راپۆرت: لە زیندانی پانۆس ژنانی زیندانیکراو ئەشکەنجەدراون
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاسا لەبارەی پێشێلکارییەکان لە زیندانی جۆری ئێڵی پانۆس راپۆرتێکیان ئامادەکرد و تیایدا باسیان لەوەکرد کە دوو ژنە زیندانی ئەشکەنجە دراون.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاسا لەبارەی پێشێلکارییەکان لە زیندانی جۆری ئێڵی پانۆس راپۆرتێکیان ئامادەکرد و تیایدا باسیان لەوەکرد کە دوو ژنە زیندانی ئەشکەنجە دراون.
لقی وانی کۆمەڵەی یاساناسان لەپێناو ئازادی (ئۆهەدە)، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان (توهای-دەر) و سەندیکای پاڕێزەرانی وان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانی جۆری ئێڵی پانۆس راپۆرتێکیان ئامادەکرد و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆکەکەیان ئاشکرا کرد.
هاوسەرۆکی ئۆهەدەی وان مەهتاب ئیشیک راپۆرتەکەی خوێندەوە و تیایدا ئەوەی خستەڕوو کە دیداریان لەگەڵ لالە کابیشەن و نازلیجان باریشەر لە زیندانی پانۆس ئەنجامداوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە نزیکەی ٤٠ سەرباز و پاسەوانی زیندان هێرشیان کردووەتە سەر ژنان و ئەشکەنجەیان داون. هەردوو ژنە زیندانیکراوەکە بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر بە شێوەی بەستنەوەی بەراز (بەستنەوەی دەست و قاچ و هەڵواسین) لە ژورێکدا راگیراون. بە وتەی ئەو دوو ژنە زیندانیە بەڕێوەبەرانی زیندانەکە بەسەر سەریانەوە وەستاون و هەڕەشەی کوشتنیان لە زیندانیان کردووە و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ ئەنجامداون.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە سەربازان و پاسەوانانی زیندان قژی ئەو ژنانەیان راکێشاوە و لە دواوە کەلەپچەیان کردوون و بردوویانن و سواری ئۆتۆمبێلی رینگیان کردووە و بەوە گواستوویاننەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەبەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە زیندانیانی پیاو لە دژی ئەشکەنجەدانی ئەو دوو ژنە زیندانیە، چالاکی ناڕەزایەتیان ئەنجامداوە، بەڵام بەرێوەبەرانی زیندان لە دژی ئەو زیندانیە پیاوانە دەستی بە لێپرسینەوەی دیسپلین کردووە.
هێما بۆ ئەوەشکراوە، کە لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو دوو ژنە زیندانیەدا هێشتا شوێنی ئەشکەنجە بە جەستەیانەوە دیاربووە و لە راپۆرتەکەدا داواکراوە کە دەستبەجێ لێپرسینەوە لەبارەی ئەو رووداوە دەستپێبکرێت، چوونکە ئەشکەنجە تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و پێویستە ئەنجامدەرانی بە زوویی سزا بدرێن.
لە کۆتاییشدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە ژیانی ژنانی زیندانی لە مەترسیدایە و پێویستە کۆتایی بە ئەشکەنجەدانیان بهێندرێت.
هـ . ب