لە ساڵی ١٤٠١ی کۆچی هەتاوی (٢٧٢٢ی کوردی) سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و دەوڵەتی تاران لە رێگەی زەبر و زەنگ، کوشتار، گرتن و لەسێدارەدان هەوڵیدا ئەو سەرهەڵدانە سەرکوت بکات.
١٢٣ خۆپیشاندەری کورد گیانیان بەختکردووە
بە گوێرەی ئاماری ساڵانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەو سەرهەڵدانەدا لانیکەم ٥٧٣ کەس لەسەرتاسەری ئێران کوژراون و لەو ژمارەیە لانیکەم ١٢٣ کەسیان کوردن، لە ١١ کەسیان منداڵ بوون و کەسێکیش بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان لە سێدارە دراوە.
لە راپۆرتەکەدا ناوی گیانبەختکردووان ئاماژەی پێدراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە ١١٢ کەس لە کاتی خۆپیشاندانەکان و لە سەر شەقام کراونەتە ئامانج و ژیانیان لەدەستداوە و ٨ کەسیش دوای دەستبەسەر کردن و لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و خۆپیشاندەرێکیش پاش ئازادبوونی بە هۆی وەستانی دڵیەوە ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە ٤٩ خۆپیشاندەر لە پارێزگای ورمێ، ٣٩ کەس لە پارێزگای سنە، ٢١ کەس لە کرماشان، شەش خۆپیشاندەری کورد لە تاران، ٥ کورد لە پارێزگای ئەلبورز، یەک خۆپیشاندەر لە ئیلام، یەک خۆپیشاندەری کورد لە خوراسانی رەزەوی و یەک خۆپیشاندەر لە قەزوین و یەک خۆپیشاندەری کوردیش کە پارێزگای مەرکەزی گیانیان بەختکردووە.
٨٢ کورد لەسێدارەدراون
لە راپۆرتەکەدا هاتووە محەمەد مەهدی کەرەمی خەڵکی بیجاڕ کە بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی کەرەج دەستگیرکرابوو، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
جیا لەو خۆپیشاندەرە لەماوەی ئە ساڵەدا سێ زیندانی دیکەی سیاسی بە ناوەکانی فیروز موسالو، سەرکەوت ئەحمەدی و محێدین ئیبراهیمیش لەسێدارەدراون.
جگە لەو زیندانییە سیاسیانە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٣٧ زیندانی کورد بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست و ٤١ زیندانیش بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
کوشتنی هاووڵاتیان و کاسبکاران
لە ماوەی ئەو ساڵەدا وەک لە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە لانیکەم ١٦ هاووڵاتی و کاسبکاری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون، کە زۆرینەیان بە بیانووی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ کراونەتە ئامانج، هەروەه هاووڵاتییەکی کوردی رۆژهەڵاتیش لەسەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی تورک کوژراوە.
تیرۆر و کردنەئامانجی هێزە بەرهەڵستکارەکان
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بە شەهیدکردنی رێزان جاوید هاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) کردووە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو کە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی تورک و ئێران لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج و لەگەڵ دوو هاوڕێیدا شەهیدبوو.
هەروەها باس لە گیانبەختکردنی ئەندامێکی سازمانی خەبات بە ناوی مستەفا ئەحمەد نەژاد کراوە کە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەختکردووە.
هەرلەو چوارچێوەدا ئاماژە بە گیانبەختکردنی ٢١ ئەندامی حزبەکانی دیموکرات و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کراوە لە میانی هێرشە موشەکی و درۆنیەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی ئەو هێزانە لە باشووری کوردستان.
کوژران و برینداربوون ١٩٤ کۆڵبەر
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تەرخان کراوە بە ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەماوەی یەک ساڵی رابردوو کراوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لەو ساڵەدا ٢٨ کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە ٢٤ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کراونەتە ئامانج و ١٦٦ کۆڵبەریش برینداربوون، کە ١٣٢ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران پێکراون.
کوشتنی ژنان
لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا وەک لە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە ١٧ ژن لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن بنەماڵە، هاوسەر و کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون.
گیانلەدەستدانی کرێکاران
بەهۆی دابیننەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە شوێنی کارکردن ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران گیانیان لەدەست دەدەن و بە گوێرەی ئەم ئامارە نوێیە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لانیکەم ٢٠ کرێکاری کورد لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
تەقینەوەی مین
لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگ ساڵانە ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی کورد بە تایبەتی لەناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵات دەبنە قوربانی و وەک لە ئاماری ساڵانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە لەماوەی ساڵی رابردوودا ٩ هاووڵاتی کورد و ٢ سەربازی دەوڵەت بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراون و ١٤ کەسیش تووشی کەمئەندامی و برینی سەخت بوون.
دەستبەسەرکردن
لەماوەی ساڵی رابردوودا گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و هاووڵاتیانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ بەرزترین ئاستی هەڵکشا و زۆرینەی دەستبەسەرکراوانیش تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییان دراوەتەپاڵ و وەک تۆڕی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی پێکردووە توانیویانە ناوی ١٧٦١ کەس تۆمار بکەن کە لەماوەی یەک ساڵی رابردوو دەستبەسەرکراون، هەروەک ئاماژەی بەوەسکردووە کە بە ئەگەری زۆر ژمارەی راستەقینەی دەستبەسەرکراوان زۆر لەوە زیاترە.
لەوبارەوە روونیکردووەتەوە کە بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە بنەماڵەی بەشێک لە دەستبەسەرکراوان هەواڵی دەستبەسەرکردنی کەسوکاریان بڵاونەکردووەتەوە.
سەپاندنی سزای زیندان و قامچی
لەماوەی ئەو ساڵەدا لە لایەن دادگاکانی شۆڕش لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، کرماشان، ئیلام، تاران، خوراسانی رەزەوی، مازندەران، هەمەدان و تەورێز سزای زیندان، دوورخستنەوە و لێدانی قامچی بۆ ١٢٤ هاووڵاتی کورد دەرکراوە.
فشار بۆ سەر چالاکوانانی پێکهاتە ئایینیەکان
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە لە ساڵی ١٤٠١ی کۆچی هەتاوی (٢٧٢٢ی کوردی) لانیکەم ٢٩ مامۆستای ئایینی و چالاکوانی سوننە و یارسان بەهۆی چالاکی ئایینی، مەدەنی و سیاسی دەستبەسەرکراون و ١٧ کەسیش بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و سزای زیندانیش بۆ ٤ کەس دەرکراوە.
هـ . ب