قەرەیلان: پشتگیری دەرەوە بۆ تورکیا، شەڕ درێژ دەکات -٢-

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، پشتگیری هێزەکانی دەرەوە بۆ دەوڵەتی تورک لەبەردەم چارەسەر ئاستەنگە و وتی، "دەسەڵاتی قڕکەر نەژادپەرستی دەوڵەت و بەرژەوەندی هێزە درەکییەکان ئەم شەڕە درێژ دەکەنەوە."

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان وڵامی پرسیاریەکانی ئاژانسەکەمانیدایەوە.

ئێوە دەتانەوێت ئێمە دواتر بێینە سەر بەشی ڕۆژئاوا. ئێوە باسی هەڵوێستی هەدەپەتان لە ساڵی ٢٠١٥دا کرد. هەڵوێستێکی چۆن بوو؟

پێویستە لێرەدا ڕاستییەکی دیکە ڕوون بکرێتەوە: تەیب ئەردۆغان کەسێکی زۆر شەخسی و ناڕازییە. لە بنەڕەتدا هەستی تۆڵەسەندنەوەی هەیە. ئەگەر لەبیرت بێت، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە بە شێوەیەکی ناباو کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنەکەی تەنها بە یەک ڕستە، کە سێ جار دووبارەی کردەوەوە و کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێنا و وتی. 'ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک'. بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەو ڕادە زۆرە لە سەلاحەدین دەمیرتاش و هەدەپە ناڕازییە.

چەند زانیارییەکی جیاوازیش لەسەر ئەم بابەتەتان پێدەدەم: بۆ نموونە، بەپێی ئەو زانیارییانە، کە دواتر بۆ ئێمە هاتوون،  هەمان ڕووداویش لە پشت هەڵوێستی بەرامبەر بە عوسمان کاڤالا هەیە.

عوسمان کاڤالا چ پەیوەندییەکی بەو ڕووداوەوە هەیە؟

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون، قسەیەکی لەو شێوەیەی پەرلەمان لە بیروبۆچوونی عوسمان کاڤالاشدا هەبووە. یانی ئەو بۆ خۆی پێشنیاری ئەوەی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش کردووە، کە ئەو کارە بکات؛ سەلاحەدین دەمیرتاشیش ئەوەی قبوڵکرد و چوو بۆ پەرلەمان و ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامدا. من دەزانم ڕژێمی ئاکەپە و ئەردۆغان بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.

هەر بۆیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەم سەلاحەدین دەمیرتاش و هەم عوسمان کاڤالای زیندانی کردووە. ئەمە بۆ ئەردۆغان تاوانی ڕاستەقینەی ئەم دوو مرۆڤەیە. خاوەنی بیرۆکەی 'ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک' و بە دروست زانینی ئەم بیرۆکەیە و دەربڕینی لە پەرلەماندا و هەموو ئەو شتانەی، کە لە دادگاکاندا لە دژی عوسمان کاڤالا و سەلاحەدین دەمیرتاش نیشان دەدرێن، بێ بنەما و پوچن. هیچ کامیان ڕاست نین. ئەوەی من باسی دەکەم گرنگترین شتە. سەرنج بدە؛ ئەردۆغان بۆ خۆی زۆر جار بەشداریی لە دانیشتنەکانی  کەیسی ئەم دوو کەسایەتییە هێژایەددا کردووە و ئەو بۆ خۆی وتی، 'ئێوە ئەوان ئازاد ناکەن'، 'تاوانەکانیان قورسە'،  چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا لەبەر ئەو هۆکارەی، کە من باسم کرد دەستگیرکراون. ئەمە ئەوە نیشان دەدات، کە ئەردۆغان چۆن دەسەڵاتی دادوەری خستووەتە ژێر خزمەتی خۆیەوە و چۆن ئەوەی کردووە بە ئامرازێک بۆ خۆی.

با بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژئاوا؛ ئێوە وتتان، نابێت ڕۆژئاوا وەک پەکەکە پێناسە بکرێت. ئەگەر ڕۆژئاوا پەکەکە نەبێت، ئەی بۆچی دەوڵەتی تورک لە دژی هێزەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوایە؟

ئێمە دەتوانین بە شێوەی سەرەکی بڵێین: دەوڵەت لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەترسێت. بۆیە لە سەرەتادا خواستی پەیوەندیی لەگەڵ دروست بکات و بیخاتە ژێر کۆنترۆلی خۆی. ساڵح موسلیم-یان بانگهێشت کرد و چەند جارێک لە ئەنقەرە چاوپێکەوتنیان لەگەڵی ئەنجامدا. دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت، کە ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، ترسیان گەورەتر بوو. حساباتی سەرەکیی ئەوان ئەوەیە. ڕۆژئاوا بچووکترین بەشی کوردستانە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی سێ ملیۆن کەسە. ئەگەر کوردەکان لە سوریا ببنە خاوەنی پێگە، بۆ نموونە ئەگەر خۆسەرییان بەدەستهێنا، لە عێراقیشدا ئەوە هەر خۆی دۆخی فیدراسیۆنی کورد هەیە، ئەوا بارودۆخێک دروست دەکات و دەڵێت، 'بۆچی ۲۰ ملیۆن کورد لە باکوور ئەوەی نەبێت'؛ لەبەر ئەوە، بەو بڕوایە گەیشتوون، کە بە دڵنیاییەوە کوردەکانی باکوور خۆسەرییان دەوێت؛ ئەوە دەتوانێت بگاتە ئاستێکی مەترسیدارتر و لەبەر ئەوەش ترسیان لێ نیشت. دەکرێت لەو بارەیەوە بوترێت، 'کێشەکەی تاوتوێ و چارەسەر نەکرد، بەڵکو کێشەکەی وەرچەرخاند بۆ کێشەیەکی هەمیشەیی و دژی ئەوە سەنگەری گرت'. بە بیرۆکەی ئەوەی، 'پەکەکە خۆی لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپادایە' هەوڵیان دا شۆڕشی ڕۆژئاوا و پەکەکە بە هەمان شێوە و وەک یەک نیشان بدەن.

لە ئێستادا نزیکەی ٥ ملیۆن کەس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین. بە ئەندازەی وڵاتێکە. لەوێ رێکخستنێک نییە، بەڵکو  بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆسەری خۆجێی هەیە. لەوانەیە لە هێڵی ڕێبەر ئاپۆ نزیک بن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، کە دەستبەجێ بە پەکەکە نیشان بدرێن. ئەو نزیکایەتییە لەبەر ئەوەی لەگەڵ حساباتەکانی ئەواندا دێتەوە، بەو شێوەیەیان لێکرد.

هەمان شت لە دژی دامەزراوە یاساییەکان لە تورکیا ئەنجام دەدەن. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتیش دەیکەن. بەم شێوەیە ئەوان لە بڕوایەدان، کە دەتوانن بە ئاسانی هێرش بکەن. لەبەر ئەوە، بۆ قسەیەک و ڕەفتارێکی لەو شێوەیە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی کورد لەناو ببەن. ئەوەی لێی دەترسێت ئەوەیە، کە خەڵکی ڕۆژئاوا ببن بە خاوەنی پێگە. لەوە دەترسن. ڕایانگەیاند، ئەمە دەبێتە نموونەیەک، کە بە دڵنیاییەوە کوردەکانی باکووریش داوای مافی خۆیان دەکەن، بە دڵنیایەوە ناتوانن ڕێگری لەوە بکەن، بۆیە وتیان، 'وڵاتەکەمان دابەش دەکەن و دەوڵەتێکی تیرۆر دروست دەکەن'.

بۆیە هەوڵ دەدەن پەکەکە و ڕۆژئاوا وەک یەک نیشان بدەن. بەڵێ، لەوانەیە پەیوەندییەک هەبێت، بەڵام هەمان شت نییە. پێش هەموو شتێک ئەگەر باسی بزووتنەوەی ڕێبەر ئاپۆ بکرێت، ئەوا یەکڕاست بوترێت 'ئەوە دەوڵەت دروست دەکەن' ئەوە ڕاست نییە، بۆیە ئەم وتانە بە تەواوی ئەو سیناریۆیانەن، کە لەسەر مێز ئامادە کراون. چونکە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ دژی دەوڵەتە. بزووتنەوەی ئێمە، کە بەگوێرەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەجوڵێتەوە، پلانی دروستکردنی دەوڵەتی نییە. ئامانجی ئێمە پێگەی خۆسەرییە. یانی لە جیاتی دەوڵەت، ئێمە لەسەر بنەمای ڕینمایی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، کە بەڕێوەبەریی خۆجێی دەداتە پێش، سیستەمێکی یەکێتیی ئازادانە و ئارەزومەندانەمان لەگەڵ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک دا دەوێت، کە گەل بە خۆسەریی خۆیان تیایدا دەژین.

ئێمە ئامانجمان دابەشکردنی تورکیا نییە...

 بێگومان ئێمە تورکیا دابەش ناکەین. ئێمە دەمانەوێت تورکیا بگۆڕین و تورکیا دیموکراتیک بکەین، لە ناو  سیستەمی کۆماری دیموکراتیکدا بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئێمە یەکێتیی ئارەزومەندانەی کوردان بنیات بنێین. واتە ئێمە نامانەوێت تورکیا دابەش بکەین، دەمانەوێت یەکگرتوویی گەلان لە تورکیا بنیات بنێین و بەهێزی بکەین. ئێستا یەکێتییەکیان دەوێت، کە بە چەک، تانک و تۆپ و فڕۆکە بنیات بنرێت، ئێمە ئەوە دەگۆڕین بۆ یەکێتیی ئارەزوومەندانە. بۆیە ئێمە پارێزگاری لەوە دەکەین، کە هەموو کەسێک دەبێت بە دادپەروەری، هەق، یاسا و مافەکانی و سەربەخۆیی خۆییەوە بژی. ئەمە ئەو شتەیە، کە ئێمە پێی دەڵێین، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، لە ڕاستیدا ئەوەیە، واتە یەکێتیی گەلان بە شێوەی یەکسان و ئازادە. ئەمە ئامانجی ئێمەیە. لەم ڕووەوە، ئاکەپە، مەهەپە، هەندێک هێزی دیکە و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک چەمکی جودایخوازی بۆ بزووتنەوەکەمان بەکار دەبەن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. ئێمە باس لە هێڵێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی دەکەین، کە پێویستە یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەی تیادا بنیات بنرێت. لە ڕاستیدا، مەترسیی جودایخوازی لە تورکیا نەک لەلایەن ئێمەوە، بەڵکو لە عەقڵییەت و تێگەیشتنێکی زۆر چری تورکبوونەوە لەژێر ناوی ڕەگەزپەرستیدایە. ئەو کەسانەی بەو عەقڵییەت و تێگەیشتنەوە دەجوڵێنەوە جودایخوازن و ڕاستیی ئەو بابەتە بەو شێوەیەیە.

وتەیەکی دیکەی ئاکەپە لە دژی تێکۆشانی ئێوە ئەوەیە کە ئێوە بە پشتیوانی هێزە دەرەکیەکان ئەم شەڕە بەڕێوەدەبەن. ئێوە لە بارەی لێدوانی بەم جۆرە چی دەڵێن؟

دەوڵەتانی باڵادەست لە مێژوودا بەردەوام لە پشت دۆز و داواکاری رەوای گەلی کورددا بە دوای پشتیوانی هێزە دەرەکیەکاندا گەڕاوە. لە ئێران کاتێک کە گەل بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەڕژانە شەقام، دەسەڵات باسی لەوەدەکرد کە دەست و هێزی دەرەکیان لە پشتە. دەوڵەتی تورکیش لە کاتی شێخ سەعید بەدواوە داواکارییەکانی گەلی کورد کە لە هەژارییەکی زۆر دایە و لە رووی سیاسەت و دیپلۆماسیەوە لە دواوە هێڵراوەتەوە، دەبەستێتەوە بە هێزە دەرەکیەکان و لە بەرامبەر گەلی کورد کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە. بۆ پاساوهێنانەوە بە هێرشە درندانەکانیان هەموو شتیان کرد و هەموو قسەیەکیان کرد.

لەم بابەتەدا راستی سەرەکی ئەوەیە کە هێزەکانی دەرەوە لە پشت دەوڵەتی تورکەوەن. دەوڵەتی تورک لە شەڕ لە دژی بزوتنەوەکەمان بەردەوام پشتیوانی سیاسی و سەربازی لە ناتۆ وەرگرتووە. ئێستاش وەریدەگرێت. ئەگەر ناتۆ پشتیوانی سیاسی و سەربازی لەو جۆرەی پێنەدایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی بەم رادەیە ئەو شەڕە درێژبکاتەوە و ئەگەری هەبوو کە پەنای بۆ رێگەی چارەسەری دیکە ببردایە. واتە پشتگیرییەکانی ناتۆ لە بەرژەوەندی گەلانی تورکیادا نییە. لەبەر ئەوەی هەڵوێستێکی بەو جۆرە دەهێنێتە کایەوە کە پشتیوانی و هاندانە بۆ شەڕ. لەبەر ئەوەشە ئەم شەڕە کە بەو ڕادەیە درێژەی کێشاوە، شەڕی گەلان نییە، شەڕی ئەوانەیە کە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی توندوتیژی دەوڵەت تورک دەکەن و لەبەر ئەوەی شەڕ بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئیمرالیستییەکانی خۆیان دەبینن، ئەم شەڕە بەردەوامە. لە تورکیا ئەقڵیەتێکی نەژادپەرستی، قڕکردن لە ناو دەوڵەتدا و بەرژەوەندی ئیمپریالیستی هێزە دەرەکیەکان هۆکاری سەرەکی بەردەوامی ئەم شەڕەن.

ئەمڕۆ هەموو کەس دەزانێت کە کایەی ئاسمانی عێراق لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایە. هەروەها دەزانرێت کە ئاسمانی بەشێک لە سوریا لە ژێر دەستی رووسیادایە و بەشێکیشی بە دەست ئەمریکاوەیە. باشە، ئەگەر ئەمریکا پشتیوانی لە هێرشەکانی تورکیا لە دژی ئێمە ناکات و هاوکاری بزوتنەوەکەمان دەکات، چۆن دەکرێت کە فرۆکەی شەڕ و فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ٢٥٠ کیلۆمەتر دەچنە ناو قوڵایی عێراقەوە. زۆر باش دەزانرێت کە؛ ئەمریکا بیەویت دەتوانێت کارێک بکات چۆلەکە بە ئاسمانی عێراقدا نەفڕن. چۆلەکەیەکیش سنوور ببەزێنێت بیکەنە ئامانج! باشە بۆچی بۆ فڕۆکەکانی تورکیا دەنگ ناکەن؟ لەبەر ئەوەی پشتیوانی لێدەکەن. هەروەها وەک نمونە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی رۆژئاوا بەردەوام لە رۆژەڤدایە، بەڵام وەک نمونە لە ساڵی ٢٠١٩دا هەموومان بینیمان کە ئەمریکا رێگە لەبەردەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی کردەوە.

ئەوەی لێرەدا ئاشکرایە ئەمەیە؛ دەوڵەتی تورک بەردەوام پشتی بە هێزە دەرەکیەکان بەستووە، ویستویەتی کە بزوتنەوەی کورد لە ناو ببات، ئێستاش هەمان شت دەکات. ئێستا بە تەنیا بە هاوکاری ناتۆ ئەوە ناکات، بۆ ئەوەی پشتیوانی رووسیاش بەدەستبهێنن زۆر هەوڵ دەدات. بۆمەگەر بە پشتیوانی رووسیا هێرش بۆ سەر عەفرین ئەنجام نەدرا؟ ئایا بە پشتیوانی رووسیا نەبوو کە لە ناوچەی جیاجیای سوریا لە بەرامبەر کوردان پێگەیان بەدەست هێنا؟ بۆ ئەوەی پشتیوانی لە دژی کوردان بە دەستبهێنێت، هەموو سامان و دەوڵەمەندی تورکیای پێشکەش بە زلهێزەکانی جیهان کرد، هەموو شتێک دەکەن و دەیانەوێت پەیوەندی سەرلەنوێ پەیونەدییەکانیان لە گەڵ سوریا ساز بکەنەوە.

سەرباری ئەوەش هەندێک لایەن لێدوانی ئەوە دەدەن کە بزوتنەوەکەتان پرۆژەیەکی ئەمریکایە. لەسەر چ بنەمایەک ئەوە دەڵێن، بۆچی بانگەشەی بەم جۆرە دەکەن؟

ئاشکرایە کە لێرەدا دۆخێکی زۆر بێویژدانی لە ئارادایە. دەیانەوێت هەموو زلهێزانی جیهان بهێننە سەر بزوتنەوەیەک کە داوای ئازادی کورد دەکات و گەلی کورد لەناوببەن. نەک هەر ئەوە دەکەن لەگەڵیشیدا دەڵێن ' پەکەکە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و فڵان هێز هەیە' و باس لەوە دەکەن کە ئەوە پرۆژەیە. کاتێکیش ئەوە دەڵێن هەرگیز شەرم لەخۆیان ناکەن.

منیش دۆغو پەرینچەکم ناسی و قسەشم لەگەڵدا کرد. دواتریش هەموو کەس دەزانێت کە ئەو گۆڕدرا بۆ چ کەسایەتیەک. ئێستاش ئەو باس لەوە دەکات کە لە دژی ئەمریکایە بەڵام بزوتنەوەکەمان سەر بە ئەمریکایە. باشە بۆچی کاتێک ئەو دەڵێت من لە دژی ئەمریکام هیجی لێنایات بەڵام ئەمریکا ملیۆنان دۆلار وەک خەڵات بۆ گرتنی ئێمە دیاری دەکات؟ دەست لەو قسە ناتەبایانە هەڵبگرن، ئەو لەگەڵ مەهەپەدایە کە نوێنەری گلادیۆی ناتۆیە و بۆ ئەوەی بەم پرۆژەیەوە بەشداری لە هاوپەیمانێتیەکە بکات، مامەڵەیەکی دڵخوازانەی بەو جۆرە دەکات. راستی زۆر جیاوازە. ئەوانەی تیۆری پوچەڵی بەم جۆرە دەخەنەڕوو و هەموو بانگەشەکانی ترۆل و کاراکتەرەکانی ئاکەپە لەم بوارەدا بە تەواوەتی درۆن، ئەو قسانە هیچ نین جگە لە بێ ویژدانی و بێ ئەخلاقی. بە کورتی بۆ سەرکوت و لەناوبردنی کوردان هەوڵ دەدەن پشتیوانی لە هەموو دنیا وەربگرن، بەمەشەوە ناوەستن و دەڵێن 'کوردەکان پەیوەندییان لە گەڵ هێزە دەرەکیەکاندا هەیە و کوردەکان تورکیا دابەش دەکەن'. دەکرێت مرۆڤ بڵێت 'بەم رادەیەش نابێت' بەڵام ئەو راستیەی کە لە ئارادایە بەم جۆرەیە.

دەبێت مرۆڤ چۆن لە پەیوەندییەکانی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمریکا تێبگات؟

لە بارودۆخێکی زۆر نائاساییدا، لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازدا، هاوکاری پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش  دا گەشەی کرد. وەک ئاماژەم پێدا، ڕۆژئاوا پەکەکە نییە. لەوانەیە کەسانێک هەبن، کە لەژێر کاریگەریی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ دا بن و درێژەپێدەری ئەو ڕێگایە بن، بەڵام پەکەکە دیاردەیەکی جیاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندی هێزەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی پەیوەندییەکی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە لەسەر خەبات و تێکۆشانی هاوبەش لە دژی داعش. بۆ نموونە، هەرچەندە هێزەکانی ئەمریکا لەوێن، بەڵام هیچ پشتیوانییەکی سیاسییان بۆ باکور - ڕۆژهەڵاتی سوریا نییە. هەروەها ئەستەمە دان بە پێگە و دۆخی سیاسیی ڕۆژئاوادا بنێن. لە ڕاستیدا هیچ نوێنەرێکی باکور - ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشدار نییە لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سوریا، چونکە ئەوان پشتیوانییان لێ نەکرد. ئەگەر ئەمریکا پشتیوانییەکی هەبووایە، ئەوا نوێنەرانی ڕۆژئاوا - باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریای تیادا دەبوو. بە کورتی، لەوێ لە دژی داعش بارودۆخێکی هاوکاری هەیە و ڕوون نییە، ئەم دۆخە تا چەند و تا کەی بەردەوام دەبێت.

بۆ ئەوەش بەستنەوەی ئەم دۆخە بێهاوتایەی ئەوی بە تەواوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردەوە، یان ئەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد وەک پڕۆژەیەکی ئەمریکی نیشان بدرێت، ئەمە پێچەوانەکردن و درۆیەکی گەورەیە. هەم پشتگیری لەوان دەکەن و هەم لە ئێمە دەدەن و هەم ئێمە بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە. هەڵەوەڕەکانی ئاکەپە هەموو ڕۆژێک لە تەلەفزیۆنەوە باسی ئەمە دەکەن، بەبێ ئەوەی شەرم بکەن ئەو هێزەی، کە خۆیان پشتیان پێ بەستووە، دەڵێن، پەیوەندی لە نێوان ئەو هێزانەدایە، کە ئێمە لێیان دەدەین.

ماوەیەک لەوە پێش لە لێدوانێکتاندا ئاماژەتان بەوە کردبوو، کە ئاکەپە لە بابەتێکدا بووە بە پسپۆڕێک، شتێک نییە وەک ئەوەی هەبێت نیشانی دەدات و شتێکیش، کە هەیە وەک ئەوەی نەبێت پیشانی دەدات...

هەگبەی ئاکەپە پڕە لە گەندەڵی. وتە و قسەی زۆر هەڵە و ناڕاستیان هەیە. هەندێک جار میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنیش باسی ئەو شتانە دەکەن. من داوای لێبوردن دەکەم؛ ئەوان گەلانی تورکیا بە کەر دەزانن. ئەوان پێیانوایە هەرچی بڵێن، ئەوە ڕاستەوخۆ خەڵکی ئەنادۆڵ قبوڵی دەکات. ئەوان پێیانوایە ئەگەر گوشار و توندوتیژی ئەنجام بدەن، کوردەکان دەترسێن و دەکشێنەوە، بەڵام شتی وا نییە. ئەو سەردەمە بەسەرچوو. بۆ نمونە نوێترین وتە، لێدوانەکەی وەزارەتی دادە. دەڵێت، 'ئێمە مافی کوردانمان داوە'. ئەگەر ئێوە مافتان بە کوردەکان دابێت، ئەگەر ئێوە قەدەغەی سەر زمانی کوردیتان لابردوە، ئەی بۆچی ئەو سیاسەتمەدارانەتان زیندانی کردووە، کە خزمەتی زمانی کوردی دەکەن و کولتووری کوردی دەناسێنن! هەر لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی داد ا نزیکەی دە هەزار سیاسەتمەداری کورد زیندانیکراون. چەند کەس لەوانە لە دەستی ڕێکخستنی چەکداریدا بوون، واتە لە کاتی خەباتی چەکداریدا دەستگیرکراون؟ ئەوانە لە سەد کەس تێناپەڕن. ئەوانی تر هەموویان خەباتکاری سیاسین؛ هەموویان بەهۆی ئەنجامدانی کار و خەباتی کولتووری، لەبەر کوردبوونیان، لەبەر تێکۆشانیان بۆ ناسنامەیەک دەستگیرکراون و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەم شتانە دەکات و هەم درۆش دەکات. مادام کاتێک هەموویان ئەو شتانە دەکەن و ڕوویان سوور هەڵناگەڕێت ئەو کاتە بۆ درۆکردن بوونەتە پسپۆڕ و شارەزا.

دوو پاڵێوراو لە لیستی پارتی چەپی سەوزدا بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار زۆر سەرنجیان ڕاکێشا. ئەوانیش حەسەن جەمال و چەنگیز چاندار بوون. هەندێک لە لایەنە چەپەکانی دەورووبەری هەدەپە ڕەخنەیان لە پاڵێوراوبوونی ئەو دوو کەسە گرت. ئێوە چۆن بابەتی پاڵێوراوبوونی ئەو دوو کەسە لێکدەدەنەوە؟

بەڵێ، ئێمە لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە ئاگاداری ئەم جۆرە گفتوگۆیانە دەبین. لە ڕاستیدا، ئێمە هیچ هەڵەیەکمان لەوەدا نەبینیوە، کە پارتی چەپی سەوز حەسەن جەمال و چەنگیز چانداری وەک پاڵێوراو دیاری کردووە. بە پێچەوانەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەیان بۆ چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ کێشە سەرەکییەکانی تورکیا و کوردەکان، ئێمە لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ ئەو هەوڵانەی دەبینین، کە لیستێک دروست بکرێت بۆ ئەوەی لەمەدا ڕۆل بگێڕێت. کاتێک لە دەرەوە سەیر دەکرێت، بەو شێوەیە دەبینرێت، ڕاستە، هەم لە تورکیا هەندێک لەو لایەنە چەپانە، کە دەناسرێن، ڕەخنەیان لە پاڵێوراوبوونی ئەو دوو کەسە گرتووە، هەم منیش دەزانم، هەندێک کەس کە بە خۆیان دەگوت 'نەتەوەپەرەست' نەک تەنها لەو دوو کەسە، ناڕەحەتیی خۆیان لە بەرامبەر پاڵێوراوانی بزووتنەوەی چەپی تورکیادا نیشانداە. بەڵام ئێمە ئەمجۆرە نزیکبوونەوانەی ئەوان بە هەڵە دەزانین. لەوانەیە ڕەخنە بگرن، بەڵام ئەوە ڕاستییە؛ ئەم کەسانە نووسەر و ڕۆژنامەنووسن، کە لە تورکیا ناسراون. ئەو کەسانە پێش هەموو کەسێک کێشەی کوردیان بینی و بوێرانە ڕایانگەیاند، چارەسەریی کێشەی کورد بە دیموکراسیکردنی تورکیادا تێدەپەڕێت و لەوبارەیەشەوە بە پێداگرییەوە سووربوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان. لەو لایەنەوە دانیان وەک پاڵێوراولە ڕووی نزیکبوونەەیە وەفاە، لەلایەکی تریشەوە نزیکایەتییەکە بۆ ئەوەی ڕۆڵ لە ئەستۆ بگرن و ڕۆڵێک بگێڕن، بۆیە ئێمە تێدەگەین، کە هەدەپە و پارتی چەپی سەوز سوورن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە دەوروبەری تورکیا و لە ئەنجامی ئەم سووربوون و پێداگرییەدایە، کە لە سیاسەتی خۆیاندا لە تورکیادا کاریگەرییان دەبێت و دەیانەوێت خەڵکێکی زۆر هێژا، کە ئاستێکیان هەیە لە ژێر چەتری خۆیاندا کۆبکەنەوە. ئەمە شتێکی باشە. ئەمە بۆ تورکیا، بۆ خەبات و تێکۆشانی دیموکراسیی گشتی، کە کێشەکان چارەسەر بکات شتێکی باشە. لە بنەڕەتدا دەبێت گەلەکەمان ئەوە ببینن و بە بەهێزتر مرۆڤی وەها لەخۆبگرن.

لە لایەکی ترەوە، چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەتی بۆرژوازی تورک، بە هەوڵێکی ستراتیژی دەیانەوێت ڕێگری لەوە بکەن، کە بزووتنەوەی چەپی تورکیا و بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان لە یەک نزیک ببنەوە. ئەگەر سەرنج بدەن، ساڵانێکی دوور و درێژە ١ی ئایاریان لە شارەکانی کوردستان قەدەغەکردبوو و لەو لاشەوە لە شارەکانی تورکیا نەورۆزیان قەدەغە کردبوو.

ئەنجامدانی شتی لەم جۆرە بۆ ئەوەیە کە تێکۆشانی هاوبەشی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان و بزوتنەوە چەپ-سۆسیالیست-دیموکراتیکەکان ئاستەنگ بکەن. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست لە کاتی خۆی زۆر سودی لەوە بینی کە پارتی کۆمۆنیستی تورکیا بە راست یان هەڵە لە داواکارییە رەواکانی گەلی کورد و بەرخودانەکەی نزیک بکاتەوە، بۆ ئەوەی پرسی کورد لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا پەراوێز بخەن، هەڵوێستی ئەو کاتەی تەکەپەیان کردە زەمینە و بوارێک بۆ ئەوە. هەربۆیە ئەم بابەتە بابەتێکی سادە نییە، بابەتێکی گرنگە. هەمان پێڕی دەسەڵاتدار لەبەر قڕکردن و گوشاری فاشیستی کە لە کوردستان ئەنجامیان دەدا، بەردەوام دیموکراتیکبوونی تورکیایان راگرتووە. لەم رووەوە دیموکراتیکبوونی تورکیا بۆ ئەوەی لە تورکیا بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی بەرەوپێش بچێت، هاوکاری و یەکگرتوویی لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادی کورد بابەتێکی زۆر گرنگە. هەربۆیە رێبەر ئاپۆ لە یەکەم هەڵوێستی خۆیدا زۆر گرنگی بەو بابەتەدا. ئەو یەکەم کەسانەی رێبەرایەتیمان بیرکردنەوەکانی خۆی لە بارەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان لەگەڵ ئەواندا باس کردبوو، وەک دەزانرێت هاورێ حەقی قەرار و کەل پیر بوون. رێبەر ئاپۆ هەرگیز بە شێوەی دابڕاو لە یەکتر هەڵسەنگاندنی بۆ شۆڕشی تورکیا و کوردستان نەکردووە. ئەو هەڵوێستەی سەرەتای رێبەرایەتی تائێستاش بەردەوامە.

ئەو یەکدەستبوونەی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و بزوتنەوەی چەپ-سۆسیالیست-دیموکراتی تورکیا بە گرنگ دەبینین. لەبەر ئەوە ئێمە هەنگاوەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزوتنەوە چەپەکانی تورکیامان هەموو کات بە گرنگ بینیوە، لە ئاستێکی ستراتیژیدا بەهەندمان وەرگرتووە. ئێمە هەرگیز بە شێوەی تاکتیکی مامەڵەمان لەگەڵ ئەوەدا نەکردووە. هەرچەندە لە بواری کرداریشدا هەندێک کات کەموکورتی هاتبێتە ئاراوە، روانینی سەرەکی ئێمە بەو جۆرە نییە. هەربۆیە وەک من رامگەیاند؛ بەر لە هەموو شتێک بنەمای سەرەکی هزری رێبەرایەتیمان لەسەر بنەمای یەکێتی گەلان، هاوبەشی شۆڕشی تورکیا و شۆڕشی کوردستانە.

بەم بۆنەیەوە من هەر لە ئێستاوە ١ی ئایار رۆژی جیهانی کرێکاران لە هەموو رەنجدەران، چینی بندەست و چەوساوەکان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان لە تورکیا پیرۆز دەکەم. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەوانە دەخوازم کە لە نەورۆزەوە تا یەکی ئایار لە چوارچێوەی ئەم دۆزەدا تێکۆشانی بندەستان بەڕێوەدەبەن.

بەتایبەتی لەم رۆژانەی ئەم دوییەدا لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی هەڵبژاردندا لەبارەی رێبەر ئاپۆوە هەندێک قسەکران. دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش باس لەو دۆخەدەکەن. ئێوە چۆن وەڵامی ئەو گفتوگۆ و مشتومڕانە دەدەنەوە؟

بەر لە هەموو شتێک دروست نییە کە لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا باس لە رێبەرایەتیمان بکرێت. رێبەر ئاپۆ رێبەرایەتی ستراتیژی گەلی کوردستانە و بارێکی قورسی لە ئەستۆیە. پێویستە کەسانی نیازپاک بە بێ بیرکردنەوە و راڕایی خۆیان لە بابەتە جێی ناکۆکیە دووربخەنەوە.

پرسی کورد و پرسی رێبەرایەتی کە سەرەکیترین پرسی تورکیان، بابەتی لەو جۆرە نییە کە لە چوارچێوەی تاکتیکەکانی هەڵبژاردندا مشتومڕیان لەسەر بکرێت، راوەستەیان لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێن. ئەردۆغان و دەوروبەرییەکانی ئاکەپە زۆر جار باس لەو بابەتە دەکەن، لە راستیدا ئەو بابەتە کە بنەڕەتیترین پرسی تورکیایە، بابەتێکی جددییە کە نابێت بە تاکتیکی هەڵبژاردن راوەستەی لەسەر بکرێت. نەک هەر دەسەڵاتداری، ئۆپۆزسیۆنیش و بەتایبەتی لایەنەکانی دەوروبەری جەهەپە ناوە ناوە بە شێوەیەکی بێرێزانە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن. ئەمانە هەمووی هەڵوێستی ئاسایی کردنەوەن کە بابەتەکە بە جددی وەرناگرن. دەبێت گەلەکەمان و رای گشتیی بە هیچ جۆرێک لە مامەڵە و هەڵسوکەوتی بەو جۆرە نزیک نەبێتەوە.

دەبێت هەموان بزانن کە؛ لە بزوتنەوەی ئازادیی کوردستاندا چەند ئامانج بوونی نییە، تەنیا یەک ئامانج هەیە. چەندەش هەوڵ بدەن ناتوانن لە ناو پێکهاتەی سیاسی-کۆمەڵایەتی گەلی کورددا بەتایبەتیش لە باکوری کوردستان ئامانجی جیاجیا دروست بکەن. لەبەر ئەوەی بناغەی رێباز و شێوازی چارەسەری دروست دانراوە و ئەو هەڵوێستە دەبێتە هێزی سەرەکی سەرکەوتن.

لە ٢٧ی نیساندا لە ئەوروپا دەنگدان دەستیپێکرد. بەو بۆنەوە پەیامی ئێوە بۆ دەنگدەرانی وڵاتپارێز و دیموکرات لە ئەوروپا جییە؟

هەروەک لە هەڵبژاردنی رابردووشدا دەرکەوت، جەماوەری کوردسستان لە ئەوروپا زۆر حەزیان لە هەڵبژاردن نییە. رێژەی بەشداربوون کەمە. پێویستە لە سەردەمی نوێدا ئەوە تێپەڕێندرێت، لەبەر ئەوەی ئێستا هەم بۆ گەلی تورکیا و هەمیش بۆ گەلی کورد هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە، هەڵبژاردنێکی گرنگە. گەلانی تورکیا لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن، هەڵبژاردنێکە لە نێوان سەرکەوتنی دیموکراسی و سیستمی دیکتاتۆریدا. کۆمەڵگای تورکیا دەنگ بەوە دەدات. لەم رووەوە ئەم هەڵبژاردنە گرنگیەکی زۆری هەیە.

هەروەها دەبێت گەلی کورد و هێزە دیموکراسییە چەپەکان لەم هەڵبژاردنەدا بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر دەریبخەن کە ئیتر لە سیاسەتی تورکیادا ئیرادەن و خاوەن رۆڵ و پەیامی گرنگن. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا پشتیوانیکردن و دەنگدان بە پارتی چەپی سەوز زۆر گرنگە.

لەم رووەوە داوا و بانگەوازی من لە هەموو گەلانی شۆڕشگێڕ، دیموکرات و وڵاتپارێز لە ئەوروپا ئەمەیە: دەبێت ئێمە لە بەرامبەر ئەم قۆناغە گرنگەی تورکیا و کوردستاندا کەمتەرخەم نەبین؛ بە دڵنیاییەوە پێویستە بچینە سەر سندووقەکان و بژاردەی دروست هەڵبژێرین. بە تایبەتی بانگەوازی من بۆ هەموو کوردستانیانی وڵاتپارێز ئەمەیە؛ دەبێت بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن دەنگ بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بدەن. نابێت لە بیری بکەین کە ئەگەر لە شوێنێک دیکتاتۆری یان ستەم هەبێت، لەبەرامبەریدا بێدەنگ بێت و هیچ شتێک نەکات، دەبێتە هاوبەشی ئەو ستەمە، لەم رووەوە ئەگەر گەلە وڵاتپارێزەکەمان لە ئەوروپا نایانەوێت ببنە هاوبەشی ئەو ستەمەی ئاکەپە-مەهەپە لە کوردستان دەیکەن، بە دڵنیاییەوە دەبێت بچنە سەر سندووقەکان و ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن.

ژ. ت/ هـ . ب