موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداری بەرنامەی تایبەتی رادیۆ دەنگی وڵات بوو و وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەکەی دایەوە.
- هەڵمەتی هەڵۆکانی زاگرۆس و جەنگی خابوور لە ٣٦هەمین رۆژدایە، لەبارەی ئەو بەرخودانەوە چی دەڵێن؟
دەوڵەتی تورک ٩٦ ساڵە لە کوردستان تیرۆری دەوڵەت بەڕێوەدەبات. ئێمە لە دژی ئەو تیرۆرەی دەوڵەت خۆمان دەپارێزین.وەک گەل ئێمە مافە سروشتییەکانی خۆمان دەوێت و داکۆکی لەوە دەکەین. بەرخودانمان بۆ ئەوەیە و بەرخودانێکی رەوایە. ئەمڕۆ کام وڵات وەک کوردستان داگیر بکرێت، گەلی ئەو شوێنە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. بۆ بەرگریکردن لە هەبوون پێوێستی بەوە هەیە. سەرباری ئەوەی ئێمە لە دژی تیرۆری دەوڵەت بەرەنگاری دەکەین، بەڵام ئەوان بە ئێمە دەڵێن "تیرۆر". ئەوە راستییەکە بە شێوەیەکی ناڕەوا دەوڵەتە هەژمونگەراکان لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا ئێمەیان خستووەتە لیستی تیرۆر.
دەگەڕێمەوە بۆ سەر وەڵامی پرسیارەیەکەی ئێوە، ٥ رۆژ لەوە پێش ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری مانگێکی شەڕی بڵاوکردەوە. هێرشەکانی دوژمن ئێستا بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە چوارچێوەی ئەو (کۆنسێپت) جوڵە و دیدەدایە. لە چوارچێوەی ئەو کۆنسێپتەدا زۆرێک لە ناوچەکانی خواکورکیان داگیرکردووە و بارەگای سەربازییان تیادا دروستکردووە. هەروەها حەفتانیان داگیرکرد. لە دژی باشووری کوردستان ئەو کۆنسێپتە بەڕێوەدەبەن. دەیانەوێت هەنگاو بە هەنگاو داگیری بکەن. ئێستا دەوڵەتی تورک لە گۆڕەپانێکی بەو بەرفراوانییەدا تانک، تۆپ، فڕۆکەى جەنگی، کۆپتەر و چەکی جۆراوجۆر بەکار دەهێنێت. لە دژی ئەوەش گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە تاکتیکی نوێ شەڕ دەکەن. ئەو دۆخە دەوڵەتی تورکی تووشی سەرسوڕمان و حەپەسان کردووە و بە بنبەست گەیشتووە. لەبەر ئەوەش پلانە داگیرکەرییەکان ناتوانن بە پێی خواستی خۆیان جێبەجێ بکەن. هەندێک ناوچەیان داگیرکردووە، بەڵام ناتوانن بەسەر ئەو ناوچانەدا باڵادەست ببن. ئەوە زۆر گرنگ و جێگا سەرنجە. یانی دەوڵەتێک، کە خاوەنی تەکنەلۆژیای سەردەمە و دەڵێت، "من بڕۆم بۆ کوێ دەیخەمە ژێردەستی خۆم" ئێستا بە بنبەست گەیشتووە. لەو چوارچێوەیەدا ئەنجامەکانی شەڕ زۆر گرنگ و جێگا سەرنجن.
رێبازیی گەریلایی نوێ تەکنیکی سەردەمی پووچ کردووەتەوە
بەڵام بە داخەوە ئێمە ناتوانین ئەوە بەرای گشتی و جیهان بناسێنن. لەو بابەتەدا هەندێک کەموکوڕی هەیە. لەلایەکی ترەوە دەوڵەتى تورک لەبارەی ئەو هێرشەوە هیچ شتێک بڵاوناکاتەوە و هەموو شتەکان دەشارێتەوە، بۆ گەلەکەى خۆیشی هیچ بڵاوناکاتەوە، بە سەربازەکانی خۆیشی هیچ ناڵێت. بۆ نمونە لە شوێنێکدا سەربازەکانیان دەکوژرێن، هەموو سەربازەکانی ئەو شوێنە بە کۆپتەر دەبەن و سەربازی نوێ دەهێنن بۆ شوێنەکەیان و ئەوانەى تازە هاتوون نازانن سەربازانی پێش ئەوان کوژراون. نازانن پێش ئەوان چی لەوێ روویداوە. دەوڵەتی تورک بەو شێوەیە شەڕێکی شاراوە و پەردەپۆشکراو دەکات. لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر کوژراویان هەیە، ئەوە لە ئامارەکەى هەپەگەدا راگەیاندرا، ئەوان بە بنبەست گەیشتوون، بۆ نمونە ٣٦ رۆژە هەوڵ دەدەن، بەڵام ناتوانن هیچ بەدەست بهێنن. بێگومان ئەوە لە مێژووی شەڕدا دۆخێکی نوێیە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ئیرادەی ئایدۆلۆژیک، هۆشمەندی و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ خۆیان سەرلەنوێ نۆژەنکردووەتەوە و بە ئازایەتی و بە ورە و ئیرادەی فیداییەوە و بە گرنگترین شێوە واتە بە هونەری مرۆڤانە و رێبازی گەریلای نوێ تاکتیکی سەردەمیان پووچ کردووەتەوە. ئەوە گرنگترین و دیارترین ئەنجامی شەڕەکەیە. دوژمن هەموو رۆژێک تەکنیک و تەکنەلۆژیا بە بەرفراوان بەکار دەهێنێت، بەڵام لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئەوە نیشانەی چییە؟ ئەوە هێزی مرۆڤەکان نیشان دەدات.
رێبەرایەتیمان ئەوەی روونکردبووە، کە گەورەترین تەکنیک مرۆڤ بۆ خۆیەتی. بەرخودانی ٣٦ رۆژەى گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئیرادەی مرۆڤ و هێزی ژیربوون و هۆشمەندیی سەلماند. واتە ئەو مرۆڤانەی ئازایانە، فیداکارانە و ژیرانە دەجوڵێنەوە دەتوانن سوپایەکی گەورە سەرباری هەبوونی تەکنیک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پووچ بکەنەوە. لەبەر ئەوەش دەرەنجامەکانی شەڕی ئەو ٣٦ رۆژە زۆر گرنگە و لە ئاستی مێژوویدایە. ناکرێت لێرەدا هەموو شتەکان شرۆڤە بکەین، چاودێرانی بێلایەن و پسپۆڕانی سەربازی دەبێت ئەو دەرەنجامانە بخەنەڕوو. ئەگەر ئێمە ئەوە بکەین و شیکاریی بۆ بکەین، رەنگە وەک یەکلایەنە دەربکەوێت، بەڵام ئەمڕۆ لە زاگرۆسەکان، لە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا داستانی قارەمانی و شتی زۆر نوێ و مێژوویی لە گۆڕێدان. پێش هەموو شتێک من دەمەوێت ئەوە بڵێم، ژنان و گەنجانی ئاپۆیی کوردستان، کە ئاپۆییەکانی تورک و عەرەبیان لە ناودایە، ئەمڕۆ ورە و ئیرادە، بوێری و خوڵقارێکی گەورە لە خۆیان نیشان دەدەن. ئەوەش شتێکی زۆر بەهادار و واتادارە.
ئەمڕۆ ئەنجامەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا تەواوکردنی سەرفیرازیی گارەیە. دەوڵەتی تورک ناتوانێت گارە بشارێتەوە، ئەردۆغان ناچار بوو بڵێت، 'ئێمە سەرنەکەوتین'، بەڵام ئێستا ئەوان ئەزموونیان بە دەستهێناوە و بە شێوەیەکی شارەزایانە سەرپۆشی بەسەردا دەدەن و دەیشارنەوە. لەو شوێنانەشەدا ئەنجامەکە، ئەنجامی گارەیە، لە هەندێک ناوچەش ئەنجامی بەهێزتریش تۆمار کراوە، بەڵام دەوڵەت دەیشارێتەوە. من بە بەرفراوانی لەسەر ئەوە راناوەستم. راگەیاندراو هەیە، بەڵام بەراستی دەبێت چاودێران بێن و بیبینن. لە دوورەوەش دەبێت ئەنجامەکانی لە بەرچاو بگرن و بەپێیە شیکاریی بۆ بکەن.
ئەمڕۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەرفراوانی ناوچەکە و قوڵایی ناوچەکە بە شێوازێکی پسپۆڕانە و بە شێوەیەکی ئافرێنەرانە بەکار دەهێنن. بە شەڕی تیمی و بە هەماهەنگی و بەپێی بەرفراوانی ناوچەکە و قوڵاییەکەی و شەڕ بە شێوازێکی نوێ بەڕێوەدەچێت. لەو رووەوە گەریلا چووەتە سەردەمێکی نوێوە. ئەوە بۆ ئێمە بەو شێوەیەیە و بۆ هەموو تێکۆشانی گەریلاکان لە بەرەکانی شەڕیشدا ئیدی وەها دەبێت. گەریلا ئەمڕۆ لە خاکی کوردستان میتۆد و شێوازی نوێ بەکار دەهێنێت و چووەتە سەردەمێکی نوێ.
گەریلا ئەمڕۆ ژێر زەوی بەکار دەهێنێت. یانی شەڕی تونێلەکان دەکات. ئەوە بۆ گەریلا شتێکی نوێیە. گەریلا بە میتۆدی وەها تەکنیک و تەکنەلۆژیای دوژمنی بێکاریگەری کردووە. ئەوەش لایەنی دووەمی شەڕە.
لایەنی سێیەم ئەوەیە، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان جگە لە زەوی و ژێر زەوی، ئیدی لە ئاسمانیشەوە شەڕ دەکات. یەکەی بەرگریی ئاسمانیی شەهید دەلال رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. دوژمن لەسەر ئەو هێزانە زۆر قسە و مشتومڕ دەکات. رەنگە گەلەکەشمان تامەزرۆ بن بۆی. بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیش وەک هەموو جارەکانی تر دەپرسن، "کێ هاوکاریی کردن، لە کوێوە نێردرا" لەسەر ئەوە قسە و مشتومڕی زۆر دەکەن. ئێمە نامانەوێت هەموو شتێک ئاشکرا بکەین، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم، ئەگەر ئێمە هەموو شتەکان باس بکەین و ئاشکرایان بکەین، ئەوا هەموو کەس لە بەرامبەر ئەو ئاست و تواناییەی گەریلا لەو شاخ و چیایانەدا دروستیکردووە، سەری سوڕ دەمێنێت. ئیمە دەتوانین لەم چیایانەدا هەموو شتێک بئافرێنین.
من نمونەیەکتان بۆ باس دەکەم، خولوسی ئاکار چەند رۆژ لەوە پێش ناوی چەکەکانی بەردەستی ئێمەی ژمارد و یەک و یەک ناوی بردن. لەوێ وتی چی، 'وتی، چەکی زاگرۆس' بەکار دەهێنن، بەڵام کێ چەکی زاگرۆسی دروستکردووە، چەکی زاگرۆسە هێ کێیە؟ چەکی زاگرۆس لە چیاکانی کوردستان دروستکراوە. چەکێکی ئەوەندە کاریگەر و بە توانایە، بووەتە جێگای سەرنجی بەرپرسانی هەموو دەوڵەتەکان. پێویست ناکات ئێمە لە دەوڵەتەکان داوای هاوکاری بکەین. ئێمە بۆ خۆمان دەتوانین هەموو شتێک بکەین و دەیشیکەین. ئێمە پێداویستییەکانی هێز ئاسمانیمان تاوەکو رادەیەکی زۆر لەلایەن خۆمانەوە دروست و دابین کردووە و لە داهاتووشدا شتی زۆرتریش دەردەکەوێت.
پێویست ناکات ئێمە زیاتر لەوە لەسەر ئەم بابەتە راوەستین. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە هەموو روویەکەوە خۆیان پێشخستووە، بەڵام ئیمە ئەو تواناییە بە بەس و کافیی نازانین. دەبێت زیاتر خۆیان تواناتر و و قوڵتر بکەن. کاتێک ئێمە باسی ئەمانە دەکەین، ئێمە ناڵێین، هەموو شتێکمان بێ کەموکوڕییە، بەڕاستی لاوازی و کەموکوڕیی زۆرمان هەیە. لەبەر ئەو کەموکوڕییانە ئێمە رەخنەدانی خۆمان بە گەلەکەمان و رێبەر ئاپۆ و شەهیدان دەدەین. سەرباری هەموو لاوازییەکانمان لە بەرخودانی گارەدا و لە قۆناغی شەڕی ئەم ٣٦ رۆژەدا گەریلا لە بەرامبەر پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای دوژمندا ئەوەى سەلماند، کە هەرگیز تێکناشکێت. ئەوە راستییە هەرە گەورەکەى ئێستایە.
ژ.ت