قەرەیلان: کات کاتی بێدەنگی نییە -١-

موراد قەرەیلان رایگەیاند، ئەم کات و سەردەمە کاتی بێدەنگی نییە. رۆژ رۆژی شکۆ و رۆژی کارە. کات کاتی نائاسایی و ئاوارتەیە. چارەنووسی گەلەکەمان لەمساڵانەدا دیاری دەکرێت. دەبێت هیچ کەسێک بەرامبەر بە هێرشەکانی دوژمن بێدەنگ نەبێت.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداری بەرنامەی تایبەتی رادیۆ دەنگی وڵات بوو و وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەکەی دایەوە.

- هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ بۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردستان چ واتایەکی هەیە و گرنگیی لە چیدایە؟

پێش هەموو شتێک ١٧هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١ی حوزەیران لە رێبەر ئاپۆ، بنەماڵەى شەهیدانی قارەمانمان، گەلەکەمان، مرۆڤایەتیی دیموکراتیک و هەموو هاوڕێیان پیرۆز دەکەم. بە بۆنەى ساڵیادی هەڵمەتەکەوە شەهیدانی ١ی حوزەیران لە ئەرداڵ، عادل و نودانەکانەوە تاوەکو رەشید، رۆژین، حوسێن، دەلال و ئاتاکانەکان و هەروەها زەکی و هەڵمەتەکان تاوەکو زین، چیچەک، قاسم، یڵماز، دڵشێر، نوژین و هەورام، هەموو شەهیدانی قارەمانمان بە رێزەوە یادیانی دەکەمەوە و بە رێزەوە بۆ یادیان سەردادەنەوێنم. ئێمە لەسەر رێگاکەیان دەڕۆین و ئامانجەکانیان بەدی دەهێنین. ئێمە دەبینە وەڵامدەرەوەی راستیی شەهیدە قارەمانەکانمان. ئێمە دڵسۆزی دۆزەکەمان و ئامانجەکان و رێگاکەکانین و بەم بۆنەیەوە بەڵێن و پەیمانی خۆمان دووبارە دەکەینەوە.

وەک دەزانرێت دوای پیلانگێڕیی نێونەتەوەی لە دژی رێبەرمان، شەڕ بۆ ماوەى ٥ ساڵ راوەستا. بۆ ئەوەى کێشەى کورد بە رێبازی ئاشتییانە و دیموکراتیک چارەسەر ببێت، رێبەرمان هەوڵێکی زۆریدا، بەڵام لە بەرامبەردا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر هێڵی پاکتاوکردن و لە ناوبردن و پیلانگێڕی پێداگریی دەکرد. هەروەها لە رێگەى هەندێک چەتەوە لە ناو ئێمەدا خواستی بزووتنەوەکەمان لە رێبەرایەتی داببڕێت. لە دژی ئەو هەوڵانەى دوژمن بۆ لە ناوبردن و هێڵی پیلانگێڕی، هەڵمەتی ١ی حوزەیران کەوتە رۆژەڤ. لە کۆنگرەی دووەمی کۆنگرەی گەل لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڕیار درا، کە ئەو هەڵمەتە مێژووییە دەستپێبکات.

هەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ وەک هەڵمەتی دووەمی ١٥ی تەباخە. هەڵمەتی ١٥ی تەباخ شۆڕشی ژیانەوەى ئافراند و رێگریی لە سڕینەوە و لەناوبردن و تواندنەوە گرت. لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجامی بە دەستهێنا، بەڵام لە دژی ١٥ی تەباخ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ئەنجامدرا. خواستیان لە رێگەى ئەو پیلانگێڕیییەوە سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوە بەسەر کوردستاندا زاڵ بکەن. لە دژی ئەوەش هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ دەستیپێکرد. ئامانجی هەڵمەتی ١ی حوزەیران پووچکردنەوەى پیلانگێڕی و چارەسەرکردنی کێشەى کورد بوو. ئامانجەکە ئەوە بوو، کە دەوڵەت ناچار بکرێت لەسەر مێزی دانوستان دانیشێت و لەو رێگەیەوە چارسەری کێشەی کورد بئافرێنرێت و تورکیا بکرێت بە وڵاتێکی دیموکراتیک. یانی ئامانجە گشتییەکەی رزگاریی دیموکراتیک بوو.

لە بنەڕەتدا هەڵمەتی ١ی حوزەیران سەرکەوت. پیلانگێڕی پووچکرایەوە و دەوڵەتی هێنایە سەر مێزی دانوستان، بەڵام هەندێک تایبەتمەندیی کوردستان هەیە. لەو بابەتەدا مرۆڤ دەتونێت باسی دوو رێگری و ئاستەنگ بکات. یەکەم: وڵاتەکەمان، کوردستان وڵاتێک نییە، کە بە شێوەی ئاسایی لە ژێر چەپۆکەى داگیرکەریدا بێت. تەنها لەلایەن چوار داگیرکەرەوە داگیر نەکراوە. بەڵکو سیستمی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد دامەزراوە. یانی کوردستانی داگیرکراو، کوردستانی کۆلۆنی، کۆلۆنی و داگیرکراوێکی نێونەتەوەییە. تەنها داگیرکراوی ناوچەیی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا داگیرکراوێکی نێونەتەوەییە. لایەنێکی لەو شێوەیە هەیە.

دووەم: لە عەقڵییەتی داگیرکەریی تورک دا قبوڵکردنی کوردان، ژیانێکی یەکسان و پێکەوە لەگەڵ کورداندا نییە. ئەوان دەیانەوێت کورد بتوێننەوە و بیکەن بە کۆیلە و لە دوایشدا بیکەن بە تورک و لە ناوی ببەن. ئەوان هەموو کات بەو عەقڵییەتەوە دەجوڵێنەوە. هەرچەند تەنگاوبوون و ناچارکران بێنە سەر مێزی دانوستان، بەڵام خواستیان ئەوە تاوەکو ئاستێکی تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەببەن. یانی عەقڵییەتی داگیرکەریی تورک و عەقڵییەتی هێزە نێونەتەوەییەکان کێشەی کوردیان کردووە بە گرێکوێرە. بەو شێوەیە رێگرن لە بەردەم چارەسەریدا. سەرنج بدەن، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا باسی خۆبەڕێوەبەریی کوردیان دەکرد. مستەفا کەمال بۆ خۆی باسی ئەوەیکردووە، بەڵام هەر دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٢٣دا رێککەوتننامەی لۆزان دەبەستێت. لەوێ نکۆڵی لە کوردان کراو و بە بنەما وەرگرتنی تورکەکان سیاسەتی خۆیان گۆڕی و سیاسەتی نکۆڵی و ئینکاریان بۆ خۆیان کردە بنەما. ئەو دۆخە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە.

بۆ نمونە ئێستا تورک سیاسەتی نکۆڵیکردن بەڕێودەبات، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بزووتنەوەى ئازادیی کوردستانیان خستووەتە لیستی تیرۆر و بەو شێوەیە پشتیوانی لە داگیرکەریی سەر کوردستان دەکەن. لەسەر کوردستان سیستمێک لەو شێوەیە هەیە. بۆ نمونە لە ساڵانی ٩١  و ٩٢  و ٩٣ دا دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە تێکۆشاندا لاواز بوو و دەیتوانی کێشەى کورد چارەسەر بکات. بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ شۆڕشی ژیانەوە ئافرێنرا و بناغەی دامەزرا و ئامادە کرا. دەمیرەڵ جارێک وتبووی، 'ئێمە رەئالیتە و راستیی کوردان قبوڵ دەکەین' و بەو شێوەیە بووە رۆژەڤ. دوای ئەوەش هەوڵەکانی تورگوت ئۆزال دەستیان پێکرد، بەڵام هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەش دەستێوەردان کرا. پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی ئیمە بۆ یەکەمجار لەو کاتەدا دەستیپێکرد و بووە رۆژەڤ. بۆ باشووری کوردستان بەڕێوەبەرییەکیان دامەزراند و مەرجەکەى ئەوە بوو، کە شەڕ لە دژی پەکەکە بکرێت. لە ناو کورداندا شەڕی ناوخۆییان هەڵگیرساند. دوای ئەوەش پشتیوانییان لە دەوڵەتی تورک کرد. لەو قۆناغەدا و لە ساڵی ١٩٩١ تاوەکو ١٩٩٨ ژمارەیەکی زۆر کەس  کۆمەڵکوژکران. لە ژێر ناوی کوشتنی نادیاردا ١٧ هەزار و ٢٨ رووداو روویاندا. هەموو ئەوانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدران، بەڵام وەک کوشتنی نادیار تۆمارکران. لە باکووری کوردستان ٤ هەزار گوند سوتێنران و چۆڵکران. دەیان هەزار کەسی ئێمەیان ئەشکەنجە کرد و زیندانیان کردن. کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. هەموو ئەوانە بە پشتیوانیی هێزەکانی دەرەوە بوو. لەگەڵ ناوخۆدا یەکتریان تەواو دەکرد. وایلێهات، کە دەوڵەت، مافیا و سیاسەت ئاوێتەى یەکتر بوون. لە رووداوی سوسورلوک دا ئەوە ئاشکرا بوو، بەڵام نەیانتوانی بزووتنەوەى ئازادیی کورد لە ناو ببەن. ئەمجارە هاتن راستەوخۆ پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان خستەگەڕ. وایاندەزانی، کە بە دیلکردنی رێبەرمان گورز لە شۆڕش دەدەن و پاکتاوی دەکەن. بۆ ئەوەش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان ئەنجامدرا و رێبەر ئاپۆیان رفاند و رادەستی دەوڵەتی تورک-یان کرد.  

هەڵمەتی ١ی حوزەیران سەرکەوت

ئامانجی ئەوان پاکتاکردن بوو. ئەوە هەڵسوکەوت و رەفتاریان بوو، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا رێبەر ئاپۆ هەڵوێستێکی بەهێزی نیشاندا و لە سیاسەتدا نوێبوونەوەى ئەنجامدا و بزووتنەوەکەشمان لە پشتییەوە وەستا. رێبەر ئاپۆ دەستی بە هەوڵەکانی بۆ چارەسەری کرد، بەڵام ئەوان دەستیان لە سیاسەتی سڕینەوە و لەناوبردن هەڵنەگرت. لەبەر ئەوە هەڵمەتی ١ی حوزەیران دەستیپێکرد. هەڵمەتی ١ی حوزەیران لە بنەڕەتدا و بە شێوەیەکی بنەڕەتی سەرکەوتو بوو. بۆ نمونە دەوڵەتى تورک ساڵی ٢٠٠٨ ناچار بوو لە ئۆسلۆ لەسەر مێزی دانوستان دانیشێت. ئەوە لە رێگەى هەندێک رێکخراوەوە ئەنجامدرا. ٣ ساڵ لە ئۆسلۆ چاوپێکەوتن و دانوستان ئەنجامدرا. دواتر ئەو پرۆسەیەیان تێکدا. وایاندەزانی بە شێوازی شەڕی دژ بە تامیلەکان دەتوانن پەکەکە پاکتاو بکەن. چۆن سریلانکا تامیلەکانی پاکتاوکرد، دەوڵەتی تورکیش بیری لەوە دەکردەوە بە هەمان شێوە ئەو کارە بکات، بۆیە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١١دا دەستی بە هێرشکرد، بەڵام تاوەکو ساڵی ٢٠١٢دا گەیشتە بنبەست و بە تەواوی تێکشکا. لەبەر ئەوەش هاتنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، گفتوگۆیان لەگەڵ رێبەرایەتیمان لە ئیمراڵی دەستپێکرد و ئەوە بۆ ماوەی ٢ ساڵ و نیو بەردەوام بوو. لەو دوو پرۆسەیەدا پرۆتۆکۆڵیش ئامادەکران. پرۆتۆکۆڵی دۆڵمەباخچە بە روونی راگەیاندرا و هەمووان ئەوە دەزانن، بەڵام ئەردۆغان ئەوەی رەتکردەوە، یانی ئەو مێزی دانوستانەکەى دۆڵمە باخچەی هەڵگەڕاندەوە. لە راستیدا لە کۆتایی دانوستانەکانی ئۆسلۆدا پرۆتۆکۆڵێکی هاوبەش ئامادە کرابوو. لە مانگی ئایاردا شاندی هەر دوولایەن پرۆتۆکۆڵی هاوبەشیان ئامادە کرد و بۆ ئەوەى پەسەند بکرێت، لە ئایاری ٢٠١١دا پێشکەشی حکومەت کرا، بەڵام ئەردۆغان لە مانگی تەممووزدا لە دژی ئیمە جەنگی راگەیاند.

لەوەوە تێدەگەین، کە عەقڵییەتی دەوڵەتی تورک بۆ چارەسەری کراوە نییە، بەڵکو هەموو کات لایەنێکی دەرەوەی ناچارەسەرییە. لەمدواییەدا، یانی ساڵی ٢٠١٥ جارێکیتر، واتە جاری سێیەم دەستوەردانی دەرەوە روویدا، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی خرایەوەگەڕ. چییانکرد؟ بۆ ئەوەی سوپای تورک لە بەرامبەر گەریلا تێکنەشکێت تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەم سەردەمەیان رادەستی دەوڵەتی تورک کرد. هەندێک فۆرمول-یان پێدا، هەندێک پارچەکانیان پێدا و بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر سوپای تورک-یان بە تەکنەلۆژیای سەردەمی نوێ بەهێزکرد تاوەکو بتوانێت لە دژی گەریلا سەربکەوێت. ئەوە دەستێوەردانێکی نێونەتەوەییە.

بە کورتی هێزە نێونەتەوەییەکان تاوەکو ئێستا ٣ جار بە شێوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دەستوەردانیان لە دژی بزووتنەوەکەمان ئەنجامداوە. یەکێکیان لە ٩٢ بۆ ٩٣ بوو، ئەوی تریان لە ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بوو، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوویان بە سوپای تورک دا بۆ ئەوەى بتوانێت لە دژی ئێمە سەربکەوێت و بۆ ئەوەش لە رووی سەربازی و سیاسییەوە پشتیوانیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی بزووتنەوەکەمان کرد. لەم ٦ ساڵەی دوایدا لەسەر ئەو بنەمایە شەڕ لە دژمان دەکەن. دەوڵەتی تورک هەموو کات لەو هەڵوێستەى هێزە نێونەتەوەییەکان سوودی وەرگرتووە. ئەوانیش بەپێی عەقڵییەتی خۆیان پلانەکانیان دادەنێن. لەسەر کوردستان پلانی شاراوەیان هەیە. ئێستاش لە ناو دەوڵەتی تورک دا ئەو هێزانە، کە هەرگیز لەگەڵ یەک ناگونجێن و رێکناکەون، بۆ دژایەتیکردنی کوردان لەگەڵ یەکتر کۆبوونەتەوە و هاوپەیمانییان ئەنجام داوە، بەڵام ئەمجارە بە جوڵە و دیدیکی بەرفراوانترەوە نزیک دەبنەوە. ئەمجارە رێککەوتوون، کە نەک تەنها پاکتاوکردنی پەکەکە، بەڵکو دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان پاکتاو بکەن. لەم ٦ ساڵەی دوایدا ئێمە لە شەڕی ئەو جوڵە و دیدەداین. لێرەدا جارێکیتر بێ ئەنجام بوون و تاوەکو ئێستا سەرنەکەوتوون.

تەنها یەک رێگا هەیە، کە دەوڵەتی تورک لەو تەنگاویی رزگاری ببێت. ئەوە چ ریگایەکە؟ ئەو رێگایەیە، کە دەبێت کێشەی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک و هێزە نێونەتەوەییەکانەوە قبوڵ بکرێت. گەلی کوردستان راستییەکی ئەم خاکەیە. ناتوانرێت کۆیلە بکرێت و لە ناو ببرێت. مافی گەلەکەمانە، کە بە شێوەیەکی ئازاد لەسەر ئەم خاکە بژی. گەلانی تورک، عەرەب و فارس چ مافێکیان هەیە، گەلی کوردیش هەمان ئەو مافانەیان هەیە.  دەبێت ئەوە قبوڵ بکرێت. ئێمە ئێستا شەڕ بۆ ئەوە دەکەین. ئێمە نەک تەنها لە باکووری کوردستان شەڕ دەکەین، بەڵکو ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی ئەو عەقڵییەتە، کە نکۆڵی لە کوردان دەکات، بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین. لەبەر ئەوەش بێگومان ئەو شەڕە بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیوە و درێژەی دەبێت. لە بنەڕەتدا هەڵمەتی ١ی حوزەیران ئەنجامی بە دەستهێناوە، بۆیە دەیانەوێت بەو شێوەیە رێگریی لێ بکەن. بۆ نمونە دەکرێت بڵێین، ساڵی ٢٠١٢ دەوڵەتی تورک بە تەواوەتی تێکشکا، وایلێهات، کە نەیتوانی چیاکانی باکووری کوردستان کۆنترۆڵ بکات. نەیتوانی زۆر ناوچە کۆنترۆڵ بکات. سەرەتا شەڕی راوەستان و کاتی بە دەستهێنا و دواتر دەوڵەتى تورک بەناوی هێزی تایبەتی جەندرمە (ژۆه - JOH) و هێزی تایبەتی پۆلیس (پۆە - POH) سوپایەکی نوێی دامەزراند و هەروەها بۆ ئەوەی بتوانێت لە دژی ئێمە شەڕ بکات چەکی نوێیان پێدان.

ئێستا گەلەکەمان لە ئەوروپا بۆ ئەوەی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت خۆپیشاندان و چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات. ئەوە شتێکی زۆر لە جێدایە. تاوەکو ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا تێکۆشانی ئازادی بە "تیرۆر" بزانن، دەوڵەتی تورک ئەو سیاسەتی نکۆڵیکردنە بەڕێوەدەبات و لە دژی گەلی کورد کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنێت، چونکە بە ناوی لیستی تیرۆرەوە دەوڵەتەکان رێگایان پێداوە. لەبەر ئەوەش دەبێت بە راستی تێکۆشانی ئێمە فرە لایەن بێت. رەنگە هەموو دەوڵەتەکان وەک دەوڵەتی تورک نەیانەوێت کوردستان لە ناو ببرێت و پاکتاو بکرێت، بەڵام ئەوان بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە و لەو چوارچێوەی "پێویستی بە ئارامیی ناوچەکە هەیە" و  "دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆیە" و "دەبێت پەکەکە لاواز بکرێت"  پشتیوانی لەو کارانەى تورکیا دەکەن. دەوڵەتی تورکیش بە سوودوەرگرتن لەو پشتیوانییانە و بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو دەستکەوتەکانی کوردان لە نا ببات، جوڵەیەکی نوێ و دیدێکی نوێی ئافراندووە و لەو چوراچێوەیەدا دەجوڵێتەوە. شەڕی ئێستامان لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت