنە ئاراوە و دوای ئەوە وتیان 'تەمەنی پەکەکە ساڵێکی ماوە'. دەیانگووت گوایە بەو تەکنەلۆژیایە دەگەنە ئەنجام. نەیانهێشت کەس هەناسە بدات. بڕوایان بەوە هەبوو و پڕۆپاگەیندەیان دەکرد. لەم ساڵەی دواییدا گەریلاش ئەوەی بە بنەماگرت کە دژی ئەو تەکنەلۆژیایەش رێگە چارە هەیە. گەریلا رێگە چارەی هەیە. لە رێگەی بەرەوپێشبردنی ئەو رێگەچارەوە ئەنجامیان بەدەستهێنا. لە سەر ئەو بنەمایە ئێمە زیاتر مسۆگەر بووین و زیاتر پێداگرین کە ئێمە دەزانین ئامانجمان چییە و ئێمە ئامانجەکەمان دەپێکین.

ئەم دەوڵەتەی تورک لە ئەنجامی هاوپەیمانێتیەک پێکهێنراوە. ئەو هاوپەیمانێتیە لە نێوان مەهەپە و ئەرگەنەکۆنی نەژادپەرست و ئاکەپەدا هاتووەتە ئاراوە. هاوپەیمانێتیەکە ئامانجێکی هەیە. ئامانجەکەی چییە؟ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەترسی بۆ سەر خۆی دادەنێت. دەبێت ئەو مەترسیە نەهێڵێت. بۆ ئەوەش پێویستە پەکەکە پاکتاو بکات. دەستکەوتەکانی گەلی کورد و قەوارەی ئێستا لەناو ببات. بە شێوازێک داگیری بکات و لەسەر بنەمای ئەوانە سازکراوە. ماوەی نۆ ساڵە لەوپێناوەدا لە دژی ئێمە شەڕ دەکەن. دەیانویست زۆر زوو بگەنە ئەنجام، بەڵام سەرنەکەوتن. دوایین جار ویستیان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بگەنە ئەنجام و سەرکەوتنی خۆیان رابگەیەنن. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ٢٠٢٣ سەد ساڵەی راگەیاندنی کۆماری تورکیا و لە هەمان کاتدا سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان بوو. ویستیان لەو سالەدا سەرکەوتنی خۆیان رابگەیەن، بەڵام نەیانتوانی. ئەوە راستیەکە. وتیان 'ئێمە لە سێ مانگدا زاپ و دەوروبەری زاپ چارەسەر دەکەین، داگیری دەکەین و تەواوی هەرێمەکانی مێدیا لەناو دەبەین'. سێ مانگ خۆڕاگریان کرد. بەڵام ماوەی سێ ساڵە هێشتا بە دەوروبەری زاپەوە خەریکن. گەیشتوونەتە بنبەست. دەیانەوێت جارێکی دیکە پلانی نوێ دابڕێژن. لەبەر ئەوەی سیستمی تورکیش لە ژێر ئەو شەڕەدا زۆر لاواز بووە، بەتایبەتیش لە رووی ئابووریەوە زۆر لاواز بووە. لەبەر ئەوەی هەموو داهات و ئایندەی خۆی بەرەو ئەو بوارە ئاراستە دەکات. سیاسەت، دیپلۆماسی و هەموو شتێک بەگوێرەی دژایەتی کورد بەڕێوەدەبات. واتە بە شێوەیەکی ئاسودە ناجوڵێنەوە، هەموو کات بە شێوەی نائاسایی دەجوڵێنەوە لەبەر ئەوەش دەیانەوێت زوو کۆتایی پێبهێنن. واتە بینیان کە ناتوانن درێژی بکەنەوە. ئێستا بە گوێرەی ئەوە دەجوڵێنەوە، بەڵام شتێک هەیە ئەوانیش کە بۆخۆیان بە تەنیا دەرەقی گەریلا نایەن. بەڵام بڕوانن لە شوباتی ٢٠٢١دا و بەر لەوەش کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چوونە بەغدا و دواتریش چوونە هەولێر. شاندێکی گەورەش بوو. لەو دیدارانەشدا بە بەرپرسانی بەغدا و هەولێریان وت، ئەگەر ئێوەش لەگەڵماندا بەشداربن ، باش دەبێت، ئەگەر نەشبن ئێمە دەتوانین خۆمان بیکەین. تەکنەلۆژیا، سەرباز و سوپاکەمان بەسی ئەوە دەکات کە ئێمە پەکەکە لە گارە تەواو بکەین و ئەو ناوچانە پاکبکەینەوە. بەڵام لە رووی هەواڵگرییەوە پێویستە کە ئێوە هاوکاری ئێمە بکەن. لە رووی سیاسیشەوە ئێوە ئەوە پەسەند بکەن و لە دژی ئێمە مەوستنەوە. ئەوانیش داواکاری دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان قەبوڵ کرد. خۆی لە خۆیدا لەگەڵ ئەوان بوون. ئێوەش دەزانن ئەو سەربازانەی ئەو کاتە هاتنە گارە لە باشیکەوە هاتبوون، لە تورکیاوە نەهاتبوون. ئەوەش بە واتای ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی بەغدا و هەولێر ئەوەیان پەسەند کردبوو. واتە دەوڵەتی تورک بڕوای بەخۆی هەبوو کە بەتەنیا خۆی پەکەکە شکست دەدات. بەڵام ئێستا دوای سێ ساڵ شەڕ گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بەتەنیا خۆیان دەرەقەتی پەکەکە نایەین. ئێستاش بە دوای هاوپەیماندا دەگەڕێت. بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە لەگەڵ ئەوان دەتوانن لە دژی گەریلاکان شەڕ بکەن. دەڵێن کە پێویستە ئێوەش لەگەڵماندا بەشداربن. بۆ ئەوەش داوای هاوکاری لە ناتۆ دەکات. زیاتر داوای چەک و پاڵپشتی دەکات. لە هەمان کاتدا داوا لە عێراقیش دەکات کە بە سەربازەکانیانەوە بەشداریان لەگەڵدا بکەن. واتە دەیەوێت هێزێکی هاوبەش ساز بکات. داوا لە پەدەکەش دەکات کە راستەوخۆ بەشداری لە شەڕدا بکات. دیدارەکانی ئەم دواییانەیان بۆ ئەوەیە. راستە دیدار ئەنجام دران و چوونە ئەمریکاش. ئەنجامی ئەو دیدارانەیان لەنێوان خۆیاندا تاوتوێ کرد. دیارە کە دیسان بە شاندی گەورەترەوە دێنە بەغدا و هەولێر، بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان دووبارە بکەنەوە. بەگوێرەی ئەوەی دیارە تائێستا بە تەواوەتی نەگەیشتوون بە ئامانجەکانیان. لەم بابەتەدا زۆر پێداگری دەکەن. لە راگەیاندنیشەوە بینیمان کە شاندێکی سەربازی و هەواڵگریشیان بۆ ئەوەی پرسی سنوورەکان تاوتوێ بکەن، دیداریان ئەنجامدا و دیدارەکانیان بەردەوامن. تورکیا زۆر قورسایی خستووەتە سەر ئەوەی هەندێک هێزی دیکەش لەگەڵ ئەوان بەشداری لە شەڕ لە دژی ئێمە بکەن. واتە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەوەیە و هۆکاری ئەو دیارانەش ئەوەیە. ئێستا لەنێوان پەدەکە و تورکیادا زۆر جار دیدار هاتوونەتە ئاراوە. بەڵام پەدەکە لەبارەی ئەو دیدارانەوە راگەیەندراو نادات. ئەوە دەشارێتەوە. بەڵام تورکیا ناوە ناوە راگەیەندراو دەدات.

جیالەوەش زانیاری هەواڵگریمان هەیە. لەو دیدارانەدا ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە زانیارییمان لەبارەیەوە هەیە. بە گوێرەی زانیارییەکانمان پەدەکە بەشداربوون لە شەڕ دژی ئێمە رەتناکاتەوە. بەڵام دەڵێت بە تەنیا بەشداری ناکەم، پێویستە یەنەکەش بەشدار بێت یاخود عێراق. ئەو داواکاریانەی لە تورکیا هەبووە. دیارە کە پەدەکە نایەوێت بە ناوی حزبەکەیەوە بەو جۆرە راستەوخۆ بەشداری شەڕ بکات. دەیانەوێت لە ژێر ئاڵای عێراقدا بەشداری لەو شەڕەدا بکەن. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان هێناوە بەم جۆرە دەردەکەوێت. خۆی لە خۆیدا دیدارەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ یەنەکەش دیارە. یەنەکە وەڵامی داواکارییەکانی ئەوانی نەداوەتەوە. کەسانی وەک هاکان فیدان، یاشار گولەر و ئەردۆغانیش هەڕەشە لە یەنەکە دەکەن. لەم دواییەدا سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانیش لە دژی ئەو هەڕەشانە لە رێگەی راگەیاندنەوە هەڵوێستی خۆی نیشاندا. من خۆم بافڵ ناناسم، نەمبینیوە. بەڵام من زۆر جار مام جەلالم بینیوە. دەتوانم بڵێم کە ئێمە هاوڕێ بووین. بەڵام من بافڵم نەبینیوە. بەڵام ئەو لێدوانانەی ئەو کە بە گوێرەی ئەوەی لە راگەیاندنەکانەوە خوێندومنەوە و گوێم لێیان بووە، زۆر ئاسایی و نەتەوەیی بوون. چی دەڵێت؟ دەڵێت بۆچی ئێمە دژی پارتێکی کورد شەڕ بکەین؟ ئێمە لەگەڵ هیچ پارتێکی کوردیدا شەڕ ناکەین. مەگەر لەوە ئاساییتر شتێک هەیە. پێویستە هەموو کوردێک ئەو بڵێت. هەموو پارتە کوردیەکان ئەوە بڵێن. واتە ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی یەنەکە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە بێگومان یەنەکە گەورە دەکەن. واتە ئەو هەڵوێستە واتایەکی نەتەوەیی هەیە. بافڵ یەنەکە لە ئایندەدا بەهێزتر دەکات. ئەوە ئاشکرایە. بەڕێز مام جەلال تاڵەبانیش لە کاتی خۆیدا بە تورکیای وتبوو، هیچ شتێک رادەستی تورکیا ناکەین، ئێمە دەرزیەکی خۆشمان نادەینە تورکیا. دیارە کوڕەکەشی لە سەر رێچکەی باوکیەتی. ئەمە هەڵوێستێکی نەتەوەییە. ئەوە نەک هەر پەیوەست بە ئێمە، ئەوان خۆیان سیاسەت بەو هەڵوێستانە روون دەکەنەوە. خۆی پێویستە هەموو کوردێک بەو جۆرە بجوڵێتەوە.

شتێکی دیکەی سەرنج راکێش ئەوەیە کە لەم ماوانەی دواییدا کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئێمە لەگەڵ پەدەکە هاوڕاین. واتە دەیەوێت پەدەکە زیاتر هاوکارییان بکات. ئایا ئەو هاوکارییە زیاترە چییە؟ بۆ نمونە سیخوڕی دەکات. پێشتر تەنیا دەزگای پاراستن ئەوەی دەکرد. ماوەی دوو ساڵە چوارچێوەی ئەوەیان فراوانتر و بەرینتر کردووە. ئیتر ئاسایشیش ئەوە دەکات، هەندێک هێزی تایبەتیشیان وەک پێشمەرگەی تایبەتی وەک زێرەڤانیش ئەوەش دەکەن. کاتێک دەبینین گەریلا لە شوێنێکەوە تێپەڕدەبێت یاخود کامێراکانی ئەوان دەبینن، ئێمە سەیر دەکەین کە دەستبەجێ هێرشی ئاسمانی تورکیا دێتە ئاراوە. واتە رۆژانە ئەو شتانە دەبینین. کەس ناتوانێت بڵێت کە ئێوە بوختان دەکەن. هەموو ئەوانە راستن و روودەدەن. ئەگەر کەسێک بڕوای بەوە نییە با بێت و دوو رۆژ لەگەڵمان بمێنێتەوە و بە چاوی خۆی بیبینێت.

هێرشەکانی وەک داخستنی رێگا، ئابڵوقە و هەوڵەکانی گەمارۆدان لەئارادان. کاتێک کەسێکیش دوو فەردە ئاردمان بۆ دەهێنێت دەیگرن و دەیخەنە زیندانەکانی دهۆک و هەولێرەوە. ئێمە دەزانین ژمارەی کوردانی بەهدینان کە گیراون چەندەن. ئێمە دەزانین کە ئەو کەسانەی کە دەگیرێن ئەشکەنجە دەدرێن. ئەمە مایەی شەرمەزارییە. نابێت لەناو پارتە کوردیەکاندا ئەشکەنجەدان هەبێت. رەنگە تۆ دژبەر بیت، بەڵام ئەوەش کەسێکی سیاسیە. تۆ گرتووتە، تۆ دەتوانیت بیگریت. بڵێیت یاساکەمان پێشێلکراوە. بەڵام بۆچی ئەشکەنجەی دەکەیت؟ ئێمە دەزانین کە ئەو هەڤاڵانەمان کە لەلایەن ئەوانەوە گیراون لە زینداندا لە ژێر ئەشکەنجەدان. لە رێگەی ئەشکەنجەوە دەیانەوێت زانیاری هەواڵگری بەدەستبهێنن. ئەمە بۆچی بەم جۆرەیە؟ لە مێژووی کوردستاندا مەلا مستەفا بارزانی خاوەنی رۆڵێکی گرنگە. گرنگترین وتەی مەلا مستەفا بارزانی ئەوەیە کە وتبووی؛ 'ئەوەی سیخوڕی بۆ دوژمن بکات، چەک بۆ دوژمن هەڵبگرێت، ئەوە جاشە'. بەوانەی وتووە جاش. ئەمە چۆن دەبێت؟ شەرمە، پێویستە شتی بەو جۆرە روونەدەن. ئێستا پێویستە ئەوە بزانرێت. واتە من لێرە هەموو شتەکان لە دژی پەدەکە دەزانم، بەڵام نایانڵێم. هەندێک شت هەیە کە ئەگەر مرۆڤ بیانڵێت، رێگە بۆ ئەوە دەکاتەوە کە پەتی پەیوەندی نێوانمان بپسێن. نامەوێت ئەو پەت و هەوادایانەی نێوانمان بپسێن. لەبەر ئەوەش باسی هەموو شتێک ناکەین. هەموو شتێک دەزانین. ئاگاداری هەموو شتێکین. ئێمەش لێرە خەباتێک دەکەین. بە کورتی ئەوەی ئێستا روودەدات ئەوەیە. دەوڵەتی تورک بەوان دەڵێت کە ئێوە لەو کردەوانە زیاتر هاوکاریمان بکەن. هاوکاری زیاتر بە واتای شەڕە. زانیاریمان پێگەیشتووە کە فەرمانیان کردووە تا کۆتایی مانگی ئادار هێزەکانیان ئامادە بکەن. ئەمە شتێکی باس نییە. دەمەوێت گەلەکەمان بزانێت، بەتایبەتی گەلەکەمان لە بەهدینان. هەموو شتێک بە بەرچاوی ئەوانەوە روودەدات. ئێمە چاودێری دەکەین. ئێمە کەسانێکی فیدایین. کچ و کوڕانی کورد لێرە پارە وەرناگرن. تەنیا بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، بۆ ئامانجی پیرۆز خۆیان بەخت دەکەن. ئێمە مرۆڤی بەو جۆرەین. نامانەوێت شەڕی خوشک- براکوژی بکەین. ئێمە بۆ ئەوەی دژی دوژمن شەڕ بکەین پەروەردەکراوین و بۆ ئەوە دەجوڵێینەوە. بۆ ئەوەش پێویستە گەلەکەمان لە بەهدینان، تەواوی باشووری کوردستان و سەرتاسەری کوردستان ئەوە بزانن. نامانەوێت کورد لەگەڵ کورد بەشەڕ بێن. باوڕتان هەبێت تا ئێستا چەند جار ئەگەر رێگەمان لە هەڤاڵان نەگرتایە شەڕی ناوخۆیی ساز دەبوو. ئێستا ئێمە لەسەدەی ٢١ داین. لەم سەدەیەدا ئێمە وەک کورد بێین و لە یەکتر بدەین، ئەوە دەبێتە دواکەوتوویی و بۆ ئێمە شەرمێکی گەورەیە. واتە بۆ سیاسەتی کوردان شەرمەزاری گەورە ئەمەیە. هەموو جیهان پێمان پێدەکەنن. دەڵێن وتەی تورکەکان راستە. تورک دەڵێن ئەوانە نەتەوە نین، ئەوانە خێڵن. بۆ بەرژەوەندی خۆیان تێکبەربوون. بەو جۆرە دەڵێن. لەبەر ئەوەش ئێمە نامانەوێت بگەینە ئەو قۆناغە.

دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەدەکە و پەکەکە بەشەڕ بدات. باش کاربەدەستانی تورک دەناسین. چەندین ساڵە بە باشی ئەوان و لایەنی دەروونیان باش دەناسین. هەموو شتێکی ئەوان دەزانین. ئەوان دەیانەوێت ئێمەی کورد لەناو ببەن. واتە نەک هەر پەکەکە لەناو ببەن. دەیانەوێت تەواوی کوردان لەناو ببەن. قەوارە و کیانی کردان لەناو ببەن. ئامانجیان ئەوەیە. بۆ نمونە ئێستا دەیانەوێت بێن و گارە بگرن. ئەوەش بە هاوکاری کوردان بکەن. ئەگەر گارە بگرن چی دەکەن؟ گارە شوێنێکی ستراتیژیە. بناری گارە هەندێکی رێگەی نێوان هەولێر و دهۆکی پێدا تێپەڕدەبێت، هەموو کەس دەزانێت، گەلەکەشمان دەزانێت. دەیەوێت بەم جۆرە لە باشووری کوردستان جێپێی قایم بکات. لە دواییشدا بە جۆرێک خۆی بخزێنێتە کەرکوک. خۆی لە خۆیدا تورکمانەکانی کەرکوک ئەوانەی لە خۆیەوە نزیکن پەروەردە دەکات و ئامادەیان دەکات. بڕوانن بۆ نمونە ئاگر لە شوێنێکی هەولێر کەوتەوە. کێ ئەوەی لە ئەستۆ گرت؟ هەمووان دەزانن رێکخراوێکی تورکمان، شۆڤینیستی، تورانچی سەر بە میت ئەوەیان لە ئەستۆ گرت. میت پەروەردەیان دەکات. بەڵام ئایا بە بێ میت ئەو شوێنەیان سوتاند؟ هەروەها لە کەرکوک هەندێک شوێنیان سوتاند. نابێت مرۆڤ بەشێوەی تاکتیکی ئاسان مامەڵە نەکات، پێویستە بەشێوەی ستراتیژی بجوڵێتەوە. ئەو دەوڵەتەی تورک، مێشکی مەهەپە، ئەرگەنەکۆن و ئاکەپە بۆ ئەوەی قەوارەی کوردان لەناو ببەن، دەجوڵێنەوە. واتە ئەقڵیەتیان بەم جۆرەیە، ئامانجیان بەم جۆرەیە، سیاسەتێکی بنچینەیی داخراویان هەیە، ئەمە شاراوەیە. ئەوەی شاراوەشە بەم جۆرەیە، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنن.

ئێمە دەڵێین با ئەوانە نەکرێن. واتە کاربەدەستانی پەدەکەش ئەوانە دەبینن. هەندێک ستراتیژیانە مامەڵە بکەن. ئەوەندە تاکتیکی نزیک نەبنەوە. تورک دەڵێت لەهاوکارییەکانتان یەک هەنگاو زیاتر بێنە پێشەوە. یەک هەنگاویتر بۆ پێشەوە هەڵگرتن بە واتای شەڕە. کاتێک شەڕ بکەن چی روودەدات؟ ئەوان شەڕ بکەن، ئەو کاتە ئێمە وەک بزوتنەوە داوا لە سەرجەم گەلی کوردستان، دۆستانی گەلی کوردستان دەکەین. داوا لە سەرجەم ئاپۆچییەکان دەکەین. ئێمە دەڵێین ئاپۆییەکانی کوردستان لە هەموو شوێنێکی کوردستان ئێوەش هێرش بکەن. شەڕ رووبدات بەم جۆرە روودەدات. لە هەموو شوێنێکی کوردستان دەبێت. بۆ نمونە هێزەکانی پەدەکە لەگەڵ تورکەکان بچنە مەتینا و هێرش بکەنە سەر هەڤاڵانمان و وەرن چوزانم بۆ گارە هەمان شت بکەن، ئەو کاتە ئێمەش ئەوە دەکەین. واتە ئیتر لە ئێمە تێپەڕدەبێت. دەبێت گەلەکەمان ئەوە بزانێت. رەنگە هەموو شتێک لەناو بچێت. هەڕەشە لەکەس ناکەم، بەڵام دەبێت هەمووان ئەوە بزانن. واتە فیداییمان هەیە و دەتوانین خۆمان بگەیەنینە هەموو شوێنێک. هێزی تەکنەلۆژیاییشمان هەیە و دەتوانین خۆمان بگەیەنینە هەموو شوێنێکی هەموو شارێک. نابێت بەم جۆرە بە خراپی لەسەر یەکتر بیر نەکەینەوە، بەتایبەتی ماڵی بارزانی، لەم خاڵانەدا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن. ئەگەر ئەوە رووبدات ئەو کاتە قەوارە و کیانی کوردانیش نامێنێتەوە. تورک ئەمەی دەوێت. دۆخەکە بەم جۆرە گرنگ و مەترسیدارە. بۆیەش داوا دەکەین هەمووان خاوەنداری لە بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن.

بەر لە هەمووان هونەرمەندان و رۆشنبیران و کەسنی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر لە دژی ئەوە بوەستنەوە. بۆ ئەوەش جارێکی دیکە بانگەواز ناکەین. بەڵام ئەمە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە. ئەمە کێشەی نێوان پارت و حزبەکان نییە، ئەمە کێشەیەکی نەتەوەییە. ئێستا هەمووان بیر لەوەدەکەنەوە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیزاینی کۆتایی چۆن دەبێت. سوریا عێراق بە چ شێوەیەک دەبن. تورک دەڵێن هێشتا کە هیچ رووینەداوە وازیان لێنەهێنم و بیانخەمە ژێر کۆنترۆڵی خۆمەوە. عێراق و سوریا بخەمە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆمەوە. میساقی میللی داگیر بکەم. تورک بەم جۆرە دەجوڵێتەوە. بۆئەوەش داوای بەرپرسیارێتی لە هەمووان دەکەین. خۆی لە خۆیدا لەمە زیاتر راستەوخۆ شەڕە. کۆتایی بە هاوکارییەکانتان لەگەڵ تورکەکان بهێنن. لە ژێرناوی پەروەردەی هەواڵگریدا سیخوری مەکەن. شەرمە. ئەو ئەقڵیەتەی کە لە رێگەی تورکەکانەوە ئێمە لەناو ببەن، راست نییە. ئێمە وەک پەکەکە لەناو ناچین. ئێمە بزوتنەوەیەکی ئایدۆلۆژیکین، ملیۆنان هەوادارمان هەیە. بە هەزاران کادرمان هەیە. پەکەکە گەورەیە. پێشتر باسی ئەو کارەساتەم کردبوو. دیسان دەیڵێمەوە شەڕی ناوخۆیی بۆ کوردەکان کارەساتە. با کەس نەڵێت ئێمە خۆمان رزگار بکەین، نازانم پشتمان هەیە. گەورەترین پشتی هەموو کەس گەلە. پشتمان بە گەل قایمە و بڕوامان بە گەلەکەمان هەیە و ئێمە ئەرکەکانمان بە بوێری و پێداگرییەوە جێبەجێ دەکەین. هەرچییەکیش رووبدات ئێمە ئەنجامی دەدەین. هیچ شتێکی ئەوتۆ لەدەست نادەین. لەو رووەوە ئێمە بڕوامان بە خۆمان هەیە. با کەس نیگەرانی ئەوە نەبێت.

لەسەروبەندی نەورۆزداین. نەورۆز بە رۆحێکی نەتەوەییەوە گەشتر دەبێت. لەسەر بناغەی رۆحی نەتەوەیی نەورۆز با بەهەستیاری نەتەوەییەوە بژین، دەبێت یەکێتیی نەتەوەیی بەرەوپێش بچێت. گەلە بەنرخەکەمان، دەبێت بزانن ئێمە لەلای خۆمانەوە هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ. بەڵام هەموو شتێک تەنیا بە ئێمە ناکرێت لەبەر ئەوەی ئەوانەی بەرامبەرمان هەموو کات زیاتر دێنە پێشەوە. تادێت زیاتر رێگە دادەخەن. لە دەوروبەر کامێرا و هەموو شتێکیان داناوە. دە ویژدانتان هەبێت ویژادان. ئێمە و تورکەکان دەستەویەخە شەڕ دەکەین، مەگەر چیمان لو تورکەکان کەمترە، ئێوە هاوکاری ئەوان دەکەن؟ مەگەر وانییە کە بە ملیۆن سەربازیان هەیە، تانکیان هەیە، تۆپیان هەیە، فڕۆکەیان هەیە، هەلیکۆپتەر و هەموو شتێکیان هەیە. ئەوان هەزارانن و ئێمە سەدان. ئێمە پێکەوە لە شەڕداین، ئەگەر کەسێک ویژدانی هەبێت دەبێت هاوکاری ئێمە بکات، مەگەر وانییە؟ ئێمە هەموومان کوردین، ئێمە هەموو خاکی کورد دەپارێزین و هەمیش ئەو لایەنەی کە هێرش دەکرێتە سەرمان و لە گەمارۆداین.

زۆر زۆر دەتاسێم و تووشی سەرسوڕمان دەبن ئەو فەرماندانە چ فەرماندەیەکن، پاسەوانی سەربازانی تورکیا دەکەن. بۆ ئەوەی دەتمان بە تورکەکان نەگات، بۆسەمان بۆ دادەنێن. تائێستا چەند چالاکییەکی ئێمەیان بەو جۆرە لەبار بردووە، ئەگەر پاڵپشتییەکانی پەدەکە نەبوایە ئەوانمان لێدەرکردبوو. با خۆیان بخەنە لایەک و سەیر بکەن. خۆی لەخۆیدا ئێمە داوای ئەوە دەکەین. ناڵێین هاوکاریمان بکەن. لەلایەکەوە بوەستن، بزانن کێ دەرەقەتی کێ دێت، هەموو شت ئاشکرا دەبێت. مەگەر دەوڵەتی تورک هەموو شتێکی نییە؟ ئێمەش دڵمان هەیە، بڕوامان هەیە، باوەڕمان هەیە، خۆشەویستی وڵاتمان هەیە. با بێن، ئەگەر توانیان لەناومان ببەن با لەوان پیرۆز بێت. سەیر بکەن. بەڵام هاوکاریان دەکەن، زانیاری هەواڵگرییان پێدەدەن و رێگەدەگرن. ئەمە نابێت. هەم لە رووی ویژدانییەوە نابێت، هەمیش دادپەروەرانە نییە. هیچ شتێک نییە. کاتێک مرۆڤ سەیری راگەیاندنی ئەوان دەکات بە شەو و رۆژ باسی کوردایەتی دەکەن، بەڵام بە کردەوە دەڕوانی بەم جۆرە نییە. ئەمە دژیەکییە. بۆیە هیوادارین کە ئەو دژیەکی و ناکۆکیە لەئارادا نەمێنێت. هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک مەترسیدارە. تادێت بەرەو مەترسی دەڕوات. بۆیەش ویستمان هەموو کەس وشیار بکەینەوە. ئێمە چاوەڕێین، کە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن. تائێستا لە دیدارەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی عێراقدا دەرکەوتووە کە دەوڵەتی عێراق هەندێک بەڵێنی پێداون. بەڵام بە گوێرەی قسەکانیان قەبوڵیان نەکردووە. بە تەواوەتی رێنەکەوتوون. بەگوێرەی ئەوەی دیارە حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران سودانی تاڕادەیەک لەبارەی دۆخەکەوە بێئاگایی هەیە. لە رووی ستراتیژی و سیاسیەوە کەموکوڕی هەیە، پێدەچێت خاوی و بێ ئەزمونی هەبێت. چۆن؟ ئێستا دەوڵەتی تورک، زۆر شوێنی باشووری کوردستانی داگیرکردووە. نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی تورک لە ناو خاکی عێراقدان و لەکاتی خۆیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی داوای لە دەوڵەتی تورک کرد لە خاکەکەیان بچێتە دەرەوە. تورک نەچوونە دەرەوە و ژمارەی هێزەکانیان بۆ دوو هێندە زیاتر کرد. دواتر دوو ژەنەڕاڵی عێراقییان لە هەرێمی برادۆست شەهید کرد. ئەمە لە کاتێکدایە دەبوایە سیاسەتێکی هەمیشەیی هەبوایە.

ئێستا بڕوانن، رۆیشتنی سەربازان بۆ ئەوێ و ئەو سەربازانەی ئێستا لە هەفتانین، مەتینا کە لە ژێر ناوی پاسەوانی سنوور جێگیرکراون، وەک پاسەوانی کردنی داگیرکەری تورکیایە و رەوایەتی بە داگیرکەری دەدات. واتە تورکیا ئەوێی داگیرکردووە و عێراقیش سەربازەکانی بۆ ئەوێ دەنێرێت و لە تەنیشت ئەوانەوە، لە ژێر کاریگەری ئەوان و بە فەرمانی ئەوان جێگیر دەبن. ئەمە قەبوڵکردنی داگیرکەرییە. پێویستبوو کە حکومەتی عێراق بیگوتایە کە پێویستە ئێوە بکشێنەوە ئێمە دێین و لەوێ جێگیر دەبین. بەڵام ئێستا بە فەرمانی تورکیا دەچن. مۆڵەتی لێوەردەگرن.. داوای رێگەپێدانی لێدەکەن. تورکیا لەم دواییەدا بەر لە دوو هەفتە ئەو سەربازانەی دەچوونە رەشپەرەخی راگرت. لە چەمی ماریک رایگرتن، لەوێ دوو سێ خانوو هەیە لە تەنیش رێگەکەوە. پێشتر لەوێ خواردنگە هەبوو، ئێستا لەوێ وەک دیل راگیراون. شوێنە ستراتیژیەکان هەموو بە دەست تورکەکانەوەیە. لە چەمچۆ و ئەو شوێنانە جێگیر دەبن. ئەمە بە چ واتایەکە؟ چ سودێکی بۆ عێراق و گەلی عێراق هەیە؟ ئەمە تەنیا رەوایەتیدانە بە داگیرکەری تورکیا. دەوڵەتی تورک لە هەندێک شوێن جێگیریان دەکات کە پێویستی نییە. دەوڵەتی تورک بەم جۆرە هێزی ئەوان و پەدەکە بەکاردەهێنێت. وەک هێزی شوێنکەوتووی خۆی دەیانبینێت. شوێنی ناپێویست و ناستراتیژیک ئەوانی تێداجێگیر دەکات. ناتوانن هیج هەنگاوێک بنێن. هیچ سەربەخۆبوونێکیان نامێنێت، بەم جۆرە خۆیان دەخەنە ژێر خزمەتی تورکیاوە. دەوڵەتی تورک بە فرت و فێڵ خاکی عێراق و باشوری کوردستان داگیردەکات. ئامانجی تورکیا ئەمەیە. بۆ نمونە بۆچی لە باشیک نەچووەدەرەوە؟ ئێستا دەیەوێت گارەش بگرێت و بە باشیکەوە بیبەستێتەوە. یاخود دواتر پشت بە گارە ببەستێت و لە باشیکەوە بەرەو پێشتر بچێت، دەتوانێت دەست بەسەر موسڵدا بگرێت. سیاسەتی دەوڵەتی تورک سیاسەتی داگیرکەرییە. ئاو لە دژی عێراق وەک هەڕەشە بەکاردەهێنێت. دەڵێت لە بەسرە تا سنوورەکانی تورکیا رێگە دروست دەکەم، ئابووری عێراق گەشە دەکات و ئاو بەردەدەمەوە. سەیر دەکەم حکومەتی عێراقیش قەبوڵی دەکات. لەم چوارچێوەدا دیدار ئەنجام دەدات. ئێستا راستە، چاوەڕوانکراوە ئاو بەربدەنەوە و رێگەش دروست بکەن. بەڵام دەیانەوێت ئیرادەت بشکێنن، خاکەکەت داگیربکەن. ستراتیژی تورکیا- عێراق دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. پەیوەندییەکانی پەدەکە و پارتە سوننەکان لە سەر ئەو ئامانجەیە. دەیەوێت حکومەتیش سەرقاڵ بکات.

باسی ژووری هاوبەش دەکرێت، یاخود جموجۆڵی هاوبەش، ئامانجەکەی ئەمەیە، ئەو دەیەوێت خۆی قایم بکات و جێگیربێت و بەم جۆرە دەڵێت ئێوەش هەن. بەم جۆرە سەرقاڵیان دەکات، خۆی لە خۆیدا لەناو خۆشیاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن. خاوەن ئیرادە نین. دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆیدا بەم جۆرەش دەڵێت، هەڵوێستی عێراق لە کۆتاییدا لەبارەیەوە بڵێم تائێستا بەم جۆرە ناڕوونە. بەڵام تائێستا بە تورکیای نەگووتووە بەڵێن. وەک ئەوەی ئاگاداری نیازەکانی دەوڵەتی تورک نین. بەو جۆرە مامەڵە دەکەن. دەیانەوێت داگیرکردنی خاکی کوردستان بە رەوا ببینن، ئەوە شتێکی راست نییە، هیوادارم دەوڵەتی عێراق، حکومەتی عێراق لەو خاڵانەدا، درک بە سیاسەتی تورکیا بکات و لە بەرامبەر سیاسەتی تورکیا خاوەن هەڵوێست بێت. چاوەڕوانیمان بەم جۆرەیە. هەندێک هەوڵدانی بەم جۆرەس هەیە، ئێمە هیواخوازین کە ئەو هەڵوێستە زاڵ بێت. بەم جۆرە بەشداری لە گەمەکانی دەوڵەتی تورک نەکەن. لەو بڕوایەدام کە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقیش بەم ئاراستەیەیە و حکومەت خۆی بگەیەنێتە ئاستێک کە بتوانێت لە هەموو هەلومەرجێکدا نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گەلی عێراق بکات.

ئێستا ناتۆش کە لە سەرەتاوە تا ئێستا لە دژی ئێمە پشتیوانی لە سوپای دەوڵەتی تورک کردووە، سەرباری ئەوەی لەنێوانیاندا مشتومڕ و قەیرانیش هاتوونە ئاراوە، بەڵام ناتۆ بەردەوام پشتیوانی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئێمە کردووە. لەئێستاشدا دەوڵەتی تورک پشتی بە پاڵپشتییەکانی ناتۆ گەرمە. ئێمە دەزانین ئەو تەکنەلۆژیایە بەدەست تورکیایەوە، بۆ وێنە فرۆکەی سیخوڕی بچوک کە تورکیا دەڵێت 'خۆم بەرهەمیان دەهێنم' راستە لە تورکیا دروست دەکرێن، بەڵام کاتێک مرۆڤ لە پارچە گرنگەکانیان دەڕوانێت، دەبینێت کە هەموویانی لە دەوڵەتانی ناتۆ کریوە. لە کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا ئەوانەی کڕیوە. هەندێک پارچەشیان لە ئوکرانیا دروست کراون. لەم دواییەدا ئاکسونگورەک لە گوندی مژێ کەوتبووە خوارەوە، هەڤاڵانمان چووبوونە ئەوێ. پارچەکانی لەو وڵاتانەوەیە و هەروەها لە چینیشی تێدابووە. پارچەکان لە دەرەوە دەکرێت و دروستیان دەکات. ئەوە بە پشتیوانی گلادیۆی ناتۆ دروست دەکات. ناتۆ نایەوێت دووەم سوپای ناتۆ لە بەرامبەر گەریلا شکست بهێنێت. بۆیەش پشتیوانیەکی گشتی لێدەکات. بەڵام ئێمە وردەکاری ئەو پشتیوانییەی بە کردەوە پێشکەشی دەکات و هەروەها ئەوەی سیاسیە و لە سەر چییە نازانین. بەڵام دەزانین کە هەیە. لەم بەهارەدا تورکیا دەچێتە عێراق و هەولێر، بەڵام پێش ئەوە چووە ئەمریکا. هەم میت و هەم ئەوانەی پەیوەندییان بە شەڕەوە هەیە دەچن. لەم پلانەدا ناتۆش هەیە. لە چ ئاستێکدایە، ئەمەش جێگەی گفتوگۆیە. روونە کە هاوکاری پەدەکەش بۆ تورکیا لەلایەن ناتۆوە پەسەند کراوە. پەسەندی نەکردایە ئەمە دژوار دەبوو. ئەوەش هەیە. ئەگەر پەدەکە لەگەڵ تورکیادا نەبوایە رەنگە ناتۆ بەو رادەیە پشتیوانی لە تورکیا نەکردایە. یاخود دژی کوردان پشتیوانی لێنەدەکرد. بەڵام کاتێک پەدەکەی لەگەڵدا بێت، وەک ئەوەی دژی پەکەکە بێت، بەو بۆنەوە درێژە بە پشتیوانییەکانی دەدات.

ئێستا دەبێت دەوڵەتانی ئەندام لە ناتۆ، بە تایبەتی ئەمریکا باش ئەوە بزانن. تائێستا ئێمە دژی ئەوان هیچ شتێکمان نەکردووە. دۆزی ئێمە دۆزێکی نەتەوەییە، داوای مافە سروشتییەکانی گەلەکەمان دەکەین. بۆ ئەوە دەستمان پێکرد. ئەوەی داوای دەکەین مافە سروشتییەکانی گەلەکەمانە، کە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدان، مافی دیموکراسی و ئازادین. دەبێت دژی دۆزی گەلی کورد نەوەستنەوە. دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد تیرۆر ئەنجام دەدات، هەموو جۆرە توندوتیژیەک بەڕێوەدەبات، مادەی کیمیایی بەکاردەهێنێت. ناتۆ چاوی خۆی بەسەر ئەوەدا دەنوقێنێت. ئەویش بەو بوێرەیەوە بەکاریان دەهێنێت. دەبێت ناتۆ ئەوە نەکات. دەبێت کەس بەو جۆرە بیر نەکاتەوە کە 'ئێمە پەکەکە لە چیاکان لاواز بکەین و ئێمە کوردانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات بکەینە هاوپەیمانی خۆمان و کۆمەڵگەی پەکەکە بخەینە خزمەتی خۆمان'. با کەس خەونی بەو جۆرە نەبینێت، دیارە خەونی بەو جۆرە هەیە. یاخود ئەوەی ئێمە ناوەندی پەکەکە لەناو ببەین و بەرهەمەکانی پەکەکە بخەینە خزمەت خۆمانەوە. ئەوە پلانێکی زۆر مەترسیدارە. با کەس شتێکی لەو جۆرە نەخاتە مێشکی خۆیەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە ئەستەمە. کاتێک پێویست بکات هەر ئاپۆچییەک دەتوانێت ببێتە جەنگاوەرێک. دەبێت ئەو هێزانە ئەمە بزانن. بڕوانە کاتێک پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئاپۆ پێشخرا، ئەمرۆ ملیۆنان کەس لە سەر هێڵی رێبەر ئاپۆ دەجوڵێنەوە و ئێستا لە شەقام و گۆڕەپانەکانی نەورۆز لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا بانگەواز دەکەن. دەبێت گوێیان لەوە بێت، لە بەرامبەر گەلێکی بەم جۆرە نەوەستنەوە. ئەوە هەڵەیە، ئەم هەڵوێستەی ئەوان چییە؟ دەڕوانن کە شەڕی کورد بەرامبەر بە کورد بێتە ئاراوە. لەم واتایەوە مرۆڤ نزیک ببێتەوە، دوژمنایەتی بەرامبەر کورد دەکەن. بەم سیاسەتەوە دەیانەوێت لۆزانی دووەم جێبەجێ بکەن. بۆیەش دەبێت دەست لەو سیاسەتە هەڵبگرن. ئەو سیاسەتە داخراوە لە دژی کورد، نەک ئەوەی ئێمە لێی تێنەگەین، گەلی کورد لەوە تێدەگات. کوردی خراپ و کوردی باش تێکبەربدە، بەرژەوەندییەکانی خۆت مسۆگەر بکە. ئەمە نابێت، سەردەمی ئەوە بەسەر چووە. لەبەر ئەوە دەبێت چاو بە هەڵوێستی خراپی خۆیاندا بخشێننەوە. نەک بە سیاسەتی بەرژوەندی هەژمونگەرایی خۆیان، بەڵکوو داواکارییەکانی گەلی کورد لەبەر چاو بگرن. بە گوێرەی ئەوە سیاسەت بخوڵقێنن. ئەگەر بزوتنەوەی گەورەی گەلی کورد بەرامبەر خۆت دابنێیت، ئەو کاتە ئەوەی بەدەستی دەهێنن دوژمنایەتی گەلی کوردە. هەربۆیە ئێمە هیواخوازین کە ئەو دەوڵەتانە دەست لە سیاسەتی بەرژەوەندیپەرستانەی خۆیان کە دوورن لە بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی هەڵبگرن و سیاسەتێکی دروست بە بنەما بگرن.

هـ . ب